لە نوسراوێکدا کە "کوێستان محەمەد" وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئەمڕۆ ئیمزای کردووە، تیایدا ھاتووە، بڕیاریاندا بە لێخۆشبوونی تەواوی سزای دواکەوتنی قەرزی بەشداربووانی بیمەی کۆمەڵایەتی، بەمەرجێک خاوەنکار تەواوی پارەی کەڵەکەبووی بەشدارییەکان بە یەکجاری و بەشێوەی نەقد لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا بدات.
رۆژی شەممەش وەزارەتی دارایی و ئابووری ھەرێم ڕایگەیاند، ھەر ھاوڵاتییەک لە ماوەی ٩٠ ڕۆژدا پێشینەکانی حکومەت کە وەک قەرز لایەتی بیگەڕێنێتەوە، ١٥٪ لێخۆشبوونی بۆ دەردەکەن، بڕیارەکەش پێشینەکانی خانووبەرە و قەرزی سندوقی نیشتەجێبوون و بانکی خانووبەرە و پێشینەی ھاوسەرگیری و قەرزی بچووک و پێشینەکانی بانکی کشتوکاڵی و پیشەسازی و گەشتیاری دەگرێتەوە.
ئاژانسەکانی ھەواڵ لە باکوور و خۆرھەڵاتی سوریا بڵاویانکردەوە، جارێکی تر تۆپخانەکانی تورکیا و چەکدارەکانی سەر بە ئەنقەرە رێگەی سەرەکی ناوچەی درباسییە و شارۆچکەی کەسرە لە ناوچەی زرگان سەر بە کانتۆنی حەسەکەیان تۆپباران کرد، گوندەکانی عەین عیسا و کەمپی ئاوارەکانیشیان لە ناوچەکە تۆپباران کرد. ماوەی چەند مانگێکە سوپای تورکیا دەستیکردووە بە بۆردومان و تۆپباران و لەشکرکێشی بۆسەر ناوچەکانی تری باکوور و خۆرھەڵاتی سوریا و بەھۆیەوە چەندین ھاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، تا ئێستا ٤٠٢ ھەزار و ٧٠٦ پێوەری زیرەکی کارەبا لە سنووری پارێزگای سلێمانی دانراون، ئەوەش دەکاتە رێژەی ٨١٪ی ھاوبەشانی کارەبا لە پارێزگاکەدا، مانگی رابردووش بەھۆی کەمی پێدانی سەعاتەکانی کارەبا و وەرگرتنی کرێی زیاتری کارەبا، بەشێک لە ھاووڵاتیانی ھەرێم ھەڵمەتی لێکردنەوەی پێوەری زیرەکی کارەبایان راگەیاند، بەڵام وەزارەتی کارەبا ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ھەر کەسێک پێوەری زیرەک لێبکاتەوە روبەڕوی یاسای دەکەنەوە.
کونسوڵی ئەڵمانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە سنووری گەرمیان ڕێکخراوێکی مەدەنییان بەناوی ھاوکاری ئەڵمانی ھەیە و ساڵانێکە لە بوارە جیاجیاکان خزمەت دەکات، ستایشی ڕۆڵی پێشمەرگەشی لە پاراستنی سنورەکە و ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش کرد و مەشقپێکردنی ھێزەکانی پێشمەرگەی لەلایەن ئەڵمانیاوە بە گرنگ وەسفکرد.
لە کۆنفرانسەکەدا ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و ئاژانسی "یوئێن ئێف پی ئەی" سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان و بەڕێوەبەری شێڵتەرەکانی پارێزگاکان ئامادەی بوون و تیایدا دیدگا و پلانی ٢٠١٦ تا ٢٠٢٦ی حکومەتی ھەرێم لەسەر بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خرایەڕوو. "خانزاد ئەحمەد" ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانیش رایگەیاند، حکومەت لە رێگەی ئەو پلانەوە دەیەوێت پابەندییەکانی خۆی بۆ کەمکردنەوەی فۆڕمە جیاوازەکانی جیاکاریی توندوتیژی لە دژی ژنان جێبەجێ بکات.
بڕیاربوو ئەمرۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆببێتەوەو ھەڵبژاردن بۆ سەرۆک کۆمار بکرێت، بەڵام بەھۆی بایکۆتی فراکسیۆنە سەرەکییەکان، تەنھا ٥٨ پەرلەمانتار ئامادەبوون و نیسابی یاسایی بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە تەواونەکرا.
