حوسییەکانی یەمەن موشەکێکی هایپەرسۆنیکیان بەرەو خاکی ئیسرائیل ئاراستە کرد و بەرگریی ئاسمانی ئیسرائیلیش ڕێگری لێکرد.
سەرچاوە سەربازییەکانی سەر بە بزووتنەوەی ئەنساڕوڵای یەمەن باسیان لەوە کرد کە شەوی رابردوو هێرشێکیکی سەربازییان بە ناوی موشەکی "فەڵەستین 2" ئاراستەی بنکەیەکی سەربازی لە رۆژهەڵاتی حەیفا کردووە.
وتەبێژی فەرمی گرووپەکە ئیدیعای ئەوەی کرد کە موشەکەکەیان بە سەرکەوتوویی گەیشتووەتە ئامانجەکەی و دەستی بەسەر سیستەمی بەرگریدا گرتووە. بەگوێرەی قسەکانی، "سیستەمی رێگریکەرەکانی ئیسرائیل نەیانتوانی پێش بە موشەکەکە بگرن."
بەڵام لەبەرامبەردا، بەرپرسانی سەربازی ئیسرائیل جەختیان لەوە کردەوە کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیان بە سەرکەوتوویی توانیویەتی موشەکەکە لەناو ببات پێش ئەوەی بگاتە ئاسمانی وڵاتەکەیان.
لە راگەیەندراوێکدا، سوپای ئیسرائیل باسی لەوە کرد کە "بەپێی سیاسەتی دامەزراویان، سیستەمی بەرگری ئاسمانی چالاک کراوە" و ئاماژەی بەوەش کرد کە بەهۆی رێگریکردنەکەوە پاشماوەکان کەوتوونەتە خوارەوە.
ئەم روداوە لە کاتێکدایە کە ئاڵۆزییەکانی نێوان ئیسرائیل و گرووپە چەکدارەکانی ناوچەکە بەردەوام لە هەڵکشاندایە. حوسییەکان لەدوای شەڕی غەززەوە دەستیان بە ئەنجامدانی هێرش کردووە بۆسەر ئیسرائیل بۆ پشتگیری لە فەلەستینییەکان.
كەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ رەشەبا هەڵدەكات و لە ناوچەكانی باشوری هەرێم توز و خۆڵی لەگەڵ دەبێت، سبەینێش لە ناوچە شاخاوییەكان نمە باران دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ رەشەبا هەڵدەكات و لە ناوچەكانی باشوری هەرێم توز و خۆڵیشی لەگەڵ دەبێت. هەروەها مەودای بینین لە نێوان 7 بۆ 8 كیلۆمەتر دەبێت، بەڵام لە كات و شوێنی رەشەبا و دابارین دادەبەزێت بۆ نێوان 4 بۆ 5 كیلۆمەتر.
كەشناسیی هەرێم پێشبینییەكانی بۆ سبەینێش بڵاوكردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، رۆژی شەممە ئاسمان لە نێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، لەگەڵ بارینی كەمێك نمە باران لە ناوچە شاخاوییەكان، هەروەها تاوە بارانی كەم لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی هەرێم، پلەكانی گەرماش بەراورد بە تۆماركراوەكانی ئەمڕۆ 2 تا 4 پلە نزم دەبنەوە.
رەنگە هێدفۆنەکانمان وەک بەشێکی دانەبڕاو لە گوێ و ژیانمان بمێننەوە، بەڵام بەکارهێنانی نابەرپرسیارانە و هەڵەی ئەم ئامێرانە دەتوانێت ببێتە هەڕەشەیەکی گەورە لەسەر توانای بیستن.
لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی Gazeta.Ru، دکتۆر سڤێتلانا نۆزنیتسکایا (پسپۆڕی نەخۆشییەکانی لووت، قورگ و گوێ) هۆشداری دەربارەی مەترسییە چاوەڕواننەکراوەکانی بەکارهێنانی هێدفۆن دەدەن لە چەند بارودۆخێکدا و ئاماژە بە مەترسیدارترین کاتەکانی بەکار هێنانی ئەو ئامێرە دەدات کە بریتیە لە کاتی وەرزشکردن، مەلەوانی یان خۆشۆردن.
