جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا رایگەیاند، حکومەت ئاگاداری شوێنی نیکۆلاس مادۆرۆ و هاوسەرەکەی نییە و داوای بەڵگە دەکەن لەسەر ئەوەی کە لە ژیاندا ماون، لە بەرامبەردا ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا گومان لە شەرعییەتی هێرشەکە دەکەن.
دێڵسی رۆدریگێز، جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا لە لێدوانێکدا بۆ تەلەڤزیۆنی رەسمیی وڵاتەکەی رایگەیاند: "هیچ زانیارییەکمان لەسەر شوێنی مانەوەی مادۆرۆ نییە و داوا لە ئەمریکا دەکەین بیسەلمێنێت کە مادۆرۆ و هاوسەرەکەی لە ژیاندا ماون". راشیگەیاند، ئەوەی رویداوە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و پێشێلکارییە بۆ سەر سەروەریی نیشتمانی.
ئەم لێدوانە دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی "بەرفراواندا" لە ڤەنزوێلا، توانیویانە مادۆرۆ و هاوسەرەکەی دەستگیربکەن و بە فڕۆکە بۆ دەرەوەی وڵات بیانگوازنەوە، بڕیاریشە وردەکاریی زیاتر لەوبارەیەوە ئاشکرا بکات.
لە واشنتۆن، راگەیاندنی هێرشەکە مشتومڕی لەناو کۆنگرێس دروستکردووە؛ رۆبن گالیگۆ، سیناتۆری دیموکراتەکان رایگەیاند، هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا "نایاسایین" و وەسفی دۆخەکەی بەوە کرد کە "ئەمە دووەم جەنگی بێ پاساوە لە ژیانمدا دەیبینم دوای داگیرکردنی عیراق".
لای خۆیەوە مایک لی، سیناتۆری کۆمارییەکان گومانی دەستوریی لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە دروستکردووە و پرسیاری ئەوەی کردووە "ئایا هیچ پاساوێک هەیە بۆ بەکارهێنانی هێز بەبێ راگەیاندنی جەنگ یان هەبوونی مۆڵەتی بەکارهێنانی هێزی سەربازی؟".
سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوسەرەکەی دەستگیرکران و ترەمپیش دەڵێت، "هێرشێکی بەرفراوانمان کردە سەر ڤەنزوێلا".
دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە سەرکەوتوویی هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ڤەنزوێلا و سەرۆکەکەی، نیکۆلاس مادورۆ و هاوسەرەکەی دەستگیرکرد.
ترەمپ ئاماژەی بەوەداوە، بەمزوانە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وردەکارییەکەی رادەگەیەنین و ئەم ئۆپەراسیۆنە بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی جێبەجێکردنی یاسای ئەمریکا ئەنجامدراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بە توندی ئیدانەی هێرشە سەربازییەکەی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا دەکات و بە "پێشێلکارییەکی زەق"ی سەروەریی نیشتمانی و خاکی ئەو وڵاتەی لەقەڵەم دەدات.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ڤەنزوێلا پێشێلکردنی ئاشکرای بنەما سەرەکییەکانی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەت بڕگەی چوار لە مادەی دوی پەیماننامەکە کە بەکارهێنانی هێز قەدەغە دەکات و ئەم کارە بە "دەستدرێژییەکی تەواو" دادەنرێت.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە کردووە، دەستدرێژیی سەربازی بۆ سەر دەوڵەتێکی سەربەخۆی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڕەشەیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و جیهان، دەرەنجامەکانیشی کاریگەریی نەرێنی لەسەر سیستمی نێودەوڵەتی دەبێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، ئێران وێڕای جەختکردنەوە لە مافی رەوای ڤەنزوێلا بۆ بەرگری لە سەروەریی و خاکەکەی، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەنجومەنی ئاسایش دەکات بەرپرسیارێتی خۆیان جێبەجێ بکەن بۆ راگرتنی دەستبەجێی ئەو هێرشە "نایاساییە" و لێپرسینەوە لە بکەرانی.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، نزمترین پلەکانی گەرما دادەبەزن و لە هەندێک کاتدا تەم دروست دەبێت.
