بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، بەهۆی پێشێلکردنی رێککەوتنەکە و جێبەجێنەکردنی برگەی یەکەمی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان گەروی هورمز بەڕوی کەشتییەکاندا دادەخەین
بارەگای خاتەمولئەنبیا رایگەیاند، بەهۆی هێرشيکانی ئیسرائیل بۆسەر باشوری لوبنان کە بوەتە هۆی کوژرانی هاووڵاتیانی مەدەنی و پێشێلکردنی برگەی یەکەمی رێککەوتنی ئاشتی نێوان تاران و واشنتۆن، گەرو هورمزمان بەروی کەشتییەکاندا داخست.
بارەگاکە ئاماژەی بەوەکردوە، داخستنی گەروی هورمز هەنگاوی یەکەمە و هۆشداری دەدەن لە رێوشوێنی زیاتر لە ئەگەری بەردەوامبوونی دەستدرێژییەکان.
بارەگای خاتەمولئەنبیا جەختیکردوەتەوە، تاکە هۆکاری داخستنی گەروەکە، بەهۆی پێشێلکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لە رێککەوتنەکە.
ئەمە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل چەند ناوچەیەكی لە باشوری لوبنان بۆردومانكرد و وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش رایگەیاند، لە 24 سەعاتی رابردودا 47 كەس كوژراون.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پەرەسەندنە سیاسی و ئابووری و ئەمنییەکان لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەکە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و جەخت لەسەر پێویستیی بەردەوامیی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتنی نێوان لایەنەکان کرایەوە، بۆ پاراستنی سەقامگیریی لە وڵاتدا.
کێشەکانی هەولێر و بەغداد خرانەبەر باس و دووپات لە چارەسەرکردنیان لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە، بەشێوەیەک هەموو هەوڵەکان لە چوارچێوەی بەرژەوەندیی گشتی و زیاتر خزمەتکردنی خەڵکدابن و رێگەنەدرێت ململانێ سیاسییەکان کاریگەریی نەرێنییان لەسەر ژیانی هاونیشتمانییان هەبێت.
پەیوەست بە رێککەوتنی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەمریکا هەردوولا بە گرنگییەوە لێیان روانی بە ئاڕاستەی نەهێشتنی گرژییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دیالۆگ.
لە هەولێر دوو حاڵەتی نوێی توشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆمارکرا کە هەردووکیان ئەندامی یەک خێزانن.
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر رایگەیاند، دوو حاڵەتی نوێی تووشبوون بە نەخۆشیی "تای خوێنبەربوون" لە ناو شاری هەولێر تۆمارکراون کە هەردووکیان ئەندامی یەک خێزانن و لە ئێستادا لەژێر چاودێریی توندی پزیشکیدان.
تەندروستیی هەولێر ئەوەشی خستەڕوو، تووشبووەکان باوک و کوڕێکی تەمەن 21 ساڵ و 29 ساڵن و دانیشتووی گەڕەکێکی ناو شاری هەولێرن.
ئاشکراشیکرد، هۆکاری سەرەکیی تووشبوونیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە دوو هەفتەی رابردوودا، لەناو ماڵەکەی خۆیاندا ئاژەڵیان سەربڕیوە و بەهۆیەوە بەرکەوتنی راستەوخۆیان لەگەڵ ئاژەڵی تووشبوو، خوێن و دەرهاویشتەکانی دوای سەربڕینەکە هەبووە.
تەندروستیی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی نیشانەکانی نەخۆشییەکەیان تێدا دەرکەوتووە و سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە، گومانیان لێکراوە و دەستبەجێ چەندین رێکاری دەستنیشانکردن، پشتڕاستکردنەوەی تاقیگەیی و چارەسەری پزیشکییان بۆ گیراوەتەبەر.
راشیگەیاند،، لە ئێستادا هەردووکیان لە نەخۆشخانە خەوێندراون و چارەسەر وەردەگرن، بەڵام باری تەندروستیی یەکێکیان ناجێگیرە.
بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر داواش لە سەرجەم هاووڵاتیان دەکات و جەخت دەکاتەوە، لەسەر پێویستیی پابەندبوون و جێبەجێکردنی رێنماییە خۆپارێزییەکانی تای خوێنبەربوون، بەتایبەت دوورکەوتنەوە لە سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ماڵ و شوێنە گشتییەکاندا.
