لە بەشێکی تری پەیامەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، ناڕەزایی و گلەییەکانی خەڵک لە شوێنی خۆیدایە و پێویستە زیاتر خزمەت بکرێن و جارێکیتر جەخت لەوە دەکەنەوە کە دەبێت خێروبێری ئەم ھەرێمە بۆ ھەمووان بێت و ھیچ جیاوازییەک نەمێنێت.
دەقی پەیامەکە...
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان دەکەم و ھیوادارم ھەموولایەک لە خۆشی و کامەرانیدا بن
جەژنی نەورۆز ھێمای نوێبوونەوە و سەرکەوتنی ئیرادەی میللەتی کوردە دژی ستەم و نادادی. وەکچۆن لە رابردوودا گەلی کورد نەورۆزی کردە جەژنی ئازادی و سەرفرازی، ھیوادارم ئەم جەژنەش بکەینە دەرفەتێک و ھەموومان بە رۆحێکی کوردانە و دوور لە ھەموو جیاوازییەکی سیاسی، یەکدەنگ و یەکڕیز بین بۆ زاڵبوون بەسەر کێشەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەکەمان.
دەزانین ھاووڵاتییانمان نیگەرانن و کەموکورتی لە ئیدارەدان و بەڕێوەبردندا ھەیە. ناڕەزایی و گلەییەکانی خەڵک لە شوێنی خۆیدایە و پێویستە زیاتر خزمەت بکرێن، بەڵام بێئومێد نین و لەگەڵ دۆستەکانمان لە ھەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کۆتاییھێنان بە قۆرخکاری و ناشەفافی لە بودجەدا. جارێکیتر جەخت لەوە دەکەینەوە کە دەبێت خێروبێری ئەم ھەرێمە بۆ ھەمووان بێت و ھیچ جیاوازییەک نەمێنێت.
دووبارە جەژنتان پیرۆزبێت و ھیوای سەربەرزی و سەرفرازی بۆ ھەموولایەک
بافڵ جەلال تاڵەبانی
٢٠ی ئاداری ٢٠٢٢
فیبیپۆ گرەندی کۆمیسیاری باڵای پەنابەران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە سەرەتای ھێرشەکانی روسیا بۆ سەر خاکی ئۆکراین، شەش ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار کەس لەناوخۆی ئەو وڵاتە ئاوارەبوون و ماڵ و حاڵی جێھێشتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەھۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە، تائێستا ٩٠٢ مەدەنی لە ئۆکراین گیانیان لەدەستداوە.
پێشتریش رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاشکرایکردبوو، بەھۆی ھێرشەکانی روسیا، نزیکەی سێ ملیۆن و ٤٠٠ ھەزار ئۆکراینی وڵاتەکەیان جێھێشتووە کە ٩٠٪یان ژن و منداڵن.
لە ڕاگەیەندراوێکدا نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بڵاویکردەوە، گەشبینی بنەمایەکی سەرەکییە و دەبێت بیر بکرێتەوە چۆن ھەموو ھەنگاوێک ببێتە سەرەتایەک بۆ لەدایکبوونێکی نوێ، سەرەتایەک کە ھەڵقوڵاوی دادپەروەریی و ڕێزگرتن بێت، جیھانی ئێستاش پێویستی بەوەیە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا بلاسخارت جەختیکردەوە، دەکرێت کێشەکانی عێراق بەپەلە چارەسەر بکرێن، بۆئەوەی وڵات بکەوێتە سەر ڕێڕەوی ئاسایی خۆی بە ئاراستەی گەشەپێدانی بەردەوام و بوژانەوە.
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ئاھەنگێڕان بۆ یەکەم رۆژی بەھار جەختیکردەوە، کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٠ یەکەم ڕۆژی بەھاری وەک ڕۆژی نێودەوڵەتی نەورۆز ناساندووە و سەرەتای وەرزی بەھاریش ڕۆڵێکی کاریگەریی ھەیە بۆ بەھێزکردنی پەیوەندی نێوان گەلان، چونکە مژدەی نوێبوونەوەی ژیانی پێیە و دەخوازێت پەیامی ھاوکاری و لێبوردەیی و ئاشتەوایی بەرز ڕابگیرێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بڵاویکردەوە، مالیکی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ عەلی رەزا گونای باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، گفتوگۆیان کردووە دەربارەی پێشھاتە سیاسی و ئەمنییەکان لە وڵاتدا.
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە مالیکی جەختیکردووەتەوە، لە بنیاتنانی پەیوەندیی بەھێز لەگەڵ تورکیا و گەشەپێدانی بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی عێراق دەبێت.
مالیکی داوای لە باڵیۆزی تورکیا کردووە، نابێت ئەنقەرە ڕۆڵی ھەبێت لە ھیچ پرۆژەیەکدا، کە ببێتە ھۆی بەرپابوونی قەیران لە عێراق و، نابێت پێکھاتەیەکی دیاریکراو بکاتە ئامانج.
