خاڤیێر کۆلۆمینا یاریدەدەری سکرتێری گشتی ناتۆ بۆ کاروباری سیاسی و ئاسایش رایگەیاند، لەگەڵ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عیراق ھاوپەیمانێتیەکە دەیەوێت ژمارەی سەربازەکانی لە عیراق زیاد بکات.
دەشڵێت، لە ئێستادا نزیکەی ٦٠٠ سەربازیان لە عیراق ھەیە و ناتۆ دەیەوێت ئەو ژمارەیە زیاد بکات ئەوەش وەکو قەرەبویەک بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە وڵاتدا بۆ ئەوەی بۆشایی دروست نەبێت.
وتیشی، لەگەڵ لێپرسراوانی عیراق دەستیان بە گفتوگۆ کردووە بۆ زیادکردنی ژمارەی ھێزەکانیان.
ماڵپەری شەفافیەت کە چاودێری داھاتی نانەوتی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین و گەرمیان دەکات بڵاویکردەوە، داھاتی ١٤ تا ٢٠ی ئەیلول ھەشت ملیار و ٤٤٠ ملیۆن و ٨٧١ ھەزار و ١٠٢ دیناری عیراقی بووە، کە بەراورد بە ھەفتەی رابردوو بە بڕی سێ ملیار دینار واتە بەڕێژەی ٢٦.٥% دابەزیوە. لەو داھاتەش ٧٧%ی نەختینە و ٢٣%ی چەک بووە.
بەپێی ماڵپەری شەفافیەت، داھاتی ھەفتەی پێشووی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان زیاتر لە ١١ ملیار دینار بووە.
کۆمپانیای "ئێڵ ئای جی نێکس وەن"ی کۆریای باشور بۆ بەرھەمھێنانی چەکی پێشکەوتوو رایگەیاند، رێککەوتنێکیان بە بڕی ٢.٧٨ ملیار دۆلار کردووە، بۆ ھەناردەکردنی سیستمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی مەودا ناوەند لە جۆری "چیۆنگۆنگ دوو" بۆ عیراق.
کۆمپانیاکە راشیگەیاند، ئەو رێککەوتنە رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری عیراق ئیمزا کراوە.
سیستمە بەرگرییەکەی کۆریای باشور لە چوار سەکۆی مووشەکی گەڕۆک پێکدێت، کە ھەریەکەیان توانای ھەڵدانی ٨ موشەکی ھەیە، لەگەڵ بوونی رادار و و ناوەندی کۆنترۆڵکردن و بەڕێوەبردن.
بەو رێککەوتنە، عیراق دەبێتە سێیەم وڵات لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە ئەو سیستمی بەرگری ئاسمانییە لە کۆریای باشور دەکڕێت، لە دوای ئیمارات و سعودیەوە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئەمریکا پێیوایە رێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە لەنێوان ئیسرائیل و حەماس بەر لە کۆتایی ویلایەتی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی کانونی دووەمی ساڵی داھاتوو، بەدینایەت.
ئەو رۆژنامەیە ئەو زانیارییەی لە لێپرسراوانی باڵا لە کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوە و بەرگری ئەمریکا بڵاوکردووەتەوە، بەبێ ئەوەی ناوی کەسیان بھێنێت.
پێشتر ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندبوو، ٩٠%ی رێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان لە غەززە تەواو بووە، بەڵام ھێشتا چەندین ئاستەنگ ماون وەک، بوونی ئیسرائیل لە دەروازەی فیلادلفیا لە سنوری نێوان غەززە و میسر و ھەروەھا وردەکاری ئازادکردنی زیندانییەکانی فەڵەستین لای ئیسرائیل.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندی بێتەل لە لوبنان کۆببێتەوە و نوێنەری لوبنانیش لە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایش ئاماژەی بەوەداوە، لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانی دەسەڵاتدارانی لوبنان لەبارەی رووداوەکەوە دەرکەوتووە، ئەو ئامێرانەی تەقینەوەتەوە پێش گەیشتنیان بە لوبنان بۆمبڕێژکراون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لێکۆڵینەوەکان ئاشکرایانکردووە ئەو ئامێرانەی لە لوبنان تەقێنراونەتەوە، لە رێگەی ناردنی پەیامێکی ئەلکترۆنی بۆیان تەقێنراونەتەوە.
ھاوکات سەرچاوەیەکی ھەواڵگری ئەمریکی بە تۆڕی "ئێن بی سی نیوز" ی رایگەیاند، ئیسرائیل دەستی ھەیە لە دروستکردنی ئەو ئامێرانە و پلانی تەقاندنەوەی ئەو ئامێرانە لانی کەم ماوەی ١٥ ساڵ کاری لەسەر کراوە.
ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی پەیەدە رایگەیاند، لە ١٠یەمین کۆنگرەی پەیەدەدا کە سبەینێ بەڕێوەدەچێت، پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی کۆنگرەی پێشوو دەکرێت و ھەڵە و کەموکورتی و رەخنەکان تاوتوێ دەکرێن.
ئەوەشی خستەڕوو، پێشبیندەکرێت لە کۆنگرەکەدا پێداچوونەوە بە پەیڕەوی ناوخۆی حزب بکرێت و دەستەی سەرۆکایەتی گۆڕانکاریی بەسەردا بێت، ھاوکات پێدەچێت ئەندامانی ئەنجومەنی گشتی کەمبکرێنەوە و ژمارەی نوێنەران لە ھەموو ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان زیادبکات.
ھاوسەرۆکی پەیەدە ئاماژەی بەوەشدا، پەیەدە حزبێکی داینەمیکییە و لەگەڵ پێشھاتەکان گۆڕانکاری بەسەدادێت و سیاسەتی نوێ پەیڕەودەکات، ئەو بڕیارانەشی لە کۆنگرە دەدرێن نەک تەنھا بۆ پەیەدە بەڵکو بۆ ھەموو رۆژئاوای کوردستان گرنگە.
ھەموارکردنەوەی ئەو یاسایە لەکۆبوونەوەیەکدا تاوتوێکرا کە لەنێوان جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، لەگەڵ سەرۆکی دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی و راوێژکاری ئەنجومەنی دەوڵەت ئەنجامدرا، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوێکی کۆتایی کۆبوونەوەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکرا لەبارەی رێوشوێنە یاساییەکان بۆ ھەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، کە قەرەبووی زیندانیانی سیاسی رژێمی پێشوو بکاتەوە، بە تایبەتی زیندانیانی سیاسی ھەڵەبجە.
لە بەشێکیتری کۆبوونەوەکەدا، شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختیکردەوە لە بەردەوامی ھەماھەنگییەکانی نێوان دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی و لیژنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی ھەموارکردنەوەی یاسای دامەزراوەی زیندانیانی سیاسی، بەشێوەیەک تێیدا مافی زیندانیانی سیاسی ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی ھاوتاکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عیراق پارێزراو بێت.
بارەگای " حەمزە سەید شوھەدای" ھێزی زەمینی سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویکردەوە، لەسەر بنەمای زانیاری وردی ھەواڵگری، شەوی رابردوو لە بۆسەیکدا، لەسەر سنووری مەریوان لە کوردستان، توانیویانە ھەوڵێکی دزەکردنی گروپێکی چەکداری بۆ ناو خاکی ئێران شکستپێبھێنن.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکەدا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپا و ئەو گروپە چەکدارە روویداوە و سەرەنجام ژمارەیەک ئەندامی ئەو گروپە کوژراون و برینداربوون، ھاوکات دەستگیراوە بەسەر چەک و کەلوپەلەکانیاندا.
ئاماژەی بەوەشداوە، ھێزە زەمینییەکانی سوپای پاسداران بەردەوام دەبن لە پارێزگاریکردنی ئاسایشی وڵا.
ئەدمیراڵ زەکی ئاکتورک راوێژکاری پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگری تورکیا رایگەیاند، لە ھەفتەی رابردوودا بەھۆی ئەو ئۆپراسیۆنانەی لە چەند ناوچەیەکی ھەرێمی کوردستان و سوریا ئەنجامدراون، ٥٠ ئەندامی پەکەکە کراونەتە ئامانج. لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تا ئێستا دوو ھەزار و ١٣ ئەندامی پەکەکە کراونەتە ئامانج.
ھاوکات، ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی ھەپەگە بڵاویکردەوە، ھێزەکانی گەریلا چالاکی بەھێزیان دژی سوپای تورکیا ئەنجامداوە و لانیکەم نۆ سەربازی تورکیا لە ناوچەی زاپ کوژراون.
وەزارەتەکە بە پشتبەستن بە نوێترین راپۆرتی زانکۆی ستانفۆرد کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، ١١ مامۆستای زانکۆی سلێمانی لە ریزبەندی ٢%ی توێژەرانی جیھاندان لە بوارە زانستییەکانی خۆیاندا.
ئەو ریزبەندییە ھەڵسەنگاندن بۆ توێژینەوەی توێژەران لە ماوەی ساڵێک و بە درێژایی ژیانی ئەکادیمییان دەکات، ژمارەی ئەو مامۆستایانەی زانکۆی سلێمانی کە پشت بە زانیارییەکانی یەک ساڵیان بەستراوە چوونەتە ریزبەندییەکەی ئەمساڵەوە بریتییە لە ١١ مامۆستا، ئەوانەشی بە پشت بەستن بە درێژایی ژیانی ئەکادیمییان دەچنە ناو ریزبەندییەکەوە بریتییە لە سێ مامۆستا.
