لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عیراق لە لێدوانێکدا بە کوردسات نیوزی رایگەیاند، ئامادەکارییە ئەمنییەکان بۆ کاتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق و پاراستنی بنکە و سندوقەکانی دەنگدان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بەردەوامە و رێکاری پێویستیش دیاریکراوە.
باسی لەوەشکرد، پۆلیسی فیدراڵی و ھێزی پێشمەرگە ئەرکی پاراستنی ئەو شوێنانەیان پێدەسپێردێت.
لەبارەی پێکھێنانی دوو لیوای ھاوبەش لە نێوان ھێزی پێشمەرگەو سوپای عیراق پێش ھەڵبژاردنەکان و پاراستنی زیاتری ئەمنییەتی ئەو ناوچانە، نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عیراق وتی، ھەوڵەکان بەردەوامە و ھەنگاوی باش نراوە بۆ پێکھێنانی ئەو دوو لیوا ھاوبەشە و ئەگەر پێش ھەڵبژاردن ئەو دوو لیوا پێکبھێنرێت لە بەرژوەندی ھەرێمی کوردستانە و کاری جدی بۆ دەکەین.
بەدر زیاد ئەندامی لیژنەکە بە عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە، لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم، کشانەوەی یەکەم کاروانی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق دەست دەکەن بە کشانەوە، بڕیاریشە دوایین کاروانیان لە مانگی کانونی یەکەمی ئەمساڵ بکشێنەوە و کۆتایی بە بوونیان لە عێراق بھێنن.
لە عێراق نزیکەی دوو ھەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەمریکی ھەن و ئەرکیان روبەڕوبوونەوەی شانە نوستووەکانی داعشە، لەگەڵ کۆتایی ئەمساڵیش ئەرکیان بۆ راوێژکاری و راھێنان بە سوپای عێراق دەگۆڕێت.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، لە قەزای خەباتی سەربە پارێزگای ھەولێر دوو بنەماڵە لە ھۆزی خەیلانی و ھۆزی گۆران بە چەک لە بەرامبەر یەکتردا وەستاون، ھێزە ئەمنییەکانیش لە ناوچەکە بڵاوەیان پێکراوە بۆ رێگرتن لە ھەر کارێکی نەخوازراو، لە ھەمانکاتدا ھێزە ئەمنییەکان و حکومەت لەسەر ھیڵن بۆ ئەوەی کێشەکەیان چارەسەر بکەن و کۆتایی بە بارگرژییەکان بھێنن.
لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر کێشەی منداڵ چوار کەس لەنێوان ئەو دوو ھۆزەدا کوژران، تا ئێستا ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە دەستگیر نەکراون.
رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ٩ کۆچبەری خۆر ھەڵاتی کوردستان کە خەڵکی شاری پاوەن، ھەوڵی ئەوەیان داوە بە رێگەی قاچاغ خۆیان بگەیەننە وڵاتانی ئەوروپا، لە رۆژی ٢١ ی ئابی رابردوو، لە شاری ئیزمیری تورکیا دەستگیرکراون و دوای ئەوەی خۆیان بە سوری ناساندوە، حکومەتی تورکیاش رادەستی سوریایی کردون.
رونیشیکردووەتەوە، ئەو کۆچبەرانە دیپۆرتی شاری عەزاز کراون لە باکوری سوریا، لە ئێستاشدا لە کەمپێکی بەرەی نوسرە دەستبەسەر کراون.
ئەوەش لە کاتێکدایە، ھەفتەی رابردوو دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارەو پەنابەران، ٥٤ کۆچبەری باشوری کوردستانی لە سوریاوە گەڕاندەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، کە لەلایەن تورکیاوە رادەستی بەرەی نوسرە کرابوون.
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای ھەولێر رایگەیاندووە، ئەمڕۆ سەعات ١١:٣٠ی پێش نیوەڕۆ، ئاگادار کرانەوە بەبوونی تەرمێک لە ھۆتێل سۆما لە شەقامی سوڵتان مزەفەر، دوای چوونی تیمێکی پۆلیس بۆ شوێنی مەبەست و دەست کرا بە لێکۆڵینەوە.
