تیمی گەڕۆكی بەردەركی سەرا رۆژانە نزیكەی 40 هاوڵاتی دەكوتێت و خوازیارن هاوڵاتیەكی زیاتر بێن بۆ وەرگرتنی ڤاكسین، هاوڵاتیانش ئەم هەڵمەتە بە گرنگ دەزانن و دەڵێن كارئاسانی باش كراوە بۆ وەرگرتنی ڤاكسین.
ئەمڕۆ وەفدێکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی سەردانی بزوتنەوەی گۆڕان دەکات، ئامانجی سەدانەکەش ھەوڵەکانی یەکێتییە بە مەبەستی بەدیھێنانی یەکھەڵوێستی و یەکڕیزی کورد لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا، بڕیاریشە وەفدی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لە رۆژانی داھاتوودا سەردانی لایەنەکانی تریش بکات.
عەلی فەتلاوی ئەندامی ھاوپەیمانی فەتح رایگەیاندوە، ھێزە ئەمنییەکان بە فەرمانی مستەفا کازمی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردوە، بۆیە کازمی بەرپرسیارە لە کوشتنی خۆپیشاندەران.
زوحا قەیسەر ئەندامی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش رایگەیاندوە، ھێزە ئەمنییەکان پێشێلکارییەکی مەترسیداریان بەرامبەر خۆپیشاندەران ئەنجامداوە و تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردوە، بۆیە پێویستە لیژنەیەکی دادوەری سەربەخۆ بۆ لێکۆڵینەوە لە کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەران پێکبھێنرێت.
رۆژی ھەینی، خۆپیشاندانەکانی بەغداد کە دژی ئەنجامی ھەڵبژاردن بەڕێوەچوو، توندوتیژی لێکەوتەوە و دەیان خۆپیشاندەر برینداربون، ئەوەش بە ھۆکارێک ناو دەبرێت بۆ بە ئامانجکردنی ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و پەنجەی تۆمەت بۆ لایەنەکانی سەر بە حەشدی شەعبی رادەکێشرێت.
سەرچاوەکان رایانگەیاند، وەفدێکی ئەنجومەنی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی ئیلھام ئەحمەد سەردانی مۆسکۆی پایتەختی روسیای کردووە بە مەبەستی کۆبونەوە لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، بڕیاریشە تاوتوێی مەترسیەکانی ھێرشەکانی تورکیا و ئەگەری ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ دیمەشق بکەن.
ئەو سەردانە ھاوکاتە لەگەڵ لێدوانی چەند لێپرسراوێکی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە کە جەختیان کردبوەوە لەسەر گرنگی دانوستان لەگەڵ حکومەتی سوریا، بۆ سنوردارکردنی ھەڕەشەکانی تورکیا و قەیرانی سوریا بە گشتی.
بە وتەی چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار، قائانی لە بەغداد لەگەڵ بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆمار و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرکردەی گروپە چەکدارە شیعەکانی نزیک ئێران کۆبوەتەوە .
لەسەرجەم کۆبونەوەکانیشدا گرنگی ھێورکردنەوەی رەوشەکە دوپاتکراوەتەوە و داواشی لە سەرکردەی گروپە چەکدارە شیعەکانی نزیک ئێران کردوە ، ھەڵوێستە توندەکان بەرامبەر کازمی کەمبکەنەوە.
سەردانەکەی قائانی بۆ بەغداد، چەند سەعاتێک لە دوای ھەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی دێت کە گروپە چەکدارە شیعەکانی نزیک ئێران بە ئەنجامدانی ھێرشەکە تۆمەتبار دەکرێن .
ھەرێم رەفعەت لە تیمی پارێزەران رایگەیاند، بەندەوار ئەیوب و کارگەر عەباس بە ساڵێک و دوو مانگ زیندانی سزا دران و بەھۆی تەواو بوونی ماوەکەیان ئازاد دەکرێن، شێروان تەھا بە دوو ساڵ و سێ مانگ و مەسعود شەنگالی بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزادران.
باوکی مەسعود شەنگالییش رایگەیاند، بڕیارەکە سیاسییە و ھیچ شتێک لەسەریان ساغ نەبوەتەوە.
کاروان گەزنەیی ئەندامی پەرلەمانی کوردستانیش وتی، دووان لە سزادراوان بە ھەوڵی گێرەشێوێنی و تێکدانی رەوشی ھەرێم تۆمەتبار کراون، کە سزاکان بێ بنەمان و دەنگی ئازاد بە سزا کپ ناکرێت.
زوھەیر ئەعرەجی قائیمقامی موسڵ لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە قۆناغی دووەمدا بینا رووخاوەکان ئاوەدان دەکرێنەوە و شەش پردی نوێ و چەندین بینای تر دروست دەکرێن بۆ پەروەردە و تەندروستی و خزمەتگوزاری، بڕی ١٦٠ ملیار دیناریش بۆ ئەو قۆناغە تەرخان کراوە.
ئەعرەجی راشیگەیاند، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ٥٠٪ی پڕۆژە وێرانکراوەکانی شارەکە گەڕێندراونەتەوە و ھێشتا ٥٠٪ی پڕۆژەکانیش ماون و ھەڵمەتەکانی ئاوەدانکردنەوەش لەو شارە بەردەوام دەبن.
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا زیاتر لە شەش ملیۆن عێراقی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە.
ھەیسەم عوبێدی بەڕێوەبەری بەشی پتەوکردنی تەندروستی و ئەندامی راگەیاندنی پزیشکی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاندوە، تا ئێستا شەپۆلی چوارەمی کۆرۆنا لە عێراق دەستیپێنەکردوە، بەڵام بە ھۆشداریەوە چاوەڕوانی دەکەن، چونکە مەترسییەکانی ئەو شەپۆلە کە لە چەند وڵاتێک دەستیپێکردوە، لە عێراق بە دور نییە.
رونیشیکردوەتەوە، تا ئێستاش شەش ملیۆن و ٢٥٠ ھەزار عێراقی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتوە، بەڵام ئەو ژمارەیە بەپێی پێویست نییە و ئامانجیان ئەوەیە رێژەی لەسەدا ٧٠ی ھاوڵاتیان ڤاکسین وەربگرن.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ھەرێم رایگەیاند، ھیچ ئەگەرێک لە بەردەم داخستنی خوێندنگەکان نییە، تەنھا رێگەش بۆ بەکراوەیی ھێشتنەوەی خوێندنگەکان وەرگرتنی ڤاکسین و خۆپارێزییە.
وتیشی، ٤٥ تیمی گەڕۆک ئامادەکراوە بۆئەوەی لە شوێنە قەرەباڵغەکان ڤاکسین لە ھاوڵاتیان بدەن.
لەبارەی ئەو پەتا وەزریەش کە ئێستا بڵاوبووەتەوە بە تایبەتی لە ناو منداڵان رایگەیاند، وەزارەتی تەندروستی ھەموو ساڵێک بەرلە کردنەوەی دەرگای خوێندنگاکان رێنمایی پێوست دەردەکات بۆ ئەوەی منداڵان پارێزراو بن لە ھەموو نەخۆشییەک، بۆ ئەوەش ئەمساڵ رێنمایی پێوست دەرکراو و داوایان لە تەواوی خوێندنگەکان کردووە رێکارەکانی خۆپارێزی بگرنەبەر.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم رایاند، پاش دواکەوتنی بۆ ماوەی چەند رۆژێک ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٨/١١/٢٠٢١ بڕی ٢٠٠ ملیار دینار بەپێی رێکەوتنی ھەرێم-بەغداد گەیشتە ھەرێمی کوردستان.