کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا پێشێلکارییەکانی حکومەتی تورکیای تاوتوێکرد و داوایکرد سەڵاحەدین دەمیرتاش ھاوسەرۆکی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" ئازاد بکرێت.
یەکێک لە پارێزەرەکانی "دەمیرتاش"یش ئاماژەی بۆ ئەوەکردوووە، کۆمیتەی وەزیرانی ئەنجومەنی ئەوروپا داوایکردووە، "سەڵاحەدین دەمیرتاش" ھاوسەرۆکی پێشووتری ھەدەپە ئازاد بکرێت، دادگای دەستوری بنەڕەتی تورکیاش بە پێی بڕیارەکانی دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا کار بکات.
داواشیکردووە، یاساکانی دادوەریی لە تورکیا ھەموار بکرێنەوە بە تایبەتی ڕێز لە جیاوازیی و ئازادیی ڕادەربڕین بگیرێت و کۆتایی بە دەستگیرکردنی ئەندامانی ئۆپۆزسیۆن بھێنرێت.
نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پرسەنامەی ئاڕاستەی خێزانی قوربانیانی پەلامارەکانی ئەم دوایایینەی داعش کردووە لە مەخمور کە بەھۆیەوە ژمارەیەک پێشمەرگە و ھاوڵاتی شەھید بوون و ڕایگەیاندووە، واشنتۆن نیگەرانە و ئیدانەی بەردەوامیی پەلامارەکانی داعش دەکات لە عێراق.
پابەندیشە بە ھاوکاریکردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان و تەواوی ھێزە ئەمنییەکانی تری عێراق کە بەردەوامن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گروپە تیرۆریستییە.
بە پێی ڕاگەیەنراوێکی زانکۆی سلێمانی، ڕۆژی شەممە دەرگای بەشە ناخۆییەکان بۆ خوێندکاران دەکرێتەوە، ئەو خوێندکارانەی لە قۆناغی یەکن و تا ئێستا بەشە ناوخۆییان وەرنەگرتووە لە ڕۆژانی داھاتوودا بەشەناوخۆییان پێدەدرێت.
ئەنجومەنی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانیش ڕایگەیاندووە، ڕۆژی یەک شەممە ٥-١٢-٢٠٢١ دەوامی ڕەسمی لە ھەموو کۆلێژ و پەیمانگە و بەشە زانستییەکانی سەر بە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەستپێدەکاتەوە، لەسەر داواکاری خوێندکارانیش بڕیاردراوە ڕۆژی سێشەممە ٧ی ١٢ی ٢٠٢١ تاقیکردنەوەکان لە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی دەستپێبکەنەوە بۆ ئەو بەش و قۆناغانەی کە تاقیکردنەوەیان تێدا ھەیە.
بە پێی بڕیارەکە، بۆ ماوەی ١٢٠ ڕۆژی تر ڕێگە بە عێراق دەدرێت کارەبا لە ئێرانەوە ھاوردە بکات بە بێ ئەوەی ڕووبەڕووی ھیچ سزایەک ببێتەوە، ھۆکاری بڕیارەکەش بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە عێراق شکستی ھێناوە لەوەی لە بەرھەمھێنانی کارەبادا پشت بە خۆی ببەستێت.
لە دابینکردنی کارەبادا، عێراق تا ڕادەیەکی زۆر پشت بە ئێران دەبەستێت، بۆیە تا ئێستا چەند جارێک ئەمریکا ماوەی لێبوردنی عێراقی لە ھاوردەکردنی کارەبا لە ئێرانەوە درێژ کردووەتەوە، لە ئێستاشدا عێراق دانوستانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بە تایبەتی سعودیە دەستپێکردووە بۆ ئەوەی تۆڕی کارەبا بە سیستمی کارەبای کەنداوەوە ببەستێتەوە.
ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکانی نێوان ماکرۆن و بن سەلماندا، چەند دۆسیەیەکی گرنگی ھەرێمیی تاوتوێ دەکرێن بە تایبەتی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و ڕەوشی لوبنان، جگە لەوەش پتەوکردنی پەیوەندییە ئابورییەکانی نێوان ڕیاز و پاریس تاوتوێ دەکرێت، بۆیە وەفدێک کە لە نوێنەرانی ١٠٠ کۆمپانیا پێکدێن، یاوەری ماکرۆن دەکەن و بەشداری لە کۆڕبەندێکی وەبەرھێناندا دەکەن.
