ڕۆژی دووشەممە، لەگەڵ کردنەوەی بۆرسەکانی ئەمریکا، بەھای پشکەکانی کۆمپانیای ئەپڵ، ڕیکۆردی نوێی تۆمارکرد و گەیشتە سێ ترلیۆن دۆلار، کە بەھای ھەر پشکێک بە ڕێژەی لە ٢.٦% بەرزبووەوە و نرخی ھەر پشێک بە ١٨٢ دۆلار و ١٩ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
بەو جۆرەش کۆمپانیای ئەپڵ ناوی چووە مێژووی ئەو وڵاتەوە لە ڕووی تۆمارکردنی بەرزی بەھای پشکەکان. لە ساڵی ٢٠٢٠-یشدا بەھای پشکەکانی ئەو کۆمپانیایە گەیشتە دوو ترلیۆن دۆلار.
بەرزبوونەوەی بەھای پشکەکانی کۆمپانیاکە، پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی خواست لەسەر کەلوپەل و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانیەتی لە کاتی بڵاوبوونەوەی پەتاکاندا.
فارس عیسا سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد لە لێدوانێکدا بۆ بەیانی کوردسات نیوز رایگەیاند، بڕیاری ناردنی ٢٠٠ ملیار دیناری تری پشکی ھەرێم دراوەو ناردنی پارەکەش بۆ مانگی ١٢ی ساڵی رابردووەو لە رۆژانی داھاتوو پارەکە دەخرێتە سەر ھەژماری حکومەتی ھەرێم.
باسی لەوەشکرد، لە ئێستادا تیمی چاودێری دارایی عیراقی لە ھەولێرە و وردبینی کۆتایی بودجەی ساڵی رابردوو دەکات و ئامادەکاری بۆ بودجەی ساڵی نوێ دەکرێت.
سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد وتیشی، "تا ئێستا پرۆژە یاسای بودجەی ٢٠٢٢ ئامادە نییە و دەنگی لەسەر نەدراوە، بۆ ئەوەش تا ئەو کاتەی پرۆژە یاساکە ئامادە دەکرێت پێویستە بودجەی پێویست بۆ ھەموو عیراق دیاری بکرێت و بۆ ھەرێمی کوردستانیش بەھەمان شێوە دەبێت".
محەمەد حسێنی یاریدەدەری سەرۆکی ئێران بۆ کاروباری پەرلەمان رایگەیاندوە، ئەو کارە ترسنۆکانەیەی ئەمریکا ئەنجامیدا تیرۆر بوو، بۆیە لە خوێنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران خۆش نابن و سازش لەسەر تۆڵەسەندنەوەی ناکەن.
راشیگەیاندوە، بەردەوام دەبن لە تۆڵەسەندنەوە تا ئەو کاتەی ئەمریکا بە تەواوی ناوچەکە جێدەھێڵێت.
ئەو لێپرسراوەی ئێران دوپاتیشیکردوەتەوە، دەبێت ئەمریکا بزانێت بە کوشتنی سولەیمانی کۆتایی بە رێبازەکەی نەھاتووە و کاریگەرییەکانی بەردەوام دەبێت.
لە رۆژی ٣ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠دا، قاسم سولەیمانی و ئەبومەھدی موھەندیس لە بۆردومانێکی ئەمریکادا کوژران و ئەمڕۆش لە ئێران و چەند شارێکی عێراق و ھەرێمی کوردستان رێوڕەسم بۆ ساڵیادیان رێکدەخرێت.
بڕیارە سەعات ١١ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافل جەلال تاڵەبانی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی کەرکوک و ناوچە کێشەلەسەرەکان و دوایین پێشھاتەکانی عێراق و ھەرێم و ناوچەکە لە کەرکوک کۆببێتەوە.
