پۆلیسی سلێمانی سێ تۆمەتباری دەستگیركرد كە فەرمانی گرتنیان لە بەغدا هەبووە
کوردسات نیوز
٢٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١
دوای ئەوەی فەرمانی گرتنی سێ تۆمەتبار لە دادگای بەغداوە گەیشتە پۆلیسی سلێمانی کە گومانیان دەکرد ئەو تۆمەتبارانە بەرەو شاری سلێمانی ھەڵاتبن، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بەش و بنکەکانی سنوری بەڕێوەبەرایەتی ڕاسپارد کە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بکەن بۆ دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تۆمەتباران.
دوای لێکۆڵینەوەکان توانرا تۆمەتباران بدۆزرێنەوە و لەلایەن بنکەی پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیر بکرێن کە ھەستاون بە دزینی بڕی ١٥ ملیۆن دیناری عێراقی و بڕێک ئاڵتون.
لەئێستادا تۆمەتباران (ر ، أ ، ج - لەدایکبووی ١٩٩٩) ، (م ، أ ، ج –لەدایکبووی ٢٠٠٠ ) ، ( ع ، ع ، ع –لەدایکبووی ١٩٧٦ ) بە بڕیاری دادوەر و بە پێی ماددەی ٤٤٤ لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و دوای تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکان ڕەوانەی بەغدا دەکرێنەوە.



