"ئومێد خۆشناو"پارێزگاری ھەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژی ھەینی دەست دەکەن بە ئەنجامدانی ١٢ ھەمین فێستیڤاڵی نەورۆز و ئازادی کە ماوەی چەند ساڵێک بوو بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەیرانی دارایی ئەو فێستیڤاڵە بەڕێوەنەچووە.
وتیشی، فێستیڤاڵەکە ٢٣ چالاکی جۆراوجۆر لە بواری ھونەری بە ھەموو بەشەکانیەوە لەگەڵ وەرزش و چالاکی منداڵان ئەنجام دەدرێن، نزیکەی ٢ ھەزار و ٥٠٠ کەسایەتی و ھونەرمەند بەشداری تێدادەکەن.
"ڕەئیسی" ڕایگەیاند، لە دانوستانە ئەتۆمییەکان لە ڤییەنا، بە ھیچ شێوەیەک دەستبەرداری ھێڵە سورەکانیان نابن و جەخت لەسەر داواکاری و مەرجەکانیان بە تایبەت ھەڵگرتنی سزاکان دەکەنەوە، "حوجەتول ئیسلام عەلی" ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی شورای ئێرانیش ڕایگەیاند، تیمی دانوستانکار پابەندە بە مەرجەکان و دەبێت لەبەرچاو بگیرێن.
ھاوکات "عەلی شەمخانی" گەورە لێپرسراوی ئێران ڕایگەیاند، دانوستانە ئەتۆمییەکان ھەموو سەعاتێک ئاڵۆزتر دەبن و ئەمریکاش ھیچ بڕیارێکی سیاسی نادات، ھۆشداریشیدا لە نیازی ئەمریکا کە نایەوێت ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی بەھێز بەدیبێت.
ھەروەھا وەفدی فەڕەنسا و بەریتانیا و ئەڵمانیا شوێنی دانوستانەکانیان لە "ڤییەنا" بەجێھێشت و ڕایانگەیاند بابەتەکە لە نێوان ئەمریکا و ئێران ماوەتەوە.
بە پێی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، سەرجەم بەرھەمی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران بۆ وەرزی دروێنەی ئەمساڵ وەردەگیرێت و بۆ ھەر تۆنێک گەنمی وەرگیراو بڕی ٧٥٠ ھەزار دینار تەرخانکراوە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا بریاردراوە بە خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جوتیاران لە ماوەی ١٠ ڕۆژدا و شایستە داراییەکانی وەرزی ئەمساڵیش نابێت تا ڕۆژی ٣٠ مانگی حوزەیرانی داھاتوو تێپەڕ بکات.
ھاوکات وەزارەتی دارایی ڕاسپێردرا بە ھەماھەنگی لەگەڵ بانکی ناوەندیی، بۆ ئامادەکردنی پارەی پێویستی بۆ قەرزی جوتیاران و، بە سودی لە ٥٪ بۆ خەرجکردنی لە کەرتی کشتوکاڵی و ئاودێریدا.
مەزھەر محەمەد ساڵح ڕوونیشیکردەوە، سەرباری ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢١دا قەرزێکی کەمکراوە و دەگاتە ٢٩ تریلیۆن دینار، بەڵام ڕەوشی دارایی پێشبینییەکان بۆ ساڵی ٢٠٢٢ دەریدەخات، بەھۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتەوە داھاتی نەختینە زیاتر دەبێت، بە تایبەت لە ئێستادا نرخی بەرمیلێک نەوت لە سەرووی ١٠٠ دۆلارەوەیە.
ڕوونیشیکردووەتەوە، داھاتی زیادەی نەوت لە ماوەی ڕابردوودا گەیشتووەتە ٢٠ ملیار دۆلار، بۆیە دەکرێت ئەو زیادەیە بکرێتە پاڵپشتی جێگربوونی بودجەی ساڵانی داھاتوو، ئەگەر ھات و گۆڕانکاری لەناکاو لە نرخی نەوت ھاتە ئاراوە و نرخەکەی لە بازاڕی وزەدا کەمیکرد.
سالار مەحمود ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکردووە، بە لیست و تاکە کەسی، نفوس و دەنگدانیانی ھاووڵاتیانی عەرەب لە بەغداد و شارەکانی باشوری عێراقەوە دەگوازرێتەوە بۆ کەرکوک و خانەقین.
سالار مەحمود باسی لەوەشکردووە، ئەو پڕۆسەی تەعریبە کاریگەری زیاتری ھەیە لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ھەرێم.
سالار مەحمود ئاشکراشیکردووە، تەنیا لە ماوەی ٤ ساڵدا لە سنوری خانەقین ٤٢٣٠ خێزانی کورد بەرەو ھەرێم باریان کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھۆی نەبوونی پڕۆژەی نیشتمانی و سەرقاڵی حزبەکان بە ململانێی لاوەکیەوە، پرسی ناوچەدابڕاوەکان بە خاک و خەڵکەوە بە تەواوی فەرامۆش کراوە.
عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، نەرمی نواندن لە بەرامبەر ئەمریکا یا ھەر ھێزێکی تر، لە پێناو دەربازبوون لە گەمارۆکان، ھەڵەیەکی گەورەیە و زیان بە دەسەڵاتی ئێران دەگەیەنێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرەوپێشبردنی زانستی ئەتۆمیی و بەشداری سیاسییان لە ناوچەکە لە قوڵایی ستراتیژی ئێراندایە، بۆیە ھەرگیز لەو بوارانەدا پاشەکشێ ناکەن.