نوسینگەی ڕۆژنامەوانی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە لە روونکردنەوەیەکدا لێدوانی بێ بنەمای چەند سەرچاوەیەکی نادروستی ڕۆژنامەوانی رەتدەکاتەوە کە بە ناوی فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بڵاوکراوەتەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، فەریق جەبار یاوەر لە وەڵامی پرسیارێکی ئاژانسێکی نێودەوڵەتیدا لەبارەی لایەنی نێگەتیڤی کشانەوەی ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا و مەترسیەکانی ڕایدەگەیەنێت لەو باوەڕەدا نین کە دەرئەنجامی نەرێنی نالەبار ڕووبدات، چونکە بەپێی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و عێراق تەنھا ھێزە شەرکەرەکان دەکشێنەوە کە خۆی لە خۆیدا بۆ ماوەیەکی زۆرە ھێزە شەرکەرەکانی ئەمەریکا ژمارەیەکی کەمیان لە ناو خاکی عێراقدا ماون کە بەشداریان لە شەڕی دژ بە تیرۆرستانی داعش لە مەیدانی جەنگدا سنوردار بووە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ھێزەکانی ئەمەریکا وەکو ئەرکی ڕاوێژکاری و پاڵپشتی لە عێراق دەمێننەوە کە ئەوە لەم کاتەدا زۆر بەھادارتر و پر ئەنجام تر دەبێت و یارمەتی و پاڵپشتی تەواوی ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە عێراقییەکان دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی ئەو ھێزانە.
بەھرام دارایی سەرۆکی رێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران رایگەیاند، لەئێستادا ھیچ جۆرە ڤاکسینێک لە دەرەوەی وڵات ھاوردە ناکەن و تەنھا پشتیان بە بەرھەمی ناوخۆ بەستووە.
ئەوەش بۆ یەکەمجارە لە حکومەتەکەی ئیبراھیم رەئیسیدا قەدەغەکردنی ھاوردەکردنی ڤاکسین رادەگەیەندرێت، لەکاتێکدا پێشتر رەئیسی خێراکردنی کوتان و ھاوردەکردنی ڤاکسینی بە گرنگترین دەستکەوت لە ١٠٠ رۆژی یەکەم سەرۆکایەتییەکەیدا لەقەڵەم دابوو.
پشتبەستنی ئێران بە بەرھەمی ناوخۆ لەکاتێکدایە تا ئێستا ڤاکسینەکانی دروستکراوی ئێران لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیھانییەوە پەسەند نەکراون و زیاتر لە ١٤٧ ملیۆن دۆز ڤاکسینیش، لە جۆرەکانی ئەسترازینیکا و سینۆفارم و سپۆتنیک و بەھاراتی ھیندستان ھەناردەی ئێران کراوە.
کۆشکی سپی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بایدن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ فۆلۆدیمیر زیلینسکی سەرۆکی ئۆکراین، پشتگیری ئەمریکای بۆ ئەو وڵاتە دوپاتکردوەتەوە و رایگەیاندوە، ئەگەر روسیا ئۆکراین داگیر بکات، لەگەڵ ھاوپەیمانەکانیان ھەڵوێستی توند و یەکلاکەرەوەیان دەبێت.
دوپاتیشیکردەوە، پشتگیری ھەموو رێگەیەکی دیبلۆماسی دەکەن بۆ کۆتاییھێنان بە ئاڵۆزییەکانی نێوان روسیا و ئۆکراین.
بڕیاریشە رۆژانی ٩ و ١٠ی ئەم مانگە دانوستانی نێوان ئەمریکا و روسیا لەسەر ئاستی باڵا بەڕێوەبچێت بۆ تاوتوێکردنی ئەو ھەڕەشانەی روسیا لەسەر ئۆکراین دروستیکردوە.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، تیرۆریستانی داعش لە بۆسەیەکدا کاروانێکی سوپای سوریایان لە نێوان دەشتاییەکانی حمس و دێرەزور لە خۆرھەڵاتی ئەو وڵاتە کردوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا نۆ سەرباز کوژران و ١٥ی تریش برینداربوون.
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، لەو بۆسەیەدا داعش چەکی رەشاشی بەکارھێناوە.
ئەوە لەکاتێکدایە سوپای سوریا دەستیکردوە بە ناردنی کاروانی سەربازیی بۆ دەشتاییەکانی حمس و کاروانەکەش پێکدێت لە سەدان سەرباز و ئۆتۆمبێلی سەربازیی و چەکی قورس.
وتیشی، لە ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخانەوە پێنج ھەزار و ٣٣٥ تانکەر بەنزین ھاوردەی ھەرێم کراوە، لەو بڕەش بەھۆی خراپی کوالێتیەوە ٥٦٥ تانکەریان گەڕێنراونەتەوە.
بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تەنھا لەساڵی ٢٠٢١دا ٨٨٩ کەس دەستگیرکراون کە سروشت و ژینگەیان تێکداوە و سەدان باڵندە و پەلەوەر و ماسیان راوکردووە و داری دارستانەکانیان بڕیوەتەوە و بیری نایاساییان ھەڵکەندوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ٢٠٢١دا دەستیان گرتووە بەسەر ھەزاران کەلوپەل و کەرەستەدا کە ھاوڵاتیان لە کاتی سەرپێچییەکانیاندا بۆ راوکردن و بڕینەوەی داری درەختەکان و بیرلێدانی نایاسایی بەکاریان ھێناوە.
وتیشی، ھەر لەو ساڵەدا شەش ھەزار و ١٧٤ تۆن کاڵا لەرێی بەشی کارگۆی فڕۆکەخانەکەوە ھاوردە کراوە کە بەراورد بە ساڵی پێشووتر رێژەکە ٣٩٪ کەمیکردووە.
کاکە خان عەزیز بەڕێوەبەری بنکەی ھاتووچۆی سیدەکان بەکوردسات نیوزی ڕاگەیاند، لەسەر رێگەی گوندی دوورەمەلک دەشتەھێرت ـ سۆران لە سنووری برادۆست، ئۆتۆمبێلێکی جۆری توێتا ھایلوکس وەرگەڕا و بەھۆیەوە دوو ھاوڵاتی برینداربوون کە کوڕ و باوکن و یەکێکیان گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئاشتی لەسۆران و یەکێکی تریشیان ڕەوانەی ھەولێر کراوە
لیوا عەبدولقادر عەزیز بەڕێوەبەری گشتی ھاتوچۆی ھەرێم لە نوسراوێکدا کە بەدەست کوردسات نیوز گەیشتووە بڕیاریدا لە ئەمڕۆوە مۆڵەتی نێودەوڵەتی شۆفێری لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی ھاتووچۆی پارێزگاکان بدرێت بە ھاوڵاتیان.
پێشتر مۆڵەتی نێودەوڵەتی شۆفێری تەنھا لە دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتوچۆی ھەرێمدا بوو بەڵام ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی پارێزگاکان دەدرێت.
ھاوکات بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ھاتووچۆی سلێمانی رایگەیاند، ئەو ھاوڵاتیانەی کاری گواستنەوەی خاوەندارێتی واتە "تەحویلکردن" دەکەن یان ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتی دەکڕن، لە ئەمڕۆوە پێویستە گرێبەستی ئەلکترۆنییان پێ بێت و دوای پەسەندکردنی لە بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتییان ئەوکات کاری پێویستیان بۆ دەکرێت.
عەمید ئەسعەد مەلا کەریم وتەبێژی پۆلیسی ھاتوچۆی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ساڵی رابردوودا ١٢٢ ھەزار ئۆتۆمبێل تۆمارکراون، بەوەش ژمارەی ئۆتۆمبیلەکان لە ھەرێم گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٩٦١ ھەزار.
وتیشی، زیاتر لە ٧٠ ھەزار مۆڵەتی شۆفێری دەرھێنراوە و ئێستا یەک ملیۆن ٩٠٠ ھەزار کەس لە ھەرێم مۆڵەتی شۆفێرییان ھەیە.
ھەیسەم عوبەیدی بەڕێوەبەری پەرەپێدانی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، ھەڵمەتی ھۆشیار کردنەوەی خەڵک لەسەر گرنگی وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەردەوامە، بەڵام ئاستی وەرگرتنی ڤاکسین کەمە و زیاتر لە ھەشت ملیۆن کەس ڤاکسینیان وەرگرتووە، کە دەکاتە ٩٪ی کۆی دانیشتووانی عێراق.
ئەو لێپرسراوەی وەزارەتی تەندروستی عێراق وتیشی، رێژەی چاکبوونەوە لە کۆرۆنا لە عێراق گەیشتووەتە ٩٩٪ و گیانلەدەستدانیش ١٪ە، بەڵام ھۆشداری دا لەوەی کەمبوونەوەی ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا بە مانای نەمانی مەترسی ڤایرۆسەکە نایەت، بەڵکو پێویستە بەردەوام بن لە پەیڕەوکردنی رێکارە خۆپارێزییەکان.