ئاشکراشیکردووە، دەرکەوتووە کەسێک بەناوی ئەحمد ابراھیم محەمەد، تەمەن ٥٢ ساڵ بەڕەگەز عەرەبە خەڵکی موسڵە لە بازاڕی لەنگەی شاری ھەولێر کاری دەکرد و بە تەنھا لە ھۆتێلی ناوبراو دەژیا و گیانی لەدەستدەداوە.
پۆلیسی ھەولێر رونیکردووەتەوە، تەرمەکە رەوانەی پەیمانگای پزیشکی دادی کراوە بۆ ئەوەی ھۆکاری مردنەکەی بزاندرێت، بۆ ئەو مەبەستەش پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوە.
جۆنسۆن جافین ویلیامسۆن، وەزیری پەروەردەی بەریتانیا لە پۆستەکەی دوورخستۆتەوەو نەدیم زەھاوی بەڕەچەڵەک کوردی لە شوێنەکەی داناوە، کەپێشتر پۆستی وەزیری دابینکردنی ڤاکسینی لە کابینەی حکومەتدا ھەبووە.
نەدیم زەھاوی لە ٢ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٦٧ لە بەغداد لەدایکبووە، لە تەمەنی ٩ ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی کۆچدەکەن بۆ بەریتانیا و لە لەندەن نیشتەجێ دەبن، بڕوانامەی بکالۆریۆسی ئەندازیاری کیمیایی لە زانکۆی لەندەن بەدەستدەھێنێت، لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٧ ش بە ئەندامی پەرلەمانی ئەو وڵاتە ھەڵبژێردراوە، لە ساڵی ٢٠١٨ وەک یاریدەدەری وەزیری وەزیری پەروەردەی بەریتانیا دیاریکراوە.
د. پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی د. جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان رایگەیاند، عەمید سالار عەبدوڵا بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی بەڵێنی پێداون ھەموو کار ئاسانییەک بۆ ئەو منداڵانە بکەن لە نەخۆشخانەکەدا خەوێنراون و پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە ھەیە لەدەرەوە.
وتیشی، ھەر لە نەخۆشخانە کاروباری دەرھێنانی پاسپۆرت بۆ منداڵەکان دەکرێت و پێویست ناکات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی پاسپۆرت بکەن.
لە چوارچێوەی ئامادەسازی بۆ گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی قۆناغی داھاتووی ھەرێم و عێراق و ناوچەکە بە گشتی، وەفدی باڵای یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ھاوپەیمانی نیشتمانی بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و ئارام قادر سەرۆکی ھاوپەیمانی نیشتمانی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوەو رێککەوتن لەسەر چەند تەوەرێکی گرنگ و پەیوەند بە خەڵکی کوردستان و عێراق، ھاوکات پشتگیری و داکۆکیکردن لە پرۆسەی چاکسازی لەسەرجەم جومگەو پێگە ئیداریی و سیاسییەکان.
ھەردوولا رێککەوتن لەسەر راگۆڕینەوە و ھەماھەنگی لە پرسە سیاسییەکانی جێگەی بایەخی ھەردولا .
ھەروەھا رێککەوتن لەسەر کارکردن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ھەڵبژاردن و جەختکردنەوە لەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و سەرخستنی دڵسۆزانی خەڵکی کوردستان و فراوانکردنی چەتری ھاوپەیمانی لە داھاتوودا.
تەوەرێکی تری رێککەوتنەکە جەختکردنەوە بوو لەسەر کارکردن بۆ بونیادنانی سیستمێکی سیاسی ھاوچەرخ لەسەر بنەمای دادپەروەری و زامنکردنی مافەکانی مرۆڤ.
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی پەیوەندییەکانی ئەنجوونی سوریای دیموکرات ھەسەدە، وەفدێکی خۆبەرێوەبەری باکور و ڕۆژھەڵاتی سوریا و ھەسەدە لەگەڵ وەفدێکی وەزارەتی دەرەوەی روسیا لە مۆسکۆ کۆبوونەوە.
لە کۆبونەوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە، دەبێت لەچوارچێوەی بڕیاری نێودەوڵەتی ژمارە ٢٢٥٤ کێشەی سوریا بە بەشداری ئەنجوومەنی سوریای دیموکراتیک ھەسەدە چارەسەر بکرێت.

