میدیاکانی عێراق رایانگەیاندووە، "قائانی" سێشەممە عێراقی بەجێھێشتووە و ھەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری نێوان رەوتی "سەدر" و چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان شکستی ھێناوە و نەیتوانیوە "سەدر" قایل بکات بە یەکخستنەوەی ناو ماڵی شیعە.
چەند سەرچاوەیەکیش لە "بەغداد"ەوە باس لەوە دەکەن،"سەدر" لە ماوەی چەند سەعاتێکی کەمدا دووجار لەگەڵ " قائانی" کۆبۆتەوە و سوور بووە لەسەر بەشداری پێنەکردنی " نوری مالکی" سەرۆکی دەوڵەتی یاسا لە حکومەتی داھاتوودا.
بەپێی ھەواڵی میدیاکانی عێراق، پێشبینی دەکرێت بەمنزیکانە "قائانی" جارێکی تر سەردانی "عێراق" بکاتەوە و ھەوڵەکانی بۆ یەکخستنی ماڵی شیعە چڕتر بکاتەوە.
کۆمپانیای "بوتاش"ی تورکی لە رایگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، شەوی رابردوو بۆری ھێڵی نەوتی کەرکوک-جەیھان، کە نەوتی ھەرێمی کوردستان و کەرکوک دەگەیەنێتە بەندەری جەیھانی تورکیا، لە نزیک پارێزگای "کاھرامان ماراش" لە باکووری کوردستان بە ھۆکارێکی نادیار تەقیووەتەوە و بەھۆیەوە ئاگر کەوتووەوە و گواستنەوەی نەوت لە بۆریەکە راگیراوە، راشیگەیاند، تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن و لێچوونی نەوتیان لە بۆریەکە راگرتووە.
لە بارەی رووداوەکەوە میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەکرد، بەھۆی ئەو ئاگرەی لە ئەنجامی تەقینەوەکە درووست بووە، رێگای ھاتوچۆی نێوان پارێزگای کاھرامان ماراش و عەنتاب بە رووی ھاتوچۆدا داخراوە.
ھاوکات سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور راگەیاند، ھەناردەی نەوت لە رێگەی ھێڵی نەوتی کەرکوک-جەیھانەوە درێژەی ھەیە و ھیچ گرفتێک لە بەردەم ھەناردەکردندا نییە، روونیشیکردەوە، کۆمپانیاکە رۆژانە ١٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە رێگەیی بۆریەوە رەوانەی دەرەوەی عێراق دەکات.
بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ، لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەعات یەکی شەوی رابردوو لە قەزای زاخۆ، گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی "باوەڕ ئەکرەم"، دوای بە شەڕھاتنی لەگەڵ کەسێک بە چەقۆ کوژراوە .
راشیگەیاند، دوای رووداوەکە پۆلیسی زاخۆ دەستیان بە لێکۆڵینەوە و گەڕان بۆ تۆمەتباری رووداوەکە کردووە و دوای چەند سەعاتێک دەستگیریان کردووە و رەوانەی دادگایان کردووە.
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند ، بەیانی ئەمرۆ شەپۆلی بەفر بارین لە قامیشلۆ و زۆرینەی ناوچەکانی جزیرەش بە رەشەباوە دەستپێکردوە و پلەکانی گەرما تا رادەیەکی زۆر دابەزیون و پێشبینی دەکرێت تا شەو پلەکانی گەرما ١٢ پلە لە ژێر سفرەوە بن ، مەترسیش ھەیە بەھۆی کەمی سوتەمەنیەوە شەپۆلەکە کاریگەری لەسەر ھاووڵاتیانی رۆژئاڤا دروست بکات ، ھەروەھا رایگەیاند ، بەھۆی شەپۆلەکەوە ئاستەنگی ھاتوچۆ لە ھەندێک رێگا دروست بوە و چەند روداوێکی ھاتوچۆ ڕویانداوە ، بەڵام ڕووداوەکان زیانی گیانیان لێنەکەوتۆتەوە و زیانەکان تەنھا ماددیین .
