ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی ژمێرەی کۆتایی نوسراوێکی ئاراستەی حکومەتی ھەرێم کردووە و داوا دەکات تا مانگی ئاداری داھاتوو، ھەموو ژمێرە کۆتاییەکانی لەگەڵ بەغداد پاکتاو بکات، ئەگەرنا بەغداد لەمەودوا ٢٠٠ ملیار دینارەکە رەوانەی ھەرێمی کوردستان ناکات.
لە نوسراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، بە پێی بڕیاری ژمارە ٨ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لەساڵی ٢٠٢٢، بڕیاردراوە، وەزارەتی دارایی بڕی ٢٠٠ ملیار دینار بۆ شایستەی دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان بۆ مانگی کانوونی دووەم خەرج بکات، دیوانی چاودێری دارایی عێراقیش بە ھەماھەنگی دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم تا ١ی ئاداری ٢٠٢٢ وردبینی داتاکانی تایبەت بە داھاتە دەستکەوتووە نانەوتییەکان دەکات.
"عەبدولواحید محەمەد" سەرۆکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەمەبەستی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و فەرمانبەران، بەردەوام کاریان لەسەر پرسی پلە بەرزرکردنەوەی مامۆستایان کردوە، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتی رەسمییان داوە بە وەزارەتی پەروەردە و پەرلەمانی کوردستان، چونکە مافێکی سروشتی و یاسایی مامۆستایان و فەرمانبەرانە.
وتیشی، لە ئێستادا بەھۆی راگرتنی پلە بەرزکردنەوە، مانگانە ٦٠ تا ٧٠ ھەزار دینار لە مامۆستایان و فەرمانبەران دەگێڕدریتەوە، ئەوەش لێبڕینێکی داپۆشراوە.
لەبارەی ئەو کەمپەینەش بۆ پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە ھەرێم راگەیەنراوە، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ھەر ھەوڵێک بۆ ئەو پرسە بدرێت ھەوڵێکی یاساییە و ھەماھەنگ دەبن لەگەڵیان، خۆشیان بە بەرپرسیار دەزانن بۆ بەرزرکردنەوەی ئەو داواکارییە.
پەرلەمانی ئەڵمانیا لە چوارچێوەی ھەوڵەکانیان بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆریستانی داعش لە عێراق، بە دەنگی ٥٥٥ پەرلەمانتار پڕۆژەبڕیاری حکومەتی وڵاتەکەی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی ھێزە مەشقپێکەرەکانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان تا ٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ پەسەندکرد .
بەپێی بڕیارەکەش ژمارەی سەربازەکانی ئەڵمانیا تا ٥٠٠ سەرباز سنوردار کراوە، بەپێی بڕیارەکە ئەو سەربازانە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی داعشدا، مەشق و راھێنان بە سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەن.
عوسمان عەلی موختاری ناوچەی پیشەسازی یەك رایگەیاند، بەشێكی ناوچەی پیشەسازی یەك بە كەرتی تایبەت فرۆشراوە و ئێستا داوایان لێدەكرێت ئەو شوێنە چۆڵ بكەن، لەكاتێكدا ئەو ناوچەیە 28 ماڵی تێدایە كە لە 200 كەس پێكهاتوون و لە تواناشیاندا نییە شوێنی نیشتەجێبوون بۆ خۆیان دابین بكەن.
وتیشی، ئەو شوێنەیان بە پارە كڕیوەتەوە لەو هاوڵاتیانەی شاری كەركوك كە لە ساڵانی رابردوودا لە سلێمانی نیشتەجێببوون، بۆیە ئەگەر دەریان بكەن هیچ شوێنێكیان نییە روی لێبیكەن، تائێستاش هیچ لایەنێك وەڵامی نەداونەتەوە و كێشەكەیان بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، بۆیە داوا لە بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی دەكەن بەدەم داواكارییەكانیانەوە بچن و ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن.
دیمتری بولیانسکی جێگری یەکەمی نێردەی ھەمیشەیی روسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، نیگەرانن سەبارەت بە پەلامارەکانی تیرۆریستانی داعش لە باکور و خۆرھەڵاتی سوریا.
وتیشی، مۆسکۆ داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر رەوشی "حەسەکە" و ناوچەکە بە گشتی کردووە.
لە رۆژی پێنج شەممەی رابردووەوە پێکدادانەکان لە نێوان تیرۆریستانی داعش و ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە شاری "حەسەکە" دەستیپێکرد، دوێنێش ھێزەکانی سوریای دیموکرات کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی گرتووخانەی "غوێران"یان لەژێر دەستی ئەو تیرۆریستانە راگەیاند و تیرۆریستانیش خۆیان رادەست کردوەتەوە.
سەرچاوە سیاسییەکان بڵاویانکردوەتەوە، سەدر ئێوارەی چوارشەممە لە "نەجەف"ەوە گەیشتوەتە بەغداد و لەگەڵ چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان و لایەنی سیاسی تر لەسەر پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عێراق کۆدەبێتەوە.
