(مستەفا کازمی) لە توێتێکدا بڵاویکرەدەوە " سەرسام بووە بەو پێشنیارانەی کە لە کۆنگرەی دیالۆگی نیشتمانی لە بەغداد لەلایەن کەسایەتی کۆمەڵایەتی و پیشەیی و ڕۆشنبیری و لاوان لە ھەموو پارێزگاکاندا گەڵاڵە کراوە.
دەشلێت" ئەو کاغەزە چاکسازییەی کە لە کۆنگرەکە دەنگیان پێداوە، پێشکەشی ھێزە سیاسییەکانی دەکات بۆ ئەوەی ببێتە بەڵێننامە و پەیمانێکی نیشتمانی.
(مستەفا کازمی) دووپاتیکردووەتەوە کە ڕەوشێکی متمانە پێکراو بۆ کاندیدەکان و پڕۆسەی ھەڵبژاردن دەستبەر دەکەن.
میدیاکانی ئیسڕائیل بڵاویانکردووەتەوە، (نفتالی بینیت) سەرۆک وەزیرانی نوێی ئیسڕائیل، لە سەردانەکەی بۆ واشنتۆن داوای لە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا کردووە، ھەمان سیناریۆی ئەفغانستان لە عێراق و سوریا دووبارە نەکاتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، پڕۆسەی کشانەوەی ئەمریکا بە تایبەت لە عێراق لە بەرژەوەندی تارانە و واشنتۆنیش دەکەوێتە ھەڵوێستێکی دژوار و نەخوازراوەوە.
ناوەندی ماڵی ئێزدییەکان ڕایگەیاند: ٢٨٠٠ کچ و ژنی ئێزدی چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە و زانیاریش ھەیە، لانی کەم ٢٠٠ کچ و ژن ئێزدی لە کەمپی ھۆڵ بن، بەڵام حکومەتی عێراق و سوریا وەک پێویست بە دەنگ دۆسێکەوە نەھاتوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەیەک لە ڕفێنراوە ئێزدییەکان لە سوریاوە گواستراونەتەوە بۆ وڵاتی سێھەم بە تایبەت بۆ تورکیا، بەڵام ھیچ بەڵگەیەکی ڕەسمی نییە کە زانیارییەکە پشتڕاستبکاتەوە. دەشلێت، تا ئێستا زۆرینەی ئەو کچانەی کە ڕزگارکراون، لە دەستی خێزانەکانی کەمپی ھۆڵ بوون.
موقتەدا سەدر بە ئامادەبوونی کاندیدانی ڕەوتەکەی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەشدارییەکی کارا و بەھێز لە ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات، داواشی لەلایەنگرانی کرد بەشداری ملیۆنی لە دەنگداندا بکەن.
وتیشی، وەرەقەی چاکسازی لە ھێزە سیاسییەکانەوە پێگەیشتووە کە بە پێی خواستەکانیانە، ئەوەش وایانلێدەکات بەشداری ھەڵبژاردن بکەن.
موقتەدا سەدر سوپاسی مستەفا کازمیشی کرد و داوایکرد لە ژێر چەتری ئەنجومەنی نوێنەران کار بۆ جێبەجێکردنی وەرەقەی چاکسازی بکرێت.
وەزارەتی تەندروستی ھەرێم ئاماری ٢٤ سەعاتی ڕابردووی سەبارەت بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە، بە پێی ئامارەکە ١٥٤٦ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکرا، ٢٢٤٦ تووشبووش چاکبونەتەوە، ٢٥ کەسی تریش بە ڤایرۆسکە گیانیان لە دەستدا.
ڕێکخراوی تایبەت بە منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان "یونسێف" ڕایگەیاند، بە قوڵی نیگەرانن بۆ گیان لە دەستدانی منداڵێکی تەمەن ١٠ ساڵ لە پارێزگای دیالە و منداڵێکی تەمەن ١١ ساڵ لە باشوری بەعقوبە کە لە ٢٤ و ٢٥ی ئەم مانگەدا بەھۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیان لە دەستداوە.
یونسێف داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە و بۆ ھەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکان ھاوکاری حکومەتی عێراق بکەن.
بە پێی ئامارە ڕەسمییەکان، تەنھا لە سنوری نێوان عێراق و ئێران و لە ماوەی جەنگی ھەشت ساڵەدا، نزیکەی ٢٧ ملیۆن مین بە درێژایی ١٢٠٠ کیلۆمەتر چێندراون.
نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، ھەڵگرتنەوەی مینە چێندراوەکانی عێراق پێویستی بە حەوت ساڵی تر و بودجەیەکی ٢١٦ ملیۆن دۆلاری ھەیە.
ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، وەفدیکی قونسوڵخانەی عێراق لە لیتوانیا لەگەڵ بەڕێوەبەری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەراندا کۆبووەتەوە و باسیان لە گەڕاندنەوەی ئەو کۆچبەرە عێراقییانە کردووە کە خواستی گەڕاندنەوەیان ھەیە، ئەمەش دوای ئەوەی لەلایەن قونسوڵخانەوە ئاسانکارییان بۆ دەکرێت.
سەحاف باسی لەوەش کردووە، وەفدی عێراق داوایان لە ڕێکخراوەکە کردووە مافی کۆچبەرەکان بپارێزن و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەن.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، قونسوڵخانەی عێراق لە ٢٩ کەمپی لیتوانیان کار دەکات بۆ دەرکردنی پاسپۆرتی تێپەڕین بۆ ئەو کۆچبەرانەی داوای گەڕانەوەیان بۆ وڵات کردووە.
ماوەی چەند ھەفتەیەکە ژمارەیەک کۆچبەری عێراق و ھەرێمی کوردستان لە سنورەکانی لیتوانیا گیریان خواردووە ناتوانن دەربازی وڵاتانی تری ئەوروپا ببن.
وەزارەتی تەندروستی ئەفغانستان بڵاویکردەوە، ١٧٠ کەس لە ھەردوو تەقینەوەکەی بەردەم دەروازەی فڕۆکەخانەی کابوڵ و دەرەوەی فڕۆکەخانەکەدا کوژراون کە ١٣ کەسیان سەربازی ئەمریکین و ١٨ ئەمریکی تریش بریندارن.
ھاوکات بزوتنەوەی تاڵیبان ڕایگەیاندووە، سەرووی ٣٠ چەکداری بزوتنەوەکەیان لەناو کوژراوەکاندایە و دەیان چەکداری تریشیان بریندارن.
ئەمڕۆش سەرچاوە ئەفغانییەکان بە بێ ئەوەی وردەکارییەکەی ئاشکرا بکەن ڕایانگەیاند، لە نزیک فڕۆکەخانەی کابوڵ دەنگی تەقە بیستراوە.
ھاوپەیمانی نەسڕ لە ڕاگەیەنراوێکدا پێشوازی لە بڕیارەکەی سەدر کردووە و پێی وایە دەبێتە ھاندانێکی نیشتمانی بە ئارڕاستەی بەشداری جەماوەری بەرفراوان لە ھەڵبژاردندا.
داواشیکردووە، گەل بەشداری بەرفراوان لە ھەڵبژاردندا بکات تاکو بتوانرێت چاکسازی ڕاستەقینە بکرێت، جەختیش دەکاتەوە لەسەر پێویستی پابەندبوونی کۆمسیۆن و ھێزە سیاسییەکان بە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە پێی پێوەری یەکسان و دوور لە خستنەگەری تواناکانی دەوڵەت و پارەی سیاسی و سیاسەتی سەپاندنی ئیرادە.
بەرەی تورکمانیش پێشوازی لە بڕیارەکەی سەدر کردووە و بە ھەنگاوێکی ئەرێنی ناوبردووە بەرەو چاکسازی سیاسی ڕاستەقینە لە قۆناغی داھاتوودا لە ڕێگەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەخت.
میدیاکانی ڕۆژئاڤای کوردستان بڵاویان کردەوە، لە ھەنگاوێکی تری وشککردنی سەرچاوەی داھات و تێکدرانی ژینگەی عەفرین، تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سوریای سەر بە ئەو وڵاتە، زیاتر لە ٢ ھەزار داری تریان لە نێوان ناوچەی شیێ و جندرێس بڕیەوە و بە مەبەستی فرۆشتن ڕەوانەی تورکیایان کردووە.
ئاماژەشیان بۆ ئەوەکرد، لە ڕۆژی داگیرکردنی کانتۆنی عەفرینەوە تا ئێستا تورکیا زیاتر لە ٣٢٧ ھەزار داریان بڕیوەتەوە و ١٧ ھەزار داری تریشی سوتاندووە.
لە ماوەی ڕابردووشدا تورکیا دوای داگیرکردنی ناوچە سنورییەکانی پارێزگای دھۆک لە ھەرێمی کوردستان، دار و درەختی دارستانەکانی بڕییەوە و ڕەوانەی وڵاتەکەی کرد.
فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، مەترسییەکانی داعش لەسەر عیراق و ھەرێمی کوردستان و جیھان بەگشتی ماوە و داعش لەو کاتەی کۆتایی ھاتنی راگەیەنراوە لە کردە تیرۆریستییەکانی بەردەوامە و بەشێوازی جیاجیا درێژە بەمانەوەی خۆیداوە.
باسی لەوەشکرد، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە داعش دەستی کردووە بە کردەی تیرۆریستی و لەو ساڵەدا زیاتر لە ٤٥٠ کردەی تیرۆریستی ئەنجامداوەو لە ساڵی ٢٠١٩ داعش ٣٦٠ کردەی تیرۆریستی ئەنجامداوەو لە ساڵی ٢٠٢٠ ژمارەی کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش ٢٠٧٠ کردە بووە و لەمساڵیشدا تاوەکو کۆتایی مانگی حەوت ژمارەی کردە تیرۆریستییەکانی داعش ١٣٤ کردەی تیرۆریستی تەنھا لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم ئەنجامداوە، بەھۆیەوە ٥٥٢ کەس بوونەتە قوربانی و رفێنراون.
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە جەختی لەوەشکردەوە، داعش ئێستا لە رووی فکری کردەییەوە ماوە و لە ھەندێک شوێن بە ئاشکرا بارەگای ھەیە بۆیە ناکرێت بوترێت داعش مەترسی نییە و پێویستە کار بکرێت بۆ لەناو بردنی ئەو مەترسییانە.
سەرۆکایەتی فەرەنسا بڵاویکردەوە، ئامانجی ماکرۆن لە بەشداریکردن لە لوتکەکەدا، دوپاتکردنەوەی پشتگیری وڵاتـەکەیەتی بۆ عێراق و بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و جێگیرکردنی سەقامگیری، بریاریشە رۆژی یەکشەممە سەردانی ھەرێمی کوردستان و شاری موسڵ بکات.
لەلایەکی تریشەوە حەسەن نازم وتەبێژی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاندوە، ئامانج لە رێکخستنی لوتکەی وڵاتانی دراوسێ کە نۆ وڵات تێیدا بەشداری دەکەن، گەراندنەوەی رۆڵی عێراقە لە ناوچەکە و ھەوڵێکیشە بۆ بەدیھێنانی سەقامگیری ئەمنی و ئابوری لە وڵاتەکەدا.
دانوستانی راستەوخۆی نێوان بزوتنەوەی تاڵیبان و بەرەی بەرگری نیشتیمانی بەسەرۆکایەتی ئەحمەد شا مەسعود دەستیپێکرد و لێکتێگەیشتنیش لەبارەی چارەنووسی ھەرێمی پەنجەشێر ھاتووەتە ئاراوە، بەڵام میدیاکانی ئەفغانستان بڵاویان کردووەتەوە ئەحمەد شا مەسعود لە کۆبوونەوەکان دانی بە دەسەڵاتەکانی بزوتنەوەی تاڵیباندا نەناوە.