باسی لەوەشکردووە، پێویستە چارەسەری قەیرانی سیاسی لە عێراقدا بە تەوافوق دەستپێبکات و دەستوەردانە دەرەکییەکان بوەستێندرێت، کە بە ئاڕاستەی سەرخستنی لایەکە بەسەر لایەکی دیکەدا.
عەلی خامنەیی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا ئەمریکییەکان چەندین جار دانیان بەوەداناوە، لە فشار خستنەسەر ئێران شکستیان ھێناوە و ئەوەش لە ئەنجامی خۆڕاگری گەلی ئێران بەدەستھاتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، گەلی ئێران لە رێچکەیەکی دروستدا ھەنگاو دەنێت، بۆیە سەرکەوتن لەو رێگەیە مسۆگەرە.
ئەو لێدوانەی عەلی خامنەیی لەکاتێکدایە، خولی ھەشتەمی دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوامە و وڵاتانی خۆرئاواش فشارەکانیان بۆ سەر ئێران چڕکردووەتەوە بۆئەوەی لەم خولەدا بگەنە رێککەوتن و چیدی دانوستانەکان درێژە نەکێشێت.
لە نەورۆزی ساڵی ١٩٧٩ لە درێژەی خەباتی سیاسی و پێشمەرگانەی یەکێتیی نیشتمانی کوردستاندا، ئیزگەی دەنگی گەلی کوردستان دامەزرا، ماوەی ٤٣ ساڵە بەبەردەوامی خەبات دەکات.
ئیزگەی دەنگی گەلی کوردستان بەرنامەکانی بە زمانی کوردی و عەرەبی پەخش دەکات، لە ماوەی جیاجیاشدا بە زمانەکانی ئینگلیزی و فارسی و تورکمانی و ھەفتانەش بۆ ماوەی سەعاتێک بە زاراوەی ھەورامی بەرنامەکانی پەخشکراون.
محەمەد شەمەری پەرلەمانتاری ئیتیلافی دەوڵەتی یاسا رایگەیاند، دیاریکردنی سەرۆکایەتی لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، پەیوەندی راستەوخۆی بە پێکھێنانی حکومەتی نوێ ھەیە، لەبەرئەوە تا حکومەت پێکنەھێنرێت سەرۆکایەتی لیژنەکان دیاری ناکرێت.
رونیشیکردەوە، پەرلەمانتاران بەسەر لیژنەکاندا دابەش دەکرێن و بە شێوەیەکی کاتیش بە تەمەنترین پەرلەمانتار لەناو لیژنەکاندا دەبێتە سەرۆک.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، دیاریکردنی سەرۆکایەتی لیژنەکان پێویستی بە تەوافوقی نێوان کوتلەکان ھەیە، ئەوەش پەیوەستە بە پێکھێنانی حکومەت و دابەشکردنی وەزارەتەکان لە نێوان ھێز و لایەنەکاندا، ھەر لایەنێکیش وەزارەت وەربگرێت پێویست ناکات سەرۆکایەتی لیژنەی چاودێری ئەو وەزارەتە وەربگرێت.
رۆژی ھەینی بەشار ئەسەد سەرۆکی سوریا سەردانی ئیماراتی کرد و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە، ئەوەش بۆ یەکەمجارە سەرۆکی سوریا دوای سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆیی وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠١١، سەردانی وڵاتێکی عەرەبی دەکات.
وەک کاردانەوەیەکیش بۆ ئەو سەردانە، نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، شەرعیەتدان بە بەشار ئەسەد کە بەرپرسیارێتی بێسەروشوێنبوونی زیاتر لە ١٥٠ ھەزار کەس و ئاوارەبوونی نیوەی دانیشتوانی وڵاتەکەی لە ئەستۆیە، مایەی نیگەرانییە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵەکان بۆ پەرەپێدان و بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمارات و سوریا ئیدانە دەکەن.
ژەنەڕاڵ کێنز مەکێنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئێران بە بەرەوپێشبردنی بەرنامەی موشەکیی و پشتیوانی لە گروپە چەکدارەکان، ھەوڵ بۆ لاوازکردنی حکومەتە ناوچەییەکان و بەھێزکردنی دەسەڵاتەکانی لە ناوچەکە دەدات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە شەش مانگی رابردوودا ئێران چەندین جار ھێرشی کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بەڵام بە وریایی فەرماندە سەربازییەکانیان رێگە لەوە گیراوە ھێرشەکان زیانیان لێبکەوێتەوە.
