هەواڵەکانهەواڵەکان

لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا لە دورگەی ناکسۆسی یۆنان سێ تەرم دۆزراونەتەوە کە یەکێکیان منداڵێکە و دوو تەرمەکەی تریش گەنجێک و ژنێکە، گومان دەکرێت ئەم سێ تەرمە بەشێکبن لەو کۆچبەرانەی کە لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێک لە مانگی رابردوو لە کەناراوەکانی یۆنان خنکان و ژمارەیەکیشیان بێسەروشوێن بوون.
بە پێی زانیاریەکان ژنەکە تەمەنی لەنێوان سی بۆ سی و پێنج ساڵان دەبێت و گەنجەکەش لەنێوان ٢٠ بۆ ٢٢ ساڵە، لەئێستاشدا تەرمەکان بەمەبەستی ناسینەوە و توێکاری بۆیان گوازراونەتەوە  بۆ پزیشکی دادوەری.
 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
قاسم جومارت توکایف سەرۆکی کازاخستان رایگەیاند، ھێزە ئەمنییەکان توانیویانە کۆنترۆڵی رەوشی ئەمنیی زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەیان بکەنەوە. وەزارەتی ناوخۆش رایگەیاند، بەھۆی خۆپیشاندان و پێکدادنەکانی چەند رۆژی رابردوو ٢٦ چەکدار و ١٨ کارمەندی ئەمنی کوژراون و زیاتر لە سێ ھەزار کەسیش دەستگیرکراون.
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیاش کە ھاوپەیمانی کازاخستانە رایگەیاند، ناڕەزاییەکانی کازاخستان لە کاتێکی کوشندە سەریانھەڵداوە، پێشتریش روسیا و ھاوپەیمانەکانی کازاخستان بڕیاریان دا بۆ کۆنترۆڵکردنی رەوشەکە ھێز رەوانەی ئەو وڵاتە بکەن.
خۆپیشاندانی ھاوڵاتیانی کازاخستان دوای بەرزکردنەوەی نرخی سوتەمەنی لەلایەن حکومەتەوە سەریھەڵدا و دواتریش سەرۆکی حکومەت دەستیلەکارکێشایەوە و سەرۆکی ئەو وڵاتەش کەسێکی تری بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ راسپارد.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بەپێی خشتەی نوێی کارکردنی دامەزراوە حکومییەکانی ئیمارات، رۆژی ھەینی کراوە بە رۆژی کارکردن و لە سەعات ٧:٣٠ دەقەی بەیانی تا ١٢ی نیوەڕۆ دەوامی رەسمی دەکرێت.
بەو پێیەش لەو وڵاتە رۆژانی شەممە و یەکشەممە دەکرێت بە پشوو، بەڵام بڕیارەکە میرنشینی شاریقە ناگرێتەوە و وەک ساڵانی رابردوو ھەینی پشووی دامەزراوە حکومییەکان دەبێت، لێپرسراوانی ئیماراتیش دەڵێن بڕیارەکەیان بۆ خوگونجاندنی بازاڕی وڵاتەکەیانە لەگەڵ بازاڕی وڵاتانی خۆرئاوا کە رۆژانی شەممە و یەکشەممە پشوویانە، بەتایبەتی بۆ ئاڵوگۆڕی دراو و بازاڕەکانی بۆرسە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
نید پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "سێ"ی ئەم مانگە خولی ھەشتەمی دانوستانەکانی ڤییەننا دەستیپێکردەوە، وەک پێشتر رایانگەیاندووە گفتوگۆکان بەڕەپێشچوونی کەمی بەخۆیەوە بینیوە و تا ئێستاش بەو شێوەیە بەردەوامە، بەڵام ھیواخوازن لە چەند رۆژی داھاتوودا زیاتر بەرەوپێش بچێت.
وتیشی، کات بەخێرایی دەڕوات و ئەگەر بەمنزیکانە لەبارەی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران نەگەنە رێککەوتن، رێگەیەکی تر دەگرنەبەر.
حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، ئەگەر لایەنی خۆرئاوا نیەت و ئیرادەی جددی ھەبێت، دەتوانن رێککەوتنێکی باش دەستەبەر بکەن.
 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
جین ساکی وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند، ناتوانن بە دیاریکراوی بڵێن کێ ھێرشەکانی چەند رۆژی رابردوی سەر بنکەکانی ھێزەکانی ئەمریکای لە سوریا و عێراق ئەنجام داوە، بەڵام دڵنیان کە ھێرشەکان پەیوەندییان بە دانوستانەکانی ڤیەننا و ساڵیادی کوشتنی قاسم سولەیمانییەوە ھەیە.
لەگەڵ ئەوەی سەرجەم ھێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا خاکی عێراقیان بەجێھێشت، ناوەڕاستی ئەم ھەفتەیە چەند جارێک ھێرشکرایە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەغداد و ئەنبار و لە ناوچەی دێرەزور لە سوریاش دوو جار ھێرش کرایە سەر بنکەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەڵام ھیچ زیانێکی گیانیان لێنەکەوتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
سەرچاوەیەک لەمیحوەری خۆرھەڵاتی کەرکوکی ھێزی پێشمەرگە ھەواڵەکەی بۆ کوردسات نیوز پشتڕاستکردەوە و ئاشکرایکرد، چەکدارانی داعش بەقەناس تەقەیان کردوە لە سەنگەرێکی فەوجی ٣ی لیوای ١١٤ی پێشمەرگە لەنزیک گوندی کۆچەک سەر بە کەرکوک کردوە و بەھۆی پەلامارەکەشەوە پێشمەرگەیەک بەسوکی برینداربووە.
سەرچاوەکە وتیشی، دوای ئەوەی ھێزی پێشمەرگە وەڵامی پەلامارەکەیان داوەتەوە، تیرۆریستان ھەڵاتوون.
ئەو سەنگەرەی ھێزی پێشمەرگە کەوتۆتە نزیک گوندی کۆچەک لەسەر بەنداوی (خاسە چای) کە پرۆژەیەکی ئاودێرییە لە سنوری پارێزگای کەرکوک.