دکتۆر نۆزنیتسکایا وتی: "توێژینەوە جیهانییەکان دەریانخستووە کە بەکارهێنانی هێدفۆن رێژەی بەکتریا لەناو کەناڵی گوێدا 11 جار زیاد دەکات. هەموومان بەکتریا لە گوێکانماندا هەیە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئەم بەکتریایانە هیچ کێشەیەکی تەندروستی دروست ناکەن، بەڵام ئەگەر ژمارەیان زیاد بێت یان بەکتریای نوێ بچێتە ناو گوێ، بۆ نموونە کاتێک گوێچکەیەک دەدەیت بە هاوڕێیەکت بۆ گوێگرتن لە مۆسیقا، دەکرێت ببێتە هۆی پەرەسەندنی هەوکردن لەناو گوێدا... پێستی کەناڵی گوێی دەرەکی زۆر ناسکە، بۆیە بەکارهێنانی بەردەوام یان درێژخایەنی گوێچکەکان دەتوانێت لە کۆتاییدا زیان بە ساغڵەمی پێست بگەیەنێت و ببێتە هۆی هەوکردنی کەناڵی گوێی دەرەکی."
نۆزنیتسکایا لە چاوپێکەوتنەکەدا ئاماژەی بەوە کرد کە هێدفۆن و گوێچکەکان گەرمی و شێ هەڵدەمژن، کە ئەمەش ژینگەیەکی باش دروست دەکات بۆ گەشەکردنی هەموو جۆرە بەکتریا و کەڕووەکان، و ئەم دۆخە لەوانەیە یارمەتی گواستنەوەی بەکتریا یان کەڕوو بۆ ناو گوێ بدات و ببێتە هۆی تووشبوون بە هەوکردنطکی مەترسیدار لەسەر بیستن.
پزیشکەکە ئامۆژگاری ئەو کەسانەی کرد کە بەشێوەیەکی بەردەوام هێدفۆن بەکاردەهێنن کە لانیکەم هەفتەی جارێک گوێچکەکانیان بە ئەلکهولی پزیشکی خاوێن بکەنەوە، هەروەها دڵنیا بن لە پاککردنەوەی بەردەوامی گوێچکەکان.
بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نزیکەی ٪50ی ئەوانەی لە تەمەنی 12 بۆ 35 ساڵدان لەمەترسییدان بۆ لەدەستدانی هەستی بیستن بەهۆی بەردەوام گوێدانە دەنگی لەرەلەر بەرز.
حکومەتی سوریا و نوێنەرانی تایفەی دروز لە پارێزگای سوێدا گەیشتنە رێککەوتنێک سەبارەت بە کاراکردنی رۆڵی وەزارەتی ناوخۆ لە پارێزگاکەدا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، هۆزی یەکگرتووی دروز لە راگەیەندراوێکدا دووپاتی کردەوە کە ئەوان "بەشێکی دانەبڕاون لە نیشتمانی یەکگرتووی سوریا" و بە توندی "دابەشبوون و جیابوونەوە" رەتدەکەنەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا، هۆزی یەکگرتووی دروز جەختی لەسەر پێویستی "بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری سوریا" کردووەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا داوایان کردووە کە "رۆڵی وەزارەتی ناوخۆ لە پارێزگای سوێدا کارا بکرێت".
هەروەها لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، دروزەکان باسیان لەوە کردووە کە "نیشتمانێکیان دەوێت کە هەموو سورییەکان لەخۆ بگرێت" و دوور بێت لە هەر جۆرە دەمارگیری و فیتنەیەک.
دوای دواخستنی خولی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا و لێدوانێکی نوێی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر کەرتی نەوتی ئێران، تمەنی ئێرانی دابەزینێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی.
تمەنی ئێرانی بەرانبەر بە دۆلاری ئەمریکی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزی، ئەوەش لە کاتێکدا لە ماوەی بەڕێوەچوونی سێ خولی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا، تمەنی ئێرانی بەرانبەر بە دۆلار بەرزبووەوە.
