خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی د. فاروق رەفیق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بەم کۆچە گەلەکەمان رەخنەگرێکی بوێری لەدەستدا.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد پەیامێکی هاوخەمی بۆ کۆچی دوایی د. فاروق رەفیق بڵاوکردەوە، کەئەمە دەقەکەیەتی:
بەبیستنی هەواڵی ماڵئاوایی یەکجارەکی (د. فارووق رەفیق) کەسایەتی دیاری بواری فیکر و فەلسەفە لەکوردستان، زۆر غەمباربووم.
پرسەو سەرەخۆشی لەخێزان و کەسوکارەکەی و هاوڕێکانی و هەموو نوسەران و رۆشنبیران ئەکەم و هاوبەشی خەم و پەژارەیانم.
خواى گەورە لەکۆچکردوو خۆش بێت، سەبرو ئارامی بەهەمووان ببەخشێت و ئەمە دوایین ناخۆشیمان بێت.
بەم کۆچە گەلەکەمان رەخنەگرێکی بوێری لەدەستدا کەهەمیشە لەهەوڵی خستنەڕووی دیدگایەکی مۆدێرن و فەلسەفیدا بوو بۆ کۆمەڵگا و سیاسەت لە کوردستان.
لەسەر كڕینی گەنمی ئەو ناوچانەی ئۆكراین كە روسیا دەستی بەسەردا گرتووە لەلایەن ئیسرائیلەوە، كیێڤ هۆشداری دەداتە تەلئەبیب و هەڕەشەی سەپاندنی سزا دەكات.
ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكراین، بە توندی رەخنەی لە كڕینی ئەو گەنمە گرت كە لەلایەن روسیاوە لە ناوچە داگیركراوەكانی ئۆكراین دزراوە و گەیشتووەتە بەندەرەكانی ئیسرائیل.
لەوبارەیەوە زیلینسكی رایگەیاند، ئەو كارە هیچ باكگراوندێكی یاسایی نییە و رێی تێناچێت ئیسرائیل چاوپۆشی لە ناسنامەی ئەو كەشتیانە بكات كە دێنە وڵاتەكەیەوە.
هەر بەو بۆنەیەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئۆكراین باڵیۆزی ئیسرائیلی بانگهێشت كردووە و تەلئەبیبیش داوای بەڵگەی زیاتر دەكات، دەشڵێت ناتوانن سەرچاوەی گەنمە تێكەڵكراوەكان دیاری بكەن.
لەم نێوەندەشدا، مۆسكۆ بێدەنگی هەڵبژاردووە و تەنها وتویەتی با كیێڤ خۆی كێشەكانی لەگەڵ ئیسرائیل چارەسەر بكات.
لە ئێستاشدا، ئۆكراین كار لەسەر ئامادەكردنی گورزێك سزا دەكات دژی ئەو كەس و كۆمپانیایانەی تێوەگلاون لە گواستنەوە و قازانجكردن لەو گەنمەی روسیا لە خاكی ئۆكراین دەستی بەسەردا گرتووە.
ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند کە بڕیاری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کشانەوە لە رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت ئۆپێک، بە "سەرکەوتنێکی گەورە" بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دادەنرێت.
لە راپۆرتەکەی ئاژانسەکەدا هاتووە: چوونە دەرەوەی ئیمارات لە ئۆپێک سەرکەوتنە بۆ دۆناڵد ترەمپ، کە لە وتارەکەیدا لەبەردەم کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ٢٠١٨دا، رێکخراوەکەی تۆمەتبار کرد بەوەی لە ڕێگەی بەرزکردنەوەی نرخی نەوتەوە سوود لە جیهان وەردەگرێت.
رۆیتەرز ئاماژەی بەوەش کردووە کە ترەمپ پێشتر پەیوەندی دروستکردبوو لە نێوان پشتگیرییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی کەنداو و ئاستی نرخی نەوت، کاتێک وتبووی: لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان بەرگری لە ئەندامانی ئۆپێک دەکات، ئەوانیش سوود لەوە وەردەگرن و نرخی بەرز بۆ نەوت دەسەپێنن.