بەپێی راگەیەندراوەکەی کەشناسی، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و هەندێک جار لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ نیمچە هەور دەگۆڕێت. ئاڕاستەی با باکوری رۆژئاوا دەبێت و خێراییەکەی لەسەرخۆیە. ئاماژە بەوەش کراوە، نزمترین پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ 2 بۆ 4 پلە نزم دەبنەوە، بەڵام بەرزترین پلەکان کەمێک بەرز دەبنەوە.
سەبارەت بە کەشی سبەی یەکشەممە، کەشناسی رونیکردووەتەوە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لە کاتەکانی بەیانی زودا لە هەندێک ناوچە ئەگەری دروستبونی تەم هەیە. نزمترین پلەکانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ 1 بۆ 3 پلە روو لە بەرزبوونەوە دەکەن.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 10 پلە
سلێمانی: 7 پلە
دهۆک: 8 پلە
زاخۆ: 8 پلە
کەرکوک: 11 پلە
هەڵەبجە: 11 پلە
گەرمیان: 17 پلە
حکومەتی ڤەنزوێلا بە رەسمی ئەمریکای بە ئەنجامدانی "دەستدرێژیی سەربازی" تۆمەتبار کرد و رایگەیاند، بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو دۆخە، نیکۆلاس مادۆرۆ باری "ئاڵۆزیی دەرەکی" راگەیاندووە و فەرمانی گواستنەوەی بۆ "خەباتی چەکداری" دەرکردووە.
لە راگەیەندراوێکدا حکومەتی ڤەنزوێلا ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی ئەمریکا لەم هێرشانە "داگیرکردنی سەرچاوە ستراتیژییەکانی وەک نەوت و کانزاکان و شکاندنی سەربەخۆیی سیاسیی وڵاتە". جەختیشی کردووەتەوە کە ئەو دەستدرێژییە ئاشتیی جیهان و ئەمریکای لاتین و ژیانی ملیۆنان کەس دەخاتە مەترسییەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە، هێرشەکان ناوچە مەدەنی و سەربازییەکانی کاراکاس و ویلایەتەکانی (میراندا، ئاراگوا و لاگوارا)ی گرتووەتەوە. مادۆرۆ داوای لە تەواوی وڵات کردووە دژی "دەستدرێژیی ئیمپریالیزم" جوڵە بکەن و دامەزراوەکانی کۆماری بپارێزن.
هاوکات گۆستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس هۆشداریدا و نوسیویەتی: "کاراکاس لەژێر بۆردومانی موشەکدایە، جیهان ئاگادار دەکەمەوە کە هێرش کراوەتە سەر ڤەنزوێلا".
پێترۆ داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوی وڵاتانی ئەمریکی (OAS) کردووە بەپەلە کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەو دۆخە.
تا ئێستا کۆشکی سپی هیچ لێدوانێکی رەسمیی لەسەر ئەو تۆمەتانە و دۆخی ڤەنزوێلا نەداوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، زنجیرەیەک تەقینەوەی بەهێز شاری کاراکاسی پایتەختی ڤەنزوێلایان هەژاند و بەهۆیەوە کارەبای بەشێکی شارەکە بڕا، هاوکات دەنگی فڕۆکە بە نزمی لە ئاسمانی شارەکەدا دەبیسترێت.
بەپێی ئاژانسی (ئەسۆشیەیتد پرێس)، لانی کەم حەوت تەقینەوە لە شارەکەدا رویانداوە. تیمێکی کەناڵی (سی ئێن ئێن) ئاماژەی بەوە کردووە، یەکەم تەقینەوە نزیکەی سەعات 1:50ی شەو بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە تۆمارکراوە.
شایەتحاڵەکان بە ئاژانسەکانی (رۆیتەرز) و (فرانس پرێس)یان راگەیاندووە، دەنگی تەقینەوەکان زۆر بەهێز بوون و بەشێک لە پەنجەرەی باڵەخانەکان لەریونەتەوە. بەهۆی روداوەکەوە کارەبا لە ناوچەکانی باشوری شارەکە بڕاوە، کە دەکەوێتە نزیک بنکەیەکی سەربازیی گەورە.
