حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، زیاتر لە ٣٨١ ملیۆن دینار بۆ دروستکردنی سێ پڕۆژەی ئاوەڕۆی لوولەیی لە ڕانیە خەرج دەکرێت کە کۆی گوژمەکەی سێ پڕۆژەکە لەسەر فرۆشتنی زەوییە ڕوکنەکانی سنووری شارەوانی ڕانیە دەبێت، ئەوەش بە پێی یاسا و ڕێنماییەکانە.
ڕوونیشیکردووەتەوە، لەو بڕە پارەیە ١٣٥ ملیۆن و ٢١٥ ھەزار دیناری بۆ گەڕەکی شادی و ١٤٥ ملیۆن و ٦١٥ ھەزار دیناری بۆ گەڕەکی چوارچرا و ١٠١ ملیۆن و ٩٠٥ ھەزار دیناریشی بۆ گەڕەکی ئایندە خەرج دەکرێت.
ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ بەیانی کوردسات نیوز رایگەیاند، لە دوای سەرھەڵدانی پەتای کۆرۆنا جوڵەی بازرگانی لە دەروازەسنورییەکانی ھەرێم لەم مانگەدا گەیشتووەتە بەرزترین ئاست و داھاتی لەم مانگەدا زیادیکردووە.
راشیگەیاند، لە رابردوو بەھۆی کۆمەڵێک رێکاری تایبەت لە دەروازەکانی ھەرێمی کوردستان، بازرگانان پەنایان بۆ دەروازە سنورییەکانی پارێزگاکانی عیراق برد بۆ ئەوەش کۆمەڵێک رێککار کە دانرابوون ئاسانکاری بۆ کراو بەوھۆیەوە بازرگانان زۆریان گەراونەتەوە دەروازە سنورییەکانی ھەرێم.
وەزارەتی رۆشنبیری و شوێنەراو و گەشتوگوزاری عێراق رایگەیاند، بەھۆی ئەوەیسەحەر کەریم نەسیری پیشکەشکاری کۆنگرەکەی ھەفتەی رابردووی ھەولێر و فەرمانبەر بە پلەی توێژەری پێشکەوتوو لەدەستەی گشتی شوێنەواری عێراق بەپێچەوانەی یاساوە کاریکردووە و ئاراستەیەکی سیاسی ھەیە، کە زیان بەبەرژەوەندی گشتی دەگەیەنێت، لە کارەکەی دوور خراوەتەوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی ھەینی رابردوو ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢١، کۆنگرەیەک بە بەشداری نزیکەی ٣٠٠ کەسایەتی سەرۆک ھۆزی سونە و شیعەی عێراق لە شاری ھەولێر کۆنگرەیەکیان بەناونیشانی "کۆنگرەی ئاشتی و گەڕانەوە" ئەنجامدا، لە راگەیەنراوی کۆتایی کۆنگرەکەدا داوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق و ئیسرائیلیان کردبوو، ئەوەش کاردانەوەی ناوخۆیی و ناوچەیی لێکەوتەوە.
نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و خۆرھەڵاتی سوریا لە ھەولێر لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، جیھاد حەسەن، نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی باکوور و خۆرھەڵاتی سوریا لە ھەولێر، دوای ١١٢ رۆژ لە دەستبەسەرکردنی لەلایەن ئاسایشی ھەولێرەوە، دیپۆرتی رۆژئاڤای کوردستان کراوەتەوە.
رونیشیکردووەتەوە، ئاسایش، بە جیھاد حەسەنیان راگەیاندوە، بەھیچ جۆرێک نابێت بگەڕێتەوە ناو شاری ھەولێر و ھەولێر بۆ ئەو قەدەغەیە، ھاوکات ناسنامە و کەلوپەلە تایبەتییەکانیشیان لێسەندووە و ھیچ شتێکیان پێنەداوەتەوە.
