هەواڵەکانهەواڵەکان

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عیراق رایگەیاند، سودانی لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان وتەیەک پێشکەش دەکات و تێیدا جەختدەکاتەوە لەسەر پتەوکردنی ھاریکاریی و بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سودانی زنجیرەیەک دیدار و گفتوگۆ لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان ئەنجام دەدات، سەرباری کۆبوونەوە لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و ژمارەیەک لێپرسراوی رێکخراو و دەستە نێودەڵەتییەکان. 

کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رۆژی سێشەممە ٢٤ی ئەم مانگە دەستپێدەکات و تا کۆتایی ئەم مانگە دەخایەنێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند، شەوی رابردوو ١٠١ فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینیان لەسەر خاکی روسیا خستووەتەخوارەوە.

دەشڵێت، سیسمی بەرگری ئاسمانی روسیا لە ناوچەی برایانسک، کراسنۆدار و دەریای ئازۆف بەرپەرچی دەیان ھێرشی فرۆکەی بێفڕۆکەوانی داوەتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە لەم ھەفتەیەدا ناتۆ مەشقێکی گەورەی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەنجامدا و ئۆکراینیش بۆ یەکەمجار بەشداری لەو مەشقەدا کرد بۆ دەستنیشانکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی ھەواڵی میدیاکانی رۆژئاوای کوردستان، ھێزەکانی حکومەتی دیمەشق تۆپبارانی شارۆچکەیەکی سەربە ڕۆژھەڵاتی ئیدلبیان کردووە، بەوھۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و هەشت کەسی تریش برینداربوون، ھاوکات چەند ناوچەیەکی تری ئیدلب تۆپبارانکراوە.

ئاماژ بەوەشکراوە، گروپەکانی نزیک لە تورکیا، بەچەکی قورس، بنکەکانی ھێزەکانی حکومەتی دیمەشقیان لە شاری سەراقیب و لە گوندەکانی مێرناز و کەفەر ھەڵەب تۆپباران کردوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەشی پێشبینییەکانی کەشناسی وبومەلەرزەزانی لە وەزارەتی گواستنەوەی ھەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان لە نێوان نیمچە ھەور بۆ ھەوری تەواو دەبێت، پێشبینی بارینی نمە باران و تاوە باران دەکرێت بەتایبەتی لە پاریزگای دھۆک و ناوچە شاخاوییەکانی سەر بە پارێزگای ھەولێر، لە پارێزگای سلێمانی و کەرکوک و ھەڵەبجەش ئاسمان پەڵە ھەور و نیمچە ھەور دەبێت.

راشیگەیاندوە، رۆژی یەکشەممەش، ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ دروستبوونی ھەندێ پەڵە ھەوری جیاجیا، نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکان دەبارێت.

ھاوکات کەشناسی عیراق رایگەیاند، سبەینی لەناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عیراق ئاسمان ساماڵ و پەڵە ھەور دەبێت و لەناوچەکانی ھەرێمی کوردستان باران دەبارێت.

دەشڵێت، بەرزترین پلەی گەرما لە نەجەف و موسەننا و بەسرە تۆماردەکرێت کە ٤٣ پلەیە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لەزاری لێپرسراوانی سەربازی ئەمریکاوە ئاشکرایکردووە، تا مانگی ئەیلولی داھاتوو سەدان سەربازی ھاوپەیمانان و ئەمریکا کە لە بنکە سەربازییەکان لە بەغداد و ڕۆژئاوای عیراق دەکشێنەوە، تا کۆتایی ساڵی دواتریش ھێزەکانیان لە شاری ھەولێر دەکشێنەوە.

لێپرسراوێکی باڵای ھاوپەیمانان بە رۆژنامەکەی وتووە، ھێڵکاری پلانی کشانەوەکە تەواو بووە، بەڵام ھەندێک وردەکاری کۆتایی ماوە کە پەسەند بکرێت، بەتایبەت لەگەڵ وڵاتانی تری ھاوپەیمانان.

وتیشی ھەفتەی داھاتوو وادەی ڕاگەیاندنی کشانەوەکە ئاشکرا دەکرێت، ھەرچەندە بڕیاربوو وادەکە زووتر رابگەیەنرێت.

