ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای پەیڕەوی ئەنجومەنی باڵای وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیش پەسەندکرا، ئامانج لەو ڕەشنووسەش دەستنیشانکردنی پێکھاتە و ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی وەزارەتە.
ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای ھەڵگرتنی چەکیش لە ھەرێمی کوردستان، دوای ھەموارکردنەوەی پەسند کرا، ئامانجی ئەو پڕۆژەیەش ڕێکخستنەوەی کڕین و فرۆشتن و ھەڵگرتن و مامەڵەکردنە بە چەک.
وەفدەکەی یەکێتیی ئەوروپا لە سەرەتای سەردانی بۆ سنوری سۆران، باسیان لە پێکھاتەی بازنەی سۆران لە ڕووی جوگرافی و ژمارەی دەنگدەرانی ئەو بازنەیە کرد، لە کۆبوونەوەشیان لەگەڵ مەڵبەندی یەکێتی، باسیان لە تەواوی ئەو پێشێلکاری و ڕێگریانە کرد کە پارتی دیموکراتی کوردستان، لە سنوری بازنەی سۆران بەرامبەر کاندیدەکانی ھاوپەیمانی کوردستان کردوویەتی.
بە پێی ئامارەکانی نوسینگەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە خانەقین، تا ئێستا ٩٠٪ی دەنگدەرانی خانەقین کارتی بایۆمەتریان وەرگرتووەتەوە و نزیکەی ٣ ھەزار کارتی بایۆمەتریش وەرنەگیراونەتەوە.
ئەحمەد لعێبی وتەبێژی وەزارەتی دادی عێراق ڕایگەیاند، لە ڕێگەی ئیمزاکردنی ڕێککەوتن لەگەڵ سویسرا و میسڕ و ئوردن، ھەوڵ دەدەن ئەو پارانە بگەڕێننەوە کە بە نایاسایی براونەتە دەرەوە.
بە پێی ڕێککەوتنەکەش ئەو موڵکانەی ھی ئەو سێ وڵاتەن و ڕژێمی پێشووی بەعس دەستی بەسەرداگرتبوون، لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ ئەو وڵاتانە دەگەڕێندرێتەوە و لە بەرامبەردا ئەو وڵاتانەش پارەکانی عێراق دەگەڕێننەوە.
لە بارەی بڕی پارەکانیشەوە لعێبی دەڵێت، بڕی ئەو پارەیەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە نایاسایی براوەتە دەرەوە لە نێوان ١٨٠ تا ٣٥٠ ملیار دۆلاردایە.
ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز ئاشکرایکردووە، ئەمریکا لە ڕێگەی کەناڵە دیپلۆماتییەکان لەگەڵ چین لە ڕێککەوتن نزیک بووەتەوە، کە حکومەتی بەیجین ھانبدات بە کەمکردنەوەی ئاستی ھاوردەکردنی نەوتی خاوی ئێران بۆ وڵاتەکەی، بە ئامانجی ناچارکردنی تاران بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
ھەوڵە دیپلۆماتییەکانی واشنتۆن لە کاتێکدایە، سەرەڕای گەمارۆکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا مانگی ئاب، چین ڕۆژانە زیاتر لە ٥٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی لە ئێران کڕیوە.
چەند بەرپرسێکی عێراقی ڕایانگەیاندووە، ھەفتەیەک لەمەوبەر بەرپرسانی سعودیە و ئێران لە بەغداد، چوارەمین خولی دانوستانەکانی نێوان بە نھێنی ئەنجامداوە و کۆبوونەوەکەش ئەرێنی بووە.
ھاوکات ڕۆژنامەی تاران تایمزی ئێرانی بڵاویکردەوە، عەلی شەمخانی ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، بە سەرۆکایەتی وەفدی ئێران لە کۆبوونەوەکە کردووە و وەفدی سعودیەش لەلایەن عادل جوبێری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەوە سەرۆکایەتی کراوە.