بەردەوامبە لە خوێندنەوە
حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان وەزیری دەرەوەی ئێران راگەیاند، گفتوگۆکانیان لەگەڵ سعودیە ئەرێنی و بەرھەمدارن و ئامادەن لە ھەر کات و ساتێکدا بێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ریاز ئاسایی بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بڕوایان بە گرنگی گفتوگۆیەکی چڕ لەگەڵ سعودیە و میسر و تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە ھەیە.
پێشتریش ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاندبوو، بەمنزیکانە خولی پێنجەمی دانوستانەکانی ئێران و سعودیە لە بەغداد دەستپێدەکاتەوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
رێکخراوی پزیشکانی بێسنور لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ماوەی ٣ مانگە ھەوڵی وەرگرتنی مۆڵەت لە حکومەتی پۆڵەندا دەدەن بە مەبەستی گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان بۆ کۆچبەران لە سنورەکانی نێوان پۆڵەندا و بێلاڕوس، بەڵام ھەوڵەکانیان بێ ئەنجام ماوەتەوە و لێپرسراوی پۆڵەندا وەڵامیان نادەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەو رەوشەی ئێستا مایەی قبوڵکردن نییە و بەردەوامی رەوشەکە و رێگرتن لە گەیاندنی ھاوکارییەکان بۆ کۆچبەران، ژمارەی قوربانیان لەسەر سنورەکان زیاتر دەکات، جەختیشیکردوەتەوە، کۆچبەران مافی وەرگرتنی پەنابەریی و ژیانێکی ئارامیان ھەیە و نابێت دیپۆرتی بێلاڕوس بکرێنەوە.


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
بە پێی میدیاکانی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ ژمارەیەک لە لایەنە سیاسییەکان لەبارەگای رەوتی سەدر لە بەغداد کۆببنەوە و ئامانج لە کۆبوونەوەکەش ئامادەکارییە بۆ یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە رۆژی یەک شەممە بەڕێوەبچێت.
ئاماژە بەوەشکردوە، لایەنە سیاسییەکان لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەوە دەکەن کە پێویستە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە سەرکەوتوویی و بەبێ کێشە بەڕێوەبچێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز وەفدە ھاوبەشەکەی یەکێتی و پارتی لە بەغداد لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان و ھەردوو ھاوپەیمانی عەزم و تەقەدومی سوننەکان رەوتی سەدر کۆدەبێتەوە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نەسار روبێعی ئەندامی دەستەی سیاسی رەوتی سەدر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، خۆشحاڵبوین پێشوازیمان کرد لە وەفدی ھاوبەشی یەکێتی و پارتی، کۆبونەوەکە تەواوکەری ئەو لێکتێگەیشتنانە بوو کە ماوەیەکی زۆرە لە نێوانماندا ھەیە، ھەڵوێستی یەکگرتوویان دەبێت لە کۆبونەوەکەی رۆژی یەکشەمەی ئەنجومەنی نوێنەران و پێکھێنانی حکومەتیشدا.


