بۆ لە نزیکەوە ئاگاداربوون لەو ڕووداوانەی لە ڕابردوودا بەسەر گەلی کورد و ھێزی پێشمەرگەی کوردستاندا ھاتووە لە لایەن ڕژێمی بەعس و تیرۆریستانی داعشەوە بالیۆز و کونسوڵی ڕووسیا لە عێراق و ھەرێمی کوردستان سەردانی مۆزەخانەی نیشتیمانی ئەمنەسوورەکەیان کرد.
ئیلبروس کوتراشیف باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق دەڵێت، لە ڕابردوودا زۆر ئاگاداری ئەوە نەبووین کە گەلی کورد چی بەسەر ھاتووە، بەڵام کە ھاتینە ئەم مۆزەخانەیە ئاشنا بووین بەو ھەموو ڕووداو و نەھامەتییانەی کە بەسەر گەلی کوردا ھاتووە.
دوای ئەوەی فەرمانی گرتنی سێ تۆمەتبار لە دادگای بەغداوە گەیشتە پۆلیسی سلێمانی کە گومانیان دەکرد ئەو تۆمەتبارانە بەرەو شاری سلێمانی ھەڵاتبن، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بەش و بنکەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی ڕاسپارد کە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بکەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران.
دوای لێکۆڵینەوەکان توانرا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیر بکرێن کە ھەستاون بە دزینی بڕی ١٥ ملیۆن دیناری عێراقی و بڕێک ئاڵتون.
لەئێستادا تۆمەتباران (ر ، أ ، ج - لەدایکبووی ١٩٩٩) ، (م ، أ ، ج –لەدایکبووی ٢٠٠٠ ) ، ( ع ، ع ، ع –لەدایکبووی ١٩٧٦ ) بە بڕیاری دادوەر و بە پێی ماددەی ٤٤٤ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان ڕەوانەی بەغدا دەکرێنەوە.
لە دیدارێکدا بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بە پێویستی پەرەپێدانی پەیوەندی دۆستانەی نێوان ھەرێم و ئوسترالیا کردەوە بە جۆرێک خزمەت بە بەرژەوەندییە گشتییەکان بکات بە تایبەت لە بواری ئابووری و وەبەرھێنان ھانی سەرمایەداران و خاوەن کاران بدرێت لە ھەرێم سەرمایەکانیان بخەنە گەڕ و ھاوکاربن بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری ھەرێم.
ھاوسەرۆک پەیوەست بە پرسە سیاسییەکانیش ھەڵوەستەی کرد لەسەر قۆناغی دوایی ھەڵبژاردن و ئەگەرەکانی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق و بەشداری کورد، و ڕوونیکردەوە دۆخی سیاسی عێراق ناسەقامگیرە.
ململانێی ئیقلیمی و ناوچەییەکان کاریگەری ڕاستەوخۆیان ھەیە لەسەر سەقامگیری سیاسی و داھاتووی ئەو حکومەتەی پێکدەھێنرێت، بۆیە تاکە ڕێگا و چارەسەر بۆ گەیشتن بە حکومەتێک کە ببێتە مایەی ئارامی و ڕەزامەندی ھەموو لایەک، پێکھێنانی حکومەتی شەراکەت و تەوافقییە لەسەر بنەمای خزمەتکردن و بەرنامەی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشەیی لە بەڕێوەبردن چونکە ئەمە ڕێگا دروستەکەیە بۆ ئیستقراری سیاسی، ئابووری، ئەمنی و کۆمەڵایەتیش.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد وەک یەکێتی لە ھەوڵی دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانیی کوردین لەسەر بنەمای نەتەوەیی تا بتوانین وەک یەک ھێزی یەکگرتوو لە ناوەند داکۆکی لە مافەکانمان بکەین و بەشداری فیعلی بین لە بڕیار و ئیدارەدانی عێراق و کۆتایی بە سیاسەتی خۆسەپێنی و دەمارگیری بێنین و ناکۆکییەکانمان لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکەین کە ئەم نیەتەش تەنھا بە یەکگرتوویی ھێز و لایەنە سیاسییە کوردییەکان دێتە دی.