پێشبینیش دەکرێت لە بەردەوامیی بەفر باریندا چەند رێگایەکی ھاتوچۆ لە نێوان گوند و شارەکانی رۆژئاڤای کوردستاندا دابخرێن .
"د.سەباح نەسرەدین"بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تیمەکانی پێدانی ڤاکسین لە پشووەکاندا بەردەوام بوون لە کاردردن، داوا لە ھاووڵاتیانیش دەکات سەردانی تیمەکان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین.
وتیشی، ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە زیادبوندایە، بەڵام رێژەی گیانلەدەستدان بەبەراوورد بە توشبووان کەمترە.
ھاوکات "ھەڤاڵ ئەبوبەکر"پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، تائستا لە پارێزگای سلێمانی ٣٩٣ ھەزار و ٧٣٣ کەس ڤاکسینینان وەرگرتووە، پێویستە ئەو رێژەیە بەرزبکرێتەوە بۆ ئاستی دروستبوونی بەرگری گشتی.
"ھەڤاڵ ئەبوبەکر"پارێزگاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کێشەی غازی ماڵان چارەسەرکراوە و بەشەغازی سلێمانی زیادکراوە، بەڵام لە مانگی ١ و ٢ بەھۆی بڵاوبونەوەی شەپۆلی سەرما، بەھۆی نەبوونی پێداویستی گەرمکردنەوە، خواست لەسەر غاز زۆرتر بووە.
وتیشی، سزای ھەرکەسێک دەدەن قۆرخکاری لە غازی ماڵاندا بکات و نرخ بەرزبکاتەوە.سەبارەت بە دابەشکردنی نەوتی ماڵانیش رایگەیاند، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەسەڵاتی لە پارێزگاکان وەرگرتۆتەوە، ئەرکی دابینکردنی نەوت دەکەوێتە سەرشانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان.
نەشئەت سەلمان بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ، بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سەعات یەکی شەوی رابردوو لە قەزای زاخۆ، گەنجێکی تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی "باوەڕ ئەکرەم"، دوای بە شەڕھاتنی لەگەڵ کەسێک بە چەقۆ کوژراوە، راشیگەیاند، دوای رووداوەکە پۆلیسی زاخۆ دەستیان بە لێکۆڵینەوە و گەڕان بۆ تۆمەتباری رووداوەکە کردووە و دوای چەند سەعاتێک دەستگیریان کردووە و رەوانەی دادگایان کردووە.
ئەم حاڵەتە یەکەم حاڵەتی کوشتنە لە زاخۆ لە ساڵی نوێدا، ساڵی رابردووش ١٤ رووداوی کوشتن لە قەزاکە ھەبووە.
سەرچاوەیەک لە پەروەردەی گشتی پارێزگای دھۆک بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەھۆی نزمبونەوەی پلەکانی گەرما و ئەو شەپۆلی بەفرەی سبەینێ روو لە پارێزگاکە دەکات ، بریاریانداوە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن پشووی رەسمی بێت .
ھەروەھا لە سەرجەم خوێندنگا و زانکۆ و پەیمانگاکانی زاخۆش پشووی رەسمی دەبێت، ئیدارەی راپەرین و سەرۆکایەتی زانکۆی راپەرینیش بۆ رۆژی پێنج شەممە پشووی رەسمیان راگەیاندوە،پارێزگای ھەڵەبجەش بۆ سبەینێ بە پشووی رەسمی لە سەرجەم دامەزراوەکانی حکومەت و ناوەندەکانی خوێندن راگەیاندوە ، ھەروەھا ھەڵگور شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران رایگەیاندوە بۆ پاراستنی گیانی ھاوڵاتیان سبەینێ لەسەرجەم داومو دەزگا حکومییەکان پشوی رەسمی دەبێت جگە لە تیمەکانی پاراستنی رێگاوبان و چاککردنەوەی ئاو و کارەبا و ئێشکگری نەخۆشخانەکان، ئەوەش لە کاتێکدایە ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاندووە، سبەینێ لە دامودەزگاکانی ھەرێم دەوامی رەسمی ھەیە.