"ئومێد خۆشناو" پارێزگاری هەولێر لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، قەبارەی زیانی لافاوەكەی هەولێر دەگاتە سەروو 21 ملیار دینار و لەو كارەساتەدا 2 هەزار و 717 خانوو و هەزار و 26 ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان زیانیان بەركەوتووە.
هەر ئەمڕۆ كاروانێكی تری هاوكارییەكان دەگەیەنرێتە ئیدارەی ڕاپەڕین و كۆیە و تەقتەق. بڕیارە لە ساڵی نوێدا دابەشكردنی هاوكارییەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەشەناوخۆیی خوێندكاران بەردەوام بێت.

لەپێناو ڕێزگرت لەئەرك و ماندوبونی پزیشك و كارمەندانی تەندروستی، لەشاری سلێمانی رێكخراوی سۆزی شەهیدان خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە ئەو كارمەندو پزیشكانەی كە بەردەوام لەنێو نەخۆشخانەكاندا خزمەتی هاووڵاتیان و نەخۆش دەكەن.
مەحموود ئیسماعیل سەرۆکی لقی ھەولێری کۆمەڵەی داکۆکی لە مافی کرێنشینان، بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی کۆمەڵەکەیان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردسات نیوز ڕایگەیاند، سەروو ٩٠ ھەزار کرێنشیان لە ھەرێمی کوردستان تۆمارکردووە، بەڵام بە پێی ھەندێک بەدواداچوون ژمارەی کرێنشینان لەسەروو ٢٥٠ ھەزارەوەیە.
مەحموود ئیسماعیل داواشی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد، پلانی بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی کرێنشینان ھەبێت.
"شیروان میرزا" ئەندامی پێشووی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، بە پێی ڕێنمایی دارایی کاتێک دەچینە ساڵی نوێ و بودجە پەسەند نەکراوە، کار بە بودجەی ساڵی پێشوو دەکرێت بە ڕێژەی ١ لەسەر ١٢ لە خەرجی بەکاربردن، ئەو ٢٠٠ ملیارەش کە عێراق ڕەوانەی ھەرێمی دەکات خەرجی بەکاربردنە، لەسەر ڕێنمایی دارایش ڕەوانەکردنی ئەو پارەیە تا بودجەی ٢٠٢٢ پەسەند دەکرێت بەردەوام دەبێت.
وتیشی، لە کاتی دانانی پڕۆژە یاسایی بودجەی ٢٠٢٢ دەبێت، حکومەتی ھەرێم جارێکی تر لەگەڵ بەغداد گفتوگۆ بکات و ڕێککەوتنێکی نوێ ئیمزا بکات.
جەختی لەوەشکردەوە، تا ئێستا ھیچ لایەنێکی ڕەسمی لە حکومەتی عێراق باسی لە ڕاگرتنی ئەو بڕەپارەیە بۆ ھەرێمی کوردستان نەکردووە.
بە پێی نوسراوێک کە بە ژمارە ٢٥٩٩ لە ڕۆژی ٢٠ی ئەم مانگە دەرچووە، وەزیری کشتوکاڵی عێراق فەرمانی بە فەرمانگەی زەویوزاری کشتوکاڵی کردووە لیژنەیەک پێکبھێنێت کە لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا ڕاپۆرتێک بداتە ئەو وەزارەتە لە بارەی کێشەی گرێبەستی زەویوزارە کشتوکاڵییەکان لە پارێزگای کەرکوک.
وەزیری کشتوکاڵی عێراق فەرمانیشی کردووە لیژنەکە لە سێ کەس پێکبێت کە بریتین لە یاریدەدەری بەڕێوەبەری زەویوزاری کشتوکاڵی و بەڕێوەبەری گرێبەستەکان و بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکوک کە ھیچیان کورد نین، لە کاتێکدا کێشەی موڵکایەتی لە کەرکوک پەیوەندی بە کورد و تورکمانەوە ھەیە.
ڕژێمی بەعس لە چوارچێوەی سیاسیەتی تەعریب زیاتر لە پێنج ھەزار گرێبەستی کشتوکاڵی بۆ عەرەبە ھاوردەکان لە پارێزگای کەرکوک دروستکردووە و لە ڕێی ئەو گرێبەستانەوە ھەزاران دۆنم زەوی کشتوکاڵی جوتیارانی کورد و تورکمانی داوەتە عەرەبە ھاوردەکان.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا لە ھەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، ئەرکی شەڕکردنی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی کۆتایی ھات، تەواوی ھێزە شەڕکەرەکان و کەلوپەلە جەنگییەکانی ھاوپەیمانان براونەتە دەرەوەی عێراق.