رۆژنامەکە بە پشت بەستن بە وتەی لێپرسراوانی باڵای سەربازی ھەردوولا ئاماژەی بەوە کردووە، تەنانەت لە دوای ساڵی ٢٠٢٦یشەوە، پێدەچێت ھێزێکی کەمی ئەمریکا بەسیفەتی ڕاوێژکاری و بۆ پشتیوانی لۆجستی بۆ سەربازە ئەمریکییەکان کە بنکەکانیان لە سوریایە، بەپێی ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمنی دوولایەنە، بمێننەوە.

ھەفتەی رابردوو محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی ئاماژەی بەوەکردبوو، لە کۆنگرەی نێودەوڵەتی ھاوپەیمانان دژی داعش وادەی کۆتایی ھێنان بە ئەرکی سەربازی ھێزەکانی ھاوپەیمانان رادەگەیەنن.

باسی لەوەشکردبوو، بۆ تێکەڵنەکردنی پرسەکان راگەیاندنی ئەنجامی گفتوگۆکانیان دواخستووە بۆ کۆنگرەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش کە بڕیارە لەم مانگەدا لە واشنتن بەڕێوەبچێت.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شوان سەید عەلی ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، باژێڕوانەکانی بوتنەوەی گۆڕان لە ناوچە جیاجیاکانی ھەرێم کۆبونەوەیان ئەنجامداوە، بابەتی ھەڵبژاردن و رەوشی ناوخۆی بزوتنەوەکە تاوتوێکراوە.

وتیشی، تائێستا ھیچ بڕیارێک سەبارەت بە بەشداریکردن یاخود بەشداری نەکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە ھەڵبژاردن نەدراوە.

سەبارەت بە خانەی راپەراندن و رێکخەری بزوتنەوەکە و دەرکردنی بریکارنامە بۆ دانا ئەحمەد مەجید لەلایەن عومەری سەید عەلیەوە، شوان سەید عەلی وتی، دەبێت دەستوری ناوخۆی بزوتنەوەکە جێبەجێ بکرێت وبە ھەڵبژاردن رێکخەر دیاری بکرێت، لەوبارەیەشەوە بڕیاری پێویستیانداوە.

ئەوە لە کاتێکدایە لە ئێستادا دانا ئەحمەد مەجید ناوەکەی وەک رێکخەر دراوە بە کۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەکان و بریکارنامەی بۆ کراوەتەوە، بەڵام ھێشتا بزوتنەوەکە بەڕەسمی ئەو بابەتەی یەکلایی نەکردوەتەوە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ھەرێم رایگەیاند، دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی زانستی و وێژەیی و پیشەیی تا ٣٠ی ئەیلول دەتوانن فۆرمی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگەکان پڕبکەنەوە و پێشکەشی بکەن، ھەروەھا دەرچوان دەبێت سەردانی خوێندنگەکانی خۆیان بکەن بەمەبەستی وەرگرتنەوەی ناوی بەکارھێنەر و وشەی تێپەڕ.

خوێندنی باڵا داوا لە دەرچوان دەکات ھەوڵبدەن خۆیان فۆڕمەکان پڕبکەنەوە و ڕوو لەو سەنتەرانە نەکەن کە رەسمی نین و وەزارەت بەرپرس نابێت لەھەر ھەڵەیەک لەکاتی پڕکردنەوەی فۆرمەکان.

 باسی لەوەشکردووە، وەرگرتن لە زانکۆکان بەپێی ڕیزبەندی ئەو کۆلێژ و بەشانە دەبێت کە دەرچوان لە زانکۆلاین پێشکەشی دەکەن بە ڕەچاوکردنی کۆنمرەی خوێندکار، لەبەرئەوە پێویستە بە وردی ڕیزبەندیی ئەو کۆلێژ و بەشانە دیاری بکەن کە ئارەزووی دەکەن خوێندنی تێدا تەواو بکەن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەستەی دەستپاکی عیراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە غیابی سزای دە ساڵ زیندانیکردن و غەرامەکردنی ١٠ ملیۆن دیناری بۆ سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نەجەف فائید کازم شەممەری و سێ لە ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕی ئیدارەی پێشوو دەرکردووە.

دەشڵێت، سزادراوەکان پێشێلکارییان لە گرێبەستی ئامادەکردنی دیزاین بۆ دروستکردنی ڕێڕەوی نوێی فڕین بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و بەربەستەکانی ئەنجامداوە.