بە گوێرەی دوایین ئامارەکانی بازاڕی دراو، ئێستا نرخی تمەنی ئێرانی لە بازاڕدا بەم شێوەیەیە:
* تمەنی حەواڵە: 8,500,000 تمەن بۆ هەر دۆلارێک
* تمەنی کاش: 8,000,000 تمەن بۆ هەر دۆلارێک
شارەزایانی بواری ئابوری پێیان وایە کە لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە کەرتی نەوتی ئێران و دواخستنی کۆبونەوەکان، کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر بازاڕ بەجێهێشتووە.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ کرێکارێک بەناوی "رابەر موزەفەر" لە بنەسڵاوەی هەولێر، لە رۆژی جیهانی کرێکاراندا بەهۆی روخانی دیوارێکەوە بەسەریدا گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردسات نیوز، رابەر موزەفەر لەکاتی کارکردندا لە پرۆژەیەکی بیناسازی لە ناوچەی بنەسڵاوە، دیوارێک بەسەریدا رووخاوە و بووەتە هۆی کۆتایی هاتن بە ژیانی.
شایەنی باسە ئەمڕۆ 1ـی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکارانە و لە کاتێکدا ئەم کارەساتە روویداوە کە رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی کرێکاران داوای چاککردنی هەلومەرجی کاری کرێکاران و دابینکردنی سەلامەتی پیشەیی دەکەن.
لە پێشهاتێکی گرنگدا لە ناوەندی سیاسی واشنتۆن، میدیا ئەمریکیەکان بڵاویان کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، مایک واڵتز راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ئەلێکس وۆنگی جێگرەکەی لە پۆستەکانیان لابردون.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی وۆڵ سترت جۆرناڵ کە رۆژی پێنجشەممە بڵاوکراوەتەوە، لادانی واڵتز لە پۆستەکەی پەیوەندی بە دزەپێکردنی زانیاریی نهێنی سەربازییەوە هەیە.
لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی فۆکس نیوز رایگەیاندوە کە جێگری واڵتزیش دەستی لەکار کێشاوەتەوە، هاوکات دۆناڵد ترەمپ ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی هۆکاری ئەم بڕیارە بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکا ئاشکرا بکات.
ئەم پێشهاتە لە کاتێکدایە کە پێشتر مایک واڵتز لە مانگی ئاداری 2025 روبەروی رەخنەی توند بووبۆوە، ئەویش دوای ئەوەی جێفری گۆڵدبێرگ، سەرنووسەری گۆڤاری ئەتڵەنتیک ئاشکرای کرد کە بە هەڵە خراوەتە ناو گرووپچاتێکی "سیگناڵ" کە تێیدا بەرپرسانی پایەبەرزی ئیدارەی ترەمپ زانیاریی هەستیار سەبارەت بە هێرشەکانی سەر حووسییەکانی یەمەنیان ئاڵوگۆڕ کردووە.
سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە کە گرووپچاتەکە بە ناوی "گرووپی بچووکی حووسییەکان" بووە و زانیاریی نهێنیی سەربازی تێدا ئاڵوگۆڕ کراوە. دوای ئەوەی پیت هێگسەس، وەزیری بەرگری و توڵسی گابار، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی رەتیان کردەوە کە هیچ زانیارییەک لەو گرووپچاتەدا بڵاوکرابێتەوە، گۆڵدبێرگ هەندێک زانیاری گرنگی بڵاوکردەوە، لەوانە کاتی ئەنجامدانی هێرشەکان و ئەو چەکانەی بەکارهێنراون.
ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە رایگەیاند کە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێکە لە بژاردەکانی سەرۆکی ئەمریکا بۆ پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی.
بەگوێرەی میدیا ئەمریکییەکان، مایک واڵتز لە کۆبوونەوە داخراوەکاندا دانی بەوەدا ناوە کە زانیارییەکانی گۆڵدبێرگ راست بوون، ئەمەش یەکێک بووە لە هۆکارەکانی لادانی لە پۆستەکەی.