خۆبەڕێوەبەریی باکوور خۆرھەڵاتی سوریا، ئیدانەی دیپۆرتکردنەوەی، جیھاد حەسەن دەکات و بەکردەوەیەکی دوور لە پێوانە مرۆییەکانی ناودەبات، ھاوکات داوا لە رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی ھەرێمی کوردستان دەکات، لەسەر ئەو پرسە بێنە دەنگ.
شەڕڤان دەروێش فەرماندەی باڵای ھێزەکانی سوریای دیموکرات و وتەبێژی ئەنجوومەنی سەربازی مەنبەج رایگەیاند، لە نۆ مانگی رابردوودا، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکان ٧٢٣ جار ناوچە جیاجیاکانی رۆژئاڤای کوردستانیان بۆردومان کردووە، کە دەیان ماڵ کراونەتە ئامانج و بەھۆیەوە ژمارەیەک مەدەنی شەھید و برینداربوون.
رونیشیکردەوە، بەردەوامی بۆردومان و تۆپبارانەکانی تورکیا بۆسەر رۆژئاڤا، زەمینەیی رەخساندووە بۆ دووبارە چالاکبوونەوەی گروپی تیرۆریستی داعش.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ھەماھەنگییان کردوە، لیژنەیەکیان بۆ دیاریکردنی شوێنی ئاوارەکان و کەمپەکان پێکھێناوە.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، ٣٠٩ وێستگەی دەنگدان بۆ ئاوارەکان دیاریکراوە، کە ١٢٠ ھەزار و ١٢٦ ئاوارە لە عێراق مافی دەنگدانیان ھەیە، ھەروەھا حەوت وێستگەی دەنگدانیش بۆ زینداییەکان کراوەتەوە کە ژمارەیان ٦٠٠ زیندانییە، تەنیا ئەو زیندانیانە مافی دەنگدانیان ھەیە کە سزای پێج ساڵ کەمتر زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان سەبارەت بە دەنگدانی تایبەتیش رایگەیاندوە، زیاتر لە ملیۆنێک دەنگدەری ھێزە ئەمنییەکان ھەیە، بۆ ئەو مەبەستەش ٢ ھەزار و ٥٨٤ وێستگەی دەنگدان ئامادەکراوە.
لەلایەکی ترەوە لیژنەی باڵای ئەمنی رایگەیاند، لە رۆژی ٩ بۆ ١١ی تشرینی یەکەم فرۆکەخانەکان و دەروازە سنورییەکان دادەخرێن و لەرۆژی ھەڵبژاردنیشدا ھاتووچۆی نێوان پارێزگاکان سنوردار دەکرێت.
رێکخراوی تەندروستی جیھانیی رایگەیاند، ھەفتەی رابردوو لە جیھاندا سێ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار حاڵەتی توشبون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە ٥٥ ھەزار توشبوش گیانیان لەدەستداوە، ئەو ئامارانەش بەراورد بە ھەفتەی رابردوو بەرێژەی لە سەدا ١٠ کەمیکردوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، کەمبونەوەی ئامارەکانیش زیاتر لە خۆرھەڵاتی ناوەراست و خۆرئاوای زەریای ھێمن و ھەردوو ئەمریکا بوە ، بەڵام لە ئەوروپا و ئەفریقا ئامارەکانی توشبون و گیان لەدەستدان بە کۆرۆنا وەک خۆی ماوەتەوە.
رێکخراوی تەندروستی جیھانی ھۆشداریشی داوە لەوەی لەگەڵ ھاتنی وەرزی زستاندا لە بەشی باکوری گۆی زەوی ئامارەکانی کۆرۆنا دوبارە بەرز بێتەوە .
بانکی ناوەندیی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر داوای حکومەتی عێراق بانکی نێودەوڵەتی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری پێشکەش بە عێراقکردووە تا کەمپینی وەرگرتنی ڤاکسین بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە لەناو ھاوڵاتیاندا خێراتر بکرێت و زۆرترین ھاوڵاتی بەشداری ھەڵمەتەکە بکەن.