ساڵانە زانکۆی ستانفۆرد بە ھاوبەشی دامەزراوەی ئێڵسڤییەر و بە پشت بەستن بە داتابەیسی سکەوپەس کاریگەرترین ١٠٠ ھەزار توێژەری جیھان دەستنیشان دەکات و پۆڵێنیان دەکات بەسەر ٢٢ بواری سەرەکی و ١٧٤ جۆر بواری لاوەکی زانستیدا.
زانکۆی ستانفۆرد یەکێکە لە زانکۆ بەناوبانگەکانی ئەمریکا و لە ساڵی ١٨٨٥ەوە دامەزراوە، داتابەیسی سکەوپەیس یەکێکە لە بەناوبانگترین داتابەیسەکان، کە باشترین گۆڤارە زانستییەکانی تێدا تۆمارکراوە.
کەشناسی ھەرێم رایگەیاند، ئەمرۆ ئاسمان نیمچە ھەور دەبێت لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ ھەوری تەواو دەگۆرێت, لە دوای نیوەڕۆدا لەناوچەکانی پارێزگای دھۆک و ناوچە شاخاویەکانی پارێزگای ھەولێر و ھەندێک لە ناوچە سنوریەکانی پارێزگای سلێمانی پێشبینی نمە باران و تاوە باران دەکرێت، پاشان کاریگەری بەشێوەیەکی لاواز درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ناوچەکای ناوەراستی ھەرێم لەکاتەکانی ئێوارە کاریگەری بەلاوازی لەناوچە شاخاوییە سنووریەکانی باکوور دەمێنێتەوە .
ھەروەھا پێشبینی دەکات سبەی شەممە ئاسمان لە نێوان نیمچە ھەورو پەڵە ھەوردا دەبێت .
بەپێی نەخشەکانی کەشناسی، ئەگەری باران بارین پارێزگاکانی دھۆک و ھەولێر و سلێمانی و بەشێک لە موسڵ و سەڵاحەدین دەگرێتەوە، کە لەگەڵیدا خێرایی با زیاد دەکات و کەمێک تۆز دروست دەبێت.
شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، ئەوە سەرەتای نزمەپاڵەپەستۆیەکە لەم وەرزەدا کە ھاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی پاییز لەڕووی فەلەکییەوە.
ھەر بەپێی پێشبینییەکان، چاوەڕوان دەکرێت لە ھەفتەی داھاتووەوە پلەکانی گەرما لە پارێزگاکانی عیراق جارێکی دیک بەرز ببنەوە بەشێوەیەکی کاتی و دواتر لە کۆتایی ھەفتەدا پلەکان روو لە دابەزین بکەن.
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، ئەو ھاووڵاتییە عیراقییە تەمەنی ٢٥ ساڵە، لە ساڵی ٢٠٢١ەوە لە بەریتانیا دەژی، لە شاری نەرویچ دوو جار دەستدرێژی کردووەتە سەر کچێک و دواتر وازی لێنەھێناوە و نامە و وێنەی بۆ ناردووە و بە تەلەفۆن ھەراسانی کردووە.
ئەو ھاووڵاتییە عیراقییە لەبەردەم دادگای تاوانەکانی ئەو شارە ئامادە بووە و زیندانی حەوت ساڵی بەسەردا سەپێندراوە و ھەروەھا دوو تاوانی دیکەشی روبەڕووکراوەتەوە، کە وازنەھێنان و دروستکردنی دڵەراوکێ و بێزاری بووە بۆ ئەو کچە.
ئەو کچەشی تاوانەکەی بەرامبەر ئەنجامدراوە تەمەنی لە بیستەکاندایە و لە دادگا رایگەیاندووە، شەوان ناتوانێت بخەوێت و سوکایەتی زۆری بەرامبەر کراوە و ھەست بە ترس دەکات، وتوشێتی نازانێت ھۆکاری ھەڵسوکەوتی ئەو کوڕە عیراقییە لەگەڵیدا چی بووە.
رائد مالکی، ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەدا، سەرجەم ناڕەزایەتی و تێبینییەکان لەسەر ھەمواری یاسای باری کەسێتی بە ھەند وەردەگیرێن و سەپاندنی ئیرادە نییە لە تێپەڕاندنی ھەمواری ئەو یاسایە لە ئەنجومەنی نوێنەران.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو لایەنانەی نیگەرانن لەھەمواری یاسای باری کەسێتی، بە ھەڵە لە ھەموارەکە تێگەیشتوون و ھەمواری یاساکەیان لە رێگەی میدیا و چەند لایەنێکەوە بۆ روونکراوەتەوە، کە چەند بڕگە و ماددەیەکیان بۆ ھەمواری یاساکە زیادکردووە بوونی نییە و دوورە لە راستییەوە.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، ئامانجی سەرەکی ھەمواری یاساکە، پێدانی ئازادییە بە عێراقییەکان و سەرپشک کردنیانە لە ھەڵبژاردنی باری کەسێتیان لەسەر بنەمای دەستوور.