مایک واڵتز کێیە؟
مایک واڵتز، سیاسەتمەداری ئەمریکی و ئەندامی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکایە لە پارتی کۆماری. لە دوای سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024، وەک راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی دامەزرا. واڵتز پێشتر ئەفسەری سوپای ئەمریکا بووە و خزمەتی لە هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا (Green Berets) کردووە.
لە ماوەی کارکردنی لە پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، واڵتز رۆڵێکی گرنگی هەبووە لە داڕشتنی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ و کاروباری پەیوەندیدار بە ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، بەتایبەت سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا لەگەڵ چین، روسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە دوا هەواڵەکانی پێوەند بە دۆخی مرۆیی غەززەوە، بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە بەیاننامەیەکی رەسمیدا رۆژی پێنجشەممە رایگەیاند کە هیچ خۆراکێکی نەماوە بۆ دابەشکردن لە کەرتەکەدا.
ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارە لە کاتێکدایە کە لە دووی مارسەوە ئیسرائیل رێگری لە چوونە ناوەوەی خۆراک و دەرمان دەکات بۆ غەززە. نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاداری کردوەتەوە کە بارودۆخی مرۆیی لە غەززە "لە سنووری وێناکردن تێپەڕیوە".
د. تیدرۆس ئەدهانۆم گێبریسۆس، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رایگەیاند: "بارودۆخی کەرتی غەززە کارەساتبارە و دوو ملیۆن کەس لە کەرتەکە، لە برسێتیدا دەناڵێنن."
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە بارەگای رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە جنێف، بەڕێوەبەری گشتی رێکخراوەکە وتی: "پاڵپشتی دارایی تەندروستی جیهانی روبەروی ئاستەنگی مێژوویی بوەتەوە بەهۆی کەمبوونەوەی بەشداری بەخشین لەلایەن چەند وڵاتێکەوە.
لە لایەکی دیکەوە، د. مونیر بەرش، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، رایگەیاند؛ دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر داخستنی دەروازەکان لە لایەن ئیسرائیلەوە ٪91ی فەلەستینیەکان لە کەرتی غەززە روبەروی قەیرانی خۆراک بوونەتەوە.
بەرش ئاماژەی بەوەدا کە ٪92ـی منداڵان و ژنانی شیردەر لە غەززە، بەهۆی گەمارۆی ئیسرائیلەوە لە کەمخۆراکیدا دەناڵێنن، ئەمەش هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ ژیان و گەشەکردنیان.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە ٪65ـی فەلەستینیەکانی کەرتی غەززە ئاوی پاکی خواردنەوەیان دەست ناکەوێت.
بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە راگەیەندراوێکی فەرمی دەربکات سەبارەت بە بارودۆخی قاتوقڕی لە غەززە، چونکە داتا پزیشکی و مرۆییەکان پشتڕاستی دەکەنەوە کە مەرجە نێودەوڵەتیەکانی جینۆساید لە غەززە هەیە.
ئەمڕۆ 45 رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر دەستپێکردنەوەی هێرشەکان بۆسەر غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان، رایگەیاند کە گۆڕانکاری لە کاتی بەڕێوەچوونی خولی داهاتووی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا کراوە، کە بڕیار بوو رۆژی شەممە، 3ـی ئایار لە شاری رۆما بەڕێوە بچێت.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە، بە ئاماژەدان بە لێدوانی وەزیری دەرەوەی عومان کە رایگەیاندبوو دانوستانەکان دواخراوە، رونی کردەوە کە دواخستنی دانوستانەکان بە پێشنیازی وەزیری دەرەوەی عومان بووە و سەبارەت بە بەرواری پێشبینیکراوی داهاتوو، دواتر زانیاری بڵاودەکرێتەوە.
ئیسماعیل بەقایی، دوپاتیکردەوە، "ئێران لە سەرەتای دەستپێکردنی دانوستانەکانەوە بە نیازپاکی، لەسەر بنەمای هەڵوێستی بنەڕەتی وڵاتەکەمان بەپێی یاسای نێودەوڵەتی لە بواری بەکارهێنانی ئاشتیخوازانەی وزەی ناوەکی و کۆتاییهێنان بە سزا نایاساییەکان مامەڵەی کردووە و جددیەتی خۆی بۆ دانوستانێکی ئەنجامدار بە مەبەستی گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی دادپەروەرانە، عاقڵانە و بەردەوام نیشانداوە و لەم ڕێگایەدا بە توانا و هێزەوە چەسپاو دەمێنێتەوە".