دەشڵێت ڕێگە بە ھیچ پێشێلکارییەک نادەن و دەبێت پڕۆسەکە بە دیموکراسی بەڕێوەبچێت، لە دوای دوو مانگیش ڕاپۆرتی خۆیان لە بارەی پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکەوە دەدەنە ئەنجومەنی نوێنەرانی نوێی عێراق.
ڕەفیق کوروکز، سەرۆک شارەوانی شارۆچکەی شاڵپازاری سەر بە شاری ترابزۆن، سەرجەم ئەو کڵاوانەی لە کارگەیەکی ئەو شارۆچکەیەدا بۆ ھاوپەیمانی کوردستان دروستکراوە کۆکردووەتەوە و لە ناوەڕاستی شارۆچکەکەدا و بە بەرچاوی خەڵکەوە سوتاندوویەتی، ھۆکارەکەشی ئەوە بووە کە وشەی کوردستانی لەسەر بووە.
کوروکز کە سەر بە پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست "مەھەپە"یە دەڵێت، ئێرە وڵاتی تورکانە و ڕێگە بە کاری وەھا نادەن.
ھاوکات عومەر ئۆزدەمیر، خاوەنی کارگەکە نیگەرانی خۆی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، لە عێراقەوە داوایان لێکراوە ئەم کڵاوانە بۆ بانگەشەی ھەڵبژاردن دروست بکەن و ئەوانیش وەک کارێکی بازرگانی و لە چوارچێوەی یاسادا کردوویانە، ئەمەش ھەم ھەلی کاری زۆری ڕەخساندووە و ھەم خزمەتی بە ئابووری وڵات کردووە، بەڵام بە داخەوە سەرۆکی شارەوانی تاکلایەنانە و بە بێ پرسکردن بە ھیچ دامەزراوەیەک سەرجەم کڵاوەکانی سوتاندووە.
لەو دیدارانەدا، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد گوێی لە پوختەی پڕۆژە و بەرنامەی پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی لە بارەی بەشداریان لە ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردنەوە گرت، دواتریش تاوتوێی چەند داواکارییەکی تایبەت بە ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی کرا.
لای خۆیەوە، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، بە گرنگییەوە پێشوازی لە بەرنامە و داواکاری و خواستەکانی پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی کرد و ڕایگەیاند، ئێوە سەرمایەیەکی مرۆیی بە نرخی یەکێتین و جێگەی شانازی میللەتەکەمانن، لە ئێستاشدا بێگومان ڕۆڵتان گرنگ و کاریگەر دەبێت لە ھاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردنی لە ھەڵبژاردن و سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان، دڵنیام لەم قۆناغەشدا تێدەکۆشن و بەشداردەبن لە تۆمارکردنی سەرکەوتن.
وتیشی: خەبات و قوربانیدان و تێکۆشانتان جێگەی ڕێزە، بەدڵنیاییەوە پاڵپشت و پشت و پەناتان دەبم، بەدواداچوونی جدی دەکەم لەسەر کێشە و داواکانتان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکرا لە بارەی ماف و ئیمتیازاتی زیندانیانی کوردستان و جیاوازیان لەگەڵ بەغدا، لەم ڕووەوە ئاماژە بە پێویستی ھەموارکردنەوەی یاسای تایبەت بە ژیان و گوزەرانی زیندانیان لە ڕێگای پێداچوونەوە بە یاسا بەرکارەکان لە پەرلەمانی کوردستان کرا.
لە بەرامبەر ئەو پشتیوانییەیدا بۆ خزمەتکردنی پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانیانی سیاسی، وەفدی میوان شاناز ئیبراھیم ئەحمەد-یان ڕاگەیاند کە جێی ئومێدیانە و بەردەوام لە پشتیوانی کردنیان درێغی نەکردووە، ھاوکات داواشیان کرد بۆ خواستەکانیان پشتیوان بێت.
"حامید حاجی غالی" سەرپەرشتیاری بانگەشەی ھەڵبژاردن لە بازنەی سێی ھەڵبژاردنەکان داوایکرد بۆ بەھێزکردنی پێگەی کورد، گرنگە ھەمووان کاربکەن بۆ ئەوەی زۆرترین ھاووڵاتی بچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
لەو دیدارەدا، شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ئاماژەی کرد بە بەرنامەی یەکێتی بۆ خزمەتکردن بە گەنجان و ژنان و چین و توێژە جیاوازەکان، بە تایبەت باوەڕی نەگۆڕی یەکێتی بە تواناکانی ژنان و ڕۆڵبینینیان بە تایبەت لە جومگە سیاسییە ھەستیارەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیدا.