بەپێ ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراق لەماوەی شەش مانگی ڕابردوو حەوت ملیۆن ھاوڵاتی ڤاکسینیان وەرگرتووە، و گرێبەستێکیش لەگەڵ کۆمپانیای دەرمانی ئەسترازینکا ئیمزاکردووە، بۆ کڕینی ٤٠٠ ھەزار دۆزی تری ئەو ڤاکسینە.
لە گرتوخانەیەکی لە شاری گوایاکیل لە ئیکوادۆر، شەڕ لە نێوان گروپە مافیاییەکان روویدا و لە ئاکامدا ١١٦ زیندانی کوژراون و ٨٠ش برینداربوون، فەرماندەی پۆلیسی وڵاتەکەش دەڵێت، بەشێک لە زیندانییەکان بە دڕندانەترین شێوە کوژراون.
گویلیرمو لاسو سەرۆکی ئیکوادۆریش باری نائاسایی لە سەرجەم گرتووخانەکانی وڵاتەکە راگەیاند، چەند مانگێکە لە گرتووخانەکانی ئیکوادۆر شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان مافیاکان زیادیکردووە، بەشێوەیەک لەمساڵدا ٢٢١ زیندانی کوژراون، لە کاتێکدا لە ساڵی رابردوودا ١٠٣ حاڵەتی کوژران لە گرتووخانەکاندا ھەبووە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایدەگەیەنێت، لە ئەمڕۆوە ڕۆژی پێنجشەمە کە دەکاتە ڕێکەوتی (٢٠٢١/٩/٣٠) لە سەعات (١٢)ی نیوەڕۆوە وێبسایتی (www.regayzanko.com) بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی، تا سەعات (١٢)ی شەوی ڕۆژی (٢٠٢١/١٠/٩) واتە بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ کارا دەبێت، بەوەش دەرچوانی پۆلی (١٢)ی ئامادەیی لەو ماویە دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوەو پێشکەشی بکەن، ھەروەک دەرچوان دەبێ بەبەکارھێنانی ھەمان ناوی بەکارھێنەرو وشەی تێپەڕ (یوزەرنەیم و پاسۆرد) کە پێشتر لە خوێندنگەکانیان وەریانگرتۆتەوە فۆرمی وەرگرتن پڕبکەنەوە.
سەبارەت بەژمارەی دەرچووانی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کە ناوەکانیان لە وەزارەتی پەروەردە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕەوانە کراوە بریتیە لە: (٦٣٣٢٥) دەرچو.
بۆ بەرچاوڕونی زیاتری دەرچوانی پۆلی دوانزەو ئاشنابونیان بەسیستمەکانی وەرگرتن (زانکۆلاین، پارالێل، ئێواران) دەتوانن لەسەر وێبسایتی (www.regayzanko.com) ڕێبەری وەرگرتن بە وردی بخوێننەوە وەک بنچینەیەک بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکانیان، ھەروەھاش دەتوانن سەردانی مەڵبەندەکانی ڕاوێژکاری زانکۆکان بکەن بۆ وەرگرتنی ڕونکردنەوەی پێویست لەسەر چۆنیەتی پڕکردنەوەی فۆرمی وەرگرتن بەسیستمە جیاوازەکان، کە ئەمەش دەرەفەتێکی گرنگە بۆ ئەوەی دەرچوان بەر لەوەی فۆرمی وەرگرتن پێشکەش بکەن و ئاگاداری وردەکارییەکانی سیستمەکە بن و ھەوڵ بدەن خودی خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە، و ڕو لەو سەنتەرانە نەکەن کە فەرمی نین و تەنھا بۆ دەستکەوتنی بڕێک پارە فۆرم بۆ دەرچوان پڕ دەکەنەوە.
سەبارەت بە ھەبوونی پەیج و ئەکاونت بەناوی زانکۆلاین و ناوەندی وەرگرتن، وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایدەگەیەنێت ستافی وەرگرتن ھیچ جۆرە پەیج و ئەکاونتێکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نیە بەناوەکانی زانکۆلاین و ناوەندی وەرگرتن یان ھەر ناوێکی دیکە، بەڵکو تاکە مینبەری گەیاندنی ڕێنماییەکانی ئێمە لەڕیگەی سایت و پەیجی فەرمی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییە.
