ئەردۆغان رایگەیاند، بە ھەر رێگایەک بێت ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی لە سەرەتایی ساڵی نوێوە لە رێگەی راپرسییەوە جارێکی تر دەستوری تورکیا ھەمووار بکرێتەوە و گۆڕانکاری گەورەش لە دەسەڵاتی دادوەریدا دەکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند، ھیوادارن پێش راپرسی، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بگەنە باکێجێکی ھاوبەش لەسەر ڕەشنووسی دەستورەکە.
وتیشی، تا ئەو کاتەی جێدەستی کودەتاچییەکان دەسڕێنەوە، ھەڵمەتە ئەمنییەکان بۆ سەر ئەندامان و لایەنگرانی فەتحوڵا گیولەن بەردەوام دەبێت.
حاکمی نیویۆرک رایگەیاند، ئاستێکی پێوانەیی باران باریوە کە گەیشتووەتە ٧.٨ سانتیمەتر و مەترسی لەسەر رێگەکان دروست بووە، بەھۆیەوە باری نائاسیایی راگەیەندراوە، بۆ ھاوکاری کردنی خێزانە زیانلێکەوتووەکان.
تۆڕی سی ئێن ئێنیش بڵاویکردووەتەوە، سەرجەم ھێڵەکانی میترۆ لە شاری نیویۆرک وەستاون و ئەگەری روودانی با و لافاوی بەھێز لە بەشی باکور و ناوەڕاستی زەریای ئەتڵەسی ھەیە.
زریانی ئایدا لە رۆژی سێ شەممەوە چەندین ناوچە و ویلایەتە کەناراوییەکانی ئەمریکای گرتۆتەوە، کەشناسی ئەمریکاش ھۆشداریداوە لە روودانی لافاو لە ناوچەکانی خۆرئاوای فیلادلفیا و باکوری نیوجێرسی.
جۆی ھود لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاندووە، ئەفغانستان عێراق و سوریا نییە، چونکە عێراق وڵاتێکی بێھاوتایە و زۆرترین پێکھاتەی لەخۆگرتووە و یەکێکە لەو وڵاتانەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست کە بەرژەوەندی بەردەوامی لەگەڵ ئەمریکا ھەیە.
دڵنیاییشیدا لەوەی لە عێراق و سوریا دەمێننەوە و بەردەوام دەبن لە ھاوکاری کردنی ھێزەکانی عێراق و سوریای دیموکرات بۆ لەناوبردنی تەواوەتی داعش، کە ئەوەش پێویستی بە کات ھەیە.
فەرماندەی گشتی ھەسەدە رایگەیاند، کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان وایکرد، لە رۆژئاڤای کوردستانیش بە ھۆشیاریەوە لە رەوشەکە بڕوانن، چونکە کاریگەریی کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاڤای کوردستان و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھەسەدە تاھەتایی دەمێنێتەوە.
جەختیشیکردەوە، لە سەردەمی سەرۆکایەتی جۆ بایدن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتن باشتربوو، لە ئێستاشدا چاوەڕوان دەکەن سەقامگیریی باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێت بەو مەرجەی ئەمریکا بەڵێنەکانی بباتە سەر.
راشیگەیاند، سێ ساڵ لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا فەرمانی بە کشانەوەی دوو ھەزار سەربازی وڵاتەکەی کرد، کە ئەو سەربازانە شانبەشانی ھەسەد شەڕی داعشیان دەکرد، بەوەش رێگەی لە بەردەم تورکیادا کردەوە، بەشێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ھەسەدە داگیر بکت.
نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، دەزگا ئەمنییەکان بە سەرپەرشتی دادگا لە ھەڵمەتێکی پێشوەختەدا توانیویان ھەوڵێک بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری لە ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە رێگەی گوشارخستنە سەر ژمارەیەک کارمەندی کۆمسیۆن پوچەڵ بکەنەوە.
رونیشیکردووەتەوە، دوای لێکۆڵینەوەی وردی دەزگاکانی لێکۆڵینەوە ھێزە ئەمنییەکان توانیویانە ژمارەیەک تۆمەتبار دەستگیر بکەن، کە بەنیازبوون بەسود وەرگرتن لە پەیوەندییان لەگەڵ کارمەندانی کۆمسیۆن ساختەکاری بکەن بە ئامانجی تێکەڵکردنی کارتەکان و دروستکردنی پشێوی لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
پەیامنێری کوردسات نیوز لە کەرکوک رایگەیاند، شەوی ڕابردوو تیرۆریستانی داعش ھەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی شەحەل لەسنوری ناحیەی سەرگەڕان لە قەزای دوبز خۆرئاوای کەرکوک ھاوڵاتیەکیان رفاند.