چاودێران بەپێی ئاژانسەکە پێیان وایە کە کشانەوەی بەرهەمهێنەرێکی سەرەکی وەک ئیمارات لە ئۆپێک، توانای رێکخراوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕە جیهانییەکان لاواز دەکات، ئەمەش لەگەڵ خواستی ئیدارەی ئەمریکا دەگونجێت بۆ دابەزاندنی نرخی وزە.
شایەنی باسە، ئاژانسی هەواڵی ئیمارات (وام) بەیانی ئەمڕۆ، سێشەممە رایگەیاند کە دەوڵەتی ئیمارات بە رەسمی لە یەکی ئایاری ساڵی داهاتووەوە (٢٠٢٦) کۆتایی بە ئەندامێتی خۆی لە رێکخراوی ئۆپێک و هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس دەهێنێت.
سەرۆکی ئەمریکا، لە میانی پێشوازیکردنی لە شا چارڵزی سێیەم، پادشای بەریتانیا لە کۆشکی سپی، رایگەیاند، وڵاتەکەی هیچ دۆستێکی لە بەریتانییەکان نزیکتر نییە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە وتارێکدا کە ئەمرۆ سێشەممە پێشکەشی کرد، ترەمپ ئاشکرایکرد،دڵنیای تەواوم کە پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا بۆ ماوەیەکی درێژ لە داهاتوودا بەردەوام دەبێت." هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە دوای سەربەخۆیی ئەمریکاوە، هەردوو وڵات خاوەنی "پەیوەندییەکی تایبەت" بوون و ئارەزووی خۆشی نیشاندا کە ئەم دۆستایەتییە بۆ هەمیشە بەردەوام بێت.
گرژییەکان لەگەڵ حکومەتەکەی ستارمر ئەم لێدوانە گەرموگوڕانەی ترەمپ بەرانبەر پادشای بەریتانیا لە کاتێکدایە کە گرژییەکی دیپلۆماسی لە نێوان کۆشکی سپی و کییەر ستارمر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دروست بووە، ترەمپ بە توندی رەخنەی لە حکومەتەکەی لەندەن گرتووە بەهۆی ئەوەی پشتگیرییەکی پێویستیان بۆ شەڕی دژی ئێران نیشان نەداوە و بەشدارییان نەکردووە لە پرۆسەی کردنەوەی گەروی هورمز، کە لە دوای هەڵگیرسانی جەنگ لە 28ی شوباتی رابردووەوە بە روی کەشتییەکاندا داخراوە.
سەردانێکی مێژویی لە ناوەندی قەیرانەکاندا شا چارڵزی سێیەم و شاژنە کامێلا، رۆژی دووشەممە گەیشتنە واشنتۆن لە سەردانێکی رەسمیدا کە تا 30ی نیسان بەردەوام دەبێت.
بڕیارە لە میانی ئەم سەردانەدا، پادشای بەریتانیا بەبۆنەی تێپەڕبوونی 250 ساڵ بەسەر سەربەخۆیی ئەمریکادا، وتارێک لەبەردەم کۆنگرێس پێشکەش بکات، کە ئامانج لێی خاوکردنەوەی ئەو گرژییە دیپلۆماسییانەیە کە بەهۆی هەڵوێستە جیاوازەکانی هەردوو وڵات بەرانبەر شەڕی ئێران هاتوەتە ئاراوە.
حکومەتی بەریتانیا بە رەسمی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە لەندەن بانگێشت کرد، ئەمەش وەک کاردانەوەیەکی توند بەرامبەر بەو زنجیرە پۆست و لێدوانانەی کە باڵیۆزخانەی ئێران لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردوونەتەوە و بەریتانیا بە "هاندەر بۆ توندوتیژی" وەسفیان دەکات.
هامیش فالکۆنەر، وەزیری کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەریتانیا، لە بەیاننامەیەکی رەسمیدا رایگەیاند کە لێدوانەکانی باڵیۆزخانەی ئێران "بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نین".
