بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ یادی دامەزراندنی سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەڵێن دەدەم کە سلێمانی بکەینەوە بەو شارەی کە نەک تەنھا بۆ خەڵکەکەی، بەڵکو بۆ ھەموو تاکێکی ئەم نیشتمانە جێی شانازی بێت، شارێک بێت بە باڵای ناسناوەکەی، کە (پایتەختی ڕۆشنبیریی، ھەڵمەت و قوربانییە) خزمەت بکرێت.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا دەڵێت، بە ھەموو ھێزێکمەوە تێبکۆشم بۆ کۆتایی ھێنان بە پەراوێزخراوی و کەموکوڕییەکانی ئەم شارە و گۆڕانکاریی ڕیشەی لە کەرتی خزمەتگوزاری و سەرجەم لایەنەکانی دیکە بکەمە پێشینەی کارەکانم، بەڵێن بێت دەبینە پارێزەری راستەقینەی سلێمانی، شارە حەیاتەکەی مام و پاراستنی گیان و ئاسایشی تاک بەتاکی ئەرکی سەرشانمان دەبێت.
مەھدی زریان لێپرسراوی لقی کەرکوکی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان رایگەیاند، مەرجەکانی وەرگرتنی ئەندامێتی نوێی لەسەندیکاکە ڕوونکردەوە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەو وەرگرتنە بۆ تەواوی شارەکانی کوردستانە و مەرجی سەرەکی وەرگرتنیش ئەوەیە رۆژنامەنوس فەرمانبەری دەوڵەت نەبێت.
میدیای ئێران بڵاویکردەوە، بومەلەرزەیەک بەگوڕی ٦.٤ پلە بە پێوەری ریختەر شاری بەندەر عەباسی لە پارێزگای ھۆرموزگان ھەژاندوە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٧ی دیکەش برینداربوون، ئەوە جگە لەوەی ژمارەیەک خانوبەرە روخاون و کارەبای چەند ناوچەیەکیش پچڕاوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوابەدوای بومەلەرزەکە زنجیرەیەک بومەلەرزەی تر بە گوڕی کەمتر رویانداوە و خەڵکی بەندەر عەباس لەترسان لە ماڵەکانیان چوونەتە دەرەوە، بەھێزیی بومەلەرزەکەش بە شێوەیەک بووە جگە لە شارەکانی دەوروبەری بەندەر عەباس، لە شاری دوبەی ئیماراتیش ھەستی پێکراوە.
دوای روداوەکەش حاڵەتی ئامادەباشی لە پارێزگای ھۆرموزگان راگەیەنرا و ئیبراھیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێرانیش فەرمانی بە دەزگا فریاگوزارییەکان کرد، لە زوترین کاتدا ھاوکاری بگەیەننە ناوچە زیانلێکەوتوەکان.
نزیکەی ٥٠ پەرلەمانتار لە یاداشتێکدا داوا لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، گفتوگۆکردن لەسەر گەڕاندنەوەی دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگەکان بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنی داھاتوو.
داواشیانکردوە، وەزیرە تایبەتمەندەکان لەسەر ئەو پرسە بانگھێشت بکرێن بۆ ئامادەبوون لە دانیشتنەکەدا.
ئەوەش لەکاتێکدایە، لەساڵی خوێندنی ٢٠١٥ - ٢٠١٦ەوە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە دەرماڵەی خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان بڕاوە.
مەزڵوم کۆبانێ فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە لەگەڵ وەفدێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆبوەوە و چەند تەوەرێکی تایبەت بە رۆژئاڤا و سوریا تاوتوێکران، بەپێی راگەیەنراوێکی ھەسەدەش لە کۆبونەوەکەدا رەوشی رۆژئاڤا و سوریا تاوتوێکراوە، ھەردوولاش جەختیان لەسەر گرنگی پاراستنی ئاگربەست لە رۆژئاڤا و سوریا بەگشتی و بەردەوامی ھەوڵەکانی شکستپێھێنانی داعش کردۆتەوە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، گرفتە ئەمنی و ئابوورییەکانی باکوور و خۆرھەڵاتی سوریا و رێگەکانی زیادکردنی پشتیوانی مرۆیی گفتوگۆیان لەسەر کرا، بەمەبەسەتی تێپەڕاندنی کاریگەرییەکانی شەڕ و گەشەسەندنی ژێرخانی ئابووری بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری.