لە گەرمەی هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکان بۆ رێگریکردن لە دواخستنی زیاتری گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران، سەرچاوە رەسمییەکان گەیشتنی وەفدی باڵای ئەمریکایان بۆ سویسرا پشتڕاستکردەوە، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی سویسراش ئاشکرایکرد، دیپلۆماتکارانی چەندین وڵات لە هەوڵەکانیان بۆ سەرخستنی ئەم دانوستانە بەردەوامن.
تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، کەمێک لەمەوبەر گەیشتووەتە سویسرا بۆ بەشداریکردن لە دانوستانە تەکنیکییەکان کە بڕیارە لە هاوینەهەواری شاخاویی "بۆرگنبستۆک" ئەنجام بدرێن، هاوکات چاوەڕوان دەکرێت جارید کوشنەر راوێژکار و زاوای دۆناڵد ترەمپیش پەیوەندی بە گفتوگۆکانەوە بکات.
لەلایەکی ترەوە و لە پێشهاتێکی نوێدا، موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان، بە سەردانێکی بەپەلە گەیشتووەتە تاران، ئەمەش بە مەبەستی رازیکردنی لێپرسراوانی ئێران بۆ ئەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی لە سویسرا دوانەخەن، دوای ئەوەی دوێنێ هەینی بەهۆی چەند ناکۆکییەکەوە کۆبوونەوەکان بۆ کاتێکی تر داخرابوون.
دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا هۆشداری دەدەنە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، رەنگە هەنگاوی وا بنێت کە هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتیی هەمیشەیی لەگەڵ ئێران پەکبخات.
بەپێی زانیارییەکانی لێپرسراوانی ئەمریکی، ناتانیاهۆ لەژێر فشارێکی توندی سیاسیی ناوخۆیی ئیسرائیلدایە بۆ بەردەوامبوون لە شەڕی لوبنان، ئەمەش رێگرە لەبەردەم جێبەجێکردنی لێکتێگەیشتنەکانی واشنتۆن و تاران.
بەپێی راپۆرتە هەواڵگرییەکان کە لە رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" بڵاوکراونەتەوە، ئیسرائیل پێداگرە لەسەر بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دژی حزبوڵا لە لوبنان.
ئەم هەڵوێستەش بە تەواوی دژ بە بەندێکی سەرەکیی ئەو یاداشتەیە کە لە نێوان ترەمپ و مەسعود پزیشکیانی هاوتا ئێرانییەکەیدا ئیمزا کراوە، کە تیایدا جەخت لەسەر راگرتنی شەڕ لە هەموو بەرەکان کراوەتەوە، مانەوەی سیاسیی ناتانیاهۆ لەسەروبەندی هەڵبژاردنەکانی ئەم پایزەدا، بەستراوەتەوە بەوەی کە هێزەکانی لە باشوری لوبنان نەکشێنێتەوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە ئیسرائیل هەست بە نیگەرانی دەکات لە بەندەکانی یاداشتی لێکتێگەیشتنەکە، چونکە پێیوایە فشارەکان لەسەر تاران کەم دەکاتەوە و رێگری لە توانای بەرگریی خۆی دەکات.
لە بەرانبەردا، لێپرسراوانی ئیدارەی ترەمپ دەڵێن ئەم رێککەوتنە رێگری لە ئیسرائیل ناکات وەڵامی هێرشەکانی حزبوڵا بداتەوە، بەڵام بۆ واشنتۆن، کردنەوەی گەروی هورمز و رێگریکردن لە قەیرانی ئابوریی جیهانی لە هەموو شتێک گرنگترە.
لە ناوخۆی ئیسرائیلدا، رەوشەکە بە تەواوی پشتگیری لە بەردەوامیی شەڕ دەکات، بەپێی راپرسییەک کە لە مانگی رابردوودا لەلایەن "پەیمانگای توێژینەوەکانی ئاسایشی نیشتمانی" ئەنجامدراوە، نزیکەی 70٪ی ئیسرائیلییە یەهودییەکان پشتگیری لە زیادکردنی فشار و هێرشە سەربازییەکان دەکەن دژی حزبوڵا.
لەلایەکی تریشەوە دەیان هەزار ئیسرائیلی ئاوارەبوو لە ناوچە سنورییەکان داوا دەکەن ناتانیاهۆ کۆتایی بە هەڕەشەکانی حزبوڵا بهێنێت، و هەر کشانەوەیەک بە شکست بۆ حکومەتەکەی دادەنرێت.
