لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە شاری هەولێر، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و وتەبێژی رەسمی یەکێتی، پێشوازی کرد لە وەفدێکی یونامی بە سەرپەرشتی فرانسیک لاناو، بەرپرسی یونامی لە هەرێمی کوردستان و مۆنیا رادزی مۆتسی، بەرپرسی بەشی کاروباری سیاسی یونامی لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارەکەدا، هەردوولا بارودۆخی سیاسی، ئابووری و سەربازی عێراق و کوردستان و ناوچەکەیان بەگشتی تاوتوێکرد. بەتایبەتی، هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە نۆڤەمبەری ئەمساڵ ئەنجام بدرێت، خرانە بەر باس.
هەروەها، دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی سوریاش لە دیدارەکەدا تاوتوێکران.
وەفدی دەم پارتی داواكاری بۆ دیداری ئۆجەلان پێشكەشكرد و داوا دەكات پێش جەژنی نەورۆز دیدارەكە ئەنجام بدرێت.
تونجەر باقرخان هاوسەرۆكی گشتیی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان"دەم پارتی"رایگەیاند، بۆ ئەوەی پێش جەژنی نەورۆز دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی"پەكەكە"ئەنجام بدەن، وەفدی ئیمرالی دەم پارتی سەردانی وەزارەتی دادی توركیای كرد و داواكارییان پێشكەشی وەزارەتی داد كرد.
ئەوەش لە كاتێكدایە دوای بانگەوازەكەی ئۆجەلان لە 27ی شوباتی رابردوو، وەفدی دەم پارتی سەبارەت بە جێبەجێكردنی پرۆسەی ئاشتی، زنجیرەیەك كۆبونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و رێكخراوەكان و خەڵك ئەنجامداوە، بڕیارە لە دیداری داهاتوودا ئەنجامی كۆبونەوەكان بگەیەننەوە بە عەبدوڵا ئۆجەلان.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە ئیدارەکەی نزیکەی 80 هەزار لاپەڕە لە فایلەکانی پەیوەست بە تیرۆرکردنی جۆن ئێف کەنەدی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا لە ساڵی 1963 بڵاودەکاتەوە.
لە سەرەتای ئەمساڵدا ترەمپ فەرمانێکی ئاڕاستەی حکومەتی فیدراڵی کرد کە تیایدا هاتووە، تۆمارەکانی پەیوەست بە تیرۆرکردنی کەنەدی و رۆبێرت کێنەدی برای و مارتن لۆسەر کینگ، کە لە ساڵی 1968دا کوژران، بڵاودەکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە میانی سەردانەکەیدا بۆ سەنتەری کەنەدی لە واشنتۆن بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "خەڵک دەیان ساڵە چاوەڕێی ئەمە دەکەن، زۆر کاریگەردەبێت". FBI لە سەرەتای مانگی شوباتدا رایگەیاندبوو، هەزاران بەڵگەنامەی نوێیان دۆزیوەتەوە کە پەیوەندییان بە تیرۆرکردنی کەنەدییەوە هەیە.
لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا، ترەمپ بەڵێنیدا دوایین بەش لەو بەڵگەنامانەی کە تا ئێستا بەنهێنی ماونەتەوە، لە پرسی تیرۆرکردنی کەنەدی بڵاوبکاتەوە. ترەمپ لە خولی یەکەمی خۆیدا بەڵێنێکی هاوشێوەی دابوو، بەڵام لە ژێر فشارەکانی FBI و CIA دا رازیبوو بۆ ئەوەی هەندێک بەڵگەنامە بە نهێنی بهێڵنەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، ترەمپ کوڕەزای کەنەدی بەناوی رۆبەرت ئێف، کاندید کرد، بۆ ئەوەی ببێتە وەزیری تەندروستی لە ئیدارە نوێیەکەیدا. باوکی کەنەدی، ڕۆبەرت ئێف کەنەدی، لە ساڵی 1968 تیرۆرکرا.
بایۆگرافیا و گرنگترین وێستگەکانی ژیانی جۆن کەنەدی:
جۆن فیتزجێراڵد کەنەدی ساڵی 1917 لە خێزانێکی ناوداری ئەمەریکا لەدایک بووە. باپیری سەرۆکی شارەوانی بۆستن بووە. باوکیشی بزنسمانێکی دیار و دواتریش باڵیۆزی ئەمەریکا بووە لە لەندەن.