رۆژی ١٦ـی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەران تەواوبوونی گفتوگۆکانی لەسەر ھەمواری یاسای باری کەسێتی راگەیاند، بەڵام تائێستا وادەی دەنگدان لەسەری دیارینەکراوە.
رۆژنامەی" نۆز"ی ئەڵمانی بە پشتبەستن بە دوایین ئامارەکانی پەنابەران لە ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ژمارەی پەنابەران لە ئەڵمانیا ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٤٨٠ ھەزار پەنابەر و بەراورد بە ساڵی رابردوو ٦٠ ھەزار پەنابەر زیادیکردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ژمارەی ئێستای پەنابەران لە ئەڵمانیا، بەرزترین ئاستی پەنابەرانە لەدوای جەنگی جیھانی دووەمەوە تا ئێستا.
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشداوە، لەنێو پەنابەرەکاندا، نزیکەی ملیۆنێک و ١٨ ھەزار پەنابەری ئۆکراینی ھەن، کە بەھۆی بارودۆخی وڵاتەکەیانەوە روویان لە ئەڵمانیا کردووە.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، رۆژی ٩ـی ئەم مانگە، نانسی ڤیسەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رێنمایی نوێی دەرکرد، بۆ چڕکردنەوەی رێوشوێنەکانی روبەڕبوونەوەی شەپۆلی پەنابەران بەشێوەیەکی کاتی.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند، کۆتایی ھەفتەی داھاتوو سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکەن و چاوەڕوانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقن راپۆرتێکیان رادەست بکات لەبارەی رێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان عیراق و ھەرێم.
پێشتر عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لەسەردانەکەیاندا بۆ ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دیوانی چاودێری دارایی ھەرێم کۆدەبنەوە، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دروستکردنی لێکتێگەیشتن لەسەر کۆی رێکەوتنەکانی نێوان وەفدی باڵای ئەنجومەنی وەزاری عیراق و ئەنجومەنی ئابوری حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکردبوو، پرسی باج و دەروازە سنورییەکان و موچەی موچەخۆرانی ھەرێم و کێشەکانی ئەو پرسانە گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت، گەشبینن بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی و سەرجەم گرفتەکانی نێوان ھەرێم و بەغداد چارەسەر بکرێن بەتایبەت پرسی موچە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە رۆژانی ٨ و ٩ی ئەم مانگە وەفدێکی باڵای ئەنجومەنی وەزاریی عیراق سەردانی ھەرێمی کوردستانی کرد و لەگەڵ ئەنجومەنی ئابووریی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە و چەند راسپاردەیەکیان بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بەرزکردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان لەناویاندا پرسی موچە..
رۆژی ١٠ ی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق راسپاردەکانی پەسەندکرد و بڕیاریدا لەسەر ناردنی موچەی فەرمانبەران تا کۆتایی ئەمساڵ و چارەسەرکردنی کێشە دارایی و ئابورییەکانی نێوان ھەردوولا.
ئەسکەندەر وەتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئاماژەی بەوەدا، زنجیرە رێنماییەکانی راستەوخۆ و توند ھەیە بۆ دۆسییەی کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی عیراق لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، لەنێویاندا، مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ ھەر ھەڕەشەیەک و وەڵامدانەوەی ھەر ھێزێک کە مەترسی بۆ سەر سنوور دروستبکات.
ئەوەشی خستەڕو، کوشتن و دەستگیرکردنی قاچاخچیانی عیراق لەسەر سنوور، پەیامێکی یەکلاکەرەوەی حکومەتی فیدراڵە بۆ قبوڵنەکردنی ھیچ پێشێلکارییەکی سنوور و مامەڵەکردنی راستەوخۆ لەگەڵ ھەر مەترسی و ھەڕەشەیەک.
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشدا، کۆنترۆڵکردنی سنووری عێراق لە پێشەنگی کارنامەی حکومەتی فیدراڵە و لەو چوارچێوەیەشدا، لەمساڵدا پشتیوانییەکانی حکومەتی فیدراڵ بۆ ئاسایشی سنوورەکان سێ ھێندە زیادیکردووە، لەوانەش تەرخانکردنی بوودجە و کەرستە و کەلوپەلی پێویست و سەربازی بۆ پاسەوانانی سنوور.