لە کۆتاییدا، ململانێی نێوان ویستی واشنتۆن بۆ سەقامگیریی ناوچەیی و بەرژەوەندییە سیاسییە ناوخۆییەکانی ناتانیاهۆ، رێگرێکی گەورەیە لەبەردەم سەرکوتکردنی ئاڵۆزییەکان، لە کاتێکدا واشنتۆن دەیەوێت بە ئیمزاکردنی رێککەوتنێکی نوێ رێگری لە تەقینەوەی زیاتری رەوشەکە بکات، ئیسرائیل بەردەوامبوونی فشارە سەربازییەکان لەسەر لوبنان وەک تاکە رێگەی پاراستنی ئاسایشی خۆی دەبینێت.
خەرجی جەنگی دژی ئێران لەسەرەتاوە تائێستا لەسەر ئەمریكا گەیشتووەتە زیاتر لە 132 ملیار دۆلار و 13 سەربازیش كوژراون.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، جەنگی نێوان ئەمریكا و ئێران كارەساتێكی گەورەی دارایی و مرۆیی بۆ واشنتۆن و ناوچەكە لێكەوتووەتەوە و تائێستا تێچووی گشتیی ئەو جەنگە لەسەر ئەمریكا 132 ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە كە 29 ملیار دۆلاری تەنها خەرجیی سەربازیی راستەوخۆ بووە بۆ بۆردومانەكان و چاككردنەوەی بنكە سەربازییە زیانلێكەوتووەكان.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە رووی زیانە مرۆییەكانیشەوە 13 سەربازی ئەمریكا و 26 ئیسرائیلی و سێ هەزار و 500 ئێرانی و سێ هەزار و 700 كەسیش لە لوبنان كوژراون.
لە راپۆرتەكەی نیویۆرك تایمزدا هاتووە، كارەساتبارترین روداو بۆردومانكردنی خوێندنگەیەك بوو لە ئێران كە بووە هۆی كوژرانی 175 منداڵ، لەگەڵ ئەوەشدا پنتاگۆن داوای 80 ملیار دۆلاری تری كردووە بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی سەربازیی وڵاتەكەی.
بەپێی راپۆرتەكە لەسەر ئاستی ئابوری، ئاڵۆزییەكانی گەروی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، باری دارایی خەڵكی ئەمریكای قورستركردووە و هەر خێزانێك بە تێكڕا 460 دۆلار زیانی بەركەوتووە بەهۆی گرانبوونی سوتەمەنی.
رێكخراوی فاویش هۆشداری دەدات بەهۆی كەمی ماددەی گۆگرد بۆ دروستكردنی پەین، ئاسایشی خۆراكی جیهانیی كەوتووەتە مەترسییەوە و ئەگەری بەرزبوونەوەی رێژەی برسێتی لە ئارادایە.
دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ ئاساییبوونەوەی تەواوی هاتوچۆی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەکە رادەگەیەنێت، دوای ئەوەی کێشەی سیستمی ئەلیکترۆنی لە دیوی ئێران بە تەواوی چارەسەر کرا.
بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ رایگەیاند، کێشەی سیستمی ئەلیکترۆنی لە دیوی کۆماری ئیسلامی ئێران چارەسەر کراوە و لە ئێستادا هاتوچۆی گەشتیاری و بازرگانی لە دەروازەکە بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە.
هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی دەروازەکە لە ئاگادارییەکدا بۆ هاووڵاتیان و گەشتیاران روونیکردەوە؛ دوای چاککردنی سیستمەکە، جوڵەی بازرگانی و گەشتیاری وەک رۆژانی پێشوو دەستیپێکردووەتەوە.
ئاماژە بەوەش کراوە، دەروازەکە رۆژانە لە سەعات (7:30)ی سەرلەبەیانی تا (9:00)ی شەو کراوە دەبێت و لە خزمەت گەشتیاران و هاووڵاتیاندایە.
ئیسرائیل چەند ناوچەیەكی لە باشوری لوبنان بۆردومانكرد و وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش دەڵێت، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 47 كەس كوژراون.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل سێ هێرشی ئاسمانییان كردووەتە سەر ناوچەی نەبتیە فەوقا لە باشوری لوبنان و چەندین گوندیشیان لە قەزای نەبتیە و جەزین بۆردومانكردووە و بەهۆیەوە پێنج كەس كوژران.
بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوە ئەمنییەكانیش، ئیسرائیل تەنها لە یەكەم سەعاتی راگەیاندنی ئاگربەستدا 12 هێرشی ئاسمانیی ئەنجامداوە.
وەزارەتی تەندروستیی لوبنانیش رایگەیاند، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا بەهۆی بەردەوامی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە 47 كەس كوژراون و 79ی تریش برینداربوون.
سوپای ئیسرائیلیش كوژرانی چوار سەربازی وڵاتەكەی لە ناو خاكی لوبنان پشتڕاستكردەوە.
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی رایگەیاند، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لەسەر عەبدوللەتیف ئەحمەد بڵاوبوونەتەوە، لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەیان پێکهێناوە و سەرجەم کارەکانیش بە چاودێریی داواکاری گشتی ئەنجام دەدرێن.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی تیایدا هاتووە، زانکۆکە وەک دامەزراوەیەکی فەرمی و ئەکادیمی، جەخت لەسەر پاراستنی پرەنسیپەکانی یاسا و شەفافییەت دەکاتەوە لە بەدواداچوون بۆ هەر دەنگۆ یان کەیسێک کە پەیوەندی بە مامۆستایان یان فەرمانبەرانیانەوە هەبێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر عەبدوللەتیف ئەحمەد مستەفا، مامۆستای کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان بڵاوبوونەتەوە، زانکۆکە بەپێی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان، رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 18ی حوزەیرانی 2026) لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی بۆ ئەو مەبەستە پێکهێناوە.
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی رونیشیکردووەتەوە، ئەم لیژنەیە بە چاودێریی داواکاری گشتی کارەکانی خۆی ئەنجام دەدات و زانکۆکە بە وردی بەدوای دەرخستنی راستییەکاندا دەچێت، پڕۆسەی لێکۆڵینەوەکەش تا گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی بەردەوام دەبێت و هەر جۆرە کەمتەرخەمییەکیش هەبێت، بەپێی یاسا لێپێچینەوەی بەرامبەر دەکرێت.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی دڵنیایی داوەتە هاووڵاتیان کە دەرەنجامی کارەکانی ئەم لیژنەیە هەرچییەک بێت، بە شێوازێکی شەفاف بۆ رای گشتی بڵاودەکرێتەوە.
شەپۆلێکی گەرمای توند و نائاسایی روو لە فەرەنسا دەکات و بەهۆیەوە لە زیاتر لە دوو سێی پارێزگاکانی ئەو وڵاتە باری نائاسایی رادەگەیەنرێت.
بەهۆی شەپۆلێکی گەرمای نائاسایی و توندەوە، دەستەی کەشناسیی فەرەنسا لە 60 شاری ئەو وڵاتەدا باری نائاسایی جۆری 'نارنجی' راگەیاند، کە زیاتر لە دوو سێی خاکى فەرەنسا دەگرێتەوە.
کەشناسیی فەرەنسا ئاشکرایکردووە، پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما بگەنە 38 پلەی سیلیزی، کە ئەمەش بەراورد بە تێکڕای ساڵانە، 10 بۆ 15 پلە بەرزترە. تهنانهت مانگی ئایاری رابردووش چەندین ژمارەی پێوانەیی گەرمی لە مێژووی ئەو وڵاتەدا تۆمارکران و رۆژی 26ی ئایار وەک گەرمترین رۆژ لە مێژووی تۆمارە کەشوهەواییەکانی فەرەنسادا دیاریکرا.
بەهۆی توندیی ئەم شەپۆلەشەوە، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، سەرۆک وەزیرانی فەڕەنسا کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی شانەی قەیرانەکان ئەنجام بدات، بە بەشداریی 14 وەزیر، لەوانەش وەزیرانی ناوخۆ، پەروەردە، تەندروستی و داد، بە مەبەستی گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ رووبەڕووبوونەوەی دەرهاویشتەکانی ئەم شەپۆلە بەتینە.
دواى رۆژێک لە دواخستنی گفتوگۆ چاوەڕوانکراوەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە هاوینەهەواری "بۆرگنبستۆک"ی سویسرا، ئاژانسەکانی هەواڵ ئاشکرایانکردووە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، خۆی بۆ گەشتێک بەرەو سویسرا ئامادە دەکات.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی راگەیاندووە، عراقچی پلان دادەنێت کە ئەمڕۆ شەممە سەردانی سویسرا بکات، بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە، کە ئەگەری گۆڕانکاری لەم پلانەدا هەیە.