ئەندامی وەفدی ھاوبەشی یەکێتی و پارتی  لە کۆنفرانسە رۆژ نامەوانیەکەدا ئاماژەی بەوەکرد، کۆبونەوەیەکی دۆستانە و رون و راشکاوانە بەڕێوەچوو لەبارەی ئیستحقاقی دوای ھەڵبژاردن، گفتوگۆکان زۆر بە سود بوون. 


وتیشی، رۆژی ٩ی ئەم مانگە ئیستحقاقێکی گرنگی نیشتمانیمان لە بەردەمدا دەبێت کە رۆژی بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێی نوێنەرانە، بۆیە دەبێت ھەموان سود لەم دەرفەتە وەربگرین و  بیسەلمێنین کە دیموکراسییەت و ئیستحقاقی ھەڵبژاردن دادوەر دەبن لە دیاریکردنی چارەنوسی وڵاتدا.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ھاتووچۆی ھەولێر لە راگەیەنراوێکدا شوفێران ئاگادار دەکاتەوە بە تایبەتی ئەو شوفێرانەی کە بە شەو ھاتوچۆی نێوان پارێزگاکانی ھەرێم و ناوەڕاست و باشووری عێراق دەکەن. 


ئاماژە بەوە دەکات، لە چەند شەوی داھاتوودا بەھۆی دروستبونی تەمی زۆر چڕ لە کاتەکانی شەودا کە چڕی تەمەکە ئەوەندە زۆرە ئاستی بینینی ئاسۆیی دەگەیەنێتە نزیک سفر، بۆیە لەکاتی لێخوڕیندا زۆر ئاگاردار بن. 


جەختیش دەکاتەوە ئەو رەوشەی بەھۆی کەشوھەوا دروست دەبێت بۆ شۆفێران زۆر مەترسیدار دەبێت و پێویستە ئاگادار بن. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، هەشت مووشەک لە نزیک سەنگەرەکانی میحوەری پێنجی کەرکوک لە پردێ کەوتنە خوارەوە، موشەکەکانیش ھیچ زیانێکی گیانی و ماددییان نەبووە.


بەپێی زانیارییەکانیش تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ھەڵدانی موشەکەکانی لە ئەستۆ نەگرتووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.داھات حەوێزی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمھوری سلێمانی رایگەیاند، شەپۆڵی چوارەمی کۆرۆنا لەبەر دەرگای سلێمانییە و دەستیان کردەوە بە پاککردنەوە و دەرمانڕێژکردنی قاوشەکان وەک ئامادەکاری بۆ شەپۆلی تازەی کۆرۆنا کە پێشبینی دەکرێت دوای دوو ھەفتەی تر دەست پێبکاتەوە. 


راشیگەیاند، تاکە ڕێگە بۆ خۆپاراستن وەرگرتنی ڤاکسینە، ئەو کەسانەشی پێش شەش مانگ دوو ژەمی ڤاکسینیان وەرگرتوە دەتوانن ژەمی سێیەم وەربگرن. 


بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی جمھوری ئاماژەی بەوەشکرد، رەوشی دەرمان لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی زۆر خراپە، ئەگەر بە زوویی کێشەی دابینکردنی دەرمان و پێداویستی پزیشکی چارەسەر نەکرێت، دوور نییە تووشی کارەساتی گەورە بن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەدر لە تویتەر پەیامێکی بڵاوکردەوە و نوسیویەتی، ئیرادەی گەلی عێراق لە سەرو ھەموو فشارەکانەوەیە و لە ئێستادا گەل حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی دەوێت، بۆیە ھیچ فشارێکی دەرەکی رێگر نابێت لەوەی حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی پێکبھێنن و ھەڕەشەکانیش وا دەکەن زیاتر سوربن لەسەر ھەنگاونان بەرەو دیموکراسیەت. 


سەدر دوپاتیشیکردوەتەوە، نابێت ناوبانگی  بەرگری لەرێی ھەڕەشە و تۆقاندن و توندوتیژی لەکەدار بکرێت، چونکە ھیچ سوودێکی نابێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، سەعات ٧ و ٢٥ دەقەی ئەمشەو ژمارەیەک موشەکی کاتیۆشا لە خۆرھەڵات و باشوری ناحیەی پردێ بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی ئاڕاستەی سەنگەرەکانی ھێزەکانی پێشمەرگە لە سنوری میحوەری پێنج کرا. 


راشیگەیاند، موشەکەکان لە دەرەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە کەوتوون و ھیچ سەنگەرێکی پێشمەرگەیان نەپێکاوە، ھاوکات ھیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتۆتەوە. 


ئاماژەی بەوەش کرد، ھێزەکانی پێشمەرگە لە بارەی ئەو پەلامارەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان کردووە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...637638639640641...999