ناوبراو هۆشداریی دایە دیپلۆماتکارانی ئێرانی و جەختی کردەوە کە دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بەو جۆرە گوتارانە بهێنن کە دەکرێت وەک هاندان بۆ ئەنجامدانی کاری توندوتیژی لە ناوخۆی خاکی بەریتانیا یان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکبدرێتەوە.
ئەم گرژییە نوێیەی نێوان لەندەن و تاران لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕن، و بەریتانیا هۆشداری دەدات کە رێگە نادات هیچ لایەنێکی بیانی لە رێگەی پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکانەوە ئاسایشی ناوخۆیی و سەقامگیری نێودەوڵەتی بخاتە مەترسییەوە.
حكومەتی ئێران كۆتوبەندەكانی سەر هێڵی ئینتەرنێتی بۆ كۆمپانیا بازرگانییەكان كەمكردەوە و دەشڵێت، لەگەڵ ئاسایبوونەوەی رەوشی ناوچەكە ئینتەرنێت بۆ هاوڵاتییانی مەدەنیش بەردەست دەبێتەوە.
فاتیمە مەهرەجانی، وتەبێژی حكومەتی ئێران رایگەیاند، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێران رەزامەندی نیشانداوە لەسەر پلانی " ئینتەرنێت پرۆ"، كە تایبەتە بە كەمكردنەوەی كۆتوبەندەكانی سەر هێڵی ئینتەرنێت بۆ كۆمپانیا بازرگانییەكان، ئەویش لەپێناو راییكردنی كاروبارەكانیان لەكاتی قەیراندا.
ئەوەشی خستەڕو، هەركاتێك لایەنی پەیوەندیدار ئاساییبوونەوەی رەوشی ناوچەكەی راگەیاند، رەوشی ئینتەرنێت ئاسایی دەبێتەوە و جارێكی تر بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی بەردەست دەبێتەوە.
وتەبێژی حكومەتی ئێران جەختیلەوەشكردەوە، حكومەتی ئێران بە هانای داواكارییەكانی گەلی ئێرانەوە دەچێت و باوەڕی تەواوی بەوە هەیە دەستگەیشتن بە هێڵی ئینتەرنێت یەكێك لە مافەكانی هاوڵاتیانی مەدەنی.
ئەوەش لەكاتێكدایە، بەهۆی جەنگی ئەمریكا و ئێرانەوە نزیكەوەی دوو مانگە هێڵی ئینتەرنێت لەناوخۆی ئێران بۆ هاوڵاتیانی مەدەنی قەدەغەكراوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیامێکی هاوخەمی ئاڕاستەی بنەماڵەی د. فاروق رەفیق کردووە.
دەقی پەیامەکە
نیگەران بووین بە کۆچی دوایی د. فارووق رەفیق، نووسەر و رووناکبیری دیاری سلێمانی و کوردستان.
بۆ ئەم خەمە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی بنەماڵەکەیان و رۆشنبیران دەکەین، هاوبەشی خەمیانین.
یادی هەمیشە بە خێر و رۆحی شادبێت.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
وەزارەتی نەوتی عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە، دڵنیایی دا لە دابینکردنی سووتەمەنی و غازی شلی تایبەت بە چێشتلێنان بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی، سەرەڕای ئاستەنگ و بارودۆخی ئێستا.
وەزارەتی نەوت لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: عەلی مەعارج، بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری دابەشکردن، بە نوێنەرایەتی حەیان عەبدولغەنی جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی شانەی تەنگژەکانی کرد، بە ئامادەبوونی بریکارانی وەزارەت، راوێژکاران و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی کۆمپانیا و فەرمانگەکانی وەزارەت.
بەپێی بەیاننامەکە، بریکاری وەزارەت جەختی کردەوە: وەزارەت مەلەفی دابینکردنی سووتەمەنی و غازی شلی ماڵانی بە شێوەیەکی دروست و سەرکەوتوو بەڕێوەبردووە بۆ دابینکردنی پێداویستی ناوخۆ، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ و تەحەددییانەی کە هەن.
لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە: لە کۆبوونەوەکەدا باس لە رەوشی بەرهەمهێنان و کۆگاکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و غازی شل کرا، جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی زیادکردنی بڕی یەدەگی کۆگاکان و بەرهەمهێنان بۆ بەردەوامبوونی پڕۆسەی دابەشکردن بە شێوەیەکی نەرم و بێ گرفت لە بنکەکانی دابەشکردندا جگە لەوەش، باس لە رەوشی هەناردەکردنی نەوتی خاو و نەوتی رەش کرا.
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت: ئێران تازە ئاگاداری کردینەوە کە لە رەوشی داڕمانی تەواوەتیدایە، داواشی لێکردووین بە زوترین کات گەروی هورمز بکرێتەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی سۆشیاڵ تروس نوسیویەتی؛ لەلایەن تارانەوە ئاگادارییان پێگەیشتووە کە لە ئێستادا ئێران لە رەوشێکی هەستیاردایە و گەیشتووەتە ئاستی داڕماندایە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی ئێرانی داوای لێکردوون کە بە زووترین کات گەروی هورمز بەڕووی هاتوچۆدا بکرێتەوە، تا ئەو کاتەی تاران دەتوانێت چارەسەرێک بۆ قەیرانی سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی وڵاتەکەی بدۆزێتەوە.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ گەشبینی خۆی نیشاندا و رایگەیاند: "من بڕوام وایە کە ئێرانییەکان دەتوانن بەسەر کێشەی سەرکردایەتیکردنی وڵاتەکەیاندا زاڵ بن و چارەسەری بکەن."
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە قۆناغێکی ئاڵۆزی سیاسی و سەربازیدا تێدەپەڕێت و پرسی دەسەڵات لە تاران بووەتە جێی سەرنجی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان.
بۆ دەرخستنی راستییەکان لەچوارچێوەی هەوڵەکان بۆ رێکخستن و دیزاینی نوێی سەنتەری شار و بەردەرکی سەرا، خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد سەردانی سەرای سلێمانی کرد.
دواتر و بەمەبەستی رەواندنەوەی ئەو نیگەرانییانەی دەربارەی چارەنوسی باڵەخانەی ئوتێل مەولەوی و ژمارەیەک لەدووکانەکان دروستبووە، خاتوو شاناز سەرپەرشتی کۆبونەوەیەکی کرد بەئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و جێگرەکەی و سەرۆکی شارەوانی سلێمانی لەگەڵ خانەوادەی حاجی باقی حسن خاوەنی ئوتێلەکە و ژمارەیەک لە دوکاندار و فرۆشیاراندا.
لەکۆبوونەوەکەدا لە ئوتێل مەولەوی، خاتوو شاناز رایگەیاند، لەسۆنگەی بایەخدانمان بە پاراستنی کولتورو مێژوی ئەم شارە و رێگریکردن لە رووخاندنی ئوتیل مەولەوی و تێکدانی سیما و شوناسی شار، بەردەوام لەگفتوگۆداین لەگەڵ شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ چۆنیەتی نۆژەنکردنەوە و دیزاینکردن رێکخستنەوەی بەردەرکی سەرا بە مەرجێک کە پارێزگاری لە سیما کلتورییە دێرینەکەی بکات و پاراستنی شوێنەوارەکان رەچاو بکرێت.
وتیشی، بەردەرکی سەرا سمبولێکی مێژوویی گرنگە بۆ ئەم شارە، ئەمڕۆ لایەنە پەیوەندیدارەکانم هێناوە بۆ گوێگرتن لەخەڵکی شار و کاسبکاران و خاوەن موڵکەکان و بەدەنگەوەهاتنی داواکاریەکانیان بۆ هێشتنەوەی باڵەخانەکە و دڵنیاکردنەوەیان کە نە سەرا و نەئوتێل مەولەوی تێک نەدراوە و ناڕوخێنرێت.