لەدوای رفاندنی ھاوڵاتییەکە، خەڵکی گوندەکە بەھاوکاری سوپای عیراق دوای تیرۆریستەکان کەوتن و شەڕو روبەڕوبونەوە رویدا و لە ئەنجامدا سەربازێک کوژرا و حەوت ھاوڵاتی گوندەکە برینداربوون.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گەشەپێدانی بازرگانی بەستراوەتەوە بە ئارامییەوە، لەگەڵ حکومەت کار دەکەین بۆ پشتیوانی کردنی بازاڕی کار، ئەو پڕۆژەیەی ژووری بازرگانیش دەبێت بە ناوەندێک بۆ کاری بازرگانی لە ئاستی عێراق، ھەروەھا ناوەندێکی گرنگ بۆ ھەڵگرتنی کاڵا و پێداویستییەکان.
قوباد تاڵەبانی داوای لەلایەنە پەیوەندیدارەکانیش کرد، ھاوکاری زیاتر پڕۆژەکە بکەن بۆ ئەوەی لە زوترین کاتدا تەواو بکرێت.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ٢-٩-٢٠٢١, لە دیوانی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ عەمید فازل نامیق بەڕێوەبەری نوێی ھاتووچۆی رۆژئاوای ناوشاری سلێمانی و عەمید فایەق خدر بەڕێوەبەری نوێی ھاتووچۆی رۆژھەڵاتی ناوشاری سلێمانی و لێپرسراوی بەشی زیادەڕۆیی لە شارەوانی سلێمانی و بەپرسانی دیکەی پەیوەندیدار کۆبووە، سەرەتا قائیمقامی سلێمانی پیرۆزبای لە ھەردوو لێپرسراوی نوێی ھاتووچۆی سلێمانی کردو پاڵپشتی و پشتیوانی خۆی پێ راگەیاندن و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ئەرکە نوێکەیاندا.
لە کۆبوەنەوەکەدا گفتووگۆ لە بارەی پلانێکی نوێ کرا بۆ رێکخستنەوەی جموجوڵی ھاتووچۆ لە نێو بازاڕو شەقام و رێگەوبانەکانی شارەکە، بەپێی پلانە نوێکە تیمەکانی ھاتووچۆ بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھێزەکانی پۆلیس و تیمەکانی شارەوانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کاردەکەن بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگانەی کە لەسەر شەقامەکان بەھۆی راوەستانی ئوتومبێل بە شێوەی نایاسایی و زیادەڕۆییەکانەوە دروست دەبن، ئامانج لە گۆڕانکارییەکانیش رێکخستنی زیاتری سیستمی ھاتووچۆ و جموجوڵی ئوتومبێل و ھاتووچۆی ھاوڵاتیانە لە سەرجەم شەقام و رێگەوبانەکانی سلێمانی.
راگەیاندنی قائیمقامیەتی سلێمانی
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاند، ئامادەکارییەکان بۆ کۆبوونەوەی لێپرسراوانی ریاز و تاران لە بەغداد کراوە، و بڕیاریشە کۆبوونەوەکە لەسەر ئاستی باڵیۆزخانەی ھەردوو وڵات لە کۆتایی مانگی ئەیلول ئەنجامبدرێت.
سەرچاوەکە ئاشکراشی کردووە، تا ئێستا کەشێک متمانە لە نێوان ئەو دوو وڵاتە نەھاتۆتە ئاراوە.
ھاوکات ئیرەج مەسجیدی باڵیۆزی ئێران لە بەغداد زانیارییەکانی پشتڕاستکردووەتەوە و ئاشکرایکردووە، لەدوای تەواوبونی پێکھێنانی حکومەتی نوێی ئێران، خولێکی نوێی دانوستانی نێوان وڵاتەکەیی و سعودیە لە بەغداد بەڕێوەدەچێت.
ئیلھام ئەحمەد ھاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات رایگەیاند، چەند کەناڵێکی پەیوەندی ھاتوونەتە ئاراوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و حکومەتی دیمەشق.
وتیشی. گفتوگۆی سوری-سوری تاکە رێگەیە بۆ کۆتایھێنان بە دەستوەردانی دەرەکی.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، روسیا لە بەرامبەر سەرخستنی بڕیاری ئاگربەست لە سوریا سازشی بۆ تورکیا کردووە.
ھاوسەرۆکی ئەنجوومەنی سوریای دیموکرات جەختیشی کردەوە، کشانەوەی بەشێک لە ھێزەکانی ئەمریکا یاخود سەرجەم ھێزەکانی، کاریگەری گەورەی دەبێت لە سەر ستراتیژی ئەمریکا لە خۆرھەڵاتی ناوەراست و ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لەگەڵ ئەو بڕیارە نین.