هاوکات لەگەڵ عراقچیدا، چاوەڕوان دەکرێت کە لێپرسراوانی باڵای ئەمریکاش وەک 'ویتکۆف' و 'کوشنەر' لەوێ بن و چاوەڕوانی دەستپێکردنی گفتوگۆکان بکەن.
لەلایەکی ترەوە، سەرچاوەیەک لە یەکێک لە وڵاتە نێوەندگیرەکان پشتڕاستی کردەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران دوێنێ هەینی بە ژمارەیەک لە هاوتاکانی راگەیاندووە، پرسی راگرتنی شەڕ لە لوبنان بۆ تاران بابەتێکی بنەڕەتی و گرنگە، وەک فاکتەرێکی یەکلاکەرەوەش سەیر دەکرێت بۆ سەرکەوتن یان شکستهێنانی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی تری نێوەندگیر ئاماژەی بەوەکردووە، ئێرانییەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەیانەوێت پێش چوونیان بۆ سویسرا و دەستپێکردنی گفتوگۆ تەکنیکییەکان لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، ئاگربەست بە کردەیی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ هەینی، لیژنەیەک بە راسپاردەی سەرۆک وەزیرانی حێرا سەردانی پارێزگای کەرکوکی کرد، بەمەبەستی چارەسەر کردنی کێشەی جوتیارانی کورد و تورکمان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ بەبازاڕکردنی گەنمی ئەو جوتیارانە.
بەڕێوبەرایەتی كشتوكاڵی كەركوك رایدەگەیەنێت، لیژنەیەكی باڵا بە راسپاردەی سەرۆك وەزیرانی عیراق و بە سەرۆكایەتی بەڕێوبەری گشتی كۆمپانیای بازرگانی دانەوێڵە گەیشتونەتە پارێزگاكە، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ كێشەكانی وەرگرتنی بەرهەمی گەنمی جوتیاران.
ئاماژە بەوەش دەكات، لیژنەكە لەگەڵ نوێنەری پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەكان كۆبووەتەوە و چەند بڕیارێكی گرنگی دەركردووە، لەوانەش، وەرگرتنی تەواوی گەنمی بەرهەمهێنراوی كەركوك لە ناوەوە یان دەرەوەی پلانی كشتوكاڵی
هەروەها راسپاردنی لیژنەیەك بۆ ئەنجامدانی پشكنینی مەیدانی و ناردنی زانیارییەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی بۆ وەزارەتی بازرگانی.
هاوكات، هێزەكانی ئاسایشی نیشتمانی لە بازگەكان جێگیر دەكرێن بۆ كۆنترۆڵكردنی گواستنەوەی گەنم لە نێوان پارێزگاكاندا.
دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، بەداخە چونکە زیانی بە مـوجتەبا خامـنەیی گەیاندوە و بریندارە بەهۆی هێرشەکانەوە، ئاماژەی بەوەشکرد بۆ ئەوەی جیهان زیانی زیاتری بەرنەکەوێت جەنگەکەی راگرتوە.
دۆناڵد ترمپی سەرۆکی ئەمریکا بە پێگەی ئەکسیۆسی راگەیاند، درێژکردنەوەی جەنگەکە بۆ ئارامکردنەوەی لایەنە توندڕەوەکان دەکرا ببێتە هۆی پاشەکشەی جیهانی، پێشی وایە ئەوەی رویداوە لە ئێران گۆڕینی دەسەڵاتە.
سەرۆکی ئەمریکا جەختیکردوەتەوە، گەمارۆی دەریایی ئێران زیاتر لە جاران هۆکار بوو بۆ ئەوەی تاران بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و گەیشنن بە رێککەوتن دەکڕێت وەک خۆبەدەستەوەدانی ئێران سەیر بکرێت.
لەباەری رەوشی موجتەبا خامنەییشەوە، دۆناڵذ ترەمپ بە ئەکسیۆسی راگەیاندوە، بەداخە چونکە زیانی بە موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران گەیاندوە و بە سەختی بریندار، بەڵام ئەو کەسێکی زۆر بوێرە و جیاوازیشە لە باوکی.