حاکم زاملی جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، سبەینێ کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی لیژنە ھەمیشەییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران بەو پێیەی ھەنگاوێکی گرنگ و سەرەکییە لە کاری یاسادانان و چاودێری.
وتیشی، لە دانانی ئەندامانی لیژنەکان پسپۆڕیی و لێھاتوویی لەبەرچاو دەگیرێت ، بەھێزی ئەنجومەنی نوێنەران ، بەندە بە بەھێزی سەرۆکایەتییەکان و ئەندامان و گێڕانی رۆڵی پێویست لە کاراکردنی ئەرکی پەرلەمانتاری و چاودێریکردن.
لەلایەکی ترەوە فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویکردەوە، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران نوسراوێکی ئاراستەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ رەوانەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٢.
بەڕێوەبەری نوسینگەی قەرزی بچوک لە گەرمیان رایگەیاند، لە ماوەی رابردودا ٨ ملیار و ٦٩٤ ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار دیناریان داوە بە ٨٨٦ گەنج کە لە١٠%یان ژن و کچن، بەڵام تائیستا تەنھا سێ ملیار دیناریان لە سودمەندبووان وەرگرتووەتەوە، وتیشی، ئەوانەی سودمەندی قەرزی بچوکن ئەگەر لە ماوەی ٩٠ رۆژدا سەرجەم قەرزەکان بگەڕێننەوە ١٥% لێخۆشبوون بۆ قەرزەکانیان دەکرێت.
لە گەرمیان ٨٨٦ گەنج لە قەرزی بچوک سودمەند بوون .
کۆرن فلایشەر بەرێوەبەری فاو لە وتەیەکدا لە کۆنگرەی ھەرێمایەتی بۆ خۆرھەڵاتی دوور لە بەغداد ڕایگەیاند، ڕێکخراوەکەیان ٥٥٠ کیلۆمەتر کەناڵی ئاودێری دروستکردووە و بە درێژایی ٧٥٠ کلیۆمەتر ڕێڕەوی ڕوبارەکانی پاککردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، پرۆگرامی خۆراک و کشتوکاڵ، ھۆیەکانی دەستبەرکردنی زیادکردنی بەرھەمی بۆ جوتیارەکان دەستبەر دەکات و پلانیشی ھەیە بۆ داھاتوو، بۆ ئەوەی بتوانن بە ھاوکاریی لەگەڵ حکومەتی عێراق، ڕێژەی ھەژاریی کەمبکەنەوە.
جەختیشیکردەوە، تاقیکردنەوەکانیان لە عێراق سەرکەوتوو بووە، وەک پشتیوانییەک لە ھەوڵەکانی حکومەت، بۆ دابینکردنی خۆراک بۆ سەرجەم دانیشتوان و ھاوکاریکردنی ناوچە گوندنشینەکان.
لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجومەنی دادوەریی عێراق بڕیاریدا، بە تەرخانکردنی پاداشتێکی گەورە، بۆ ھەر کەسێک کە زانیاری بدات لەسەر ئاشکراکردنی تاوانی تیرۆرکردنی دادوەر ساعیدی.
لە لایەکی دیکەوە ئەنجومەنی دادوەریی ھەرێمی کوردستان بە توندی ئیدانەی تیرۆر کردنی دادوەر ئەحمەد فەیسەڵ ساعیدی کرد و داوای لە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق کرد، ئەنجامدەرانی تاوانەکە ئاشکرا بکەن.
ڕۆژی شەممەی رابردوو چەند چەکدارێکی نەناسراو لە شاری عەمارەی باشور عێراق لە نزیک دادگای تێھەڵچوونەوەی میسان، تەقەیان لە دادوەر ئەحمەد فەیسەڵ ساعیدی کرد و تیرۆریان کرد.
بە پێی سەرچاوەکانی ھەواڵ کاروانێکی سەربازی لە سەماوە لە رێگەی بۆمبی چێنراوەوە کراوەتە ئامانج و بە چەند دەقیقەیەکیش دوای ئەو رووداوە لە رێگەی سەرەکی سەماوە دیوانیە کاروانێکی تری سەربازیی ئەمریکا کراوەتە ئامانج. بەڵام لە بارەی زیانەکانەوە ھیچ زانیاریییەک ئاشکرا نەکراوە.
بە پێی سەرچاوەکانی ھەواڵ لە دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەرکردنی ھێزی بیانی لە وڵاتدا چەندین جار ھێرش کراوەتە سەر بیانییەکان.