لە دیدارێکدا شاڵاو عەلی عەسکەری و ئەمین بابە شێخ، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و دابان شەدەڵە، جێگری لێپرسراوی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادەبوون، بیروبۆچوون لە بارەی پێشھاتە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان ئاڵوگۆڕکرا و لەسەر پرسەکانی پەیوەست بە حزب و ئەرکی ڕێکخراوەیی ھەڵوەستە کرا.
بافڵ تاڵەبانی ڕوئیای یەکێتی بۆ قۆناغی دوای ھەڵبژاردن لە عێراق خستەڕوو، ڕایگەیاند لەسەر ھێڵێکی نیشتمانی و نەتەوەیی ستراتیژێکی نوێی کوردستانی دادەڕێژین و دەمانەوێت وەک کورد بە یەک وەرەقەی سیاسی بچینە بەغدا و داکۆکی لە مافە دەستووریی و نەتەوەییەکانمان بکەین و حکومەتێک بنیادبنێین کە بتوانێت خزمەتگوزاری، چاکسازی ڕیشەیی، بنەبڕکردنی گەندەڵی و بەگژداچوونەوەی بیری توندرەویی، نەتەوەیی و مەزھەبی بکاتە سەرمەشقی ئەرکەکانی و لەسەر بنەمای یەکسانی و ھاووڵاتیبوون خزمەت بکات و دوور لە ئەجێندای سیاسی بەرنامەکانی جێبەجێبکات.
ھاوسەرۆک لەسەر کێشەکانی کەرکوک، ناوچە دابڕێندراوەکان و بۆشایی ئەمنی لە ھەندێ ناوچەی عێراق ڕوونکردنەوەی دایە وەفدی میوان، بە تایبەت ھەماھەنگی و ھاریکاری نێوان ھەرێم و عێراق، ھێزە ئەمنییەکانیشی بە فاکتەری ئاسایش و ئارامی لە سنوورەکە لە قەڵەمدا و ووتی لای یەکێتی کەرکوک قودسی کوردستانە و لە ئەولەویەتی خەباتی حزبی و سیاسیمانە کە خزمەتی زیاتری شارەکە بە بێ جیاوازی بکەین و دەمانەوێت گیانی پێکەوەیی و یەکتریقبوڵکردن بپارێزین و ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکان نموونەیەکی جوانی پێکەوەژیان پێشکەش بکەن، ھەر لەو چوارچێوەیەشدا یەکێتی گۆڕانکاری لە ئەرکە حزبییەکانی لە کەرکوک کردووە و لە داھاتوو زیاتر لەگەڵ کەرکوکییەکان دەبین و خزمەتی زیاتریان دەکەین.
سەبارەت بە ژیانی حزبیی یەکێتی و قۆناغی ڕیشەیی گۆڕانکاریی و بەخۆداچوونەوە و ڕێکخستنەوە لەسەر ئاستی ئۆرگانەکان بافڵ تاڵەبانی وەفدی میوانی بەرچاوڕوونکرد لەسەر ھێڵە گشتییەکانی گۆڕانکاری و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد سەردەمی فرە بڕیاری و کێشەی تەداخولکردن لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی ڕێکخراوەیی و سەرکردایەتیکردن کۆتایی ھات، و دەبێت یەکێتییەکەمان یەکێتییەکی پتەو، خاوەن ئۆرگانی کاریگەر، کارا، خزمەتگوزار و چالاکتر ئەرکە بنچینەییەکان ڕایی بکات و ئاشکراشیکرد لەم وێستگەی خەباتەدا خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و زیاتر خزمەتکردنی خەڵک و باشترکردنی دامەزراوەکانی حکومەت و گۆڕانکاری لە بەڕێوەبردن و ئیدارەدان تا بتوانین ھەڵەکان ڕاستبکەینەوە و لەناو خەڵکەوە حزبایەتی بکەینە داینەمۆی پێشخستنی زیاتری ئەزموونەکەمان.
ھەر لە میانی دیدارەکەدا ھاوسەرۆک وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا ھیوای خواست ھاوکاری زیاتر بێت بۆ پێشخستنی پەیوەندییەکانی ھەردوولا بە جۆرێک خزمەتی زیاتر بە بەرژەوەندییەباڵاکان بکات.