ئەم لێدوانەی بەقایی لە پاش لێدوانی وەزیری دەرەوەی عومان دێت کە رایگەیاند: بە هۆکاری لۆجیستی و لەلایەن عومانەوە دانوستانەکان دواخران بۆ هەفتەی ئایندە.
تۆڕی رۆژنامەنوسانی کوردی سوریا سەبارەت بە دیارنەمانی دوو رۆژنامەوانی کەناڵ 8 راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەئەکرەم ساڵح، پەیامنێری کەناڵی 8 و جودی حاج عەلی، وێنەگری، بەیاننامەیەکی نیگەرانی بڵاوکردەوە، کە لە کاتی روماڵکردنی پێکدادانەکانی ناوچەی سەحنایا لە گوندەکانی دیمەشق دیار نەماون.
بەپێی بەیاننامەکە، هەردوو رۆژنامەنووسەکە لە کاتژمێر 7:00ی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی پیشەییان بۆ روماڵکردنی پێکدادانە بەردەوامەکان لە ناوچەی سەحنایا دیار نەماون.
تۆڕی رۆژنامەنوسانی کوردی سوریا داوای لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و راگەیاندنی سوریا و هەموو دەزگا ئەمنی و سەربازییە پەیوەندیدارەکان کردووە کە بە زوویی هەنگاو بنێن بۆ دیاریکردنی شوێنی ئەو دوو رۆژنامەنووسە و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیان.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: "دیارنەمانی رۆژنامەنوسان لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکی پیشەییان دەرکەوتەیەکی مەترسیدارە و پێشێلکارییەکی جددییە بۆ مافی ئازادی رۆژنامەگەری کە لە راگەیاندنی دەستووری و کۆنوانسیۆنە نێودەوڵەتییەکان دەستەبەر کراوە."
هەروەها تۆڕەکە داوای لە هەموو لایەنە رەسمی و نارەسمیەکان دەکات ناوچەکە کردووە کە هاوکاری بکەن و هەر زانیارییەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ
تۆڕەکە داوا لە رێکخراوەکانی پاراستنی مافی مرۆڤ لە ناوخۆ و دەرەوە دەکات؛ کە فشار دروست بکەن بۆ کۆتاییهێنان بەم دۆخە و دڵنیابوون لە سەلامەتی رۆژنامەنوسەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ شوێنی نیشتەجێبونیان لە دیمەشق.
هاوکات کەناڵ هەشت لە راگەیەندراوێکیدا ئیدانەی ونبوونی رۆژنامەنوسەکانی دەکات و جەختدەکاتەوە لەوەی، “لەسەرەتاى روداوەکانى سوریاوە، بەشێوەیەکى پیشەییانە کاریانکردووە و خۆیان لە لایەندارى پاراستووە و روماڵ و کارەکانیان گەواهیدەرى ئەو راستییەن و هاوکارانیشیان لە نووسینگەکانی سوریا، بەدرێژایی پێنج مانگى رابردوو بەشێوەیەکى پیشەییانە کارەکانیان ئەنجامداوە و روماڵى روداوەکانیان کردووە”.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ئەکسیۆس پێدەچێت خولی چوارەمی دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ هەفتەی داهاتوو دوابخرێت.
بەپێی وتەی باراک راڤید، پەیامنێری ئاکسیۆس کە بە پشتبەستن بە سەرچاوە ئاگادارەکان لە ئێکس ئەو هەواڵەی بڵاوکردووەتەوە، ناوبراو رایگەیاندوە: لە ئەنجامدا کۆبوونەوەی E3 لەگەڵ ئێران کە پلانی بۆ دانرابوو سبەینێ بەڕێوەبچێت لە رۆما، دوادەخرێت.
محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، رایگەیاند کە ئیسرائیل بەبێ بوونی ئێرانیش هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر وڵاتانی عەرەبی ناوچەکە.
بەپێی لێدوانەکانی زەریف، "وڵاتانی ناوچەکە هەوڵدەدەن ئاسایش بەدەست بهێنن، بەڵام ئەم هەنگاوە ئاسایشیان بۆ دابین ناکات".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئێران جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە "سەردەمی هاوپەیمانێتی هەمیشەیی بەسەرچووە و ئەمڕۆ کاتی هاوپەیمانێتی کاتییە".
زەریف هۆشداری دایە وڵاتانی ناوچەکە و وتی: "هیچ وڵاتێک لە ناوچەکە بۆی نییە هەڕەشە لە ئێران بکات بێئەوەی باجی هەڕەشەکردنەکەی بدات".
شایەنی باسە، ئەم لێدوانانەی زەریف لە کاتێکدا دێت کە ناوچەکە بارگرژییەکی بێوێنە بەخۆیەوە دەبینێت لە نێوان ئێران و هاوپەیمانەکانی لەلایەک و ئیسرائیل لەلایەکی دیکەوە، هەر ئەمڕۆش وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند: کە ئێران دەبێت باجی هاوپەیمانی و پشتگری حوسیەکان بدات.
قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی کرێکاران و پێشێلنەکردنی مافەکانیان، حەوت شوێنمان داخستووە و هەزار و 104 شوێنیشمان ئاگادار کردووەتەوە، شوێنێکیشمان داوە بە دادگا.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە رۆژی جیهانی کرێکاراندا رایگەیاند، لە رێگای لیژنەکانەوە بۆ سەلامەتی کرێکاران و لەبەر نەبوونی مەرجی سەلامەتی شوێنکارێکیان رووبەڕووی دادگا کردووەتەوە، هەروەها هەزار و 104 شوێنیشیان ئاگادارکردووەتەوە کە مەرجەکانی سەلامەتی جێبەجێ بکەن، ئەمە جگە لەوەی ٧ شوێنیشیان لەسەر پابەندنەبوون داخستووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەوڵەکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ پاراستنی گیانی کرێکاران، تاوەکو ژیانێکی شایستەیان هەبێت.
دەشڵێت، "لە سۆنگەی باوەڕبوونمان بە دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەردەوام بووین لە پشتیوانیکردن لە خەباتی مەدەنی و پیشەیی کرێکاران و داکۆکیکردن لە مافە رەواکانییان، لەبەرئەوەی چینی كرێكاران لە كوردستاندا، چینێکی سەرەکی کۆمەڵگە پێکدەهێنن و هەمیشە رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان هەبووە لە گەشە و ئاوەدانکردنەوە و بنیادنانی وڵاتەکەمان".
قائیمقامی سلێمانی روونیشیکردووەتەوە، لیژنەی سەلامەتی کرێکاران لە ساڵی 2018ـەوە کە دامەزراوە، هەشت هەزار و 181 سەردانیان ئەنجام داوە، کە ئامانج لێی ئەوەیە لەو رێگایەوە ئاستەنگ و مەترسییەکانی بەردەم کرێکاران کەمبکەنەوە، تاوەکو رێگری بکرێت لەو قوربانییە زۆرانەی دەستی کار، کە ساڵانە بەهۆی نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتییەوە روودەدەن.
دوای ڕوبەڕوبوونەوە چەكدارییەكانی هێزە ئەمنییەكانی سوریا و دروزەكان، ڕێككەوتنێكی سەرەتایی بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە جەرمانا و ئەشرەفیە و سەحنایا لە ریفی دیمەشق كرا.
ئاژانسی هەواڵی سوری "سانا" بڵاویكردەوە، رێككەوتنەكە بە ئامادەبوونی پارێزگارانی ریفی دیمەشق و سوەیدا و قنەیتەرە و ژمارەیەك كەسایەتی كۆمەڵایەتی دیكە بووە.
