بە پێی میدیا جیھانییەکان، کۆمپانیایەک لە هندستان بڕیاریدا رۆژی ھەینی رابردوو بکاتە پشوو بۆ سەرجەم کارمەندەکانی بەمەبەستی بینینی بەشێکی نوێی زنجیرەی تەلەفزیۆنی ئیسپانی " لا کاسا دی پاپێڵ".
بڵاوبوونەوەی ھەواڵەکەش لە میدیا جیھانییەکان، مشتومڕی زۆری لەناو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دروست کردبوو.
رۆژی ھەینی، بەشی پێنجەمی زنجیرەی تەلەفزیۆنی ئیسپانی " لا کاسا دی پاپێڵ" لە نێت فلێکس بڵاوکرایەوە.
پڕۆسەی وێنەگرتنی بەشەکانی درامای " لا کاسا دی پاپێڵ" لە نزیکەی ٣٠٠ لۆکەیشن، لە ئیسپانیاو تایلاندو دانیمارک و پەنەماو پورتوگال و ئیتاڵیاو بەڕیتانیا، ئەنجامدراوە.
جۆن کێربی وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پنتاگۆن رایگەیاند، ئەنجامدانی پرۆسە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە تەواوی کۆتایی پێھاتووە، پشتیوانی ھیچ ھێزێکی ناوخۆییش ناکەین کە بەرەنگاری بزوتنەوەی تاڵیبان ببێتەوە.
لەبارەی بڵاوکردنەوەی دەنگۆی چۆڵکردنی سێ بنکەی سەربازیش لە رەققە و دێرەزۆر و حەسەکە لە سوریا جۆن کێربی وتی، ھیچ بڕیارێک لە ئارادا نییە بۆ چۆڵکردنی بنکە سەربازییەکانیان لە سوریا و تا ئێستاش ئەمریکا لەگەڵ ھاوپەیمانەکانی ئەرکی سەربازیی لەو وڵاتە ماوە بۆ جەنگی روبەڕوبوونەوەی پاشمانەکانی داعش.
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد، ھاوڵاتیان ھۆشیار بکەنەوە بۆ بەشدارییەکی فراوان لە ھەڵبژاردن.
وتیشی، پێویستە کەناڵەکان بواری زیاتر بۆ ھۆشیارکردنەوەی دەنگدەران فەراھەم بکەن، چونکە ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق چارەنوسسازە و بەندە بە داھاتووی وڵاتەوە.
مستەفا کازمی داواشیکردووە، میدیاکاران خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوکردنەوەی پروپاگەندە، بەتایبەتی بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست لەبارەی ئەنجامدانی ساختەی پێشوەخت و دواخستنی ھەڵبژاردن و ھەموو ئەو ھەواڵانەی گومان و نیگەرانی و ساردبوونەوە لای دەنگدەر دروست دەکات.
میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، بەھۆی ئەو شەپۆلی بارانبارین و زریانەی ماوەی چەند رۆژێکە ناوچەکانی باکوری خۆرھەڵاتی ئەمریکای گرتووەتەوە و بە زریانی ئایدا ناسراوە، تائێستا لانیکەم ٤٤ کەس لە ویلایەتەکانی نیوجێرسی، نیویۆرک، پەنسیلڤانیا و کۆنێتیکێت گیانیان لەدەستداوە.
جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکاش لە راگەیەندراوێکدا، باری نائاسایی لە نیویۆرک راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەرچی زریانی ئایدا یەکێکە لە کارەساتە گەورەکانی مێژووی ئەمریکا، بەڵام دڵنیایە کە دەتوانن کۆنتڕۆڵی بکەن.
بە مەرسومێکی کۆماری، ئیبراھیم رەئیسی سەرۆکۆماری ئێران ئەنسیە خەزعەلی، وەک جێگری سەرۆک کۆمار دیاریکرد، کە ئەو بنەماڵەیە لە ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا کاریگەربوون.
ئەنسیە خەزعەلی تەمەن ٥٧ ساڵ، خەڵکی شاری قوممە و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرایە لە زمان و ئەدەبیاتی عەرەبی و پێشتر سەرۆکی زانکۆکانی ئەلزەھرا و ڕەزەوی بووە.
لیژنەی پەروەردە لە ئەنجومەنی نێونەرانی عێراق رایگەیاند، بەم نزیکانە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردەی عێراق کۆدەبنەوە بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی مامۆستایانی وانەبێژ کە دوو ساڵ خزمەتیان ھەیە و دامەزراندنیان بە شێوەی گرێبەستە لەسەر میلاکی وەزارەتی پەروەردە.
لیژنەی پەروەردە، ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، میکانزمی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بە گرێبەست، دەسەڵاتەکەی دەگەڕێنرێتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و پارێزگاکان.
ئەنتۆنیۆ فاوچی بەڕێوەبەری پەیمانگای نەخۆشییە گوازراوەکان لە ئەمریکا رایگەیاند، رەنگە پێشنیازی ئەوە بکەن، کە ئەمریکییەکان ژەمی سێیەمی ڤاکسین وەربگرن بە ئامانجی دروستکردنی بەرگری بە کۆمەڵ.
