قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق رایگەیاند، ئەمرۆ خولێکی تری دانوستانەکانیان لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆتاییھاتووە و بە رەسمی کۆتاییھاتنی ئەرکی ھێزە شەڕکەرەکانی ھاوپەیمانان و کشانەوەیان لە وڵاتەکە رادەگەیەنن، وتیشی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بواری راھێنان و راوێژکاری بەردەوام دەبێت.
ئەوە لەکاتێکدا جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، تا کۆتایی ئەم مانگە ھیچ ھێزێکی شەڕکەری ئەمریکا لە عێراق نامێنێت.
"د. سەباح نەسرەدین" لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ھەموو عێراق زیاتر لە ٢٠ ھەزار کەس بە کۆرۆنا گیانیان لە دەستداوە، بەڵام ھیچ کەسێک بە ڤاکسین گیانی لەدەستنەداوە، وتیشی لە دوای بەغداد سلێمانی یەکەم پارێزگایە لە زۆری بەکارھێنانی ڤاکسین.
ھاوکات"د. ئەحمەد زوێتی"نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیھانی رایگەیاند، ھەوڵدەدەن بۆ زیاترکردنی سەنتەرەکانی تەندروستی لە سلێمانی و دەوروبەری و ھەماھەنگیش زیاتر دەکەن.
پەیمانگای تەکنیکی دوکان لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لەسەر بڕیاری "بافڵ جەلال تاڵەبانی"ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لیژنەیەکی ئیدارەی گشتی یەکێتی سەردانی پەیمانگای تەکنیکی دوکانیان کرد، بە مەبەستی بەسەر کردنەوەی ھەموو بەشەکانی پەیمانگاو سەردانی کردنی کەمپی نوێیی پەیمانگا.
لیژنەکە لەگەڵ راگری پەیمانگا پێداویستی و کەموکورتییەکان و ڕێکارەکانی شێوازی تەواوکردنی کەمپەکەیان تاوتوێکرد، دواتر پێشنیارو ڕێنمای پێویستیان پێدرا لەسەر شێوازی چۆنیەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، لەو چوارچێوەیەشدا راپۆرتی خۆیان بەرزئەکەنەوە بۆ ئیدارەی گشتی و بۆ ئەوەی بە زوترین کات کارەکان بە ئەنجام بگەن.
راشیگەیاند، لەئێستاشدا بۆ مەبەستەش لیژنەیەک لە سەر ئاستی پەیمانگا پێکھێنرا بۆ ھەماھەنگی ھاوبەش.
"د. شوان شاکر" یاریدەدەری نەخۆشخانەی خانەقین ڕایگەیاند، بە مەبەستی دابینکردنی ئۆکسجین بۆ نەخۆشخانەی خانەقین و نەخۆشخانەی ئەڵوەندی تایبەت بەکۆرۆنا، لە لایەن ڕێکخراوی "ئای ئۆ ئیم"ەوە کارگەیەکی بەرھەمھێنانی ئۆکسجین لە نەخۆشخانەی خانەقین دروستدەکرێت، کە ڕۆژانە لە توانایدایە بڕی "٤٠" بوتڵ ئۆکسجین بەرھەمبھێنێت.
فەرماندەیی ئاسایشی کەناراوەکانی تورکیاش ڕایگەیاندووە، دوای گەیشتنی زانیاری لە بارەی بوونی ژمارەیەک کۆچبەر لەناو بەلەمێکی لاستیکیدا لە کەناراوەکانی قەزای چەشمە، تیمەکانی ئاسایشی کەناراوەکان ڕەوانەی ناوچەکە کراون و توانراوە ٢٦ کۆچبەریان ڕزگار بکەن، کە لەلایەن ھێزەکانی یۆنانەوە گەڕێندرابوونەوە سنورە ئاوییەکانی تورکیا.
ڕاشیگەیاندووە، دوای ڕێوشوێنەکانی ئاسایش، کۆچبەرە نایاساییەکان ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی کۆچ کران لە پارێزگای ئیزمیر.
بایدن لە لێدوانێکیدا بۆ ڕۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، بە پێی ماددەی پێنج لە ڕێککەوتنی ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی ناتۆ پابەندبوونێکی ئەخلاقی و یاساییان ھەیە بەرامبەر ھاوپەیمانەکانیان لە ھاوپەیمانیەتیەکە ئەگەر بێت و ڕووبەڕووی ھەڕەشە و ھێرش ببنەوە، بەڵام ئەو پابەند بوونە ئۆکراین ناگرێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمریکا ئامادەیە ھاوکاری ئەو وڵاتە بکات بۆ بەھێزکردنی توانا بەرگرییەکانی بە بێ ئەوەی ھێزی سەربازی ڕەوانە بکات.