سەردانی سەدر بۆ بەغداد چەند سەعاتێک دوای راگەیەندراوی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان ھات، کە تێیدا ھۆشدارییان دابوو لە پەراوێزخستنی لایەنێکی سیاسی لە حکومەتی داھاتوو، راشیانگەیاندبوو کە بژاردەی بوون ئۆپۆزسیۆن بوون و بایکۆت کردنی پڕۆسەی سیاسییان لە بەردەمدایە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ریزبەندی زانکۆ حکومی و تایبەتییەکانی لە ھەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە، بەپێی لیستی ریزبەندی زانکۆکان، زانکۆی سلێمانی لە پلەی یەکەمدایە و زانکۆی سەڵاحەدین و دھۆک لە ریزبەندی دووەم و سێیەمدان.
بەپێی راگەیەندراوەکە زانکۆی ھەولێری پزیشکی و زانکۆی پۆلیتەکنیکی ھەولێر و زانکۆی زاخۆ پلەی چوارەم تا حەوتەمیان ھەیە، زانکۆکانی نەورۆز و جیھان و زانکۆی ئەمریکی و زانکۆی سۆران پلەی ھەشتەم تا دەیەمیان ھەیە.
ئاسۆ کەمال بەڕێوەبەری کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، بەھۆی کاریگەری ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی ناوچەکەی گرتوەتەوە، شەپۆلێکی بەفر و بارانبارین ھەرێمی کوردستانیشی گرتوەتەوە، کاریگەری ئەو شەپۆلە ئەمڕۆش بەردەوام دەبێت و ئاستی بارانبارین زیاتر دەبێت لە ناوچە بەرزەکانیش بەفر دەبارێت، پلەکانی گەرماش روو لە نزمبونەوە دەکەن.
راشیگەیاند، لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی ٣ ملیمەتر باران باریەوە، کۆی گشتی بارانبارینیش تائێستا لە سلێمانی گەیشتوەتە ٢٥٤.٦ ملیمەتر .
شەوی رابردوو شەڕەتەقە لە نێوان دوو کەس لە ھەریر روویدا، بەوھۆیەشەوە کەسێک برینداربوو، بەڕێوەبەری ناحیەی ھەریریش بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوو کەس کێشەیان ھەبووە، بەھۆی چارەسەرنەکردنی کێشەکەیان شەڕە تەقە لە نێوانیان دروستبووە، یەکێک لەو کەسانە برینداربووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە، لە ئێستادا رەوشی تەندروستی جێگیرە.
پەیامنێری کوردسات نیوز راشیگەیاند، رەوشەکە کۆنترۆڵکراوە و ھێزەئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە کردووە، بەڵام تا ئێستا ھیچ کەسێک دەستگیرنەکراوە.
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیندانەکەی حەسەکە رایگەیاند، داعش کێشەیەکی جیھانییە و دەبێت چارەسەری بەردەوامی بۆ بدۆزرێتەوە و روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماری کوژراوانی لە ئەنجامی کۆنترۆڵکردنەوەی زیندانەکە ئاشکرا دەکات.
ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش سەبارەت بە کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیندانی سەناعە لە گەڕەکی غوێرانی حەسەکە رایگەیاند، بەردەوام پشتیوانی ھێزەکانی سوریای دیموکرات"ھەسەدە"یان کردوە، کە لە حەسەکە ئازایانە و بە بڕیار و پێداگرییەوە شەڕی یەکلاکەرەوەیان لەگەڵ داعش کرد.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکردوە، داعش بە تەنیا کێشەی حەسەکە نییە، بەڵکو ئەوە کێشەیەکی جیھانییە و دەبێت لەسەر ئاستی وڵاتانی جیھان چارەسەرێکی بەردەوام و ھەمیشەیی بۆ ئەو کێشەیە بدۆزرێتەوە.
ھاوکات روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بۆ ئەوەکردوە، لە ئەنجامی کۆنتڕۆڵکردنەوەی زیندانەکە ٢١١ کەس کوژراون، لە ئێستاشدا ھێزەکانی "ھەسەدە" بەردەوامن لە گەڕان بە دوای ٤٠ تیرۆریستی داعشدا کە لە دەورووبەری زیندانەکە خۆیان حەشارداوە.
رێکخراوی کەشناسی ئێران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەھۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی رووی لە زۆربەی ناوچەکانی ئەو وڵاتە کردووە، ئەگەری گیرانی رێگەی گوندەکان و ھەڵوەشاندنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و کۆبوونەوەی ئاو لە سەنتەری شارەکان لە ئارادایە.
داواشی لە ھاوڵاتیانی ئێران کردووە، تا ھێوربوونەوەی دۆخەکە خۆیان لە نزیکبوونەوە لە روبار و کەنار دەریاکان و چوون بۆ ناوچە شاخاوییەکان بپارێزن و شۆفێرانیش لەکاتی ھاتوچۆکردن لە رێگەکان، زنجیر و کەلوپەلی ناوبەفریان پێبێت.
کازمی لە سەردانەکەیدا لەگەڵ لێپرسراوانی حکومی و فەرماندە ئەمنییەکانی پارێزگای بەسڕە کۆدەبێتەوەو رەوشی ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان لەو پارێزگایە تاوتوێ دەکەن.
دوێنێش کازمی لەگەڵ وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و ژمارەیەک لە فەرماندەی ئەمنی باڵا، سەردانی سنوری نێوان عێراق و سوریای کرد و رایگەیاند، داعش شکستیھێناوە و لە عێراق جێگەی نابێتەوە.