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ھەندێک میدیا ھەواڵێکی ناڕاستیان بە ناوی حکومەتی ئەڵمانیاوە بڵاوکردوەتەوە، کە بەنیاز بێت پاس رەوانەی سنورەکانی نێوان بێلاڕوس و پۆڵەندا بکات بە مەبەستی گواستنەوەی ئەو کۆچبەرانەی لەو سنورە گیریانخواردووە، بەڵام ئەو زانیارییە دوورە لە راستییەوە.
لەبارەی چۆنیەتی بەشداری بازرگانانی گەرمیان لە کۆنگرەی ئابوری نێوان عێراق و سوریا کە بڕیارە مانگی داھاتوو لە دیمەشق بەڕێوەبچێت، لەتیف بەرزنجی نوێنەری ناردنکاران و ھاوردەکارانی گەرمیان رایگەیاند، دەیانەوێت وەک بازرگانانی گەرمیان بەشداری کارایان لەو کۆنگرەیە ھەبێت، بۆ زیاتر پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان لە نێوان ھەردوو وڵات.
ماڵپەڕی ئێن بی سی نیوز لەزاری چەند لێپرسراوێکی ئێستا و پێشووی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، بەدڵنیاییەوە ھێرشەکەی سەر ماڵی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەلایەن گروپەکانی حەشدی شەعبییەوە ئەنجام دراوە، بەڵام ئێران فەرمانی بەو ھێرشە نەکردووە.
ئاماژەیان بەوەشکردووە، دوای کوژرانی قاسم سلێمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، ئێران لە چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان سەرکردەکانی حەشدی شەعبی روبەڕوی کێشە بووەتەوە.
شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەی رابردوو بە درۆنی بۆمبڕێژکراو ھێرشکرایە سەر ماڵی مستەفا کازمی و چەند سەعاتێک دوای ھێرشەکە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بە سەردانێکی کتوپڕ گەیشتە بەغداد و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای عێراق کۆبووەوە.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە یاداشتێکدا کە ئاڕاستەی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کردووە، ڕایگەیاندووە، وڵاتان دەتوان بە ئاسانی پێویستی بازاڕی جیھانی نەوت پڕ بکەنەوە، بۆیە دەبێت کڕینی نەوت لە ئێران کەم بکەنەوە.
ئەم لێدوانەی بایدن پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ "شی جینگ پینگ" سەرۆکی چین دێت کە پێشبینی دەکرێت لەو دیدارەدا پرسی کڕینی نەوتی ئێران لەلایەن چینەوە تاوتوێ بکرێت.
میدیای ئەمریکا بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی ھاوتا قەتەرییەکەی لە واشنتن کۆبوونەتەوە و دوو ڕێککەوتنی گرنگ و ستراتیژییان ئیمزا کردووە، بە پێی یەکێک لەو ڕێککەوتنانەش قەتەر بەرپرسیاریەتی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکای لە ئەفغانستان وەرگرتووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش لە لێدوانێکدا قەتەری بە ھاوبەشێکی گرنگی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە وەسفکرد و ڕایگەیاند، بەڵێنیان داوە بە ھاوکاری یەکتر ھەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و ئارامی بۆ خەڵکی ئەفغانستان بدەن.
عەبدوڵاھیان ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، ئەگەر لایەنەکانی تر بە شێوەیەکی ئەرێنی و جددی بگەڕێنەوە بۆ دانوستانەکانی ڤییەننا، دەکرێت لە ماوەیەکی کەمدا بگەنە ڕێککەوتن، چونکە تاران نایەوێت لەم خولەی دانوستانەکاندا بگاتە ڕێگەیەکی داخراو.
سوربوونی ئێرانیشی لەسەر مەرجەکانی ڕابردوو دووپاتکردەوە و ڕایگەیاند، گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەندە بە ھەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران و گرەنتیکردنی نەکشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
بەڕێوەبەری گشتیی ھاتوچۆی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢ لە تەواوی پارێزگاکانی عێراقدا دەستدەکرێت بە گۆڕینی تابلۆی ئۆتۆمبێل بۆ تابلۆی ئینگلیزی، تابلۆ نوێیەکە بۆ ماوەی ١٠ ساڵ کاری پێدەکرێت، چونکە بە پێی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی ڤیەننا دەبێت ھەر ١٠ ساڵ جارێک تابلۆی ئۆتۆمبێلەمان بگۆڕدرێت.