دوای دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی نوێی ئەڵمانیا لە عێراق "مارتن یێگەر" بە یاوەری کلێمێنس زێمنتنەر، کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەردانی مەزاری سەرۆک مام جەلالی کرد و وێڕای دەربڕینی ڕێز و پێزانین بۆ مێژووی خەباتی سەرۆک مام جەلال، ئاماژەی بە گرنگی ڕۆڵی مام جەلال کرد لە بنیادنانی عێراقی ھاوچەرخ.
بە پێی ھەواڵێکی ئاژانسەکانی ڕۆژئاڤا، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا چەند بارەگایەکی گروپەکانی نزیک لە تورکیا لە ناوچەی جندرێسی سەر بە عەفرین بۆردومان دەکەن، بەو ھۆیەشەوە نزیکەی ١٠ بارەگای ئەو گروپانە کراونەتە ئامانج.
لەلایەکی ترەوە، سوپای تورکیا ھێزێکی سەربازیی گەورە، کە پێکھاتووە لە ٢٠٠ ئۆتۆمبێلی سەربازیی و کەرەستە و چەکی قورس، گواستووەتەوە بۆ ناو خاکی سوریا و لە چیای زاویە و ڕۆژئاوای ئیدلب بڵاوکردووەتەوە.
وەزارەتی کارەبای ھەرێم بڵاویکردەوە، بەستنی پێوەری زیرەکی کارەبا بەردەوامە، تا ئێستاش ملیۆنێک و ١٠ ھەزار پێوەر لە سەرتاسەری ھەرێم بەستراوە، بەوەش دانانی پێوەرەکە گەیشتووەتە ٦٧٪.
جەختیشیکردەوە، تا کۆتایی ئەمساڵ پێوەری زیرەک بۆ ھەموو ھاوبەشانی کارەبا دەبەسترێت، ئەوەش قەیرانی کارەبا چارەسەر دەکات، چونکە بۆ ھەموو ھاوبەشێک ٤٠ ئەمپێر کارەبا دابین دەکرێت، بەوەش لۆد لەسەر بگۆڕەکانی کارەبا بە ڕێژەی ٩٠٪ کەم دەبێتەوە.
کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەنجومەنی کۆمسیاران وردبینی بۆ ١٠٨ تانەی پێشکەشکراو کردووە و بەھۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست ٨٦ تانەیان ڕەتکراونەتەوە.
ڕوونیشیکردووەتەوە، ژماردنەوەی دەستی بۆ دەنگی ژمارەیەک وێستگە دەکرێت کە لە ٢٢ تانەدا ئاماژەیان پێکراوە و دابەشبوون بەسەر پارێزگاکانی بەغداد و بەسڕە و بابل و نەجەف و ھەولێر و سلێمانی و کەرکوک و زیقار و ئەنبار و قادیسە و سەڵاحەدین، بەو پێیەی تانەکان بە بەڵگەوە پێشکەشکراون .
کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان ڕاشیگەیاندووە، لە ڕۆژی ٢٧ی ئەم مانگە ڕێوشوێنەکانی ژماردنەوەی دەستی ژمارەیەک وێستگەی تانە لێدراو لە نەینەوا دەستپێدەکەن و پڕۆسەکەش لە ھەشتی بەیانییەوە بۆ ٤ی پاشنیوەڕۆ بەردەوام دەبێت.
ئیئتیلافی نیشتمانیی کە بایکۆتی ھەڵبژاردنی پێشوەختی کرد، ڕاگەیاندراوێکی لە بارەی نیگەرانی بەشێک لە لایەنە شیعەکان، لە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، پێویستە کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکان چاوبخشێنێتەوە بە تانەکان و پابەندبێت بە ژماردنەوەی دەستی ئەو بنکە و وێستگانەی دەنگدان کە تانەیان لێدراوە.
داواشی لە کۆمیسیۆن کرد، ھەنگاوی خێرا بنێت بۆ دوورخستنەوەی عێراق لە قەیران و وەڵامی ھێزە نیشتمانیە ناڕەزایەکان بداتەوە، بە پێچەوانەوە عێراق دەچێتە قۆناغێکەوە کە پێشبینی ئەنجامەکانی ناکرێت.
دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردن بەشێکی زۆر لە ھێزە شیعەکان جگە لە ڕەوتی سەدر و چەند لایەنێک نەبێت، ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنیان ڕەتکردەوە و داوای ژماردنەوەی دەستی سەرجەم دەنگەکانیان کرد.
کاروان عەبدولڕەحمان ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی بۆ بەیانی کوردسات نیوز ڕایگەیاند، لیژنەیەکەیان ڕاپۆرتێکی ئامادە کردووە و ئەگەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کاری پێ بکات چارەسەری نرخی سوتەمەنی لە (غاز، نەوت و بەنزین) دەکات و کەمبوونەوەی سوتەمەنیش لە ھەرێمی کوردستان نامێنێت".
باسی لەوەشکرد، لەو ڕاپۆرتە باس لە چۆنیەتی خێراکردنی دابەشکردنی نەوتیش کراوە بەسەر ماڵان و ڕاپۆرتەکەش کۆدەنگی لیژنەکەمانی لەسەر بووە.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەھۆی تەقینەوەی بۆمبێکی دەستی، دوو سەربازی وڵاتەکەی برینداربوون، کە یەکێکیان بەھۆی سەختی برینەکەی لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە.
سوپای تورکیا لە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵەوە، لە ژێر چەند ناوێکدا ھێرشی و لەشکرکێشی سەربازیی لە ناوچە سنووریەکانی ھەرێمی کوردستان، دژی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستپێکردووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق بە ئارامی بەڕێوەچووە و دەرفەتێک بووە بۆ دەنگدەران تاوەکو بڕیار لەسەر داھاتووی وڵاتەکەیان بدەن. وتیشی پێشوازی لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکەن سەبارەت بەو ھەڵبژاردنە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاشیگەیاندووە دەنگیان دەخەنە پاڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە ئیدانە کردنی ئەو توندوتیژییانەی بەرامبەر نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان ئەنجام دەدرێت، داواشی لە ھەموو لایەنەکان کرد ڕێز لە سەروەری یاسا و پاکی ھەڵبژاردنەکە بگرن.
بڕیارەکانی عەبدولفەتاح بورھان سەرۆکی ئەنجومەنی سەروەری بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی سەروەری و حکومەت و دەستگیرکردنی عەبدوڵا حەمەدۆکی سەرۆک وەزیران و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسان، نیگەرانی لە ناوخۆی ئەو وڵاتەدا لێکەوتووەتەوە و بەشێک لە ھاووڵاتیانی بۆ دەربڕینی ناڕەزایی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان، بەھۆی تەقەی ھێزە ئەمنییەکانیش ٨ خۆپیشاندەر کوژراون و زیاتر لە ١٤٠ کەسی تریش برینداربوون.
ھاوکات، ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆبوونەوەیەکی داخراو سەبارەت بە ڕەوشی "سودان" ئەنجام دەدات، ئەوەش دوای ئەوەی "بەریتانیا و ئێرلەندا و نەرویژ و ئەمریکا و ئیستۆنیا و فەڕەنسا" داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەیان کرد.
"جاوید رەحمان" بڕیاردەری نێودەوڵەتی تایبەت بە کاروباری مرۆیی ڕایگەیاندووە، ئێران لە ساڵی ٢٠٢٠ زیاتر لە ٢٥٠ کەسی لە سێدارەداوە کە ٤یان نەوجەوان بوون، بۆ ئەمساڵیش تا ئێستا ٢٣٠ کەس لە سێدارەدراون کە ٩ ژن و نەوجەوانێکیش لەخۆدەگرێت.
"جاوید رەحمان" ڕاشیگەیاندووە، ئامارەکانی لە سێدارەدان لە "ئێران" لە ئاستێکی مەترسیداردایە و لە ساڵی ڕابردوودا یەکەم وڵات بووە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لە ڕووی زۆری لە سێدارەدانەوە. ھاوکات ڕەوشی گشتی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە شەفاف نییە و جێی مەترسییە.