عامر شێخ، پارێزگاری ریفی دیمەشق ڕایگەیاند، پاراستنی ئاسایش لە بەرپرسیارێتی هەمووانە، ژمارەیەك كەسی لە یاسا دەرچوو لە ئەشرەفیە و سەحنایا دەستگیركراون، بۆیە پێویستە چەك لە دەسەڵاتی دەوڵەتدا بێت.
وتیشی، لەو كەسانە نابورن كە بێڕێزییان كردووە بەرامبەر پیرۆزییە ئاینییەكان، لەسەروو هەموویانە پێغەمبەری ئیسلام.
بۆ ماوەی دوو رۆژ پێكدادانی سەخت لە نێوان هێزە ئەمنییەكانی سوریا و چەكدارە درووزەكان لە سەحنایا و ئەشرەفیە لە باشور و رۆژئاوای دیمەشق ڕوویدا و بەهۆیەوە 47 كەس لە هەردوولا كوژراون، ئەوەش دوای ئەوەی چەكدارە دروزەكان هەڵیانكوتایە سەر خاڵێكی پشكنین و سێ كەسیان برینداركرد.
حکومەتی هەرێم بەبۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکارانەوە رایگەیاندووە، تاوەکو ئێستا 193 هەزار و 768 کرێکار لە هەرێم دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە و نزیکەی هەزار کرێکاریش خانەنشین بوون.
حکومەتی هەرێم رایگەیاندووە، لە سەرجەم هەرێمی کوردستاندا 193 هەزار و 768 کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە، کە لەو ژمارەیە 165 هەزار و 464یان کرێکاری ناوخۆیین و 28 هەزار و 300ـی دیکەشیان کرێکاری بیانین.
ئەوەشی خستووەتە روو، تاوەکو ئێستا 958 کرێکار دوای دەستەبەرکردنیان لە پڕۆژەکانی کەرتی تایبەت، خانەنشین بوون و موچەی مانگانەیان هەیە.
حکومەتی هەرێم راشیگەیاندووە، بەپێی یاسای، دەبێت 75٪ی کرێکاری پڕۆژەکان، هاووڵاتی هەرێم بن.
هەروەها کرێکاران دەتوانن لەکاتی سەرپێچیدا پەیوەندی بکەن بە لایەنی پەیوەندیدار و ژمارە 5500، بۆ گرتنەبەری رێکاری پێویست.
خانمی یەکەمی عیراق پەیامێکی بەبۆنای رۆژی جیهانیی کرێکارانەوە بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، کرێکارانن بەشێکن لە بونیادنانی نیشتمان و دەڵێت، نیشتمان ئەو دەستی کارەیە کە بنیادی دەنێت و پارێزگاری لێدەکات ئەو دەست و بازووانەی شایستەی پێزانین.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە رۆژی جیهانیی کرێکاراندا رایگەیاند، 1ی ئایار، رۆژی جیهانیی کرێکاران، ئەو رۆژەی زۆرجار بەدەستکەوتە نوێیەکانی کرێکارانەوە دەبەسترێتەوە، بەڵام رەگوڕیشەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رۆمانییەکان، کە ئەوکات بەهاتنی بەهار و بەڵێنەکانی نوێبوونەوەوە دەناسێنرا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەموو سەرەتایەکی نوێ، هەموو وەرزێک و هەر قۆناغێک، کەسێک هەیە ئەو بناغەیە بنیات دەنێت کە پشتی پێدەبەسترێت، کاتێک باس لە بنیادنانی نیشتمان دەکەین با لە یادمانبێت کە نیشتمان تەنیا بنەما یان زانست یاخود هیواکان نین، بەڵکو رێگا و پرد و هێڵی کارەبا و خوێندنگە و ژێرخانە، ئەو دەستی کارەیە کە بنیادی دەنێت و پارێزگاری لێدەکات، ئەو دەست و بازووانەی شایستەی پێزانین و وەبەرهێنانی راستەقینە و ئینجا پاراستنی شکۆمەندییەتی لە هەلومەرجی کاردا".
دەشڵێت: ئەمڕۆ پیرۆزبایی لە کرێکارانی عێراق دەکەین لە رابردوو و ئێستا و دوارۆژیشدا.