دەستەی دەستپاکی باسی لەوەشکردووە، گرێبەستی پرۆژەکە بە بەھای ٧١ ملیۆن و ٩٨٩ ھەزار ھەزار دۆلار بووە و تەندرەکەی بۆ کۆمپانیایەکی نزیک لە سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری فڕۆکەخانە دەرچووەو بانگەوازی ئاشکرای بۆ نەکراوە، ئەوەش یەکێکە لە گەندەڵییە دیارەکانی پرۆژەکە.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات "مەسەدە" بەبۆنەی رۆژی ئاشتی جیھانی راگەیەنراوێکی بۆ رایگشتی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، مەسەدە ھاوسۆزە لەگەڵ ھەموو ئەوانەی بەدوای ئاشتی و دادپەروەریدا دەگەڕێن لە سوریا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ھەموو جیھان.

راشیگەیاندوە، ئاشتی تەنیا نەبوونی شەڕ نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی ئەرێنییە و پێویستی بە ھەوڵی بەردەوام ھەیە بۆ دروستکردنی متمانە و بەرزکردنەوەی لێکتێگەیشتنی ھاوبەش لەنێوان ھەموو کەرتەکانی کۆمەڵگادا.

جەخت لەوەشدەکاتەوە، ئاشتییەکی ڕاستەقینە بەبێ کۆتاییھێنان بە داگیرکاریی تورکیا و دەستێوەردانی ھەرێمی لە سوریا بەدی نایەت، داواش لە ھەموو لایەنەکانی سوریا و ناوچەکە دەکات بەرپرسیارێتی مێژوویی ھەڵبگرن و دڵسۆزانە کار بکەن بۆ کۆتاییھێنان بە توندوتیژی و گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی ھەمەلایەنە و دادپەروەرانە. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

عەدنان جوحەیشی، سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەی ھۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران داوای لە سەرجەم دامودەزگاکانی دەوڵەت کرد کار بکەن بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی ماددە ھۆشبەرەکان و دەڵێت، ھەمواری یاساکە گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و بەمزووانە دەنگی لەسەر دەدرێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ھەموارکردنی یاساکە چوار تەوەری لەخۆگرتووە، گرنگترینیان توندکردنەوەی سزاکان لەسەر بازرگانان و بەکارھێنەرانی ماددە ھۆشبەرەکان، ھەروەھا زیادکردنی ژمارەی کلینیکەکان لە سەرجەم پارێزگاکان و پەرەپێدانی بەرنامەی پەروەردەیی قوتابخانەکان و گۆڕینی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی ھۆشبەر بۆ دەزگایەکی تایبەت.

بەپێی ئامارەکان، ژمارەی ئەو کەسانەی کە تۆمەتبارن بە بازرگانیکردن و بەکارھێنانی ماددە ھۆشبەرەکان لە عیراق لە ساڵی ٢٠٢٠وە تا نیوەی یەکەمی ئەمساڵ گەیشتووەتە نزیکەی ٦٠ ھەزار کەس.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مستەفا حەمید بەڕێوەبەری راگەیاندنی کاروباری مین لە وەزارەتی ژینگەی عیراق رایگەیاند، لەکۆی زیاتر لە شەش ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی مین رێژکراو لە عیراق، چوار ھەزار کیلۆمەتریان پاککراونەتەوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دوو ھەزار بۆ دوو ھەزار و ٢٦٠ کیلۆمەتر چوارگۆشە زەوی مین رێژکراو لە عیراق ماوە پاکبکرێنەوە و لەئێستادا تیمەکانیان کار لەسەر پاککردنەوەی ٤٠٠ بۆ ٤٥٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەی زەوی مین رێژکراو دەکەن. 

راشیگەیاند، لیژنەیەک بە ئەندامێتی نوێنەرانی وەزارەتەکانی بەرگری و کاروباری مین و نەوت و کۆمپانیا نەوتییەکان پێکھێنراوە، بۆ تاوتوێکردنی دۆسیەی ئەو زەوییە مین رێژکراوانەی بوونەتە بەربەست بۆ راکێشانی بۆری نەوت و دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆیان.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کۆمەڵەی مانگی سوری عیراقی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کاروانێکی تری ھاوکاری بۆ نەخۆشخانەکانی لوبنان ئامادەکراوە و لە رێگەی فرۆکەی ھێزەکانی عیراقەوە نێردراوە.