ساڵی 1939 بۆ یەکەمجار چووەتە ناو سیاسەت و وەک یاریدەدەر لە نووسینگەی باوکی کاری کردووە.
خوێندنی لە زانکۆی ھارڤارد تەواو کردووە.
لە جەنگی جیھانی دووەمدا وەک مولازم لە ھێزی دەریایی وڵاتەکەی خزمەتیکردووە.
لە ساڵی 1953 بووەتە سیناتۆر.
ھەمان ساڵ لەگەڵ جاکویلین بۆوڤییەر کە لە خێزانێکی ئەرستۆکرات و بەناوبانگی ئەمەریکا بووە ھاوسەرگیری کردووە.
ئەستێرەی کەنەدی تا دەھات دەگەشایەوە ساڵی 1960 لە ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا لە "ریچارد نیکسن"ی بردەوە و بووە گەنجترین سەرۆکی ئەمەریکا.
لە سەردەمی کەنەدی دیبەتی سەرۆکایەتی دەستیپێکرد و یەکەم دیبەیتیان 70 ملیۆن ئەمەریکایی سەیریان دەکرد، تا ئێستاش دیبەتی سەرۆکایەتی بووەتە نەریتێکی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.
کەنەدی زۆر گرنگی بە گەنجان دەدا و لە یەکەم گوتاریدا وەک سەرۆکی ئەمەریکا بەشێکی قسەکانی بۆ نەوهی داھاتوو گەنجان تەرخانکرد.
خۆی و ژنەکەی بوونە خۆشەویسترین سەرۆک و خانمی یەکەمی ئەمەریکا.
لەو سەردەمەدا ململانێکان لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەت و کوبا و ڤێتنام گەیشتنە لوتکە، لەگەڵ سۆڤیەت مەترسی جەنگی ئەتۆمیش لە ئانوساتدا بوو.
ساڵی 1963 لەگەڵ مارتن لوسەر کینگ پارێزەر و چالاکوانی رەش پێستەکانی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی کۆبوویەوە.
تشرینی دووەمی 1963 وەک ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی ساڵی 1964 کەنەدی تهمهن 46 ساڵ سەردانی تێکساس دەکات.
لەسەر داواکاری سیاسیەکانی پارتەکەی سەقفی لیمۆزینەکەی لادەبات و 22ی تشرینی دووەمی 1963 سەردانی داڵاس دەکات.
لەگەڵ خانمی یەکەمی ئەمریکا جاکویلین لە پشتەوە دادەنیشن و سڵاو لە ئاپۆرای خەڵکی دەکەن.
کاتژمێر 12:30 نیوەڕۆی ھەمان رۆژ لە شەقامی ئی ئێڵ ئێم تەقە لە کەندی دەکرێت.
دوای نیو سەعات لە نەخۆشخانەی پارکلاندەوە ھەواڵی گیان لەدەستدانی جۆن کەنەدی سەرۆکی ئەمریکا راگەیهندرا.
لیی ھارڤەی ئاسوۆڵد ئەو کەسەی کەنەدیی تیرۆر کرد، پێش دادگاییکردنی لەلایەن جاک رەبیەوە دەکوژرێتەوە.
مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەبۆنەی کۆچی دوایی خاتوو "ساریا سۆفی حسێن" دایکی "نزار ئامێدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و گوهدار ئامێدی"ەوە پرسەنامەیەکی ئاڕاستەکردن و رایگەیاند: "لەناخی دڵمانەوە پرسە و ماتەمینی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێزتان و کەسوکار و خانەوادە تێکۆشەر و ماندونەناسەکەتان دەکەین ".
