کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، ١١٩ سکاڵا لە دەنگدانی تایبەت و گشتییدا تۆمارکراوە و لە ١٠ رۆژدا ئەنجامی سکاڵاکان یەکلایی دەکرێنەوە، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ھەڵبژاردنەکانیش دەڵێت، ٢٠٠ سەرپێچیکاریان لە رۆژی ھەڵبژاردندا دەستگیر کراون.
جەلیل عەدنان سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمسیارانی عێراق، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەواندا رایگەیاند، لە دەنگدانی تایبەت ٢٥ سکاڵا و لەدەنگدانی گشتی ٩٤ سکاڵا تۆمارکراون و ماوەی سێ رۆژ لەبەردەم لایەنە سیاسیەکاندایە بۆ تانەدان لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، وتیشی، ئەنجامی ژماردنەوەی دەستی و ئەلکترۆنی دەنگەکان، ١٠٠% ھاوتا بووە.
ھاوکات عەبدولئەمیر شەمەری سەرۆکی لیژنەی ئەمنی ھەڵبژاردنەکان رایگەیاند، پلانی ئەمنی پاراستنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن سەرکەوتوو بووە و ٢٠٠ سەرپێچیکاریان دەستگیرکردووە.
بە پێی ئەنجامە بەراییەکان ھاوپەیمانی کوردستان لە پارێزگای سلێمانی ھەشت کاندیدی سەرکەوتنیان بەدەستھێناوە، کە بریتین لە نەرمین مەعروف،بڕیار رەشید،ئاسۆ فەرەیدوون، چرۆ حەمەشەریف، غەریب ئەحمەد، بەدریە حسین، سروە محەمەد، رزگار محەمەد.
لە ھەولێریش ھاوپەیمانی کوردستان یەک کورسی بەدەستھێناوەو کاندیدی سەرکەوتوو کوردە عومەرە، لە دھۆکیش ھاوپەیمانی کوردستان یەک کاندیدی دەرچووە کە ئیمان عەبدولرەزاقە.
لە کەرکوکیش کورد شەش کورسی بەدەستھێناوە و سێ کورسیان ھی ھاوپەیمانی کوردستانە و ھەریەکە لە دیلان غەفور و گەیلان قادر و سەباح حەبیب دەرچوون.
لە پارێزگای سەڵاحەدین کەریم شکور کاندیدی ھاوپەیمانی کوردستان سەرکەوتنی بەدەستھێناوە.
لە پارێزگای نەینەواش، دوو کاندیدی ھاوپەیمانی کوردستان دەرچوون کە بریتین لە ئەحلام رەمەزان و رۆنزی زیاد.
لە پارێزگای دیالەش سۆزان مەنسور کاندیدی ھاوپەیمانی کوردستان سەرکەوتنی بەدەستھێناوە.
وەزارەتی کارەبای ھەرێم رایگەیاند، کۆمپانیای دانەغاز لە سەعات پێنج بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ١٢ی ١٠ی٢٠٢١ لەکێڵگەی کۆرمۆڵی غازی ھەڵدەستێت بەجێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی چاکسازیی کە ماوەیەکی زۆرە لەبەر بەرژەوەندی بەرنامەی کارەبای ھاووڵاتیان راگیرابوو، بەوەش بۆ ماوەی ٢٤ سەعات بڕی ھەناردەی غازی سروشتی بۆ وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا کەم دەبێتەوە، ئەوەش کاریگەریی دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کاتەکانی بوونی کارەبا.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە، وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەگەڵ کۆمپانیای دانەغاز بەرنامەیەکیان داناوە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە بەسەرکەوتوویی لەماوەیەکی دیاریکراودا جێبەجێبکرێت و کەمترین کاریگەریی لەسەر ماوەکانی کارەبا ھەبێت.
دوای دەرکەوتنی ئەنجامی بەرایی ھەڵبژاردنی پێشوەختی عێراق و بەدەستھێنانی ٧٣ کورسی لەلایەن رەوتی سەدرەوە، موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر، رایگەیاند، گەلی عێراق و چاکسازی بەسەر داگیرکاری و گەندەڵیدا سەرکەوتن و لە ئەمڕۆوە ھیچ شوێنێک بۆ گەندەڵی و گەندەڵکاران نامێنێت، وتیشی، چاوەڕێی شۆڕشی چاکسازی دەکات و رێگەش بە بوونی میلیشیا و چەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نادەن.
بڕیارە رۆژی سێشەممە دادگایکردنی ھەریەک لە ئومێد بەڕۆشکی و بەدەل بەرواری دوو چالاکوانی بادینان لە شاری ھەولێر بە ڕێوەبچێت، کە بە تۆمەتی ناڕەوای سیخوڕیکردن و ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە دەستگیرکراون.
ئەوەش لە کاتێکدا چەند جارێک دادگایکردنی ئەو چالاکوانانە دواخراوە، ھاوکات تیمی رێکخراویسی پی تی بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنوسان، داوای دادگاییەکی دەستبەجێ و دادپەروەرانە دەکات بۆ ئەو چالاکانەی بادینان، بۆ ئەوەی بتوانن بەزوویی بە خانەوادەکانیان شادببنەوە کە زیاتر لە ساڵێکە لەیەکتری دابڕاون.
ھەروەھا پێشتر کەسوکاری دەستگیرکراوانی بادینان لەھەولێر رایانگەیاند:دەیانەوێت لە رۆژی دادگایکردنەکەدا رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان ئامادەی دانیشتنەکە بن و بەچاوی خۆیان ئەو تۆمەتانە ببینن کە دادگا روبەڕووی کەسوکاریان دەکاتەوە.