جەختیش لەوە کراوەتەوە، نابێت ھیچ ئۆتۆمبێلێکی نوێ و بێژمارە، تابلۆ و ساڵانەی پێبدرێت، ھەتا ئۆتۆمبێلێکی تری بۆ نەمرێندرێت.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو نزیکەی ھەزار و ١٩٠ کۆچبەری نایاسایی لە ڕێی ڕێڕەوی مانشەوە خۆیان گەیاندووەتە بەریتانیا و ئەوەش بۆ یەکەمجارە ئەو ژمارە زۆرە لە کۆچبەران توانیویانە لە ڕۆژێکدا بچنە ناو ئەو وڵاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھەر لەو ڕۆژەدا ٣٣ حاڵەتی ڕزگارکردنی کۆچبەران لە خنکان و دەستگیرکردنیان تۆمارکراوە.
حکومەتی فەڕەنساش ڕایگەیاندووە، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێگەیان لە ٩٩ کۆچبەری نایاسایی گرتووە، لە ڕێی ئەو وڵاتەوە بگەنە بەریتانیا.
لێپرسراوانی یەکێتی ئەوروپا ڕایانگەیاندووە، لە بەردەوامیی ھەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەران لە سنورەکانی بێلاروس، لە ئێستادا بەرەوپێشچوونێکی باش ھەیە لە مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی کۆچبەران لە سنورەکانی نێوان بێلاروس و پۆڵندا، ئەوەش لە دوای ئەوەی تورکیا گەشتکردنی ھاوڵاتیانی سێ وڵاتی خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی بۆ بێلاروس قەدەغەکردووە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاش ڕایگەیاندووە، دانوستانەکانیان لەگەڵ وڵاتان و کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیدا بەردەوامە بۆ ڕێگریکردن لە گەشتکردنی ھاوڵاتیانی چەند وڵاتێک بۆ بێلاروس، قەدەغەکردنی گەشتەکانیش لەلایەن تورکیاوە، ئەنجامی دانوستانەکانە.
سەرۆکی ئەمریکا لە بارەی ڕەوشی ئەو کۆچبەرانەی لە سنورەکانی بێلاروس گیریانخواردووە، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، ڕەوشەکە جێی نیگەرانییەکی گەورەیە و ڕووسیا و بێلاروسیشیان لە نیگەرانییەکانیان ئاگادار کردووەتەوە و پێیان وتوون قەیرانی کۆچبەران لە بێلاروس، کێشەیەکی گەورەیە.
پێشتریش ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، بێلاروس دەیەوێت کۆچبەران وەک چەکێکی سیاسی بەکاربھێنێت و ھەوڵ دەدەن ڕێگە چارەیەک بۆ قەیرانەکە بدۆزنەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە ھەزاران کۆچبەر کە زۆرینەیان کوردن، لە سنورەکانی نێوان بێلاروس و پۆڵندا گیریان خواردووە و ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیش نیگەرانیی لە ڕەوشی ئەو کۆچبەرانە دەربڕیوە.
ئەحمەد سەحاف وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، وەرگرتنەوەی مۆڵەت لە کۆنسوڵی فەخری بێلاروس لە بەغداد بۆ ماوەیەکی کاتییە و ئامانج لێی پاراستنی کۆچبەرە عێراقییەکانە و پاراستنی ھاوڵاتیانە لەو گروپانەی قاچاغچیەتی بە مرۆڤەوە دەکەن و بە نایاسایی دەیانگەیەننە بێلاروس.
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق وتیشی، عێراق ھەموو گەشتە ئاسمانییە ڕاستەوخۆکانی لەگەڵ بێلاروس ڕاگرتووە و ھەردوو باڵیۆزخانەی عێراق لە مۆسکۆ و وارسۆ ھەماھەنگی دەکەن بۆ ئەوەی کۆچبەرە عێراقییەکان کە لە سنورەکانی بێلاروس گیریان خواردووە، بە خواستی خۆیان بگەڕێننەوە.