دەقی پرسەنامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان:
هەڤاڵ نزار ئامێدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی
هەڤاڵ گۆهدار ئامێدی
بۆ کۆچی دوایی خاتوو ساریا سۆفی حسێن دایکی بەڕێزتان، لەناخی دڵمانەوە پرسە و ماتەمینی خۆمان ئاڕاستەی بەڕێزتان و کەسوکار و خانەوادە تێکۆشەر و ماندونەناسەکەتان دەکەین
لە یەزدانی مەزن داواکارین کۆچکردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و ئارامی بە گشت لایەکتان ببەخشێت
انا للە وانا الیە راجعون
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی کۆچی دوایی خاتوو "ساریا سۆفی حسێن" دایکی "نزار ئامێدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و کاک گوهدار ئامێدی"ەوە پرسەنامەیەکی ئاڕاستەکردن و رایگەیاند: "بۆ ئەم لەدەستدانە هاوخەمتانم، لەخوای گەورە داواکارین ئەمە دواناخۆشیتان بێت و گیانی کۆچکردووش بە بەهەشتی بەرین شادبکات".
دەقی پرسەنامەکە:
هەڤاڵانی ئازیزمان کاک نزار ئامێدی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و کاک گوهدار ئامێدی
بەداخ و خەمێکی قووڵەوە هەواڵی کۆچی دوایی خاتوو(ساریا سۆفی حسێن)دایکی بەڕێزتانمان پێگەیشت.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی ئێوەو کەسوکارو بنەماڵە سەربەرزو تێکۆشەرەکەتان دەکەم کە نموونەیەکی هەرەباڵان لە خەبات و تێکۆشاندا.
بۆ ئەم لەدەستدانە هاوخەمتانم، لەخوای گەورە داواکارین ئەمە دواناخۆشیتان بێت و گیانی کۆچکردووش بە بەهەشتی بەرین شادبکات.
ئارامی و سەبووریش بەهەموولایەک ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
وابڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هەولێر کۆببنەوە و باس لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ و چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێم بکەن.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند: مەكتەبی سیاسی یەكێتی و پارتی لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لە هەولێر كۆدەبنەوە و لە كۆبوونەوەكەدا پێكهێنانی حكومەتی نوێ تاوتوێ دەكرێت.
ئەم کۆبوونەوەیە لەدوای کۆبوونەوەی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسرور بەرزانی دێت لە پیرمام.
عماد حوسێن، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی ئاکرێ، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ ئێمە ئاگادارکراینەوە بە حاڵەتێکی کوشتن لە کەمپی ماملیان و دوای گەیشتنی تیمەکانمان بۆ شوێنی رووداوەکە، ئاشکرا بوو کە ژنێکی 29 ساڵ لەلایەن هاوژینەکەیەوە خنکێنراوە."
بەپێی زانیارییەکان، تەرمی قوربانییەکە بۆ پزیشکی دادی دهۆک رەوانەکراوە بۆ پشکنینی پێویست و دیاریکردنی هۆکاری سەرەکی مردنەکەی.
عیماد حوسێن ئاماژەی بەوەشکرد؛ کە تۆمەتبارەکە تەمەنی 37 ساڵە، دەستبەجێ دەستگیرکراوە و بەپێی مادەی 406ی یاسای سزادانی عێراقی پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە .
کەمپی ماملیان یەکێکە لە کەمپەکانی ناوچەی ئاکرێ کە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە و پەنابەر لەخۆ دەگرێت.
بۆ دووەمین جار لە ماوەی هەفتەیەكدا، نرخی زێڕ ئاستێكی پێوانەیی تۆماركرد و ئۆنسەیەك گەیشتە سەروو سێ هەزار دۆلار.
ئەمڕۆ لەگەڵ كردنەوەی بازاڕەكانی جیهاندا، نرخی زێڕ 0.2% بەرزبووەوە و گەیشتە سێ هەزار و هەشت دۆلار، لە ئەمریكاش بەڕێژەی 0.4% بەرزبوونەوەی تۆمار كرد و ئۆنسەیەك زێڕ گەیشتە سێ هەزار و 17 دۆلار.
ئەمە دووەمین جارە لە ماوەی هەفتەیەكدا كە نرخی زێڕ بگاتە ئاستی پێوانەیی، بەشێوەیەك رۆژی هەینی ئۆنسەیەك زێڕ گەیشتە سێ هەزار دۆلار.
ئەمساڵ لە دوای دەستبەكاربوونی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمریكا، بەهای زێڕ زیاتر 14% بەرزبووەتەوە، ئاڵۆزییە بازرگانییەكانیش داواكاری لەسەر زێڕ زیاتر كردووە.