ستیڤان دوجاریک وتەبێژی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، گۆتێرێس بە توندی ئیدانەی کودەتا سەربازییەکەی سودان دەکات، کە بووەتە مایەی ھەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ئەو وڵاتە.
دەستگیرکردنی سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی تری حکومی و سیاسی کارێکی ڕەتکرایەوە و پێچەوانەی بەڵگەنامەی دەستوری و ھاوبەشییە بۆ سەرخستنی قۆناغی گواستنەوە.
جەختیشی کردەوە، تا ئێستا ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی دەخوازن بگەنە چارەسەرێکی دیپلۆماسی بۆ پابەندکردنی ئەمریکا و ئێران بە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥، لەگەڵ ئەوەشدا تاوتوێی ئاڕاستەی تری دیپلۆماسی دەکەن، سەرەڕای ئەوەی بڕیارەکە پشت دەبەستێت بە کردارەکانی ئێران.
ڕاشیگەیاند، گفتوگۆکانی ڤییەنا لە دوای گەڕی شەشەم بەھۆی ھەڵبژاردنەکانی ئێران ڕاگیران، لەگەڵ ئەوەشدا سەرۆک کۆماری ئێران کە لە مانگی ئابەوە دەستبەکار بووە و دوای تێپەڕبوونی کاتێکی زۆر ھێشتا ئامادە نیە وادەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان دیاری بکات.
سەرۆک کۆماری تورکیا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەواندا ڕایگەیاند، ئەو باڵیۆزانە پاشگەزبوونەتەوە و لە ئێستا بە دواوە زیاتر ئاگاداری لێدوانەکانیان لە بارەی سەروەری تورکیا دەبن، چونکە تورکیا بەرگەی کۆمەڵە باڵیۆزێک ناگرێت، کە دەستوەردان لە پرسێکدا بکەن، کە بە پێی دەستوور، دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنیش ناتوانن دەستووەردانی تێدا بکەن.
پاشگەزبوونەوەی ئەردۆغان لە دەرکردنی ئەو باڵیۆزانە، دوای ئەوە دێت ئەو باڵیۆزانەش پاشگەزبوونەوە لە داواکەیان بۆ ئازادکردنی عوسمان کاڤالا، کە بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کودەتا شکستخواردووەکەی ساڵی ٢٠١٦ی تورکیا، دەستگیرکراوە.
نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی ئیدانەی ئەو ڕێوشوێنانە دەکات کە دەسەڵاتی سەربازی لە سودان ئەنجامی داون و پێویستە بە زووترین کات ھەموو ئەو کەسانە ئازاد بکرێن کە دەستگیرکراون.
ڕاشیگەیاند، ھەر گۆڕانکارییەک لە ڕێگەی ھێزەوە لە حکومەتی کاتی، ھەڕەشە لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و ھاوکارییە داراییەکان دەکات، بە شێوەیەکی کاتیش بڕیاردراوە بە ڕاگرتنی ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری ھاوکاری بۆ پشتیوانیکردنی ئابوری سودان.
"عەبدولفەتاح سیسی" لە ڕێی تویتەرەوە ڕایگەیاند، بە ھەوڵی ھەمووان لە ئێستادا میسڕ ئارام و سەقامگیرە و بۆ یەکەمین جار لە دوای زیاتر لە ٤ ساڵ، باری نائاسایی درێژ ناکەنەوە.
لە ساڵی ٢٠١٧ەوە و لە دوای تەقینەوەی دوو کڵێسا لە شارەکانی "ئەسکەندەریە و تەنتا" کە بەھۆیەوە زیاتر لە ٤٠ کەس کوژران و زیاتر لە ١٠٠ کەس برینداربوون، باری نائاسایی لە "میسڕ" ڕاگەیەندراوە و ھەموو سێ مانگ جارێک درێژکراوەتەوە، کە لە ڕێیەوە دەسەڵاتی ھێزەکانی پۆلیس و ھێزە ئەمنییەکان زیاتر کراون و ئازادی ھاووڵاتیان کەمکراونەتەوە و چەندین کەس ڕەوانەی دادگا کراون.