خاتوو شاناز ئیبراهیم ئەحمەد دووپاتی کردەوە، پاڵپشتی بینا کۆنەکانی ئەم شارە و خەڵکەکەی ئەکات، چونکە هەموو گۆشەیەکی یادگارێکە بۆ هەر تاکێکمان بۆیە پارێزگاری لێ دەکەین، داواشی کرد کە پڕۆژەی نوێ بۆ جوانکاری شار جێبەجێ بکرێت و ئاوڕێک لە خانوەکۆنەکانی گەڕەکی شێخانیش بدرێتەوە و تا ئەو خانوانەی ماون لەڕووخان بپارێزرێن.
جیهان تازە لە خولیای "لابۆبۆ" رزگاری ببوو، ئەو کاراکتەرە بچووکانەی بەبێ زانیاری پێشوەختە دەگوژران و کێبڕکێ لەسەر وەشانە دەگمەنەکانیان دەکرا، بەڵام لەگەڵ سەرەتای ئەمساڵدا، دیمەنەکە گۆڕا بۆ ترێندێکی سادەتر لە شێوەدا، بەڵام قووڵتر لە کاریگەریدا، ئەویش "مایستەری دەمپڵینگ"ــە، پارچە لاستیکێکی رەنگاوڕەنگ کە وەک ئامرازێک بۆ کەمکردنەوەی فشار دەستی پێکرد و وەک دیاردەیەکی بەکاربردن کۆتایی هات کە پرسیاری گەورەتر لە قەبارەکەی خۆی دروست دەکات.
لە بنەڕەتدا، ئەم یارییە لە کارگەکانی چین وەک ئامرازێک بۆ هێورکردنەوەی دەمارەکان دیزاین کرابوو، بەڵام هاتنی بۆ ناو سۆشیاڵ میدیا ئەرکەکەی گۆڕی، ئیتر تەنها هۆکارێک نەبوو بۆ حەسانەوە، بەڵکو گۆڕا بۆ ئەزموونێکی پڕ لە چاوەڕوانی و دواتر بۆ رەفتارێکی کڕینی دووبارە.
"مایستەری دەمپڵینگ" سەر بە شەپۆلی یارییەکانی "سندووقە نادیارەکانە"، هاوشێوەی "لابۆبۆ"ی کۆمپانیای پۆپ مارت، کە تێیدا کڕیار بەرهەمێک دەکڕێت بەبێ ئەوەی پێشوەختە شێوەکەی بزانێت.
ئەم نادیارییە توخمێکی سوپرایز دروست دەکات، چونکە شێوە و رەنگەکەی تەنها لە کاتی کردنەوەی پاکەتەکەدا دەردەکەوێت.
گەورەکردنەوە لە رێگەی سۆشیاڵ میدیاوە
پلاتفۆرمەکانی سۆشیاڵ میدیا و دروستکەرانی ناوەڕۆک رۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە گۆڕینی ئەم یارییانە بۆ ترێندێکی جیهانی، ڤیدیۆکانی "کردنەوەی پاکەت" بوونە هۆی دروستکردنی حاڵەتێکی چاوەڕوانی بەکۆمەڵ.
بەپێی توێژینەوەیەکی "زانکۆی هارڤەرد"، کۆمپانیای "پۆپ مارت" سەرکەوتوو بووە لە گۆڕینی رەفتاری "کۆکردنەوە" بۆ دیاردەیەک، وخوارزمەکانی "تیک تۆک" و "ئینستاگرام"یش یارمەتیدەر بوون لە گەورەکردنی ئەم دیاردەیە.
"ئەسیر خالید"، کچێکی نەوەی زێد دەڵێت: ڤیدیۆکانی تیک تۆک هۆکاری سەرەکی بوون کە حەزم کرد تاقیی بکەمەوە، نەک تەنها من، بەڵکو هەموو خوشک و براکانیشم کڕییان، سەرەتا بۆ کەمکردنەوەی فشار کڕیمان، بەڵام خوشکەکەم چەندین جار دووبارە کڕییەوە تەنها بۆ ئەوەی رەنگێکی دیاریکراوی دەست بکەوێت."