لە ساڵی ٢٠١٦وە ھەموو پەیوەندیە دیپلۆماسییەکانی سعودیە و ئێران پچڕان، دوای ئەوەی ئێران چوونی حاجیانی وڵاتەکەی بۆ سعودیە ڕاگرت و سعودیەش کەسایەتیەکی دیاری شیعەکانی لە وڵاتەکەی لە سێدارەدا.
لە بەردەوامی کاردانەوەکاندا دژ بە کۆنگرەی "ئاشتی و گەڕانەوە" کە ٢٤ی ئەم مانگە بە بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە ھۆزە سوننەکان لە ھەولێر ڕێکخرا و داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیل کرا، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق بڕیاریدا عەمیدی کۆلێژی پەروەردە لە زانکۆی تەلەعفەر لەسەر بەشداریکردنی لە کۆنگرەکە لە کارەکەی دووربخاتەوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا بکرێت.
لەلایەکی ترەوە، دەستەی دامەزرێنەری سەحوەی ڕۆڵەکانی عێراق ڕایگەیاند، بەھۆی بەشداریکردن لە کۆنگرەکەی ھەولێر، بڕیاریانداوە بە دوورخستنەوەی وسام حەردان لە سەرۆکایەتی سەحەوەی ڕۆڵەکانی عێراق و بێ ئاگابوونی خۆشیان لە بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە دووپاتکردەوە. ھەروەھا لەلایەن دادگاکانی عێراقەوە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ١٠ بەشداربووی کۆنگرەکە دەرچووە.
ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی نەناسراو، دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە نزیک ئەلبوکەمال لە سنووری عێراق و سوریا بیستراوە و تا ئێستاش ھیچ وردەکارییەک لە بارەی زیانەکانی بۆردومانەکە ئاشکرانەکراوە.
ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەمریکی گرووپە چەکدارەکانی حەشدی شەعبی لە سنوورەکانی عێراق و سوریا بۆردوومانکرد، کە کوژرانی سێ چەکداری ئەو گرووپەی لێکەوتەوە.
بایدنی تەمەن ٧٨ ساڵ ڕایگەیاند، بۆ لەناوبردنی پەتای کۆرۆنا پێویستە ھەمووان ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن.
وتیشی، ٧٧٪ی کەسانی پێگەیشتوو لە ئەمریکا لانی کەم دۆزێکی ڤاکسینیان وەرگرتووە و لە ٢٣٪ خۆیان نەکوتاوە. بایدن ڕاشیگەیاند، یەک ملیار دۆزی ڤاکسینی کۆرۆنا دەبەخشنە وڵاتان.
سەنتەری کۆنترۆڵکردنی پەتاکان لە ئەمریکا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەزامەندی پیشاندا لەسەر بەکارھێنانی ژەمی سێیەمی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ کەسانی تەمەن ٦٥ ساڵ و بۆ کەسانی تەمەن ١٨ بۆ ٦٤ ساڵ کە نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە.
"ماکرۆن" لە کاتی کردنەوەی پیشانگایەکی خۆراکدا لە شاری "لیون"، لەلایەن خوێندکارێکی تەمەن ١٩ ساڵەوە ھێلکەیەکی تێگیرا و بەر شانی کەوت، ھێزەکانی پۆلیسیش بە پەلە ئەو کەسەیان دەستگیر کرد و دادگای فەڕەنساش ڕایگەیاند ئەو کەسە لەلایەن پۆلیس و دادگاوە نەناسراوە. دوای ئەو ڕووداوەش "ماکرۆن" وتی دەچێتە لای ئەو کەسە و دەیبینێت.
ئەو ڕووداوە ھاوکاتە لەگەڵ کەمبوونەوەی ئاستی جەماوەری "ماکرۆن"، کە تەنھا ٣٨٪ی فەڕەنسییەکان لە کارەکانی ڕازین.