لە بارەی کۆبوونەوەکەشی لەگەڵ "ڤلادیمیر پوتن" سەرۆکی ڕووسیا، "بایدن" ڕایگەیاندووە، ھۆشداری توندی داوەتە "مۆسکۆ" لە داگیرکردنی "ئۆکراین" و پێی وتووە، ئەگەر ئەو ھەنگاوە بنێن، ڕووبەڕووی سزایەکی ئابوری دەبنەوە کە ھەرگیز ھاوشێوەیان نەبینیوە.
بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت، لە ئەنجامی کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر گرووپێکی سەر بە داعش لە پارێزگای ھەڵەبجە و دوای دەستخستنی بەڵگەی تەواو لەسەریان، کە مەرامیان بووە لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان کردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن،ھێزەکانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی سلێمانی، بە ھاوکاری ھێزەکانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، لە چەند ئۆپراسیۆنێکی جیاجیادا، ژمارەیەک ئەندامی تاقم و گرووپی نەنستووی داعش لە شاری ھەڵەبجە و قەزای سەیدسادق و شارۆچکەکانی خورماڵ و سیروان و چەند گوندێکی شارەزوور دەستگیرکران و دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و تەقەمەنیشدا گیرا، کە پیلانیان بووە لە کردەوە تیرۆریستییەکانیاندا بەکاریبھێنن.
داواشکرا مۆنۆمێنتی شایستە و مەزارگە بۆ گۆڕی بە کۆمەڵ و تاک بە تاکی قوربانیانی جینۆساید لە کوردستان دروست بکرێت.
ڕۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی بڵاویکردەوە، چەند ساڵێک لەمەوبەر زانایانی شوێنەوارناسی لە گوندێکی ناوچەی (کامبریدجشیر)ی بەریتانیا پاشماوەی ئێسکە پەیکەرێکی مرۆڤیان دۆزیوەتەوە و ئێستا ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە ئێسکە پەیکەرەکە ئاشکرا بووە، دەریدەخات ئەو بەندەیە تەمەنی لە نێوان ٢٥ بۆ ٣٥ ساڵی و درێژی ١٧٠ سانتیمەتر بووە، لە قولەپێیدا مێخێکی ئاسن بوونی ھەبووە.
بە گوێرەی پشکنیینەکان کە بە کاربۆنی تیشکدەرەوە ئەنجامدراوە، ئەو کەسە لە ساڵانی نێوان ١٣٠ بۆ ٣٣٧ی زاینی کوژراوە ، بە واتای لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانیدا.
شوێنەوارناسەکان لە پاڵ ئێسکە پەیکەرەکەدا دوو پارچە تەختەیان دۆزیوەتەوە، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی لە بەریتانیا لە خاچدان پەیڕەوکراوە.
سەرباری ئەوەی لە خاچدان پەیوەستە بە ئاینی مەسیحییەوە، بەڵام زاناکانی شوێنەوارناسی لەو بڕوایەدان ئەو لە خاچدانە پەیوەندیی نییە بە ئایینەوە، چونکە ئەو بەندەیە بە خاچدا ھەڵنەواسراوە، لەبەرئەوەی ھیچ مێخێکی دیکەیان لە ئێسکە پەیکەرەکەدا نەدۆزیوەتەوە، بەڵکو مرۆڤەکە لە سەرەوە بە یەکێک لە پارچە تەختەکاندا بەستراوەتەوە و لە خوارەوەش مێخ بە قاچیدا داکوتراوە.
راگەیاندی سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بڵاویکردەوە،مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری بەرگری و وەفدێکی سەربازی لە رێگەی فڕۆکەخانەی ھەولێرەوە گەیشتە ھەرێم و لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی ھەرێم کۆبونەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، دوا پێشھات و گۆڕانکارییەکانی عێراق دوای سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران تاووتوێ کرا و جەخت لە گرنگی سەقامگیربوونی رەوشی عێراق و گەشەپێدانی بارودۆخی ئابووری و چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەرێم و حکومەتی فیدراڵ کرا. لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی ھێرش و پەلامارەکانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش و گرنگی چڕکردنەوەی ھەوڵ و تواناکان و بەھێزکردنی ھەماھەنگی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا لە پێناو کۆتاییھێنان بە ھەڕەشە و مەترسییەکانی داعش.