وەفدی میوان پیرۆزبایی گرتنەدەستی ئەرکی سەرپەرشتیکردنی مەڵبەندی سلێمانییان لە شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کرد و قەڵغانێکی تایبەتیان پێشکەش کرد کە کۆنگرەی باڵیۆزانی گەنجان و ژنانی عەرەبی نێودەوڵەتی و دامەزراوەی ئەمەل بۆ ڕێکخستن و توێژینەوە و کاری کۆنگرەکان، دەیبەخشێتە سەد لە کەسایەتییە باشترین و کاریگەرترینەکان لە میسڕ و نیشتمانی عەرەب بۆ پشتیوانی ئاشتی نێودەوڵەتی و جیھانی.
ھەر لەو دیدارەدا، تاوتوێی شێوازی بەستنی کۆنگرەیەک کرا لە شاری سلێمانی کە پڕۆژەیەکی نیشتمانیە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتەوایی لە عێراق و ٢٢ وڵاتی عەرەبی تێیدا بەشدار دەبن و بڕیارە لە ژێر دروشمی (مرۆڤ بوون ھاوبەشی لە نیشتمان کۆمان دەکاتەوە) بەڕێوەبچێت.
شاناز ئیبراھیم ئەحمەد، لە میانەی وتەیەکیدا، وێڕایی دەربڕینی پەیامی پیرۆزبایی لە ستافی منداڵپارێز وتی: ئەم یادە پیرۆزبێت لە ھەمووان، دەستی یەک بە یەکەتان دەگوشم و دڵنیام بە دڵسۆزی و توانا و لێھاتوویتان دەتوانن بەرنامە و پڕۆژەی جوان جێبەجێ بکەن.
وتیشی: منداڵپارێز لە خزمەتکردندا سەلماندوویەتی نمونەیەکی باڵایە و لەمەشدا ڕۆڵی مام و دادە ھەرگیز لە یاد ناکرێت، لێرەوە پیرۆزبایی و سوپاسگوزاری دووپاتدەکەینەوە بۆ ئەو ئازیزانەی لە منداڵپارێزدا خزمەتیان کردووە.
منداڵپارێزی کوردستان ڕێکخراوێکی سەربەخۆی ناحکومی تایبەت بە منداڵانە لە ساڵی ١٩٩١دا لەلایەن ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد و شاناز ئیبراھیم ئەحمەد و چەند کەسانێکی خۆبەخشەوە دامەزراوە و کاردەکات بۆ دڵنیابوون لە دابینکردنی پاراستن و تەندروستی و پەروەردە بۆ ھەموو منداڵێک.
ئامانجی منداڵپارێزانی کوردستان پاراستنی مافی منداڵە بە بێ ڕەچاوکردنی نەژاد، ڕەگەز یان پابەندییە ئایینی و سیاسییەکان و مسۆگەرکردنی پاشەڕۆژێکی باشترە لە ڕێگەی چاککردن و دابینکردنی پێداویستی جۆراوجۆری مادی، تەندروستی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و پەروەردەیی.
ئۆفیسی سەرەکی لە شاری سلێمانییە و لە شارەکانی ھەولێر و کەرکوک و دھۆک ئۆفیسی ھەیە لە ساڵی ١٩٩٣ لە بەریتانیا تۆمارکراوە و لەوێ بە ناوی (سندوقی منداڵانی کوردستان – KCF ەوە کاردەکات).
منداڵپارێزانی کوردستان کار و چالاکیەکانی لە سێکتەرە جۆراوجۆرەکانی پاراستن، گرتنەخۆ، تەندروستی و پەروەردە چڕکردووەتەوە و لە ماوەی ئەو سی ساڵەی تەمەنیدا، ھەزاران منداڵ و خێزان بە بێ جیاوازی سوودمەندی پڕۆژەکانیان بوون.
ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکەمین کاروانی بەنزینی تەرخانکراو لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەغدادەوە، دەگاتە پارێزگای سلێمانی و نرخی فرۆشتنیشی بە ھاوڵاتیان، بە ٦٩٠ دینار دیاریکراوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، چەند مانگێکە نرخی بەنزین لە ھەرێمی کوردستان، بە شێوەیەکی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە.