ئاژانسی ھەواڵی سانای سوری ئاشکرایکردووە ، ئەو کاروانە فرۆکەخانەی خەراب الجیری سەربازی لە ریفی حەسەکە بەجێھێشتوە و لە رێی دەروازەی وەلیدی نارەسمیەوە بەرەو باکوری عێراق بەرێکەوتووە، ئاماژەی بۆئەوەشکراوە، کشانەوەی ئەو ھێزەی ئەمریکا یەکێکە لە گەورەترین ئۆپراسیۆنەکانی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا لە سوریا .
لە مانگی رابردووشدا کاروانێکی تری ھێزەکانی ئەمریکا کە لە ٧٩ ئۆتۆمبێلی سەربازی پێکھاتبوون ، سوریایان بەرەو عێراق بەجێھێشت .
مەكتەبی سیاسی یەكێتی داوا لە كۆی هێزە عێراقییە نیشتیمانییەكان دەكات پێداگری بكەن لەسەر ئارامی وڵات و سیستمی دیموكراسی فیدراڵی. هەروەك داوای كردووە، لە رەوشی ئێستادا هەڵوێستی یەكڕی دژی هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی كوشتن و تێرۆركردن بوەستن و رێز لە دەستوور و یاسا و پابەندبوون لە دامەزراوە دیموكراسییەكان دووپات بكرێتەوە.
مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئاشكراكردنی بەرپرسیارانی پەلامارەكە و دادگاییكردنیانی دووپات كردوەتەوە و پێداگریی كردوە لەسەر ئەوەی كە نابێت بەرپرسیاران ئەو رووداوە بەبێ سزادان دەربازیان ببێت.
بەڕێوبەرایەتی شوێنەواری هەولێر و زانكۆی میلانۆی ئیتاڵی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، كنە و پشكنین لە هەردوو شوێنەواری گردی "هێلەوە و عەلیاوا" كراوە و چەند گۆڕێك و بەشێك لە پێداویستی ناو ماڵ و جوانكاری ژنان دۆزراوەتەوە. وتیشی، ئەمساڵ 15 تیمی شوێنەواری داواكاری پیچشكەش كردووە بۆ هەڵكۆڵین و لێكۆڵینەوە لە شوێنەوارەكانی هەرێم.
"قوباد تاڵەبانی" جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و بەڕێوەبەرانی پەیوەست بە وەبەرهێنان، تاوتوێی چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشەكانی وەبەرهێنانی كرد و پشتگیری حكومەتی هەرێمی بۆ كەرتی تایبەت دووپات كردەوە و رایگەیاند، لەپێناو هاندانی زیاتری كاری وەبەرهێنان، دەبێت كارئاسانی تەواو بكرێت بۆ وەبەرهێنەران و رۆتین بە تەواوەتی كەم بكرێتەوە.
"قوباد تاڵەبانی" وتیشی پشتگیریكردنی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەران لە ئەولەوییەتەكانیانە لەپێناو بوژاندنەوەی ژێرخانی ئابوری هەرێم، دەشبێت كار بۆ ئەوە بكرێت هانی وەبەرهێنەرانی ناوچەكانی تری عێراق و وەبەرهێنەرانی بیانیش بدرێت بۆ كاری وەبەرهێنان رووبكەنە پارێزگای سلێمانی.
قوباد تاڵەبانی راشیگەیاند، مەبەستیانە لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون ئەولەویەت بدرێت بەو پڕۆژانەی كە تایبەت دەبن بە چینی كەمدەرامەت، جەختیشی كردەوە لەسەر گرنگیدان بە پڕۆژەكانی گەشتوگوزار و پیشەسازی و كشتوكاڵ.
بە پێی نوسراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق، وەزیری نەوت و بەڕێوبەرایەتی دابەشکردنی سوتەمەنی عێراق ڕەزامەندیداوە بە دابەشکردنی ٥٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکان پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەرین ٢١ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار لیتر نەوت، کە دەکاتە رۆژانە ٢٥٢ ھەزار لیتر، ھەروەھا پارێزگای ھەولێر ١٥ ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار لیتر کە رۆژانە ١٨٠ ھەزار لیتر، پارێزگای ھەڵەبجە ٥ ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار لیتر کە رۆژانە بڕی ٣٦ ھەزار لیتر و پارێزگای دھۆکیش ٧ ملیۆن و ٩٠٠ ھەزار کە رۆژانە دەکاتە ١٠٨ ھەزار لیتر نەوتی سپی.
بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی لەبارەی ھێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاندوە، بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەو ھێرشە تیرۆریستییە دەکەن و مایەی نیگەرانییە، ئاماژەی بەوەشکردوە، ھەر کارێکی تاوانکاری دژ بە سەقامگیری سیاسی، ئاشتی و پێکەوەژیان بێت رووبەڕووی دەبنەوە و بە ھەموو ھێزیانەوە کار دەکەن بۆ سەروەری و سیادەی عێراق و ھەرێم.
بافڵ جەلال تاڵەبانی راشیگەیاندوە، ئەو روداوە مانای ئەوەیە کە پێویستە ھێز و لایەنە سیاسییە براوەکانی ھەرێم و عێراق پێکەوە لەسەر بنەمای دەستوور و بەرژەوەندی ھاوبەش کار بکەن بۆ پێکھێنانی حکومەتێکی چاکساز و خزمەتگوزار و روبەڕوبوونەوەی ھەموو ئەوانەی پێشێلی یاسا دەکەن و دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم پێشکەوتنی وڵات. دووپاتیشیدەکاتەوە، سەقامگیری سیاسی و ئاسایش و ئارامی ھێلی سوورە.
لیژنەی شارەوانی پەرلەمانی کوردستان و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری ھەرێم لەبارەی بەستنی پێوەری ئاوی ماڵان و یاسای تاپۆکردنی ئەو گوندانەی دەکەونە سنوری شارەوانییەکان و یاسای تایبەت بە خانوی زیادەڕۆ کۆبونەوە و بڕیاردرا لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەردوولا پێکبھێنرێت بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێنماییانەی بۆ یاساکە دەرچووە.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە پێناو بەرژەوەندی و پاڵپشتی ڕاستەوخۆی جوتیاران و بە مەبەستی دابین کردنی بنەتۆی گەنم لە تەرزی بەبڕشتی خۆماڵی، بڕیاردرا بە دابەزاندنی نرخی بنەتۆ بۆ(٥٣٠٫٠٠٠) پێنج سەد و سی ھەزار دینار بۆ ھەر تەنێک، کە بە بەراوردی ئەم نرخە لە بازاڕەکانی جیھان و کوردستان لەسەرووی (١٫٠٠٠٫٠٠٠) یەک ملیۆن دینارە.
وتیشی، ئەم بڕیارە بە چاودێری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە چوارچێوەی پرۆژەی بە بازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لەلایەن کۆمپانیای جێبەجێکاری قەیوان و خۆشناو جێبەجێ دەکرێت و جوتیاران دەتوانن لە ئێستادا بە نرخی دیاری کراوی سەرەوە ھەرزانتر لە نرخی بازاڕەکان بنەتۆی گەنم بەردەست بکەن، بە کوالێتی بەرز و بەبڕشت و تەرزی خۆماڵی، بەو ڕێژەیەی کە بەرھەم ھێنراوە لە ساڵی پاردا.
میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ سنورە ئاسمانی و وشکانییەکانی ئەو وڵاتە بەڕوی گەشتیاراندا دەکرێتەوە و گەشتیارانی بیانی دەتوانن بەمەرجی وەرگرتنی ڤاکسین، سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.
ئاماژە بەوەشکراوە، ھێڵی ئاسمانی ئەمریکا بەرنامەڕێژی بۆ شەپۆلێکی گەورەی گەشتیاران کردووە و بەڕەچاوکردنی رێنماییە تەندروستییەکان چاودێری سنورەکان دەکرێت.
بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا، مانگی ئاداری ٢٠٢٠ و بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، سنورەکانی ئەو وڵاتە بەڕوی گەشتیاران داخرا.
پەتایەکی وەرزی لەنێو منداڵان بڵاوبوەتەوە کە نیشانەکانی ھەڵامەت و کۆکە و ئەنفلۆنزایە، بەپێی ئەو ئامارەی لە نەخۆشخانەی جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی بڵاوکراوەتەوە، رۆژانە نزیکەی ٨٥٠ منداڵ سەردانی نەخۆشخانەی منداڵان دەکەن، لەو ژمارەیەش نزیکەی ١٣٠ منداڵ بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست لە نەخۆشخانە دەمێننەوە.
شیوا قاسمی پور دوای بەسەرکردنەوەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ، رەخنەی لە شێوازی بەڕێوەبردنی مەرزەکە گرت و رایگەیاند، بەپێی ئەو راپۆرت و ئامارانەی بەدەستیان گەیشتووە، ئاڵۆزی لەبواری ھەناردەکردنی کاڵا لە دەروازەی باشماخ ھەیە و ھەندێک لە کاڵا خۆراکییەکان بەنایاسایی دەبرێنە درەوە و ئەوەش پێویستی بە رێکخستنەوە ھەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرسی رێکخستنەوەی مەرزی باشماخ و ئەو کارانەی لەلایەن خزمەتگوزاری گومرگی ئێران لە مەرزەکە ئەنجام دراون، بەپێی پێویست نەبووە و دەبێت لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرێت.
سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی سنە لە پەرلەمانی ئێران بە پێویستیشی زانی، دەزگاکانی جێبەجێکاری پارێزگای سنە، گرنگی زیاتر بە رەخساندنی ھەلی کار و دروستکردنی ژینگەیەکی تەندروست بۆ گەنجانی مەریوان و دەوروبەری لە دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ بدەن.