بۆچی بوو بە ترێند؟
"سارا نیادی"، پسپۆڕی بەبازاڕکردن، دەڵێت فیکرەی "سندووقە نابیناکان" هەڕەمەکی نییە، بەڵکو لەسەر بنەمای تێگەیشتنێکی قووڵ بۆ رەفتاری کڕیار دامزراوە، توخمی "سوپرایز" هەستی پاداشت لە مێشکدا دەورووژێنێت، ئەمەش وادەکات کڕیار بەبێ هۆشیارییەکی تەواو کڕینەکەی دووبارە بکاتەوە.
نیادی ئاماژە بەوەش دەکات کە کۆمپانیاکان تەنها یەک بەرهەم ناخەنە بازاڕەوە، بەڵکو سیستەمێکی کۆکردنەوە بنیاد دەنێن، وەشانی ئاسایی، دەگمەن و زۆر دەگمەن بڵاو دەکەنەوە، ئەمەش کڕیاری ئاسایی دەگۆڕێت بۆ کەسێک کە دەیەوێت گروپەکە تەواو بکات، ئەمەش فرۆش بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
سەبارەت بە کاریگەرییەکەی لەسەر فشار، نیادی جەخت دەکاتەوە کە ئەم یارییانە لەوانەیە هەستێکی کاتیی خۆش ببەخشن، بەڵام هۆکاری ڕاستەقینەی فشار چارەسەر ناکەن و ڕەنگە تەنها ببێتە خویەکی کڕینی بەردەوام.
تەڵەی بەکاربردن
سۆشیاڵ میدیا ئیتر تەنها شوێنی پەیوەندی نییە، بەڵکو بزوێنەرێکی گەورەی کڕینە،توێژینەوەیەکی نوێی توێژەر "زی وانگ" لە ساڵی ٢٠٢٥ ئاماژە بەوە دەکات کە بەکاربردنی سندووقە هەڕەمەکییەکان لەسەر بنەمای "میکانیزمی نادیاری" کار دەکات؛ نەزانینی ناوەڕۆکەکە پێشوەختە، رەفتاری کڕین هان دەدات و حاڵەتێکی چاوەڕوانی بەردەوام دروست دەکات.
شا چارڵزی سێیەم، پاشای بەریتانیا، ئەمڕۆ سێشەممە، وتارێک لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا پێشکەش دەکات.
وتارەکە پەیامێکی تێدایە بۆ یەکخستنی ریزەکان لە نێوان بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان و برەودان بە "پەیوەندییە تایبەتەکەی" نێوان هەردوو وڵات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ناکۆکی لە نێوان حکومەتی بەریتانیا و سەرۆک دۆناڵد ترەمپدا هەیە سەبارەت بە جەنگی ئێران.
شا چارڵز و شاژنە کامیلا، هاوسەری، سەردانێکی رەسمی چوار ڕۆژە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەنجام دەدەن، لەم سەردانەدا پاشا هەوڵ دەدات خۆی لە ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان ترەمپ و کیر ستارمر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەدوور بگرێت، و لە بەرامبەردا جەخت لەسەر پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی نێوان بەریتانیا و داگیرگەی پێشووی (ئەمریکا) بکاتەوە کە ماوەی 250 ساڵە و لە دوای سەربەخۆییەوە بەردەوامە.
وتارەکەی شا چارڵز دەبێتە دووەم وتاری پاشایەکی بەریتانیا لەبەردەم کۆنگرێسی ئەمریکا، دوای ئەوەی شاژنە ئەلیزابێسی دووەمی کۆچکردوو لە ساڵی1991 هەمان کاری کرد.
بڕیارە وتارەکە لە کاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ بە کاتی ئەمریکا دەست پێ بکات.
ئەم روداوە وەک چەقی گرنگترین سەردانی سەردەمی پاشایەتیی چارڵز دادەنرێت و بڕیارە هەر ئەمشەویش میواندارییەکی رەسمی، بەڕێوەبچێت.
سەرچاوەیەک لە کۆشکی باکنگھام رایگەیاند کە پێشبینی دەکرێت وتارەکە نزیکەی ٢٠ خولەک بخایەنێت و تێیدا باس لە پرسەکانی وەک پەیمانی ناتۆ، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئۆکرانیا بکرێت.