قوباد تاڵەبانی رایگەیاند، خەڵکی کوردستان داوای خزمەتگوزاری و سەقامگیری و مووچە و بودجە دەکەن کە ئەمانە داواکاری ڕەوان، بۆیە دەبێت ھەوڵی ئەوان لەسەر بنەمای ویستی خەڵک بێت و لە ئاستی چاوەڕوانییان بین بەدابینکردنی داواکارییەکانیان.
قوباد تاڵەبانی لە بینای ھاوپەیمانی کوردستان لە سلێمانی، لەگەڵ سەرجەم کاندیدەکانی ھاوپەیمانی کوردستان کۆبوونەوە و باس لە یٔامادەکارییەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردن و یٔەرکی سەرشانی کاندیدەکان کرا.
قوباد تاڵەبانی بەکاندیدەکانی راگەیاند؛ لەبەردەم تەحەددایەکی گەورەن لەم قۆناغە و لە قۆناغی دوای ھەڵمەتی ھەڵبژاردنیش، خەڵکی کوردستان داوای خزمەتگوزاری و سەقامگیری و مووچەو بودجە دەکەن کە ئەوانە داواکاری ڕەوان، بۆیە؛ دەبێت ھەوڵی ئەوان لەسەر بنەمای ویستی خەڵک بێت و لە ئاستی چاوەڕوانییان بن بەدابینکردنی داواکارییەکانیان.
وتیشی" ئەم ھاوپەیمانییەتییە ھەوڵێکی جددیە بۆ بەدیھێنانی خەونی خوالێخۆشبووان مام جەلال و کاک نەوشیروان ئەو خەونەش ئامانجی گەورەی ھەیە بۆیە دەبێت بیسەلمێنین و کار بۆ بەجێھێنانی درووشمە سەرەکییەکەمان بکەین کە (بەیەکەوە بەھێزترین) ."
رونیشیکردەوە " دەبێت پێکەوە؛ یەکێتی و گۆڕان و کاندیدەکانی ھاوپەیمانی کوردستان کار بۆ ئەوە بکەن کە زۆرترین کاندید بنێرنە بەغداد لە پێناو بەدی ھێنانی ماف و خواستی ھاوڵاتییان چونکە دەتوانن لە بەغداد بەیەک دەنگی کار بۆ بەدیھێنانی ئەو داواکارییانە بکەن".
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پاسێک کە خەڵکی ئاوایی پیرسەفای مەریوانی تێدا بووە و بۆ تەواف و زیارەت بەرەو مەزاری "وەیسی قەرەنی" بەڕێکەوتبوو، لە نزیک گوندی پالنگانی سەر بە کرماشان وەرگەڕاوە.
فریاگوزاری ئێرانیش رایگەیاندووە، لەو رووداوە ١٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٢ش برینداربوون، کە خەڵکی گوندەکانی "پیرسەفا و بەردەڕەش"ن.
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگای "سنە"ش دەڵێت، کۆپتەرێک و شەش ئامبوڵانس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە.
وەزارەتی کارەبا لە نوسراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەپێناو کۆنترۆڵکردنی نرخی نان و نەھێشتنی قۆرخکاری لە گرانکردنی نرخی نان، بڕیاریاندا بەداشکاندنی ٢٠٪ لە نرخی کارەبای بەکارھاتوو بۆ سەرجەم نانەواخانەو سەمونخانەکان لە رۆژی یەکی ئەیلول، بڕیارەکەش بەھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی جێبەجێدەکرێت.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، تا ئەو کاتەی سەرجەم حساباتی عێراق و ھەرێمی کوردستان یەکدەخرێنەوە، ناردنی ٢٠٠ ملیار دینارەکە بۆ ھەرێم بەردەوام دەبێت.
کازمی ئاماژەی بەوەش کردووە، عێراق پێویستییەکی زۆری بە چاکسازی ھەیە، چونکە داھاتی نەوتی وڵاتیش بەشی مووچەی مو چەخۆران ناکات.
وتیشی، پێشتر بانکی ناوەندی تەنھا ٥١ ملیار دۆلار یەدەگی تێدا بووە، بەڵام ئێستا بۆ ٦١ ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی بەراوردکردنی ئەفغانستان بە وڵاتەکەی وتی، ئەوەی لە ئەفغانستان ڕوویدا، ھەرگیز لە عێراق دووبارە نابێتەوە.
وەزارەتی تەندروستی ھەرێم ئاماری ٢٤ سەعاتی ڕابردووی سەبارەت بە کۆرۆنا بڵاوکردەوە، بە پێی ئامارەکە ١٨٧١ تووشبووی نوێی کۆرۆنا تۆمارکرا، ٢٢٢٢ تووشبووش چاکبوونەتەوە، ١٤ کەسی تریش بە ڤایرۆسەکە گیانیان لە دەستدا.