وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، پسپۆڕانی وەزارەت چاودێری پێشھاتەکان دەکەن لە جیھان و لە عێراق، لە زۆرێک لە وڵاتانیش ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە بەرزبوونەوەدایە، ئەوەش ئاماژەیەکە بۆ ھاتنی شەپۆلێکی نوێ بۆ عێراق کە پێدەچێت لە شەپۆلەکانی پێشوو قورستر بێت.
وەزارەتی تەندروستی عێراق داواشی لە ھاوڵاتیان کرد پابەند بن بە بەستنی دەمامک و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و پەلە بکەن لە وەرگرتنی ڤاکسین، چونکە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی توشبووان.
بڕیاریشە لیژنەی تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی عێراق بەمنزیکانە کۆبوونەوەیەک بکات و ئەگەری زیادبوونی ژمارەی توشبووان لە عێراق و گەیشتنی ئۆمیکرۆن تاوتوێ بکات.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سێلمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی تۆمەتبارێک لەشاخی ئەزمەڕ تەقەی کردبوو سێ ھاوڵاتی بریندار کردبوو، دوای وەرگرتنی وتەی سکاڵاکاران و فەرمانی دادوەر و لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس توانرا تۆمەتبارەکە لەلایەن بنکەی پۆلیسی کوردساتەوە دەستگیربکرێت.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتی دەستگیکردنی تۆمەتبارەکەدا کە ھەوڵی ھەڵاتنی دابو، دەستگیرابەسەر چەکێکی جۆری دەمانچە کەتەقەکەی پێکردبوو.
پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، لە ئێستادا تۆمەتبار "ئ. م. م" بە فەرمانی دادوەر ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە.
وەزارەتی ناوخۆی کازاخستان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، کۆی گشتی ژمارەی ئەو کەسانەی بەھۆی خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانەوە دەستگیرکراون، تا ئێستا گەیشتوەتە ھەشت ھەزار و ٩٣٩ کەس.
بەپێی ئامارەکانیش تائێستا ١٦٤ کەس لە خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەکانی کازاخستاندا کوژراون.
لەلایەکی تریشەوە رەوشی ئەو وڵاتەکە بەرەو ئاساییبونەوە ھەنگاو دەنێت و ئەمڕۆ خزمەتگوزاری ئینتەرنێت گەڕاوەتەوە بۆ شاری ئەلماتی کە پایتەختی ئابوری کازاخستانە، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی پێنج رۆژ ھێڵەکانی ئینتەرنێت لەو شارە راگیران، ھاتوچۆی گشتیش لەسەر شەقامەکان دەستیپێکردوەتەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، پێشوازی لە یەکەمین کۆبوونەوەی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن، کە بەشێکە لە پرۆسەی دیموکراسی و سەروەری خاکی عێراق.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا سەرباری پیرۆزبایی لە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و جێگرەکانی راشیگەیاند، عێراق رۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە سەقامگیری و ئاسایشی ھەرێمی، بۆیە پێویستە ئەنجومەنی نوێنەران پەلە بکات لە پێکھێنانی حکومەتی نوێ کە ئیرادەی گەل و داواکارییەکانیان بەدیبھێنێت و کار بکات بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکان و مافی مرۆڤ و ئاسایش و ئابوری عێراق.
ئاژانسی ھاوار نیوز بڵاویکردەوە، لە بەردەم بینای زانکۆی ئەنقەرە نزیکەی ٣٠ گەنجی تورک رێگەیان بە سێ گەنجی کورد گرتوە و ھێرشیان کردوەتە سەریان و یەکێک لە گەنجەکانیان بە چەقۆ بریندار کردوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ھۆکاری ھێرشەکە رەگەزپەرستی بووە و پێشتریش یەکێک لەو گەنجە کوردانە لەلایەن ھاوڵاتی تورکەوە ھێرشی کرابووە سەر.
راشیگەیاند، ئەو گەنجە کوردانە کە ھێرشیان کراوەتە سەر تا ئێستا لە بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی ناوچەکە راگیراون و ئەو کەسانەشی ھێرشیان کردووەتە سەریان بە پاساوی ئەوەی ھیچ شتێکی تر ڕوو نەدات بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ناوچەی ئەسات گواستراونەتەوە.
د. سەباح ھەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا ھیچ حاڵەتێکی توشبوون بە کۆرۆنای ئۆمیکرۆن لە سلێمانی تۆمار نەکراوە، ئەو کەسانەشی پێش شەش مانگ ژەمی دووەمی ڤاکسینیان وەرگرتووە دەتوانن ژەمی سێیەم وەربگرن.