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا وتیشی، ھێرشەکانی ئیسرائیل و ئێران بۆ سەر یەکتر مەترسی بۆ سەر ھێزەکانی وڵاتەکەی دروست دەکات، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ھێرشە موشەکییەکەی ئێران بۆ سەر ھەولێر زیانی بە ھێزەکانی ئەمریکا بگەیاندایە، بە دڵنیاییەوە ئێستا رەوشەکە جیاواز دەبوو.
"دڵبەند مستەفا" بەڕێوەبەری رادیۆی دەنگی گەلی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، ٤٣ ساڵ بەسەر دامەزراندنی ئێزگەکە تێدەپەڕێت، بڕیاریشە ئەمساڵ و ساڵانی داھاتووش رادیۆ لەگەڵ تەکنۆلۆژیای سەردەم خۆی بگونجێنێت، وتیشی، تائێستا رادیۆ متمانە و رۆڵی خۆی لە دەست نەداوە و گوێگرێکی زۆری ھەیە.
بەڕێوەبەرایەتی ھاتووچۆی پارێزگای سلێمانی لە رایگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بەپلانێکی تۆکمە و گونجاو ئەرکەکانیان دابەش کردووە بۆ نەھێشتنی دیاردەی سەرکێشی و دیاردەی خێرایی کە ھۆکاری ڕووداوە نەخوازراوەکانە، ھەروەھا ھەموو کامێراکانی چاودێری خێرایی لە ناوشار و ڕێگاوبانەکانی دەرەوەو ناوچە گەشتیارییەکان دەستنیشانکراوە وبەخشتەیەک دادەنرێن لەگەڵ لابردنی ئەو لەمپەڕە پلاستیکییانەی بەردەم بازگە و خاڵەکانی پشکنین بەمەبەستی نەھێشتنی دیاردەی قەتیس بوون و ڕیزبەندی ئوتومبیلەکان لەکاتی گەڕانەوەی شۆفێران لە سەیرانگاکاندا.
ھاوکات داوادەکات شۆفێران و ھاووڵاتیان ھاوکارییانبن بۆ سەرخستنی پلان و کارەکانیان کە ئامانجی فەراھەمکردنی ڕەوشێکی ھاتووچۆیی لەبار و ئارام و سەلامەتە، خۆیان بەدووربگرن لە خێرایی لێخوڕین و مەیخواردنەوەی شۆفێران بەتایبەتی.
"توانا بەھادین" سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری نەورۆز لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئامادەکارییەکانی بۆ ئاھەنگی نەورۆز دەستپێکردووە، بڕیارە سبەینێ سەعات ٣ی پاش نیوەڕۆش لە گردی مامەیارە ئاگری نەورۆز بکرێتەوە.
"کامەران قەرەداغی" ھونەرمەند و ئەندامی گروپی ھونەری دڵخواز دەڵێت، بە رازاندنەوەی دیواری راگری گردی مامەیارە بەشدارییان لە ئامادەکارییەکانی نەورۆز کردووە.
عەلی رەئوف بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ھەندێک دەنگۆ لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی شوێنە گەشتیارییەکان بڵاوکراونەتەوە کە دوورن لەراستییەوە و تیمەکانیشیان بەردەوامن لە بەدواداچوون، وتیشی، لەماوەی سێ رۆژی رابردوودا ٢٠ ھەزار گەشتیار ھاتوونەتە پارێزگای سلێمانی و پێشبینی ھاتنی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاریش دەکەن.

دوای ئەوەی حکومەتی ھەرێم ھیچ ھەنگاوێکی بۆ چاکردنەوەی رێگەی گوندەکە نەناوە، لەسەر راسپاردە و بڕیاری شاناز ئیبراھیم ئەحمەد کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و سەرپەرشتیاری مەڵبەندی یەکی رێکخستنی سلێمانی بودجە بۆ نۆژەنکردنەوەی گوندی قەیتول تەرخانکرا ١٥١ ئەنفالکراوی ھەیە، دانیشتوانی گوندەکەش ستایشی ئەو ھاوکارییەی شاناز ئیبراھیم ئەحمەد دەکەن.
دوای ئەو چالاکیەش ئەو سێ پێشمەرگە بەسەلامەت گەرانەوە ناو ھێزەکانی پێشمەرگە .
"ئەحمەد روبێعی" جێگری سەرۆکی چوارچێوەی ھەماھەنگی شیعەکان رایگەیاندوە، لەگەڵ کوتلەی سەدر لە کۆبونەوەی بەردەوامدان بۆ دیاریکردنی کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی داھاتووی عێراق.
وتیشی، کۆبونەوەکانیان لەگەڵ کوتلەی سەدر ئەنجامی باشیان ھەبووە و گفتوگۆیەکی کراوە و جددی لە نێوان ئەوان و سەدرییەکاندا ھەیە، لەسەر کاندیدکردنی کەسێکیش بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران رێککەوتوون و لە چەند رۆژی داھاتوودا ناوی کاندیدەکە ئاشکرا دەکەن.