ئەم لێدوانەی خامنەئی لە کاتێکدایە، کە خولی ھەشتەمی دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوامە و ئەوروپا و وڵاتانی خۆرئاواش فشارەکانیان بۆ سەر ئێران چڕکردووەتەوە، بۆ ئەوەی بە ھەر شێوەیەک بێت، لەم خولەدا بگەنە ئەنجام و چیدی دانوستانەکان درێژە نەکێشێت.
بە گوێرەی نوسراوێکی فەرمی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، کە ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆک وەزیران کراوە، ئاماژە کراوە بە خشتەی جموجوڵی بەرھەمی کێڵگە پەلەوەریەکان وەک ھێلکەی خواردن، ھێلکەی تروکاندن و جوجەڵە و مریشکی زیندوو و سەربڕاوی فرێش و بەستوو بەرمەکانی تری کێڵگە پەلەوەرییەکان.
لە نوسراوەکەدا بە ڕوونی ئاماژە کراوە بەوەی چیتر ڕێگە نادرێت بە گواستنەوەی ئەو بەرھەمانەی سەرەوە لە ھەرێمی کوردستانەوە و بۆ سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق تا کاتێکی تر.
ئەمینداریەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق، بڕیارەکانی لیژنەی باڵای تەندروستی سەلامەتی نیشتیمانی ڕەوانەی ھەموو وەزارەت و پارێزگاکان کردووە و تیایدا ھاتووە، لەمەودوا تەنھا پشت ببەسترێت بە کارتی نێودەوڵەتی وەرگرتنی ڤاکسین و، چیتر پێویست بە ئەنجامدانی پشکنینی (پی سی ئاڕ) ناکات، بۆ ئەو کەسانەی کە لە عێراقەوە گەشت دەکەن یان بە پێچەوانەوە.
بە گوێرەی بڕیارەکە ئەو ڕێنماییە ھەموو ھاوڵاتییەکی عێراقی و بیانی دەگەرێتەوە تا سەرووی ١٢ ساڵ و بڕیارەکە لە سەرەتای مانگی نیسانی داھاتووەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ھەر بە گوێرەی ڕێنماییەکان ئەو گروپە گەشتیاریانەی کە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی عێراق دەکەن، ماوەی مانەوەیان بۆ درێژکراوەتەوە لە ١٤ ڕۆژەوە بۆ ٣٠ ڕۆژ.
وائیل ڕیکابی ئەندامی ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دادگای فیدراڵی کاتێک بڕیاریدا لەسەر نادەستوری بوونی لیژنەکەی ئەبو ڕەغیف، پێویستە ھەموو لایەنەکان بەرپرسیاریەتی ھەڵبگرن، لە پێش ھەموویانەوە سەرۆک وەزیران کە دەستوری پێشێلکردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، پێویستە کازمی و لیژنەی ئەبو ڕەغیف لە لایەن دادگاوە لێپرسینەوەیان لێ بکرێت، لەسەر ئەو تاوانەی کە دەرھەق بە گەلی عێراق ئەنجامیان داوە، کە ھاوڵاتیان چ بە دانپێدانانی بە زۆر یان لە ژێر ئەشکەنجەی ئەو لیژنەیەدا گیانیان لە دەستداوە.
داواشیان لە لایەنە زەرەرمەندەکان کرد بچنە بەردەم دادگا و سکاڵا لە دژی لیژنەکە و سەرۆکەکەی و ئەو کەسەش فەرمانی پێداون تۆمار بکەن.
ئەوەش لە کاتێکدایە دوو ھەفتە لەمەوبەر دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، فەرمانێکی دیوانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی ھەڵوەشاندەوە، کە تایبەت بوو بە پێکھێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەی لە گەندەڵی بە سەرۆکایەتی ئەحمەد ئەبو ڕەغیف، بە پێیەی پێچەوانەی دەستورە، چونکە لیژنەی نەزاھە ھەیە و لێکۆڵینەوە لەو دۆسیانە دەکات.
وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێم ڕایگەیاندووە، بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە بەرھەمی پڕۆژە پەلەوەرییەکانی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی خواروو و ناوەڕاستی عێراق، زیانێکی زۆر بە کەرتی پەلەوەر و خاوەن پڕۆژەکان دەگەیەنێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، لە بەرامبەر ئەو بڕیارە وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم بڕیاریداوە بەشداری نەکات لە پیشانگەی ھەفتەی کشتوکاڵی سیانزەیەم و بەشداریکردنی خاوەن پڕۆژەکانیشی لە پیشانگەکە ھەڵپەساردووە، داواشی کردووە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بە زووترین کات بڕیارەکە ھەڵبوەشێنێتەوە.
لە ٩ی ئاداری ساڵی ١٩٩١، خەڵکی شاری کۆیە دژ بە رژێمی بەعس راپەڕین و ناوەندی قەزاکە لە دامودەزگا ئەمنییەکانی رژێم ئازاد کرا و پێشمەرگەش لە ھەیبەت سوڵتان دەوری سوپای رژێمی بەعسیاندا و سوپاکە خۆیان رادەست کرد.
لە ھەمان رۆژدا، خەڵکی شەقڵاوە و کفری و باوەنوور و خورماتوو ناوچەکانیان لە رژێمی بەعس ئازاد کرد.