باراک ئۆبامای سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا رایگەیاند، ئەمریکا دوای جەنگی ئێران سەرەڕای بە فیڕۆدانی ملیارەها دۆلار لە رەوشێکی خراپتردایە.
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوتری ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ بەرنامەی "تودەی شۆ" لە تۆڕی (NBC News)، وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی خۆی بەرانبەر بە راگەیاندنی ئاگربەست، رەخنەی توندی لە سیاستەکانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گرت.
ئۆباما رایگەیاند، ئەمریکا دوای جەنگی ئێران، ئێستا لە رەوشێکی خراپتردایە بە بەراورد بە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکە لە مانگی شوباتدا.
ئۆباما ئاماژەی بەوەکردوە، رێککەوتنی ئەتۆمی (برجام)، کە دۆناڵد ترەمپ لێی کشایەوە ئێران رازی ببوو چەکی ئەتۆمی گەشە پێ نەدات، بەڵام دۆناڵد ترەمپ لە رێککەوتنەکە کشایەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئێران توانای ئەتۆمیی زیاتر بەدەستبهێنێت.
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بە تێچووە قورسەکانی ئەو جەنگە کردوە و دەڵێت؛ ئێمە چوینەتە ناو جەنگێکەوە، کە ملیارەها دۆلاری تێدا خەرج کراوە و گوشارێکی یەکجار زۆرمان خستەوەتە سەر سوپای وڵاتەکەمان.
ئۆباما وتوشیەتی؛ لەم پێناوەدا کەسانی زۆر کوژران و ئێستاش وا دیارە رێک گەڕاوینەتەوە بۆ هەمان ئەو خاڵەی کە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە لێی بووین؛ بەو جیاوازییەی کە رەنگە ئێستا رەوشمان کەمێک خراپتریشبێت.
ئەمڕۆ هەینی لە چەمی شاخەسور لە سنوری شارباژێڕ، گەنجێکی تەمەن 23 ساڵ خنکا، بە گوێرەی زانیارییەکان تەرمەکەی براوەتە نەخۆشخانە لە قەڵاچوالان و بە مەبەستی گەشت سەردانی ئەو ناوچەیەی کردوە.
حاکم فەرهاد، قائیمقامی چوارتا بە کوردسات نیوزی راگەیاند، گەنجێک بە ناوی ئیسماعیل لە چەمی شاخەسوری کە دەکەوێتە نێوان (قەڵاچوالان - رێگای ماوەت) لە شارباژێر خنکا و دوای گواستنەوەی تەرمەکەی بۆ نەخۆشخانە لە قەڵاچوالان، رەوانەی پزیشکی دادی سلێمانی دەکرێت بە مەبەستی تاوتوێکردنی.
بە گوێرەی زانیاییەکانی کوردسات نیوز، گەنجەکە تەمەنی 23 ساڵە و لەگەڵ هاوڕێیەکی بۆ کات بەسەربردن و مەلەکردن سەردانی ناوچەکەی کردوە.
جێی باسە، سەرەڕای هۆشدارییەکانی لایەنی پەیوەندیدار بە هاووڵاتیان، روداوەکانی خنکان روو لە زیاد بوون و ئەمڕۆش گەنجێکی تر بە ناوی بـەڵێـن کـامیل، کە دانیشتوی بازیان بوو، لە ئاوی باسـەڕەدا لە سەیرانگەی دێلێژەی سنوریی سلێمانی خـنـکـا.
عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا پاکستانییەکەی رایگەیاند، ئەمریکا بەرپرسیارە لە پابەندبوون بە وەستانی شەڕ لە تەواوی بەرەکان بە لوبنانیشەوە.
عراقچی هۆشداریداوەتە ئەمریکا، بەرپرسیارێتی هەر جۆرە پێشێلکارییەک بەرانبەر بەو بەڵێنانەی لە یاداشتی لێکتێگەیشتنەکەدا هاتوون، لەگەڵ تەواوی لێکەوتە و دەرئەنجامە خراپەکانی، راستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی واشنتۆن.
ئەمە لە کاتێکدایە، بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند سوپای وڵاتەکەی بە فەرمانی ئەو 150 پێگەی حزبوڵایان لە لوبنان کردوەتە ئامانج و ئاژانسی رۆیتەرزیش رایگەیاند، حزبوڵا و ئیسرائیل رێککوتون لەسەر ئاگر بەست و لەمڕۆوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.