بۆ ئەرکەکانی ڕێکخراوەیی و ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی حیزبی ھاوسەرۆک ڕایگەیاند یەکێتی لە بەردەم گۆڕانکاریی ڕیشەیی حیزبیدایە و بە پێی پەیڕەو ھەڤاڵیەتی کارەکانمان ڕێکدەخەینەوە و زیاتر گرنگی بە توانا و ھێزی گەنجان دەدەین و دەیانھێنینە پێشەوە، کادریش لەسەر بنەماکانی ڕۆشبیری و فیکری پەروەردە دەکەینەوە و ژیانی سیاسیمان بە تەواوەتی گەنج دەکەینەوە.
ھەر لە دیدارەکەدا چەندین پرسی تری جێی بایەخی ھەردوولا گفتوگۆیان لە بارەوە کرا و بۆچوونیان لە بارەوە ئاڵوگۆڕ کرا.
رۆژی سێ شەممە پەرلەمانی تورکیا بڕیارەکانی سەرۆکایەتی تورکیا لە بارەی ناردنی ھێزی زیاتر بۆ سوریا و عێراق گفتوگۆ دەکات، ھەروەک بڕیاری ناردنی ھێز بۆ لوبنان لە چوارچێوەی بەشدارییکردنی لە ھێزی ئاشتی پارێزی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ ئەو وڵاتە یەکلایی دەکاتەوە.
کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی تورکیا لەبەر رۆشنایی پرۆژەیەکی سەرۆکایەتی تورکیادایە کە رۆژی چوار شەممەی رابردوو بە ناونیشانی بڕیارەکانی پەیوەست بە درێژکردنەوەی ناردنی ھێز بۆ دەرەوەی وڵات دەریکردووە.
بەپێی بریارەکە لە کۆتایی ئەم مانگەدا تورکیا ھێزی زیاتر رەوانەی سوریا و عێراق دەکات، ئەوەش بە بیانووی رێگرییکردن لە دروستبوونی ھەرەشە بۆ سەر ئاسایشی تورکیا.
تەمەل کارامۆڵا ئۆغڵو سەرۆکی گشتی پارتی سەعادەت کە یەکێکە لە پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا رایگەیاند، سەڵاحەدین دەمیرتاش بە نادادپەروەرانە زیندانیی کراوە و پێویستە بە زووترین کات ئازاد بکرێت.
سەرۆکی پارتی سەعادەت وتیشی، رۆژگارێک ئەردۆغان لەسەر خوێندنەوەی ھۆنراوەیەک لە سیاسەت دوورخرایەوە و دەبوو ئەمەی لەبیر نەکردایە، کەچی ئێستا خۆی دەمیرتاشی لەسەر ھەمان شت زیندانی کردووە و لەوەش خراپتر ئەوەیە دەمیرتاش لە دۆسێیەکدا بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەردەچێت، بەڵام دۆسێیەکی تری بۆ دەکەنەوە بۆئەوەی لە زینداندا بیھێڵنەوە.
عەلی باباجان سەرۆکی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا) رەخنەی لە سیاسەتە ئابوورییەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان گرت و وتی، ماوەی چەند ساڵێکە تورکیا بووە بە تاقیگەیەک بۆ تاقیکردنەوەی بۆچوونە ھەڵەکانی ئەردۆغان.
وتیشی، کەلەڕەقییەکانی ئەردۆغان ھەموو تورکیای ھەژار کردووە، بۆیە دەبێت ئەردۆغان بزانێت خەڵکی تورکیا ئامرازی تاقیکردنەوەکانی ئەو نین.
عەلی باباجان یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پارتی داد و گەشەپێدان، جگە لەوەی سێ جار پەرلەمانتاری ئاکپارتی بووە، وەزیری دارایی و جێگری سەرۆک وەزیرانیش بووە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٩ وازھێنانی لە ئاکپارتی راگەیاند و ساڵێک دواتریش پارتی دیموکراسی و پێشکەوتنی دامەزراند.