سەردانەکەی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ سعودیە بە سەردانێکی گرنگ ناو دەبرێت، چونکە لە دوای کوژرانی ڕۆژنامەنووسی سعودی جەمال خاشقچی کە ساڵی ٢٠١٨ لە تورکیا کوژرا، یەکەمین سەرۆکە لە وڵاتانی خۆرئاوا سەردانی سعودیە بکات.
"ڕیاز حەلفی" بەڕێوەبەری تەندروستی گشتی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندووە، تا ئێستا ھیچ بەڵگەیەک نییە بۆ ئەوەی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا توانای بەرەنگاربونەوەی جۆرە نوێیەکەی ڤایرۆسەکەیان نەبێت کە بە ئۆمیکرۆن ناسراوە، بۆیە پێویستە ژمارەیەکی زیاتر لە ھاووڵاتیان ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن.
عەلی بەلداوی بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکانیش لە وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاندووە، خشتەیەکی ھەفتانە ھەیە بۆ گەیشتنی ڤاکسینەکانی کۆرۆنا بە عێراق و تا کۆتایی ئەمساڵ ٣٦ ملیۆن دۆزی تری ڤاکسین دەگاتە عێراق.
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە بارەی ئەو ڕەوشەی لە ئۆکراین ھاتووەتە پێش، لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە و ھاوپەیمانە ئەوروپییەکانیان بەردەوام لە پەیوەندیدان.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکانی ڤلادمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕەوشی ئۆکراین ئاڵۆزتر دەکات و مایەی نیگەرانییە، بۆیە لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکردنی پلانێکە بۆ ئەوەی ڕێگە لە دەستوەردانی سەربازیی ڕووسیا لە ئۆکراین بگرێت.
بایدن ڕاشیگەیاند، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن گفتوگۆیەکی چڕ لەسەر ئەو بابەتە دەکەن
ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەرکەوت ئێران جددی نییە لە پابەندبوون بە بەڵێنەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی و بەو ھۆیەشەوە کۆتاییان بە خولی حەوتەمی دانوستانەکانی ڤیەننا ھێناوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ سەرجەم ھاوبەشەکانیان لە پەیوەندیدان و لەسەر ئەو پرسە بە وردی ڕاوێژ دەکەن.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕاشیگەیاند، وڵاتەکەی ڕێگە بە ئێران نادات لە ڕێی دواخستنی دانوستانەکان و بەفیڕۆدانی کات، پەرە بە بەرنامەی ئەتۆمیی بدات و ئەگەر دیپلۆماسییەت شکست بھێنێت، واشنتن بژاردەی تر دەگرێتەبەر.
کەریم نوری بریکاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ڕایگەیاند، گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی عێراق لە سنورەکانی نێوان بێلاروس و پۆڵەندا کۆتایی نەھاتووە و بەردەوام دەبن لە گەڕاندنەوەیان، تا ئێستاش سەرکەوتووبوون لە گەڕاندنەوەی زیاتر لە ھەزار و ٥٠٠ کەس کە زۆرینەیان کوردن.
وتیشی، زانیارییان نییە لە بارەی ئەو کۆچبەرانەی تا ئێستا لە سنورەکانی بێلاروس ماونەتەوە، چونکە زۆرینەیان بە نایاسایی لە تورکیاوە کۆچیان کردووە، بەڵام وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کار دەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لەسەریان و گەڕاندنەوەیان بۆ عێراق.
"زیاد فایەق" سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی ھاوکاری ئەڵمانی لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز ڕایگەیاند، بەردەوام ھاوکاری ڕێکخراوی خانمانی دەست ڕەنگینیان کردووە، بە دۆزینەوەی ھەلی کار و کردنەوەی خول بۆ بە ھێزکردنی تواناکانیان.
بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کەسوکاری شەھیدان و لێپرسراوانی حزبی و حکومی لە گوندی گردەدرۆزنە یادی ئەو شەھیدانە کرایەوە کە لە ساڵی ٢٠٠٢ لەلایەن تیرۆریستانی ئەنسارولئیسلام شەھیدکران.
"حەمەی حەمە سەعید" ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و فەرماندەی سەربازیی ئەو کاتەی یەکێتی لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز ڕایگەیاند، ١٩ ساڵ لەمەوبەر ژمارەیەک پێشمەرگەی یەکێتی بە دەستی تیرۆریستانی ئەنسارولئیسلام لە گوندی گردەدرۆزنە و تەپەکوڕە شەھیدکران.
وتیشی، تا ئێستاش پەلامارەکانی تیرۆریستان بۆ سەر ھێزی پیشمەرگە بەردەوامە، پێویستە ھێزی پێشمەرگە یەکبخرێتەوە و حزبەکانیش یەکڕیزبن بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان.
ڤلادمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا ڕایگەیاند، ئۆکراین بە بەکارھێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دروستکراوی تورکیا و ئەنجامدانی ھێرشی سەربازیی بۆ سەر جودا خوازەکان لە خۆرھەڵاتی ئەو وڵاتە، ھەوڵی پێشێلکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی دەدات.
ئاماژەی بەوەشکردووە، نابێت تورکیا و وڵاتانی جیھان چەک و کەلوپەلی سەربازیی بە ئۆکراین بفرۆشن و ڕەوشەکە ئاڵۆزتر بکەن.
نوسینگەی سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاندووە، ھەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا پوتن و ئەردۆغان پرسی سوریا و یەمەن و دوا گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە.
لە ھەڵەبجە لە سیمینارێکی تایبەتی کۆمەڵەی قوربانیان و پارەێزەرانی کەیسی ھەڵەبجە، مەترسییەکانی قۆناغەکانی دادگاییکردنی ئەو کۆمپانیایانە خرانەڕوو کە پێکھاتەی چەکی کیمیاییان بە حکومەتی پێشووی عێراق فرۆشتووە.
لوقمان عەبدولقادر سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی ھەڵەبجە ڕایگەیاند، تا ئێستا لە ھەرێمی کوردستان پڕۆژەیاسایەک لە پەرلەمانی کوردستان دەرنەچووە تایبەت بێت بە قەرەبووکردنەوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان، ئەوەش مەترسی بۆ سەر دۆسیەی دادگاییکردنی ئەو کۆمپانیا بیانیانە دروستکردووە کە پێکھاتەی چەکی کیمیاییان بە حکومەتی پێشووی عێراق فرۆشتووە.
عومەر حەمە ئەمین جێگری بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە ڕۆژی جیھانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکاندا کە لە خوێندنگەی سەرشەقامی بنەڕەتی و بە ھاوکاری ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان چەند چالاکییەک ڕێکخرابوو، بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بە پێی ڕێککەوتنێک کە لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کردوویانە، وەزارەتەکەیان ناتوانێت منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت لە منداڵی ئاسایی جیا بکاتەوە و دەبێت تێکەڵ بەخوێندکارانی تر بکرێن، لە زۆربەی خوێندنگەکانیشدا چەند پۆلێکیان بۆ پەروەردەکردنی ئەو منداڵانە دابینکردووە. وتیشی، لە داھاتوودا سەنتەرێکی گەورەی پەروەردەیی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان دەکەنەوە.
ڕەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لە لێدوانێکدا بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، دوای کۆتایی ھاتنی پلانی ھاوینە لە بەنداوی دەربەندیخان، لە ئێستادا پلانی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئاوی بەنداوەکە دەستیپێکردووە، بەردانەوەی ئاویش بە ئاڕاستەی خوارووی بەنداوەکە ١٠ بۆ ١٥ مەتر کەمیکردووە.
وتیشی، ئەمساڵ پلانی عەمبارکردنی زیاتری ئاویان ھەیە، ئەگەر ھاوشێوەی ساڵی ڕابردووش کەمبارانی بێت، ڕووبەڕووی گرفتی زیاتر دەبنەوە.
جەختیشیکردەوە، ئەگەر حکومەتی عێراق لەگەڵ ئێران ڕێککەوتن لەسەر بەردانەوەی ئاو نەکات، بەنداوەکە ڕووبەڕووی قەیرانی کەمئاوی دەبێتەوە.
ھەشتەمین دادگای سزا قورسەکانی ئامەد، بە تۆمەتی ئەندامیەتی لە ڕێکخستنی قەدەغەکراو، سزای ٧ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەر "مەقبولە ئوزبەک" سەپاند کە ژنێکی کوردی تەمەن ٧٢ ساڵە.
مەقبولە ئوزبەک لە چوارچێوەی لێپرسینەوەی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (کەجەدە)، ٢٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ دەستگیرکرابوو، بەڵام دوای ئەوەی تووشی جەڵتەی دڵ بوو، لە ٥ی ئەیلولی ٢٠٢٠ ئازادکرا.
بە پێی ئاژانسی میزۆپۆتامیاش، ئایلا ئاکات پەرلەمانتاری پێشووی ھەدەپەش لەگەڵ ٥١ ژنی بەندکراوی دیکەی ھەدەپە لە زیندانی سینجان، بە بیانوی وتنی گورانی کوردی سزادراون، بەھۆی ئەو سزایانەشەوە ئازادکردنی دوو ژنی چالاکوانی تر ڕاگیراون.