پەیامی سەرەکی وتارەکە جەخت لەسەر ئەو ئاستەنگانە دەکاتەوە کە رووبەڕووی هەردوو وڵات دەبنەوە، و دوپاتی دەکاتەوە کە دەتوانن ئاسایش و خۆشگوزەرانی نێودەوڵەتی بەهێزتر بکەن لە رێگەی بەرگریکردن لە بەها هاوبەشەکانیان.
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای دەرکەوتنی هەندێک ناکۆکی لە کاتە جیاوازەکاندا، پاشا ئاماژە بەوە دەکات کە "وڵاتەکانمان زۆرجار ڕێگەیان بۆ لێکنزیکبوونەوە دۆزیوەتەوە" و ئەم هاوبەشییەش بە "یەکێک لە مەزنترین هاوپەیمانییەکان لە مێژووی مرۆڤایەتیدا" وەسف دەکات.
وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بڕیاریدا لەمساڵی خوێندنەوە کتێبەکان لە خوێندکارەکان وەردەگیرێتەوە و لە ساڵانی داهاتووی خوێندندا بەکاردەهێندرێتەوە.
لە بڕیاریکی نوێدا، بۆ خوێندنی ساڵی (2026 بۆ 2027) بەپێی نوسراوێکی رەسمی، کە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوانەوە دەرچووە، ئاراستەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان کراوە، داوا دەکرێت دوای تاقیکردنەوەکان کتێب لە خوێندکارەکان وەرگرنەوە، بەمەبەستی بەکارهێنانەوەی لە ساڵانی داهاتودا.
لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەدا جەخت کراوەتەوە، کە دوای وەرگرتنەوەی کتێبەکان، دەبێت بە شێوەیەکی رێکوپێک، جیابکرێنەوە و لە کۆگای قوتابخانەکان دابنرێن، تاوەکو ئامادە بکرێن بۆ دووبارە دابەشکردنەوەیان بەسەر خوێندکاران بۆ ساڵی خوێندنی داهاتوو.
وەزارەتی پەروەردە سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی راسپاردووە، کە بەدواداچوونی ورد بۆ ئەم پرۆسەیە بکەن لە کاتی سەردانی مەیدانییان بۆ ناوەندەکانی خوێندن، بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە جێبەجێکردنی رێنماییەکان و پاراستنی سامانی گشتی کە لە کتێبی خوێندندا بەرجەستە دەبێت.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دوای زیاتر لە دوو مانگی کە بەهۆی جەنگی ئێرانەوە دروست ببوو، گەڕایەوە ناو هۆڵی دادگا بۆ بەردەوامبوون لە پێدانی وتە لەبارەی دۆسیەکانی گەندەڵییەوە.
رۆژنامەی (تایمز ئۆف ئیسرائیل) ئاماژەی بەوەکردوە، هەرچەندە بڕیار بوو دانیشتنەکە دوێنێ دەست پێ بکاتەوە، بەڵام بەهۆی نیگەرانییە ئەمنییەکانەوە کە پارێزەرەکەی نەتانیاهۆ پێشکەشی دادگای کردبوو، بۆ ئەمڕۆ دواخرا.
نەتانیاهۆ تا ئێستا 80 جار لەبەردەم دادوەردا قسەی کردووە و لە ئێستادا لە کۆتایییەکانی قۆناغی لێپرسینەوەدایە سەبارەت بەو دۆسیەی، کە تێیدا تۆمەتبارە بەوەی بڕیارێکی رێکخستنی دەرکردووە، کە بە بڕی سەدان ملیۆن شیکڵی ئیسرائیلی سودی دارایی بە شاول ئەلۆڤیچ، خاوەنی کۆمپانیای پەیوەندییەکان گەیاندووە.
بەپێی خەمڵاندنی داواکاری گشتی، نەتانیاهۆ هێشتا چوار بۆ هەشت دانیشتنی تری لەبەردەم ماوە، کە پەیوەندی بە رێککەوتنێکی گوماناوییەوە هەیە لەگەڵ ئارنون مۆزیس، خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرەنۆت.