عەدنان خەلەف سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ، ئەوانەی کارتی دەنگدان دەکڕن، ناتوانن بەو کارتانە دەنگ بدەن کە کڕیویانە، ھەربۆیە ناتوانرێت بە کڕینی کارتی دەنگدان ساختەکاری ئەنجام بدرێت.
وتیشی تا ئێستا ١٧ ملیۆن کارتی دەنگدانیان دابەشکردووە .
سەرۆکی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان راشیگەیاند، تا ئێستا ٢٠ کاندید دورخراونەتەوە و لەو ژمارەیە نیوەیان بەڵگەنامە رەسمییەکانیان تەواو نەکردوە.
داواشی لە عێراقییەکان کرد ھەڵبژاردن بایکۆت نەکەن، چونکە لە رێی بایکۆتکردنی پرۆسەکەوە دەنگەکان دەرۆن بۆ لایەنی تر و ھیچ کاریگەرییەک لەسەر شەرعیەتی ھەڵبژاردن دروست نابێت.
مەلا کەریم شکور لێپرسراوی مەڵبەندی ڕێکخستنی حەمرینی یەکێتی ڕایگەیاند، لە سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتی بۆ کەرکوک بڕیاریدا یەک ملیۆن دۆلار بە (١٠) قۆناغ تەرخان بکرێت بۆ نۆژەنکردنەوەی ماڵەکانی ئەو خانەوادە کوردانەی کە بە ھۆی دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم و ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە سوتێنراون یاخود ڕووخێنراون.
لێپرسراوی مەڵبەندی حەمرینی یەکێتی ئاشکراشیکرد، بافڵ تاڵەبانی کێشەی موچە دزراوەکانی مامۆستایانی بەشی خوێندنی کوردی خورماتووی چارەسەر کردووە و لە مەراسیمێکدا ٨٨ مامۆستا بڕی ئەو پارەیان وەرگرتووە کە دزرابوو.
مەلا کەریم شکور وتیشی، ئەم ھەنگاوانە لە میانی گرنگی پێدانی یەکێتی دێت بۆ ناوچەی خورماتوو، بە تایبەت بافڵ تاڵەبانی کە خزمەتکردنی کەرکوک و خورماتوو و ناوچەی گەرمیان بە ئەولەویەتی کارەکانی داناوە.
قوباد تاڵەبانی بە شێوەیەکی لە ناکاو و بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی باجی دەرامەتی سلێمانی کرد و بەدواداچوونی بۆ چۆنییەتی ڕاییکردنی مامەڵەی ھاوڵاتیان و خزمەتەکانیان کرد.
قوباد تاڵەبانی ڕایگەیاند، پۆست و وەزیفەی حکومەت بۆ خزمەتکردنی ھاوڵاتییانە و ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ نەھێشتنی ڕۆتین و باشتر پێشکەشکردنی خزمەتەکانی حکومەتە بە خزمەتخوازان و بەردەوام دەبن لە بنبڕکردنی گەندەڵی.
پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند، لە سەنتەری ناحیەی ھەریر، بەھۆی کێشەی کۆمەڵایەتی لە نێوان دوو خێزان کە ئامۆزی یەکترن، سێ کەس کوژراون. وتیشی، رووداوەکە کاتێک بووە ئەو سێ کەسە چوونەتەسەر لایەنی بەرامبەر و شەڕ دروستبووە و چەکی تێدا بەکارھاتووە.
وتیشی، دوای گەیشتنی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەکە، یەکێک لە لایەنە شەڕکەرەکان، تەقەیان لە ھێزەکانی پۆلیس کردووە و دوو پۆلیس برینداربوون.
پەیامنێری کوردسات نیوز ئاماژەی بەوەشدا، تا ئێستا ھیچ کەسێک لەسەر ڕووداوەکە دەستگیر نەکراوە و ھێزی ئەمنی زۆریش چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ڕەوشەکە.