"ماکرۆن" چەندین جاری تر ڕووبەڕووی ھێرش بووەتەوە لەلایەن خەڵکەوە، لە ٨ی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا، کەسێک زلەیەکی لێدا و ئەوەش کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، ئەو کاتەشی کە کاندید بوو بۆ سەرۆکایەتی فەڕەنسا لە پێشانگایەکدا لە "پاریس" ھێلکەی بۆ ھەڵدرا.
سوپای کۆریای باشور ڕایگەیاند، وڵاتەکەی مووشەکێکی بە ئاڕاستەی دەریای "ژاپۆن" ھەڵداوە بە بێ ئەوەی زانیاری زیاتر لە بارەیەوە بڵاوبکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ئیدانەی تاقیکردنەوە مووشەکییەی کرد و بە ھەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی ناوی برد، داواشی لە "پیۆنگ یانگ" کرد بگەڕێتەوە بۆ دانوستانەکانی داماڵینی چەکی ئەتۆمی.
ھاوکات "کیم سونگ" باڵیۆزی کۆریای باکور لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئەگەر "واشنتۆن" دەیەوێت کۆتایی بە جەنگی کۆریا بێت، دەبێت دەست ھەڵبگرێت لە سیاسەتە دوژمنکارییەکانی و ڕاھێنانە سەربازییەکانی و بڵاوکردنەوەی چەکی ستراتیژی لە ناوچەکە.
کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پەسەندکردنی کاندیدبوونی "شەعلان عەبدولجەبار عەلی" بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر بازنەی یەکی پارێزگای سەڵاحەدین ھەڵوەشاوەتەوە، بەھۆی پێشێکردنی ھەردوو ماددەی ١٠ و ١١ی لە یاسای ھەڵبژاردن تایبەت بە سیستمی ھەڵمەتی بانگەشە و پارە و موڵکی گشتی بۆ بانگەشە بەکارھێناوە.
لە دوای دەستپێکردنی بانگەشەی ھەڵبژاردن تا ئێستا ٣ کاندید لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن دوورخراونەتەوە.
"خلوسی ئاکار" لە ڤیدیۆ کۆنفرانسێکدا لەگەڵ گەورە فەرماندەکانی سوپا ڕایگەیاند، لە نزیکەوە بەدواداچوون و چاودێرییان بۆ ڕەوشی باکوری سوریا ھەیە.
وتیشی، دەیان ساڵە تورکیا لەگەڵ ھێزەکانی پەکەکە لە شەڕدایە کە بناغەی ھێزەکانی سوریای دیموکراتن، نیگەرانیشی دەربڕی لە پڕچەککردن و ھاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئەو ھێزانە.
بە وتەی "خلوسی ئاکار" سوپای تورکیا بەردەوام دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان بە تایبەت لە عێراق و سوریا، بە ڕێزگرتن لە ماف و سنور و سەروەری وڵاتانی دراوسێ.
میدیاکانی ئیتاڵیا بڵاویانکردەوە، ٦٨٦ کۆچبەری نایاسایی کە خەڵکی وڵاتانی سوریا و مەغریب و بەنگلادیش و میسڕن و ژن و منداڵیشیان لە ناودایە، لە ڕێگەی وڵاتی لیبیاوە، گەیشتوونەتە دوورگەی لامبیدۆزای ئیتاڵیا و لەلایەن دەسەڵاتداریەتی ناوچەکەوە ھەموو پێداویستییەکیان پێشکەشکراوە.
لە دوورگەی لامبیدۆزای ئیتاڵیا کەمپ ئامادەکراوە بۆ نیشتەجێکردنی ئەوە کۆچبەرانەی دوای ڕزگارکردنیان لە دەریا دەگەنە ئەو دوورگەیە.
جان ئیف لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند، ڕێگە نادەن ئێران واھەست بکات تێپەڕبوونی کات لە بەرژەوەندیەتی، چونکە پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێران گەورەترین مەترسیە.
وتیشی، پێویستە بەزووترین کات دانوستانەکانی تایبەت بە ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی دەستپێبکەنەوە، کە نزیکەی چوار مانگە ڕاگیراوە.