بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم، لە قەزای کۆیە رێوڕەسمێکی تایبەت بە دابینکردنی ١٠ گۆڕەر بۆ ١٠ وێستگەی کارەبا بەبڕی دوو ملیار و ٧٢٨ ملیۆن دینار بەڕێوەچوو، لەو رێوڕەسمەدا قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، سەرەڕای ئەو کارانەی کراون، بەڵام کەرتی کارەبا لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵکی کورستان و وەزارەتی کارەبا و ئێمەشدا نییە.
لە ڕێوڕەسمەکەدا کە رۆژی پێنج شەممە ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢١ بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، لە ھەرێمی کوردستان کێشەی بەرھەمھێنانی کارەبا نییە، بەڵکو کێشەی سەرەکی کەرتی کارەبا کۆنبوونی تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا و چۆنییەتی دابەشکردنی کارەبایە، لەم چوارچێوەیەشدا رایگەیاند حکومەت پلانی ھەیە بە ھاوکاری کەرتی تایبەت کاربکەن بۆ نۆژەنکردنەوەی تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا و پێداچوونەوەش دەکەن بە شێوازی دابەشکردنی کارەبا، ھەروەھا ڕێوشوێنی توندیش دەگیرێتەبەر بەرامبەر بە ھەرجۆرە زیادەڕۆییەک لەسەر ئەم کەرتە.
لە بەشێکیتری وتارەکەیدا جێگری سەرۆک وەزیران رایگەیاند، سەرباری ھەوڵەکانی وەزارەتی کارەبا، کەچی ھێشتا تێچووی بەرھەمھێنانی کارەبا زۆر بەرزە و بۆ چارەسەرکردنی ئەمەش پلانی حکومەت ئەوەیە بۆ بەرھەمھێنانی ١٠٠٪ی کارەبا بەتەواوی پشت بە گازی سروشتی ببەستێت.
لە درێژەی وتارەکەیدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە لە دانووستانەکانیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ھاوتەریب لەگەڵ پرسی بودجە باسی کێشەی کارەباش دەکەن و ھەوڵ ھەیە بۆ دروستبوونی ھەماھەنگی لەنێوان ھەر دوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم و ڕایگەیاند بە ھەماھەنگی نێوان ھەردوو حکومەت دەکرێت بەشێکی بەرچاوی کێشەی کارەبای عێراق و ھەرێمی کوردستانیش چارەسەر بکرێت.
سەبارەت بە چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی دانووستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر جێبەجێکردنی یاسای بودجە، جێگری سەرۆک وەزیران باسی لەوەکرد کە لەم رۆژانەی دواییدا دانووستانەکان زۆر باش بەڕێوەچوون و لیژنە لاوەکییەکان ھەنگاوی باشیان ناوە بە ئاراستەی رێککەوتن لەسەر دیاریکردنی میکانیزمێک بۆ جێبەجێکردنی یاساکە و لە داھاتوویەکی نزیکدا ھیچ بەربەستێک نامێنێت لەبەردەم جێبەجێکردنی یاسای بودجەی فیدراڵی.
ھەر لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی لەوە کردەوە حکومەتی ھەرێم نەک ھەر بە تەواوی پابەندە بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەوە، بەڵکو گەشبینیشین کە بتوانین ھەموو کێشەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدرال لەڕێگەی دانووستانەوە چارەسەربکەین.
بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە پزیشکان و پسپۆڕانی نەخۆشی منداڵان، بە چاودێری وەزیری تەندروستی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکەمین دیداری منداڵ بۆ تەندروستی و ژیان لە ھەولێر بەڕێوەچوو.
لەو دیدارەدا پزیشکان و پسپۆڕانی نەخۆشی منداڵان باسیان لەوە کرد، منداڵ ئایندەی نەتەوەیەکە و پێوستی بەوەیە زیاتر گرنگی پێ بدرێت، ھەر لە قۆناغی لە دایک بوونییەوە تا ئەو کاتەی گەشە دەکات و قۆناغی منداڵابوون تێدەپەڕێنێت، ئاماژەیان بەوەشکرد، پێویستە منداڵ بەردەوام چاودێری بکرێت نەک تەنھا لەو کاتانەدا کە تووشی نەخۆشی دەبێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی ھەرێم بڕیاریدا منحەی ٦٣٩ زیندانی سیاسی خەرج بکرێت، بەپێی نوسراوکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم ئەو بڕە پارەیە تەنھا بۆ ئەو زیندانە سیاسیانەیە کە ھیچ موچەکەیەکیان نییە.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٥٨٩ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٧ تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٧٩١ تووشبووی تری ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.
دوای ئەوەی لە ژمارەیەک راگەیاندنەوە ھەواڵی تۆمارکردنی حاڵەتی کەروی ڕەش لە پارێزگای کەرکوک بڵاو کرایەوە، بەروبەرایەتی تەندروستی کەرکوک تۆمارکردنی ئەو نەخۆشیەی ڕەتکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کەڕوی ڕەش نەخۆشیەکی کۆنە و پێشوتر ھەبوە.
ھەروەھا رونیکردوەتەوە تەندروستی کەرکوک ھیچ ئامێرێکی بۆ دەستنیشان کردنی ئەو نەخۆشیە نیە، بۆیە نازانرێت لەئێستادا ھیچ حاڵەتێکی لەو جۆرە لە پارێزگاکەدا ھەیە یاخود نا، تا ئێستاش تەندروستی کەرکوک ھیچ حاڵەتێکی توشبونی بە کەڕوی ڕەش رانەگەیاندوە.
لە راگەیەندراوێکی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیدا ھاتووە، بەیانی ئەمڕۆ سەعات ٤:٣٠ دەقە زانیاری گەیشتە پۆلیسی دوکان بەبوونی بریندارێک لەناو خواردنگەیەک لە قەزای دوکان،پۆلیسی فریاکەوتنی دوکان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکەو توانرا بریندارەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەبکرێت، کە تۆمەتبار لە کاتی خەودا بلۆکێکی کێشابوو بەسەریدا و ھەڵاتبوو.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای وەرگرینی فەرمانی دادوەر پۆلیسی فریاکەوتنی دوکان لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکردوو توانرا لەماوەیەکی کەمدا تۆمەتبار دەستگیربکرێت، کە بەرەو شوێنێکی تر ھەڵاتبوو .
پۆلیسی سێمانی راشیگەیاندووە، لەئێستادا تۆمەتبار (ج ، ج ، ع ) تەمەن ٢٣ ساڵ بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە .
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندووە، دەبێت عێراق چارەنووسی ٦٤٣ ھاووڵاتی سوننە ئاشکرا بکات، کە بەر لە ٥ ساڵ لەسەر دەستی گروپەکانی شیعە رفێندراون.
رێکخراوە روونیشی کردۆتەوە، ئەو کەسانە لە ھەڵمەتێکی حەشدی شەعبی بۆ رزگارکردنەوەی "فەلوجە" لە دەستی تیرۆریستانی داعش لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٦ دیار نەماون، لەو کاتەشدا رێکخراوە ناحکومییەکان ھۆشدارییاندا لەو پێشێلکارییانەی لایەنە جیاوازەکان ئەنجامیان دەدا، حەشدی شەعبیش چەندین جار رفاندن و دەستگیرکردنی ھاووڵاتیانیان رەتکردۆتەوە.
بە پێی توێژینەوەیەکی پەیمانگای کاروباری ئاشتی و سیاسەتی ئەمنی لە زانکۆی ھامبۆرگی ئەڵمانی، ئەمریکا ٢٠ موشەکی ئەتۆمی لە بنکەی (بیوخل) لە ھەرێمی ڕاینلاند بفالتسی ئەڵمانیا ھەڵگرتووە و ٢٠ موشەک لە بنکەی (کلاینە بروگل) لە بەلجیکا، ٢٠ موشەک لە (فولکل) لە ھۆڵەندا و ٢٠ موشەک (ئینجەرلیک) لە تورکیا داناوە.
