مەلا بەختیار ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا بەڵگەی ژەهرخواردنەكەی بۆ میدیاكاران خستەڕوو و رایگەیاند، بە بەڵگە و بە راپۆرتی پزیشكی ئەوە پشتراستكراوەتەوە كە ژەهرخوارد كراوم و هیچ تەمومژێك لەسەر تاوانی ژەهرخواردكردنم نەماوە، وتیشی، لە ناو یەكێتی ولە رێگەی خواردنەوە ژەهرەكەم پێدراوە، ئاشكراشیكرد، ئەوەی بەسەریەكێتیدا هاتووە لەژەهرخواردكردن مەترسیدارترە.
"دلۆڤان محەمەد" بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر بەپێویستی دەزانێت خەڵك ڤاكسین وەربگرن و بەردەوامبن لە خۆپارێزی و دووركەوتنەوە لە شوێنی قەرەباڵغ، راشیگەیاند، لە خواروو ناوەڕاستی عێراق رێژەی تووشبوون زۆر زیادی كردووە و شەپۆلی چوارەم رووی لە ناوچەكە كردووە، بۆیە پێشبینی دەكەن شەپۆڵی سێیەم و چوارەم لە "هەولێر" تێكەڵ بەیەك بن و ژمارەكەش روو لە زیادبوون بكات.
"پشتیوان عەبدولكەریم" بەڕێوەبەری پێشووی گشتی گەشتوگوزاری گەرمیان داوایكرد هەنگاوەكانی 10 ساڵی رابردوو درێژەی پێبدرێت و وتی ناوچەكە شوێنی گونجاوی هەیە بۆ كەرتی گەشتیاری و پێویستە دەستی خزمەتگوزاری بۆ ئەوناوچانە درێژبكرێت.
"حەسەن فدعم" ئەندامی رەوتی حیکمە رایگەیاندووە، ئەگەر کوتلە سیاسییەکان بە ویلایەتی دووەمی "کازمی" وەک سەرۆک وەزیرانی عێراق رازی بن، ئەوا چوار ساڵی تر لە پشێوی و ئاژاوە بەردەوام دەبێت، وتیشی نابێت بێدەنگ بن بەرامبەر بە کوژرانی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز و جەختی کردەوە لەوەی دەستی دەرەکی ھەیە لە پشت کاروبارەکانی ناوخۆی عێراق و ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن. ئەو ئەندامەی رەوتی حیکمە وتیشی، رەتیدەکەنەوە "کازمی" بۆ ویلایەتێکی تر ببێتەوە بۆ سەرۆک وەزیران.
بەبۆنەی یادی دامەزراندنی سلێمانی، "قوباد تاڵەبانی" چالاكییەكانی لە بەردەركی سەرا بەسەركردەوە و رایگەیاند، هەمووان ئەركیان پێسپێردراوە بۆ خزمەتكردنی خەڵك و شارەكە و پێگە مێژووییەكەی، وتیشی پێویستە بەردەوام بن و هیمەتی زیاتر بكەن و بگەنە ئاست چاوەڕوانی خەڵك و خۆشمان.
لە کۆبوونەوەکەدا کە لەگەڵ لیژنەی پێکھێنراو بۆ دیاری کردن و چارەسەر کردنی زیادەڕەوییەکانی سنوری سلێمانی بەڕێوەچوو، ئەمڕۆ یەک شەممە ١٤/١١، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، ستایشی ھەنگاوەکانی لیژنەکەی کرد و جەختیکردەوە کە دەسەڵاتی تەواویان ھەیە بۆ رێگری کردن و چارەسەرکردنی پرسی زیادەڕەوی لە سنوری سلێمانی.
وتیشی، لەھیچ کەسێک قبوڵ ناکرێت لەھەر پلە و پۆستێکدا بێت کە زیادەڕۆیی ئەنجامبدات یا رێگر بێت لە راگرتنی زیادەڕۆیی لەسەر موڵک و ماڵی گشتی.
داوای لەو لیژنەیەش کرد کە لە مانگی نیسانی ئەمساڵ پێکھێنراوە، لەماوەیەکی دیاری کراودا ئەم دۆسییەیە بەتەواوەتی چارەسەر بکەن و ماف بدرێت تەنھا بەخاوەن ماف.
لە راگەیەندراوێکدا کونسوڵخانەی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ھەولێر ھاتووە، کونسوڵخانەی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ھەولێر پیرۆزبایی لە ئیدارەی سلێمانی و خەڵکەکەی دەکات بەبۆنەی ٢٣٧ مین ساڵیادی دامەزراندنی شارە حەیاتەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بە پەرۆشین بۆ بەردوام بوونمان لە کارکردن لەگەڵ ئیدارەی سلێمانی و دەزگاکانی و جڤاتەکەی.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت، لە ٢٣٧ مین ساڵیادی بنیادنانی شاری سلێمانیی ئازیزدا بە گەرمی پیرۆزبایی لە خۆمان و خەڵکی سەربەرزی شاری ھەڵمەت و قوربانی، پایتەختی رۆشنبیریی کوردستان و مەڵبەندنی زیندووی ئازادیخوازی و رووناکبیری دەکەم.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا ئەوەشدەڵێت، سڵاو و رێز و خۆشەویستی بۆ خەڵکی شار، یادی ناودارانی بەخێر.
بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ یادی دامەزراندنی سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، بەڵێن دەدەم کە سلێمانی بکەینەوە بەو شارەی کە نەک تەنھا بۆ خەڵکەکەی، بەڵکو بۆ ھەموو تاکێکی ئەم نیشتمانە جێی شانازی بێت، شارێک بێت بە باڵای ناسناوەکەی، کە (پایتەختی ڕۆشنبیریی، ھەڵمەت و قوربانییە) خزمەت بکرێت.
لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا دەڵێت، بە ھەموو ھێزێکمەوە تێبکۆشم بۆ کۆتایی ھێنان بە پەراوێزخراوی و کەموکوڕییەکانی ئەم شارە و گۆڕانکاریی ڕیشەی لە کەرتی خزمەتگوزاری و سەرجەم لایەنەکانی دیکە بکەمە پێشینەی کارەکانم، بەڵێن بێت دەبینە پارێزەری راستەقینەی سلێمانی، شارە حەیاتەکەی مام و پاراستنی گیان و ئاسایشی تاک بەتاکی ئەرکی سەرشانمان دەبێت.