سەبارەت بە دابینکردنی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی لە کەرتی تەندروستیی سلێمانی، د. سەباح ھەورامی رایگەیاند، پشت بەو بودجە تەرخانکراوە دەبەستین کە لە ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە دابیندەکرێت و ھیوادارە حکومەت ھاوکاریان بێت.
ھۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، دوای دانیشتنی یەکەمی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بابەتی تریش ماوە و بە سەرکەوتنی کاندیدێکیان نابێت مەغرور بن، دەبێت ھاوکار بن و ئاگایان لە یەکتر بێت و پابەندبن.
وتیشی، پێویستە لەگەڵ لایەنە کوردستانییەکانیش ھەوڵ بدەن زیاتر لەیەک نزیک ببنەوە، چونکە ئەوە باشترە. سەبارەت بە بوونی کاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، ھۆشیار زێباری رایگەیاند، کاندیدیان نابێت و بۆ ئەو بابەتەش لەگەڵ لایەنەکان قسە دەکەن.
ھەرێم کەمال ئاغا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بە بڕیاری سەرکردایەتی، یەکێتی کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق دەبێت و لە کاتی خۆیدا کاندیدەکەیان ئاشکرا دەکەن.
وەزارەتی تەندروستی عێراق بڵاویکردەوە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا ١٣٦٨ حاڵەتی توشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە کە ٥٩١ حاڵەتیان لە پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک بوون.
کەرکوک بە تۆمارکردنی ٣١١ حاڵەت لە پلەی یەکەمی پارێزگاکانی عێراقدایە و لە پارێزگای میسانیش تەنھا ٨ حاڵەت تۆمار کراوە. ھەر بە پێی راگەیەندراوەکە لە ھەموو عێراق پێنج کەس بە کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە کە دوو کەسیان لە ھەولێر و کەسێکیان لە سلێمانی بووە. تا ئێستا لە عێراق دوو ملیۆن و ٩٨ ھەزار و ٩٠٨ کەس تووشی کۆرۆنا بوون و لەو ژمارەیەش ٢٤ ھەزار و ٢١٢ کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران لە پارێزگای نەینەوا رایگەیاند، ھەوڵیان داوە کەمپی جەدعە دابخەن، بەڵام ئەو ھەزار و ٦٠ خێزانەی لە کەمپەکەدان رێگا نادەن دابخرێت و ئامادە نین بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. بەرپرسانی پارێزگاکەش دەڵێن، لە ھەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ قایلکردنی ئاوارەکان تاکو بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان و کەمپەکە بەجێبھێڵن.
بەشێکی زۆری ئاوارەکانی کەمپی جەدعە بریتین لە خێزانی چەکدارانی داعش کە لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوو لە کەمپی ھۆلەوە گواسترانەوە و بەشێک لە گروپە چەکدارەکانی عێراقیش ئەم ئاوارانەیان بە "بۆمبێکی کاتیی" ناوبرد.
جەدعە دواین کەمپی عێراقە دانەخرابێت جگە لە کەمپەکانی ھەرێمی کوردستان. بە پێی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ و بەھۆی شەڕی نێوان چەکدارانی داعش و سوپای عێراق شەش ملیۆن کەس لە ناوخۆی عێراق ئاوارە بوون.
سکرتێری رێکخراوی ناتۆ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی ئۆکراین رایگەیاند، ئەگەر روسیا بەردەوام بێت لە کۆکردنەوەی ھێز لەسەر سنورەکانی ئۆکراین و ھێرش بکاتە سەر ئەو وڵاتە، باجێکی سیاسیی و ئابووری گەورە دەدات و ئەوانیش وەک ناتۆ پشتیوانی لە مافی ئۆکراین دەکەن بۆ بەرگری لە خۆکردن.
سکرتێری رێکخراوی ناتۆ لەبارەی دانوستانەکانی روسیا و ناتۆ و ئەمریکاش وتی، پێشوازی لە دانوستانەکان دەکەن و بەھیوان ئەنجامیان ھەبێت، بەڵام چاوەڕوان ناکەن گفتوگۆکان سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکەن.
ماوەی چەند رۆژێکە دانوستان لەنێوان ناتۆ و روسیا لەلایەک و ئەمریکا و روسیا لەلایەکی ترەوە دەستیپێکردووە و ھەردوولا ھەوڵ دەدەن کێشەکانی تایبەت بە قەیرانی ئۆکرانیا و ئاسایشی ئەوروپا چارەسەر بکەن.