ھەر بە پێی توێژینەوەکە سوپای ئەمریکا ٢٠ موشەکی ئەتۆمیشی بردووەتە ھەردوو بنکەی (ئەفیانۆ) و (گیدی توری) لە ئیتاڵیا و پاراستوونی.
بە پێی ڕاپرسییەکان زۆربەی ئەڵمانییەکان و پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ کشانەوەی موشەکەکانی سوپای ئەمریکان لە وڵاتەکەیان.
دەزگای ھەواڵگری عێراق ڕایگەیاند، سەدان خێزانی داعش لە کەمپی ھۆل پلانی ھەڵاتن و دووبارە پەیوەندیکردنیان بە پاشماوەکانی داعشەوە ھەیە، ئاشکراشیکردووە، دوای گەڕانەوە ژمارەیەک خێزانی داعشی بە ڕەچەڵەک عێراقی بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئێستا بێ سەروشوێنن و شوێنی نیشتەجێبوونیان نادیارە.
بە پێی لێدوانی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش، فشارێکی نێودەوڵەتی لەسەر کابینەکەی کازمی ھەیە بە گەڕانەوەی خێزانی داعشە عێراقییەکان لە کەمپی ھۆلەوە بۆ پارێزگاکانی باکور و ناوەڕاست و خۆرئاوای عێراق.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، لەو ئۆپراسیۆنانەدا ١٠ کەسی مەدەنیش بریندار بوون و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیییەکانی مافی مرۆڤیش دەڵێن ژمارەی کوژراو و بریندارەکان زۆر لەوە زیاترە کە سوپای ئەمریکا ڕایگەیاندووە.
لەگەڵ ئەوەی کۆنگرێسی ئەمریکا سێ ملیۆن دۆلاری بە پنتاگۆن داوە بۆ ئەوەی قەرەبووی کەسوکاری کوژراوەکان بکاتەوە، بەڵام زانیارییەکان باس لەوە دەکەن ھیچ کام لە قوربانییەکان ئەم بڕە پارەیان بە دەست نەگەیشتووە.
کازمی لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی، داوای لە وەزارەتەکان و فەرماندە ئەمنییەکان کرد، ھەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ دەستبەرکردنی زەمیینەیەکی ئارام بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، لەگەڵ گرنگی پەیڕەوکردنی دانایی لە مامەڵەکردن لەگەڵ پێشھاتەکان.
جەختیشی کردەوە لەسەر ڕێگەنەدان بە پێشێلکاری و ڕوونیشیکردەوە، دەرفەتی سەرکەوتن ھەیە لە پێناو وڵات و بەرژەوەندییەکانی گەل.
(بەشیر حەداد) لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند: پێشنیارەکەی وەزیری دارایی بۆ لێبڕینی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق لە ژێر ناوی (باج)، دژی ماددەی (٣٤)ی یاسایی بودجەیە و ئەنجوومەنی نوێنەران پشتیوانی لەو پێشنیارەی حکومەت ناکات.
ڕوونیشیکردەوە، تا ئێستا حکومەت ھیچ داواکارییەکی ئاڕاستەی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران نەکردووە بۆ گۆڕانکاری وزاری.
ئاشکراشی کرد، حکومەتی ھەرێم و بەغداد لەسەر میکانزمەکانی جێبەجێکردنی ماددەی (١١)ی بودجە گەیشتوونەتە ڕێککەوتن و لە چەند ڕۆژی داھاتوو بەرەوپێشچوونی باش دێتە ئاراوە، بە تایبەت لەسەر دۆسیەی (داھاتی نەوت و دەروازە سنورییەکان و مووچەی فەرمانبەران). وتیشی، وەفدەکەی ھەرێم پابەندی تەواوی خۆی بە یاسایی بودجەی عێراق نیشانداوە.