وتیشی، ڕۆڵی ھاوپەیمانان تەنھا کورتکراوەتەوە لە ڕاوێژ و کۆمەک لە بواری ڕاھێنان بەو شێوەیەی لە بەرئەنجامی گفتوگۆی ستراتیژی لەسەر پێکھاتوون.
لە بەشێکی تری تویتەکەدا فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، سوپاسی دەوڵەتان و سەرکردایەتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ و ھاوبەشەکانی جەنگی داعشی کرد. جەختیشیکردەوە، ھێزە چەکدارەکانی عێراق لە ئامادەباشیدان بۆ بەرگریکردن لە گەلی عێراق.
(سیڤینیا شوڵتسە) وەزیری گەشەپێدان و ھاریکاری ئابووری ئەڵمانیا بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاند، ھەرچەندە پێشتر بەڵێنی بەخشینی ١٠٠ ملیۆن ژەم ڤاکسینی کۆرۆنایان دابوو بە وڵاتە ھەژارەکان، بەڵام تا کۆتایی ساڵ دەتوانن تەنھا ٧٥ ملیۆن ژەم بنێرن.
وتیشی، پێشکەشکردنی کۆمەکەکان نابێت لەسەر حسابی گەلی ئەڵمانیا بێت و کاریگەریی ھەبێت لەسەر کوتانی ھاوڵاتیان بە ڤاکسینی کۆرۆنا.
حکومەتی ئەڵمانیا لە مانگی ئابی ئەمساڵدا یەکەم کاروانی ڤاکسینی کۆرۆنای ڕەوانە کرد بۆ ئەو وڵاتانەی توانای دابینکردنی ڤاکسینەکەیان نییە بۆ ھاوڵاتییەکانیان.
لە دادگای تاوانە قورسەکانی ئیزمیر، دادگایکردنی "ئۆنور گەنجەر" بەڕێوەچوو کە لە ١٧ حوزەیرانی ئەمساڵ لە ناو بارەگایەکی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" لە شاری ئیزمیر، "دەنیز پۆیراز"ی کوشت کە کچی کارگوزارێکی باڵەخانەکە بووە و ئەو ڕۆژە لەبری دایکی باڵەخانەکەی پاککردووەتەوە.
بەر لە دادگایکردنەکە پەروین بوڵدان، ھاوسەرۆکی ھەدەپە ڕایگەیاند، ڕاستە بکوژی "پۆیراز" دادگایی دەکرێت، بەڵام ئەو کەس و ھێزانەی لەپشت بکوژەکەوەن ھێشتا ئاشکرا نەکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا نەکراوە. وتیشی، ئەو فیشەکەی بە "پۆیراز"ەوە نراوە ھەمان فیشەکە بە دیموکراسییەت و ئاشتییەوە نراوە.
لە کاتی چوونە دەرەوەی لە ھۆڵی دادگا، بکوژەکە دەستی بە قسە و پێکەنین کرد، ئەمەش کاردانەوەی پارێزەران و کەسوکارەکەی "پۆیراز"ی لێکەوتەوە و گژی لە نێوانیاندا دروستبوو.
پەروین بوڵدان ھاوسەرۆکی گشتی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە"، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تورکیا نەک تەنھا قەیرانی ئابوری، بەڵکو لە ھەموو ڕوویەکەوە لە قەیراندایە، بۆ چارسەرکردنی ئەو قەیرانانەش، تورکیا پێویستی بە ھەڵبژاردنی پێشوەخت ھەیە بۆ ئەوەی حوکمڕانییەکی نوێ پێکبھێنرێت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بە دیالۆگ دەتوانرێت چارەسەرەکان بدۆزرێنەوە، ئەگەر دیموکراتی لە ھەموو جێگایەک نییە، ئەرکی ئۆپۆزسیۆنە ڕێگەکانی دیموکراسی بدۆزێتەوە.
کونسوڵگەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، تەواوی ھاووڵاتیانی عێراق و ھەرێمی کوردستان، تەنھا بە کارتی دوو ژەمی ڤاکسینی کۆرۆنا کە ١٥ ڕۆژ بەسەر ژەمی دووەمدا تیپەڕ بووبێت و ئەنجامی نێگەتیڤی پشکنینی "پی سی ئاڕ" بە ماوەی ٩٦ سەعات و بە بێ ئەوەی پێویست بکات ڤیزا وەربگرن، دەتوانن لە ڕێگەی ئاسمانییەوە سەردانی ئێران بکەن.