میدیا جیهانییەکان باس لەوە دەکەن، راستەوخۆ دوای تەقینەوەکان دەنگی فڕۆکە بە بەرزی و بە نزمی لە ئاسمانی پایتەختدا بیستراوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش دیمەنی ساتەوەختی تەقینەوەکان بڵاوکراونەتەوە.
بەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە باشوری بەڕازیل بەهۆی پێکدادانی پاسێک و بارهەڵگرێکەوە 11 کەس گیانیان لەدەستدا و 11ـی دیکەش برینداربوون.
میدیاکانی بەڕازیل بڵاویانکردەوە، روداوەکە لەسەر رێگەی خێرای فیدراڵی لە شارۆچکەی پیلۆتاس لە ویلایەتی ریۆ گراندێ دۆ سۆڵ رویداوە.
تۆڕی "گلۆبۆ"ی بەڕازیلی ئاشکرایکردووە، پاسەکە ژمارەیەک گەشتیاری هەڵگرتبوو کە بەرەو شارۆچکەی کاماکوا دەچوون و بەیانی ئەمڕۆ لە شاری پیلۆتاسەوە بەڕێکەوتبوون. ئاماژەی بەوەشکردووە، شۆفێری پاسەکە یەکێکە لەو کەسانەی گیانی لەدەستداوە و بریندارەکانیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
لای خۆیەوە پۆلیسی بەڕازیل رایگەیاندووە، بەشێک لە باری بارهەڵگرەکە کە لم بووە، رژاوەتە ناو پاسەکەوە، ئەوەش پرۆسەی رزگارکردنی قورسکردووە. بەهۆی روداوەکەوە رێگەکە بە هەردوو ئاڕاستە داخراوە و پێشبینی ناکرێت بەم نزیکانە بکرێتەوە.
بەهۆی دروستبوونی تەمومژێکی زۆر بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە خێرایی کەمبکەنەوە و گرنگی بە لایتی ئۆتۆمبێلەکانیان بدەن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەنرادوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی نزمبونەوەی پلەکانی گەرماو دروستبوونی تەمێکی زۆر لەشاری سلێمانی و دەوروبەری و کەمبونەوەی ئاستی بینین، داوا لە شۆفێران دەکات پابەندی یاساو رێنماییەکانی هاتوچۆ بن.
داواشدەکات، شۆفێران خێرایی ئۆتۆمبێلەکانیان کەمبکەنەوە، گرنگی بدەن بەلایتی ئۆتۆمبێلەکانیان، بەتایبەت لایتی تەم بەکاربهێنن و بەدووربن لەبەکارهێنانی لایتی بەرز (فوول لایت)، ئەو ئۆتۆمبێلانەش کە لایتی ئۆتۆمبێلەکانیان ئیش ناکات، نەهێندرێنە سەر شەقام تا بەدووربن لەروداوی هاتوچۆ.
هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە شۆفێران بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێت سەردانی رێگاکانی دەرەوەی شار نەکەن، چونکە لەچەندین شوێندا تەم هەیەو ئاستی بینین بۆ چەند مەترێک کەمبوەتەوە.
ماڵپەڕی شەفافییەت داهاتی مانگی رابردووی سلێمانی بڵاوکردەوە، کە زیاتر لە 62 ملیار دینارە.
ماڵپەڕی شەفافییەت بۆ چاودێری و رێكخستنی داهاتە نانەوتییەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان بڵاویکردەوە، لە رۆژی 1ـی12ـی مانگی رابردوو تا 31ـی12ـی2025 داهاتی نانەوتی 62 ملیار و 33 ملیۆن دینار بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، داهاتی ساڵی 2025، 897 ملیار و 156 ملیۆن دینار بووە.
جێگەی ئاماژەیە، پڕۆژەی شەفافییەت لە داهات و خەرجی، لەسەر راسپاردەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم دامەزرا، ئێستا رۆژانە لە رێگەی ئەو ماڵپەڕەوە دەتوانیت سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی راپەڕین و گەرمیان بزانیت.
ئامێرێکی نوێ کە بە تەکنەلۆژیای زیرەکیی دەستکرد کاردەکات، لە چین سەرکەوتنی بەدەستهێنا لە دەستنیشانکردنی حاڵەتە سەرەتاییەکانی شێرپەنجەی پەنکریاس کە پزیشکەکان نەیانتوانیوە لەرێگەی پشکنینەکانەوە هەستی پێ بکەن، ئەمەش هیواکان بۆ رزگارکردنی ژیانی نەخۆشەکان زیاد دەکات.