ھاوکات رۆژنامەی واشنتۆن پۆست ئاشکرای کردووە، بزوتنەوەی تاڵیبان ھەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ نەیاران و لێپرسراوانی پێشوو، بە ئامانجی بەدەستھێنانی شەرعێتی نێودەوڵەتی بۆ پێکھێنانی کابینەی حکومەتەکەی.
ئەو تیمە دەڵێن، لێکۆڵینەوەکانیان سەبارەت بە سەرچاوەی کۆرۆنا روبەڕووی چەندین ئاستەنگ بووەتەوە و پێویستی بە ھەماھەنگی خێرا ھەیە و لێپرسراوانی چین ھێشتا دوو دڵن لە ھاوبەشی پێکردنی بەشێک لە زانیارییەکان.
راشیانگەیاند، لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیان سەبارەت بە سەرچاوەی سەرھەڵدانی کۆرۆنا راگرتووە و ھۆشداریش دەدەن لە لەدەستدانی ئەو دەرفەتانەی لەبەردەمیاندایە بۆ گەیشتن بە ئەنجام.
تا ئێستاش ھەواڵگری ئەمریکا کە راسپێردرابوون بۆ ئامادەکردنی راپۆرتێک سەبارەت بە سەرچاوەی کۆرۆنا، نەگەیشتوونەتە ئەنجام سەبارەت بەوەی ئایا ڤایرۆسەکە لە ئاژەڵەوە گواستراوەتەوە بۆ مرۆڤ یاخود لە تاقیگەی شاری وھانی چینەوە دزەی کردووە.
نەوزاد کامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم رایگەیاند، لەم ڕۆژانەدا بەشی سێیەمی چەکی پارەی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی ٢٠٢١ بەسەر جوتیارانەدا دابەش دەکرێت، کە ئەمساڵ گەنمیان رادەستی سایلۆکان کردوە .
راشیگەیاند، پارێزگای سلێمانی سێ ملیار و ٩٤١ ملیۆن دینار و ھەولێر دوو ملیار و ٥١٧ ملیۆن دینار و پارێزگای دھۆکیش ٣٨١ ملیۆن دیناری بۆ دابینکراوە.
وتیشی، بڕیارە ھەفتەی داھاتوو رێکارە کارگێڕییەکان دەستپێبکات و دواتر لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بازرگانی دانەوێڵە چەکی پارەکە بەسەر جوتیاراندا دابەش دەکرێت.
وەزیری ھێزە چەکدارەکانی بەریتانیا لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەوەکرد، دوای گەیشتنی زانیاریی متمانەپێکراو لەبارەی ئەگەری ھێرشی چەکداری بۆسەر فرۆکەخانەی کابوڵ، لەو ڕوانگەیەوە وەزارەتی دەرەوە رێنماییەکانی گۆڕیوە و داوای لە ھاوڵاتیان کردووە روونەکەنە فرۆکەخانەی کابوڵ و لە شوێنی ئارام بمێننەوە تا رێنمایی نوێیان پێدەگات.
لەلایەکی ترەوە جاک کاستیکس سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە ئێوارەی رۆژی ھەینییەوە ناتوانێت پرۆسەی گواستنەوەی خەڵک لەئەفغانستان ئەنجامبدات.
داواشی لە ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی کرد لەمرۆوە لە فرۆکەخانەی کابوڵ دووربکەنەوە بەھۆی بوونی ھەڕەشەی ھێرشی تیرۆریستی لەلایەن توندڕەوانی گروپی داعشەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە وڵاتانی بیانی ھەموو ھەوڵێکیان خستووەتەگەڕ تاکو بتوانن بەر لە ٣١ی مانگ تەواوی ئەو کەسانە بگوازنەوە کە لە فرۆکەخانەی کابوڵدان.