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەھۆی کەمبونەوەی ئاو ئەگەری ھەیە لە وەرزی داھاتوودا ئاستی بەرھەمھێنانی گەنم لە عێراق نەگاتە دوو ملیۆن تۆن، ئەوەش کێشەیەکی گەورەیە کە روبەڕوی عێراق دەبێتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی ھەیە دوو ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار دۆنم زەوی بە بیری ئیرتیوازی ئاو بدات، بڕیاریشە ٩ ملیۆن دۆنم زەوی دێم بە گەنم بچێنن.
جەختیشیکردۆتەوە، ئێستا بەھۆی بڕینی سەرچاوەکانی ئاو لەلایەن ئێرانەوە، پلانی کشتوکاڵی لە پارێزگای دیالە گەیشتووەتە خاڵی سفر.
حکومەتی عێراقیش لەگەڵ تورکیا و ئێران لە دانوستاندایە بەمەبەستی بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق، باڵیۆزی تورکیاش لە بەغداد دەڵێت، رێککەوتنی ساڵی ٢٠١٤، بۆ بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق چالاک دەکەنەوە.
وتیشی، ئاو سامانێکی نێودەوڵەتییە و لە عێراقییەکانی ناگرنەوە و بە ھاوبەشی بەکاری دەھێنن.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە وەڵامی راپۆرتێکی پرۆگرامی خۆراکی جیھانی کە عێراقی بە وڵاتێکی برسی ناوبردبوو رایگەیاند، عێراق روبەڕوی کەمیی خۆراک نەبووەتەوە و یەکێک نییە لە وڵاتە برسییەکانی جیھان.
وەزارەتی پلاندانان باسی لەوەشکردووە، زانیارییەکانی راپۆرتەکە ھەڵەیە و پشتی بە زانیارییەکانی حکومەتی عێراق نەبەستووە و سەرەڕای ئەوەی ٣١٪ی خەڵکی عێراق لەژێر ھێڵی ھەژارییەوەن، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە عێراق تووشی برسێتی بووبێت.
راپۆرتەکەی پرۆگرامی خۆراکی جیھانی باسی لەوە کردبوو، یەک لەسەر سێی عێراقییەکان بە سکی برسی دەخەون و ئەو وڵاتە لە ریزی وڵاتە برسییەکانی وەک سۆماڵ و کۆنگۆدایە.
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، تائێستا لێکۆڵینەوەیان لە ٤٨٣ تانە کردووە کە ئاڕاستەی ئەنجومەنی کۆمیسیرانی کۆمیسیۆن کراون و لەو ژمارەیەش بەھۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ٤٦١ تانەیان رەتکراونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ٢٢ تانە پەسەند کراون و لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیار دراوە ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگی ٢٩٧ وێستگە لە چەند پارێزگایەک بکرێت کە یەکێک لەو پارێزگایەنە کەرکوکە و دوای تەواوبوونیشی ئەنجامەکان ئاشکرا دەکرێن.
ئەو لایەنانەی عێراق کە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنیان رەتکردووەتەوە و ناوی خۆیان ناوە ھێزە نیشتیمانییە ناڕەزییەکان لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن، لە ماڵی نوری مالیکی سەرۆکی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا کۆبوونەوە و لە راگەیەندراوێکیشدا ئاماژەیان بەوە کردووە، جارێکی تر ئەنجامەکان و مامەڵەی کۆمسیۆن لە یەکلاییکردنەوەی تانەکان رەتدەکەنەوە و داواش دەکەن ئەنجامی سەرجەم ناوەندەکانی دەنگدان بە شێوەیەکی شەفاف و بەدەست ھەژمار بکرێنەوە.
لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەیاندا داوایان لە سەرۆک کۆمار کردووە لەسەر رووداوەکانی ئێستای عێراق ھەڵوێستی جدی ھەبێت بەو پێیەی پارێزەری دەستورە و رێگە نەدات رەوشی ئێستای عێراق بەرەو خراپتر بچێت.