شێرپەنجەی پەنکریاس یەکێکە لە کوشندەترین جۆرەکانی شێرپەنجە، رێژەی مانەوە لە ژیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ دوای توشبوون تەنها نزیکەی 10%ـە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی نیشانەکانی درەنگ دەردەکەون و ئاشکراکردنی لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا ئەستەمە.
رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ی ئەمریکی بڵاویکردەوە، ئامێرەکە ناوی "پاندا" (PANDA)یە و لەلایەن توێژەرانی کۆمپانیای عەلی بابای چینییەوە پەرەی پێدراوە. بۆ یەکەمجار لە تشرینی دووەمی 2024 لە زانکۆی نینگبۆ لە خۆرهەڵاتی چین تاقیکراوەتەوە.
لەو کاتەوە، ئامێرەکە شیکاری بۆ زیاتر لە 180 هەزار وێنەی تیشکی (CT Scan)ی سک و سنگ کردووە، یارمەتی پزیشکەکانی داوە بۆ دۆزینەوەی نزیکەی 20 حاڵەتی شێرپەنجەی پەنکریاس، کە 14 حاڵەتیان لە قۆناغی زۆر سەرەتاییدا بوون.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەو نەخۆشانە بەهۆی نیشانەی وەک ئاوسانی سک و دڵتێکەڵهاتن سەردانی نەخۆشخانەیان کردبوو، سەرەتا لە پشکنینەکاندا پزیشکەکان هەستیان بە هیچ مەترسییەک نەکردبوو، تا ئەو کاتەی "پانپا" سەرنجی راکێشان بۆ بوونی وەرەمەکە.
دکتۆر ژۆ، سەرۆکی بەشی پەنکریاس لە یەکێک لە نەخۆشخانەکان دەڵێت: "دەتوانین بە رێژەی 100% بڵێین زیرەکیی دەستکرد ژیانی ئەوانی رزگار کرد".
بەهۆی ئەم سەرکەوتنەوە، ئیدارەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا (FDA) سیفەتی "ئامێری داهێنەرانە"ی بەخشیوەتە "پاندا" بۆ ئەوەی رێکارەکانی پەسەندکردنی خێرا بکرێت و لە نەخۆشخانەکان بەکاربهێنرێت.
بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر و دروستبوونی ئاستەنگی هاتووچۆوە، رێگەی سەرەکیی نێوان شاری مەریوان بۆ دەروازەی سنوریی باشماخ بەروی شۆفێراندا داخرا.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند: بەهۆی بەردەوامیی بەفربارین و کەمبوونەوەی مەودای بینین و مەترسیی خلیسکان، هاتووچۆکردن لەو رێگەیە مەترسیدارە، بۆیە تاوەکو پاککردنەوەی شەقامەکە لەلایەن تیمەکانەوە، رێگەکە بە داخراوی دەمێنێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی بەفر بارین پێنجوێن و شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە.
قەیرانی یەمەن پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدارەوە؛ ئەوەی پێشتر "جەنگی سارد"ی نێوان هاوپەیمانەکان بوو، ئەمڕۆ بە رەسمی بووە پێکدادانی سەربازی. لە کاتێکدا حوسییەکان لە باکورەوە بە چێژەوە سەیری دیمەنەکە دەکەن، دۆستەکانی دوێنێ (سعودیە و ئیمارات) لە باشورەوە لولەی تفەنگەکانیان کردۆتە یەکتر.
حەزرەمەوت؛ خاڵی تەقینەوە:
ئەمڕۆ هەینی، سالم خەنبەشی، پارێزگاری حەزرەمەوت (کە پیاوی یەکەمی سعودیە و حکومەتە لە ناوچەکە)، فەرمانی دەستپێکردنی ئۆپراسیۆنێکی بۆ وەرگرتنەوەی سەربازگەکان لە دەستی "ئەنجومەنی کاتی باشور" (هاوپەیمانی ئیمارات) دەرکرد.