ئەوەش لە کاتێکدایە ئەمریکا پێویستی بە پێنج بۆ حەوت مانگی تر ھەیە تا سەرجەم ھاوڵاتیانی ژەمی دووەمی ڤاکسین وەربگرن.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، حەسەن فیروزئابادی راوێژکاری باڵای سەربازیی عەلی خامنەیی رێبەری شۆڕشی ئیسلامی و ئەندامی ئەنجومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران، دوای چەند رۆژێک لە توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە.
حەسەن فیروزئابادی ساڵی ١٩٥١ لە شاری مەشھەد لەدایکبووە، لە نێوان ساڵانی ١٩٨٩ بۆ ٢٠١٦ ماوەی ٢٧ ساڵ، سەرۆکی گشتی ھێزە چەکدارەکانی ئێران بووە و دواتر وەک راوێژکاری عەلی خامنەیی بۆ کاروباری سەربازیی کاریکردووە.
توانا کەمال سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ بەیانی کوردسات نیوز رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆری پرۆژەکانی سلێمانی بۆ گەڕەک و ئەو شوێنانەی تازەن و حکومەت دابەشیکردوون کە نزیکەی ٩٠%یان دەبێت دەرخستەیان بۆ کراوە تا پرۆژەی. خزمەتگوزاری و قیرتاویان پێ بگەیەنرێت، بەڵام بەھۆی نەبوونی بودجەی پێویست کە پێشتر بودجەکە لەسەر وەبەرھێنان و بودجەی پەرەپێدان دابیندەکرا نەتوانراوە ئەو پرۆژانە جێبەجێ بکرێت.
باسی لەوەشکرد، لە مانگی چواری ئەمساڵەوە بەردەوامین لەکارکردن بۆ تەواوکردن و قیرتاوکردنی ژمارەیەک پرۆژەی بچوک کە پێشتر کارەکانیان بەھۆی نەبوونی بودجەوە راگیرابوون.
سەرۆکی شارەوانی سلێمانی جەختی لەوەشکردەوە، تا بودجەی پێویست بەدەستمان نەگات وەکو ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٤ کە بۆ پەرەپێدانی پارێزگاکان دیاریدەکرا ناتوانرێت کار بکرێت بۆ ئەو پرۆژە گەورانەو بدرێتە کۆمپانیاکان و تەواو بکرێن.
فەھیم دەشتی وتەبێژی بەرەی بەرگری نیشتمانی ئەفغانستان لە ویلایەتی پەنچشیر رایگەیاند، پەلامارێکی "تاڵیبان"یان شکستپێھێناوە و ١١٥ چەکداری بزووتنەوەکە کوژراون و ٢٠٠ی تر برینداربوون و ٣٥یش دەستبەسەر کراون.
لەبەرامبەریشدا "تاڵیبان"یش جەختی کردووەتەوە لە پێشڕەویدان بەرە و ویلایەتەکە و کۆنترۆڵی دەکەنەوە.
ویلایەتی پەنچشیر لە باکوری خۆرھەڵاتی کابوڵ، لەلایەن ھێزێکی بەرگری سەر بە ئەحمد مەسعودەوە بەڕێوەدەبرێت ، تەنھا ویلایەتە لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە کۆنترۆڵ نەکراوە، پێشتریش لە ساڵانی دەسەڵاتیدا لە ١٩٩٦ بۆ ٢٠٠١ ، بزووتنەوەکە نەیتوانیوە ئەو ویلایەتە کۆنترۆڵ بکات.
ئەردۆغان رایگەیاند، بە ھەر رێگایەک بێت ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی لە سەرەتایی ساڵی نوێوە لە رێگەی راپرسییەوە جارێکی تر دەستوری تورکیا ھەمووار بکرێتەوە و گۆڕانکاری گەورەش لە دەسەڵاتی دادوەریدا دەکەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان راشیگەیاند، ھیوادارن پێش راپرسی، لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن بگەنە باکێجێکی ھاوبەش لەسەر ڕەشنووسی دەستورەکە.
وتیشی، تا ئەو کاتەی جێدەستی کودەتاچییەکان دەسڕێنەوە، ھەڵمەتە ئەمنییەکان بۆ سەر ئەندامان و لایەنگرانی فەتحوڵا گیولەن بەردەوام دەبێت.
حاکمی نیویۆرک رایگەیاند، ئاستێکی پێوانەیی باران باریوە کە گەیشتووەتە ٧.٨ سانتیمەتر و مەترسی لەسەر رێگەکان دروست بووە، بەھۆیەوە باری نائاسیایی راگەیەندراوە، بۆ ھاوکاری کردنی خێزانە زیانلێکەوتووەکان.
تۆڕی سی ئێن ئێنیش بڵاویکردووەتەوە، سەرجەم ھێڵەکانی میترۆ لە شاری نیویۆرک وەستاون و ئەگەری روودانی با و لافاوی بەھێز لە بەشی باکور و ناوەڕاستی زەریای ئەتڵەسی ھەیە.
زریانی ئایدا لە رۆژی سێ شەممەوە چەندین ناوچە و ویلایەتە کەناراوییەکانی ئەمریکای گرتۆتەوە، کەشناسی ئەمریکاش ھۆشداریداوە لە روودانی لافاو لە ناوچەکانی خۆرئاوای فیلادلفیا و باکوری نیوجێرسی.