لە هەرێمی كوردستانیش، زێڕی عەیارە 18 گەیشتووەتە 533 هەزار و عەیارە 21یش بە 621 هەزار و عەیارە 24 بە 709 هەزارە.
لە کاتێکدا هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامن، کاربەدەستانی ئەمەریکا بە توندی رەخنە لە حەماس دەگرن و بزووتنەوەکە بە بەرپرسیاری سەرەکی دەستپێکردنەوەی شەڕەکە دادەنێن.
برایان هیوز، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمەریکا، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "حەماس دەیتوانی رێگای ئاشتی هەڵبژێرێت، بەڵام ئەو بڕیارەی نەدا. ئەوان پێشتر دەرفەتی ئەوەیان هەبوو بارمتەکان ئازاد بکەن و ئاگربەست درێژ بکەنەوە، بەڵام گەڕانەوەیان هەڵبژارد بۆ شەڕ."
لە بەرامبەردا، حەماس ناتانیاهۆی بە پاشگەزبوونەوە لە رێککەوتنی ئاگربەست و هەموو بەڵێنەکانی پێشتر، تۆمەتبار کردووە و داوای لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی کردووە خۆپیشاندان دژی کردەوەکانی ئیسرائیل بکەن.
"باجێکی قورس"
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ ناوچەکە، هۆشداری داوە کە حەماس باجێکی قورسی راگرتنی بارمتەکان دەدات.
"بەردەوامبوون لە راگرتنی بارمتەکان باجێکی قورسی لێ دەکەوێتەوە و ئەوە لە بەرژەوەندی خەڵکی فەلەستین نییە،" ویتکۆف لە لێدوانەکەیدا، داوای ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم بارمتە زیندووەکانی کرد.
بارودۆخی مرۆیی
لە لایەکی دیکەوە، وەزارەتی تەندروستیی غەززە رایگەیاندووە کە لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل، زیاتر لە 300 فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار کەسی دیکەش بریندار بوون.
گوتەبێژی سەربازی ئیسرائیل پێشتر رایگەیاندبوو کە "هێزەکانی IDF و شاباک، هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر بزووتنەوەی حەماس لە سەرتاسەری کەرتی غەززە دەست پێ دەکەن."
سەرچاوە نزیکەکان لە ناوچەکە دەڵێن شەڕە نوێیەکان کاریگەری قورسی لەسەر بارودۆخی مرۆیی لە غەززە دەبێت.
قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و فەرمانگە خزمەتگوزارییەكان كۆبووەوە و پلانێكی هاوبەشی دانا بۆ بەڕێوەچوونی چالاكییە ئاینی، هونەری و كلتورییەكانی جەژنی نەورۆز و رەمەزان بە شێوازێكی شارستانیانە.
لە كۆبوونەوەیەكدا ئەمڕۆ سێشەممە، ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی، پیرۆزبایی لە دانیشتوانی شارەكە كرد و رایگەیاند كە چەندین چالاكی هونەری و كلتوری لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنییەوە لە شەقامی سالم، گردی مامەیارە، پاركی ئازادی و بناری گۆیژە ئەنجام دەدرێن.
قائیمقام ئاماژەی بەوەكرد كە بۆ پاراستنی سەلامەتی هاوڵاتیان و هێمنی رەوشەكە، مەفرەزەی هاوبەشی هێزە ئەمنییەكان، هاتووچۆ و تیمەكانی تەندروستی لە شوێنی چالاكییەكان ئامادە دەبن.
سەبارەت بە پێشوازی لە گەشتیاران، ئاشكرایكرد؛ كە پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زۆر گەشتیار لە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقەوە بێنە سلێمانی و ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ دابینكردنی شوێنی مانەوە، خواردن و پشودان.
هەروەها بڕیار دراوە كە لە ئێوارەی نەورۆزدا كەمترین شەقام بەڕووی ئۆتۆمبێلدا بەربەست بكرێت و تیمەكانی هاتووچۆ ئامادە دەبن بۆ رێكخستنی هاتوچۆ.
لە بارەی كوالێتی و نرخی خواردن، قائیمقام ئاماژەی بەوەكرد كە لیژنە هاوبەشەكان گەڕان و پشكنینەكانیان زیاتر كردووە و رێگە نادەن خواردن و پێداویستی ناتەندروست یان بە نرخی زۆر، بدرێت بە هاوڵاتیان.