وتیشی، پێداویستیەکان جۆراوجۆرن و رۆڵیان دەبێت لە چارەسەرکردنی بریندارەکانی تەقینەوەکانی ھەفتەی رابردوو و چەند پێداویستیەکیش بۆ چاودێری چڕ و گواستنەوەی نەخۆشەکان دابینکراون.

ئەمە سێھەمین کاروانی ھاوکاری عیراقە کە بۆ لوبنانی دەنێرێت و ١٨ و ١٩ی ئەم مانگەش عیراق بە دوو کاروان ٤٠ تۆن پێداویستی پزیشکی رەوانەی لوبنان کرد.

رۆژی ١٧ی ئەم مانگە بەھۆی تەقینەوەی ئامێری پەیجەر لە لوبنان نزیکەی سێ ھەزار کەس برینداربوون، زیاتر لە ٢٧ کەسیش کوژران کە زۆرینەیان ئەندامانی حزبوڵای لوبنانن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کەریم سەید وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەیی عیراق رایگەیاند، ئامادەکارییەکانی ساڵی نوێی خوێندن لە ئەمساڵدا زۆر باشترە بەراورد بە ساڵانی رابردوو و کتێبی نوێ چاپکراوە، چەند ئامێرێکیش بۆ خوێندنگەکان دابینکراون.

وتیشی، ھەوڵی بەردەوام ھەیە بۆ کردنەوەی خوێندنگەی نوێ لە سەرەتای ساڵی نوێی خوێندندا و بەپێی ئەو بەرنامەیەی حکومەت دایناوە ھەزار خوێندنگە لە عیراق دروستدەکرێت.

دەشڵێت، سبەینێ ساڵی نوێی خوێندن بە بەشداری زیاتر لە ١٢ ملیۆن خوێندکار دەستپێدەکات و خوێندکارانی قۆناغی یەکی بنەڕەتی زیاتر لە یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار خوێندکار دەبن. 

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عیراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە رۆژی جیھانی ئاشتیدا، ھۆشداری دەدەن لە بەردەوامبوونی ھەڕەشە و مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عیراق.

راشیگەیاند، پابەندن بە کارکردن شانبەشانی ھاوتاکانیان لە حکومەتی عیراق و کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ بەدیھێنانی عیراقێکی ئارام و ئاوەدان بۆ نەوەکانی داھاتوو.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژنامەی "پۆلەتیکۆ"ی ئەمریکی، لە زاری ژمارەیەک لێپرسراوای باڵای ئەمریکاوە بڵاویکردووەتەوە، پێشبیندەکرێت لە چەند رۆژی داھاتوودا، گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا بە رێژەیەکی مەترسیدار پەرەبسێنێت و ببێتە ھۆی ھەڵگیرسانی جەنگێکی فراوان لەنێوان ھەردولا، کە ئەمریکا ھەوڵی راگرتنی دەدات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئیسرائیل و حزبوڵا دەیانەوێت، خۆیان لە ھەڵگیرسانی جەنگ بەدووربگرن، بەڵام گرژییەکانی نێوانیان گەیشتووەتە بەرزترین ئاست لەدوای رووداوەکانی ٧ـی ئۆکتۆبەری رابردووەوە.

رۆژنامەکە راشیگەیاندووە، بەگوێرەی دوایین شیکارییەکانی ئیدارەی ئەمریکا، گرژییەکانی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و ھێورکردنەوەی ئەو گرژییانەش ئەستەمن.

 
بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیبراھیم محەمەد، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگادارکرانەوە لە روداوێکی خنکان لە رووباری سیروان و دەستبەجێ تیمەکانیان چوونە شوێنی روداوەکە و دەستیان بە گەڕان کرد بۆ دۆزینەوەی تەرمی گەنجەکە، بەڵام نەتوانراوە تەرمەکەی بدۆزرێتەوە. 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، گەنجەکە ناوی ئەحمەد حسێنەوە و لەدایکبووی ۱۹۸۷، لەگەڵ ھاوڕێیەکیدا بەمەبەستی راوکردنی ماسی چوونەتە رووباری سیروان و لەوکاتەدا خنکاوە. 

 وتەبێژی بەرگریی شارستانیی گەرمیان ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ تیمەکانیان بەردەوام دەبن لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجە. 


بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...415416417418419...993