هەرچەندە خەنبەشی ئۆپراسیۆنەکەی بە "ئاشتیانە" وەسف کرد، بەڵام دیمەنە مەیدانییەکان شتێکی تر دەڵێن؛ هێزەکانی "مەتاڕقی نیشتمانی" (درع الوطن) کە راستەوخۆ لەلایەن ریازەوە فەرماندەیی دەکرێن، روبەڕووی بۆسە و هێرش بوونەتەوە و فڕۆکە جەنگییەکان بۆردومانی هێرشبەرەکانیان کردووە.
داخستنی ئاسمان بەڕوی سعودییە و پەیامی توند:
گرژییەکان تەنها لەسەر زەوی نین، بەڵکو ئاسمانیشی گرتۆتەوە. دوای ئەوەی ئیدریس زوبەیدی (سەرۆکی ئەنجومەنی ئینتیقالی) رێگری لە نیشتنەوەی فڕۆکەی شاندێکی سعودیە کرد لە عەدەن، باڵیۆزی سعودیە بە توڕەییەوە وەڵامی دایەوە. لە ئێستادا گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی عەدەن راگیراون و جوداخوازەکان سعودیە بە سەپاندنی "گەمارۆی ئاسمانی" تۆمەتبار دەکەن.
یاریزانە سەرەکییەکانی نێو یارییەکە کێن و چیان دەوێت؟
بۆ تێگەیشتن لەم ئاڵۆزییە، دەبێت سەیری نەخشەی دابەشبوونی هێز بکەین کە ئێستا سێ جەمسەری سەرەکییە:
١. حوسییەکان (ئەنساروڵڵا):
لە باکوری یەمەن و سەنعای پایتەخت دان.
هاوپەیمان: ئێران.
بەهێزترین لایەنی ئێستای گۆڕەپانەکەن، سودمەندی یەکەمن لە شەڕی نێوان سعودیە و ئیمارات.
٢. ئەنجومەنی ئینتیقالیی باشور (جوداخوازەکان):
لە عەدەن و بەشێکی زۆری باشوری یەمەندان.
هاوپەیمان: ئیمارات.
ئامانجیان گەڕاندنەوەی دەوڵەتی سەربەخۆی باشوری یەمەن (وەک پێش ساڵی 1990). ئەمان ئێستا دەستیان بەسەر زۆربەی بەندەر و کێڵگە نەوتییەکاندا گرتووە و رەتیدەکەنەوە ملکەچی بڕیارەکانی ریاز بن.
٣. ئەنجومەنی سەرکردایەتی (حکومەتی شەرعی):
لە بەشێک لە حەزرەمەوت و ناوچە سنورییەکاندان.
هاوپەیمان: سعودیە.
دۆخ: لە دۆخێکی لاوازدایە، تاکە هێزی کاریگەری بە دەستەوە مابێت هێزەکانی "مەتاڕقی نیشتمانی"یە کە سعودیە دروستی کردوون بۆ روبەڕووبوونەوەی نفوزی ئیمارات.
نەوت و ئابووریی جیهان
ئەم شەڕە تەنها شەڕی خاک نییە، بەڵکو شەڕی وزەیە. ناکۆکیی نێوان سعودیە و ئیمارات کە دوو گەورە بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێکن، مەترسی خستۆتە سەر بازاڕەکانی جیهان. سعودیە پێشڕەویی جوداخوازەکان بۆ سنورەکانی بە "هێڵی سور" دەزانێت و ئیماراتیش بە کشانەوەی هێزەکانی، بۆشاییەکی ئەمنی گەورەی بۆ سعودیە بەجێهێشتووە
یەمەن لە ساڵی 2026دا لەبەردەم سیناریۆیەکی تاریکدایە؛ ئەگەر سعودیە نەتوانێت لە رێگەی هێزەکانی "مەتاڕقی نیشتمانی"یەوە کۆنترۆڵی حەزرەمەوت بکاتەوە، ئەوا باشوری یەمەن بەتەواوی دەکەوێتە دەست جوداخوازەکان و خەونی دەوڵەتی یەکگرتووی یەمەن دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەمەش دەرگا بۆ حوسییەکان دەکاتەوە کە زیاتر دەسەڵاتی خۆیان فراوان بکەن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، پێشبینییەکانی بۆ 48 سەعاتی داهاتوو بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی ئاسمان هەوری تەواو دەبێت و بارانبارین بەردەوام دەبێت.
بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ لە سنوری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و سۆران بارانی مامناوەند دەبارێت و لە ناوچەکانی دیکەش نمەباران و بارانی پچڕپچڕ دەبێت، هاوکات لە ناوچە سنورییەکان بەفربارین بەردەوام دەبێت.
کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتەکانی ئەمشەودا کۆتایی بە شەپۆلی بەفر و بارانبارین دێت و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە، بۆ سبەینێ شەممە ئاسمان نیمچەهەور و پەڵەهەور دەبێت و لە بەیانی زوودا ئەگەری دروستبوونی تەم هەیە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەینێ شەممە:
هەولێر: 9 پلە
سلێمانی: 8 پلە
دهۆک: 9 پلە
زاخۆ: 8 پلە
کەرکوک: 10 پلە
هەڵەبجە: 8 پلە
گەرمیان: 12 پلە
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار لە کەلار رایگەیاند، بەهۆی لێچوونی غازەوە دوو خوشک ژەهراوی بوون، بەو هۆیەوە یەکێکیان گیانی لەدەستدا و ئەوەی دیکەشیان رەوانەی سلێمانی کرا.
رەفیق قادر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دوو ژن گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکەیان کە بە وتەی کەسوکاریان غاز لێیداون.
ئاشکرایکرد، بەهۆی کاریگەریی غازەکەوە یەکێک لە ژنەکان گیانی لەدەستداوە و ئەوەی دیکەشیان بەهۆی خراپیی دۆخی تەندروستییەوە رەوانەی سلێمانی کراوە.
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دوو قوربانییە خوشکی یەکترن و لە یەک ماڵدا لە گەڕەکی گازینۆی قەزای کەلار ژیاون، تەمەنیان لەنێوان 45 بۆ 60 ساڵدایە.
سەرۆکایەتیی کۆمار بە توندی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لەوە دەکەن د. لەتیف رەشید بە 90 ملیۆن دینار خانەنشین کرابێت و سوپاسنامەی ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردبێت.
لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتیی کۆمار ئاشکرایکردووە، لە هەندێک پلاتفۆرمی سۆشیاڵ میدیا هەواڵێکی "نادروست" بڵاوکراوەتەوە گوایە سەرۆک کۆمار سوپاسنامەی بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە لەبەرامبەر خانەنشینکردنی بە بڕی 90 ملیۆن دیناری مانگانە.
سەرۆکایەتیی کۆمار جەخت دەکاتەوە، ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی نییە، نە هیچ نووسراوێکی رەسمی دەرچووە و نە هیچ پەیوەندی و کۆبوونەوەیەکیش لەگەڵ وەزارەتی دارایی لەوبارەیەوە ئەنجام دراوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەمە بەشێکە لە پیلانی بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و ناوزڕاندن کە لەلایەن ترسنۆک و گەندەڵکارانەوە دەکرێت بە مەرامی زیانگەیاندن بە سەرۆک کۆمار و دامەزراوەکانی دەوڵەت".
سەرۆکایەتیی کۆمار هۆشداریش دەدات لە مەترسیی بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکارانە و رایدەگەیەنێت، مافی یاسایی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ سزادانی ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لە هەڵبەستنی ئەو جۆرە هەواڵە بێ بنەمایانە.
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بەراورد بە دوێنێ، بۆ هەر ئۆنسەیەک نزیکەی 40 دۆلار بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ هەینی، یەک ئۆنسە زێڕ لە بازاڕەکانی جیهاندا بە چوار هەزار و 380 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت، لەکاتێکدا دوێنێ پێنجشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ چوار هەزار و 340 دۆلار بوو.
نرخی زێڕ بەراورد بە چەند مانگی رابردوو بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و شارەزایانی ئابورییش، پێشبینیی بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکەی دەکەن لەمساڵدا.
لە بازاڕەکانی هەرێمیش بەم شێوەیە مامەڵەی پێوەدەکرێت:
زێڕی عەیار 21 به 891 هەزار دینار
زێڕی عەیار 18 به 762 هەزار دینار
زێڕی عەیار 22 به 933 هەزار دینار
زێڕی عەیار 24 به 101هەزار دینار