بۆ جەژنی رەمەزانیش، ئامادەكاری تەواو كراوە بۆ رێكخستنی بازاڕەكان لە رۆژانی پێش جەژن و دابینكردنی تیمی ئەمنی و تەندروستی لە نزیك گۆڕستانەكان و شەقامەكانی ناو و دەرەوەی شار.
لە كۆتاییدا، قائیمقامی سلێمانی جارێكی تر پیرۆزبایی لە تەواوی دانیشتوانی سلێمانی كرد و ئومێدی خواست بۆنە ئاینی و نەتەوەییەكان لە كەشێكی ئارام و خۆشدا بەڕێوەبچن.
حەوت ساڵ بەسەر داگیركردنی عەفرینی رۆژئاوای كوردستان لەلایەن توركیاوە تێدەپەڕێت، بەهۆی داگیركارییەكەشەوە رێژەی كورد لە ناوچەكەدا لە 80%ەوە بۆ 20% دابەزیوە.
حەوت ساڵ لەمەوبەر لە 18ی ئاداری 2018 دوای 58 رۆژ لە بەرگریكردن، لەلایەن توركیاو گروپە چەكدارەكانەوە، شاری عەفرین لە رۆژئاوای كوردستان دەستیبەسەردا گیرا، دواتر سیاسەتی گۆڕینی دیمۆگرافیا و قڕكردنی ژینگەیی لە ناوچەكەدا جێبەجێ كرا.
بە پێی ئامارە رەسمییەكان لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا زیاتر لە هەزار كەس لە ژێر ئەشكەنجەدا شەهیدبوون و نزیكەی 10 هەزار كەسیش ڕفێندراون كە نزیكەی سێ هەزاریان ژن و منداڵن، هەروەها چەندین ناوچەی شوێنەواری تاڵانكراون، نزیكەی 50 مەزارگەی ئاینیش پێكهاتە و ئاینە جیاوازەكان خاپووركراون.
هەروەها بەپێی ئامارێكی ڕَكخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین، بەهۆی داگیركارییەكەوە رێژەی كورد لە ناوچەكەدا، لە 80% ەوە دابەزیوە بۆ 20%.
لە گوندی توڵکی سنووری پارێزگای کەرکوک، گەنجێک لەسەر کێشەی زەوی و زار کوژرا.
سەرچاوەیەکی ئەمنی بە کوردسات نیوزی راگەیاند، گەنجێک بە ناوی "هانا عەدنان" لەلایەن چەند کەسێکی دانیشتووی گوندی توڵکی سەر بە ناحیەی شوان لە سنووری پارێزگای کەرکوک کوژرا.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری روداوەکە دەگەڕێتەوە بۆ کێشەی زەوی و زار لەنێوان هەر دوو خانەوادەی کوژراوەکە و بکوژەکە.
هاوکات پەیامنێری کوردسات نیوز لە کەرکوک رایگەیاند، هێزەئەمنییەکان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانیان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری روداوەکە دەستپێکردووە، بەڵام تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر روداوەکە دەستگیر نەکراوە.
جێی ئاماژەیە گەنجە کوژراوەکە هەمان ئەو کەسەیە کە چەند ساڵێک پێش ئێستا لەلایەن چەند کەسێکەوە رفێندرا و لە بەرانبەر ئازادکردنیدا، داوای بڕێکی زۆری پارە کرا.
لە بڕگەی لە رەمەزاندا هەر جارەو بابەتێکی پەیوەست بە رۆژوو و مانگی رەمەزان باس دەکەین، ئەمڕۆش باس لەو هۆکارانە دەکەین وادەکات لە مانگی رەمەزاندا کێشت زیاد بکات.
بچۆ سەر بەشی تەندروستیی سایتی کوردسات نیوز بۆ بینینی سەرجەم بڕگەکانی "لە رەمەزاندا"
هەندێک کەس سەرەڕای ئەوەی بەرۆژوو دەبن و ماوەیەکی درێژ هیچ خواردن و خواردنەوەیەک ناخۆنەوە، بەڵام لە مانگی رەمەزاندا کێشیان زیاد دەکات.