ڕاشیگەیاندووە، ئەو مۆرەی تایبەت بە وەرگرتنی ڤاکسین لە پاسپۆرتەکە دەدرێت بە مانای وەرگرتنی ڤیزا دێت بۆ ماوەی ٣٠ ڕۆژ مانەوە لە ئێران.
محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی سلێمانی بە کوردسات نیوزی ڕاگەیاند، ھەموو ھەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کەمی غازی ماڵان خستووەتەگەڕ و لە ئێستاشدا بەھۆی پشووەکانی سەری ساڵ ڕێکارەکان تەوا نەکراون، چونکە ڕێکارەکان لە کاتی دەوامی فەرمانگەکان جێبەجێ دەکرێت.
وتیشی، بەدواداچوون و لێپرسینەوەیان لەسەر ئەو بابەتە دەستپێکردووە، دوای پشووی ساڵی نوێ ڕێکارەکان دەگیرێنەبەر و خشتەی نوێ بۆ دابەشکردنی غازی ماڵان دادەنرێت و ناھێڵن لە ژێر ھیچ بیانوویەکدا بەشە غازی ھاووڵاتیان کەم بکرێتەوە.
ئاژانسی ھەواڵی "سانا"ی سوری بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئیسڕائیل لە قوڵایی دەریای ناوەڕاستەوە مووشەکی ئاڕاستەی بەندەری بازرگانی شاری "لازقیە" کردووە و بەھۆیەوە ئاگرێکی گەورە لە گۆڕەپانی کۆنتەینەرەکان کەوتووەتەوە و زیانی ماددی گەورەی بە چەندین بینا و نەخۆشخانە و دوکان و شوێنی گەشتیاری گەیاندووە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆش میدیاكانی سوریا كۆنترۆڵكردنی ئەو ئاگرەیان ڕاگەیاند كە بەهۆی بۆردوومانەكەوە كەوتبووەوە.
ئەو بۆردوومانە مووشەکییەی ئیسڕائیل، دووەمین بۆردوومانە کە لە ماوەی مانگێکدا بکرێتە سەر سوریا و ناوەندێکی زیندوو بکاتە ئامانج.
حسێن عوقابی سەرکردە لە نەھجی وەتەنی ڕایگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگیی شیعەکان لە نێوان دوو بژاردەدایە، کە بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە یاخود لە ناو ئەنجومەنی نوێنەران ھاوپەیمانیەک دروست بکات و گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی پێکبھێنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕۆژانی داھاتوودا سەردانەکان بۆ ھەرێمی کوردستان لە بارەی پێکھێنانی حکومەتەوە زیاتر دەبن، کورد و سوننەش بە ڕوونی ئەوەیان وتووە، کە پشتیوانی ھیچ لایەنێکی شیعە ناکەن، دژ بە لایەنێکی تری شیعە.
ھاوکات ڕەسوڵ ڕازی سەرکردە لە ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، چوارچێوەی ھەماھەنگی لەگەڵ کورد و سوننە دانوستان دەکات، بۆ زانینی بۆچوونیان لە بارەی کاندیدی پۆستەکانی سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، پاشان لە ناو چوارچێوەکە کاندیدی سەرۆک وەزیران دیاری دەکەن.
ڕاشیگەیاند، وەک چوارچێوەی ھەماھەنگی ھیچ نیەتێکیان بۆ ھەڵپەساردنی پڕۆسەی سیاسی نیە، بەڵکو کار بۆ دانانی مەرجەکانی دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانی داھاتوو دەکات.
بە پێی ڕاگەیەنراوێکی کۆشکی سپی، کۆبوونەوەکە لە ١٠ی مانگی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ ئەنجام دەدرێت و ئەمریکا زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەنجامدانی، کۆبوونەوەکەش لە چوارچێوەی دانوستانی ئەمنی ستراتیژیدایە کە "جۆو بایدن" سەرۆکی ئەمریکا و "ڤلادمیر پوتن" سەرۆکی ڕووسیا لە لوتکەکەی نێوانیان لە "ژنێڤ" بڕیاریان لێوەدا.
بڕیاریشە لە ڕۆژی ١٢ی ھەمان مانگدا، کۆبوونەوەیەکی تر لە نێوان ڕووسیا و ھاوپەیمانی باکوری ئەتڵەسی "ناتۆ" ئەنجام بدرێت و ١٣ی مانگیش کۆبوونەوەی سێیەم لە نێوان ڕووسیا و ڕێکخراوی ئاسایش و ھەماھەنگی ئەوروپا ئەنجام دەدرێت.