دەستپێکردنەوەی ئەم دانیشتنانە لە کاتێکدایە کە ئیسحاق هێرزۆگ، سەرۆکی ئیسرائیل، داواکارییەکی رەسمی نەتانیاهۆی بۆ لێبووردنی گشتی رەتکردەوە، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فشارێکی زۆری لەو بارەیەوە دروست کردبوو.
لە ساڵی 2019، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە سێ تۆمەتی گەندەڵی تۆمەتبار کرا، یەکێک لەوانە وەرگرتنی نزیکەی 700 هەزار شیکڵە، کە دەکاتە، 210 هەزار دۆلار، وەک دیاری لە بازرگانانەوە و لە ساڵی 2020 دادگایکردنی دەستی پێکردوە.
پڕۆسەی دابەشکردنی دۆلار بە نرخی بانکی ناوەندی بەسەر ئەو هاووڵاتیانەی هەرێمی کوردستان، کە ناویان بۆ فەریزەی حەجی ئەمساڵ گەڕاوەتەوە بەردەوامی هەیە و لەمرۆوە دەتوانن بچن وەری گرن.
کاروان ستونی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حاجییان دەتوانن لە ئەمڕۆوە سەردانی بانکی جیهان و نوسینگەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەکانی (A-B) بکەن بۆ وەرگرتنی بڕی دوو هەزار دۆلار بە نرخی رەسمی، کە ئەمەش وەک هاوکارییەک زیاتر لە 450 هەزار دینار سوود بە هەر حاجییەک دەگەیەنێت.
سەبارەت بە مەرج و پێداویستییەکانی وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە، ووتەبێژی حەج و عومرە ئاماژەی بەوە کردووە، کە پێویستە هەر حاجییەک پاسپۆرت و ڤیزەی حەجی پێ بێت، لەگەڵ ئامادەکردنی بڕی دوو ملیۆن و 665 هەزار دیناری عیراقی.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت و وەزارەتی ئەوقافدایە بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر شانی گەشتیارانی ماڵی خودا.
لە لایەکی ترەوە، وتەبێژی حەج وعومرە تیشکی خستە سەر ئاسانکارییەکانی گواستنەوە و رایگەیاندوە، لە رێگەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمەوە، فڕۆکە بۆ ئەو حاجییانە دابینکراوە، کە لە دەروازەی عەرعەرەوە گەشت دەکەن تاوەکو راستەوخۆ بیانگەیەنێتە شاری جەددە لە سعودیە.
ناوبراو جەختیکردەوە، کە زۆرینەی کارە کارگێڕییەکان تەواو کراون و ئامادەکارییەکان بۆ دەستپێکردنی گەشتەکان لە قۆناغی کۆتاییدان.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق و تەیف سامی وەزیری دارایی رەزامەندیان نیشانداوە لەسەر خەرجکردنی موچەی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
محەمەد عەبدولرەحمان، پەیامنێری کوردستان نیوز، لە بەغداد لە زاری سەرچاوەیەکی تایبەتەوە رایگەیاند، محەمەد شیاع سودانی و تەیف سامی رەزامندیان نیشانداوە بۆ دابەشکردنی موچەیی مانگی چواری فەرمانبەرانی هەرێم.
بە گوێرەی زانیارییەکان دوێنی لە بەغداد کۆبوونەوەی وەزاری بەرێوەچووە و وەزیری دارایی عیراق رایگەیاندوە؛ لاریان نییە لە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
سەرچاوەکە جەختی کردەوە، سودانی و تەیف سامی ئامادەییان نیشانداوە موچەی مانگی چوار خەرج بکەن، ئەگەر حکومەتی هەرێم کەمتر لە 120 ملیار دینار وەک داهاتی نانەوتی رەوانەی بەغدادیش بکات.
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ناردنی کەمتر لە 120 ملیار دینار نابێتە کێشە لەبەردەم مخەرجکردنی موجيی فەرمانبەراندا.