دکتۆر کامهران رسوڵ ژاژڵهیی پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک ئاماژەی بەوەکردووە، قەڵەوبوون و زیادبوونی کێش لە رەمەزاندا ماوەی چەند ساڵێکە بووەتە بابەتێکی بەربڵاو و ئەوەش چەند هۆکارێکی هەیە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
1.کهمی جوڵه و سستی و وهرزشنهکردن لهنێوان بهربانگ و پارشێو، هەروەها دانیشتن بۆ ماوهیهکی زۆر به دیار تهلهفزێون مۆبایڵ و کۆمپیوتهرهوه لە شەواندا.
2.خواردنی بڕێکی زۆر خۆراکی دهوڵهمهند به وزه، وەک برنج و شله و گۆشت و ناوساجی و خواردنی سوورکراوه و شیرینی.
3.خواردنهوه باوهکانی مانگی رهمهزان: وهک شهربهتی مێوژ ههموو رۆژێک.
4.نهخواردنهوهی بڕی پێویست له ئاو و وشکبوونهوهی لهش.
5.نهخواردن یان کەمخواردنی سهوزه و میوه.
6.زۆر خواردنی خورما و میوەی و شکراوە .
7.پارشێونهکردن یان خواردنی چهور و شیرینی و برنج و شله له پارشێودا.
8.نهخواردنی زهڵاته و سهوزه و شۆربا له سهرهتای بهربانگکردنهوه.
9.شهونخوونی و نهخهوتن تاوەکو پارشێو.
قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، دەستیان بەسەر زیاتر لە 300 کیلۆگرام ماستی بەسەرچوودا گرتووە، کە خاوەنەکەی بەنیازبووە بە هاووڵاتییانی بفرۆشیت.
قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، دەستیان بەسەر 18 سەتڵی گەورە ماستدا گرت، کە بۆ خواردن و بەکارهێنان شیاو نەبوون.
باسی لەوەشکردووە، خاوەنەکەی بەنیازبووە لەم مانگی رەمەزانەدا بە هاووڵاتییانی بفرۆشێت و لە بازاڕەکاندا ساغی بکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو 18 سەتڵ ماستە کێشیان دەگاتە 324 کیلۆگرام و بە فەرمانی قائیمقامی سلێمانی لەناودەبرێن.
ئەوەش هاتووە، راپۆرتی لیژنەکان ئاشکرایکردووە، ماستەکە لە دەرەوەی شاری سلێمانییەوە هێنراوە و لە مانگی دووی ئەمساڵەوە بەسەرچووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی تەواوی ماستە بەسەرچووەکە لەناودەبرێت و خاوەنەکەشی رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەکرێتەوە.
دوای تێپەڕینی زیاتر لە یەک مانگ بەسەر دابەشکردنی موچەی مانگی یەکی موچەخۆران، رۆژی 13ی ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی دوو کرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 17ی مانگ، 22 دەستە و وەزارەت موچەی مانگی دوو وەردەگرن.
ئەو شوێنانەی ئەمڕۆ موچە وەردەگرن ئەمانەن:
کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پەروەردە، دارایی و ئابووری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، دیوانی چاودێری دارایی، مافی مرۆڤ، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، تەندروستی، ناوخۆ، داد، ئەنجومەنی دادوەری، پلاندانان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سروشتیەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار
رۆژی 13ی ئەم مانگە دەست بە دابەشکردنی موچەی مانگی دوو کرا و بەپێی خشتەی موچەی مانگی 3، لەماوەی پێنج رۆژدا موچەی سەرجەم دەستە و وەزارەتەکان دابەشدەکرێت.
12ی ئەم مانگە، دوای ئەوەی بەغداد پارەی موچەی مانگی دووی خستە سەر هەژماریی بانکی وەزارەتی دارایی هەرێم، خشتەی موچە راگەیەنرا.
لەلایەکی دیکەوە حکومەتی هەرێم رایگەیاند، هەوڵدەدەن بەر لە جەژن موچەی مانگی سێ'ش دابەش بکەن.
رۆژی 4ی مانگی رابردوو، موچەی مانگی 1ی موچەخۆرانی هەرێم دابەشکرا، لەکاتێکدا موچەخۆران دەبوو موچەی مانگی 12ی ساڵی رابردوو وەربگرن، لەئێستاشدا چارەنووسی موچەی مانگی 12 یەکلا نەکراوەتەوە.