هەواڵەکانهەواڵەکان

لە فەرەنسا کۆبونەوەیەکی فراوانی وڵاتان بە بەشداری عیراق بەڕێوەدەچێت و نزیکەی یەک ملیار دۆلار بۆ لوبنان کۆدەکرێتەوە.

 
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند، بە ئامانجی دابینکردنی پێداویستی لوبنان و ھاووڵاتیانی ئەو وڵاتە و پشتیوانی دام و دەزگاکان و سەقامگیری ناوخۆیی ئەو کۆبونەوەیەک لە فەرەنسا ئەنجام دەدرێت. 


وتیشی، عیراق نیگەرانە لە فراوانبونی ئاڵۆزی شەڕی لوبنان و بەغداد ھەوڵدەدات لە رێگەی پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانیەوە شەر لە لوبنان و غەززە رابگرێت. 


وتیشی، پێویستە شەر رابگیرێت و ئاوارەکانی لوبنان بگەڕێنەوە شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان. 


لە رۆژی پێنجشەممەوە لە پاریس کۆنگرەیەک بەڕێوە دەچێت و ھەوڵی ئەوە دەدرێت ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ھاوکاری مرۆیی و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ھاوکاری سەربازی کۆبکرێتەوە و پێشکەشی لوبنان بکرێت.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بانکی تانجەرۆ لە سلێمانی ئاگاداری خانەنشینان و خاوەن پێداویستی تایبەت دەکاتەوە کە بۆ تۆماری بایۆمەتری رۆژانی ھەینی و شەممە بانکەکەیان کراوەیە. 


بانکی تانجەرۆ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەمڕۆ ھەینی و سبەی شەممە دەرگایان کراوەیە بۆ دروستکردنی بایۆمەتری بۆ خانەنشینان و کەمئەندامان و کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت.


دەشڵێت، سەبارەت بە مامۆستایانی گرێبەستیش لەبەرئەوەی بڕیاری تۆماری بایۆمەتریان بۆ دەرنەچووە با لە ئێستادا سەردانیان نەکەن. 


مانگی ئابی ئەمساڵ دوای کۆبونەوەی ئەنجومەنی ئابوری عیراق و ھەرێم، حکومەتی عیراق تا کۆتایی ئەمساڵ مۆڵەتی بە حکومەتی ھەرێمدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەو موچەخۆرانەی تۆماری بایۆمەتریان نییە.


ھەفتەی رابردووش وەزارەتی دارایی و ئابوری ھەرێم رایگەیاند، لە دوو مانگی رابردودا زیاتر لە ١٠٥ ھەزار مووچەخۆر بایۆمەتریان کردووە و ٧٥٪ی کێشەی بایۆمەتری مووچەخۆران و فەرمانبەران چارەسەر کراوە.
 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی حزبی سیادە داوایکرد ھیچ دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنەکە ئەنجام نەدرێت تا ئەوکاتەی لایەنە سوننەکان رێکدەکەون.


خەمیس خەنجەر سەرۆکی حزبی سیادە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر بنەمای پەیوەندی و لێکتێگەیشتنی نێوان کوتلە سیاسیەکانی عەرەبی سوننی کە لە دوو رۆژی رابردودا ئەنجامدراوە حزبی سیادە ھەڵدەستێت بە بانگھێشتکردنی سەرجەم لایەنە سونیەکان لە بەغداد.


دەشڵێت، ئامانج لەو بانگھێشتە تاوتوێکردنی دۆخی سوننەکان و رێککەوتنە لەسەر دانانی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.


داواش دەکات، کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دیاریکردنی سەرۆکێک ئەنجام نەدرێت تا ئەوکاتەی سەرجەم سوننەکان رێکدەکەون. 


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەدان کەس بە تۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە لە ئیستانبوڵ و شارەکانی باکوری کوردستان دەستگیرکران.


میدیای فەرمی تورکیا بڵاویکردەوە، لە ئیستانبوڵ ٣٥ گومانلێکراو بە تۆمەتی پڕوپاگەندەکردن بۆ پەکەکە و  دروستکردنی پشێوی لە شەقامەکان دەستگیرکراون.


دەشڵێت، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا ٤٤ گومانلێکراو دەستنیشانکراون کە لە ناو پەکەکە چالاکی ئەنجام دەدەن.


دەشڵێت، سێ کەس لە دەستگیر کراوەکان لەلایەن پەکەکەوە مەشق و راھێنانیان پێکراوە و رەوانەی ئیستانبوڵ کراون، شەش کەسیشیان پشتیوانی داراییان بۆ ئەندامانی پەکەکە دابینکردووە.


ھەر لەوچوارچێوەیەشدا بەتۆمەتی بانگەشەکردن بۆ پەکەکە، لە ٣١ شاری تورکیا و باکوری کوردستان، زیاتر لە ١٠٠ کەس دەستگیرکراون.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای تورکیا کوشتنی حەوت گەریلای پەکەکەی لە ھەرێمی کوردستان راگەیاند، پەکەکەش کوشتنی پێنج سەربازی تورکیای پشتڕاستکردەوە.


وەزارەتی بەرگری تورکیا بڵاویکردەوە، حەوت چەکداری پەکەکەیان لە ناوچەی چنگ-قفڵ کوشتووە، جەختی لەوەشکردوەتەوە بەردەوام دەبن لە ھێرشەکانیان.


ھاوکات دەزگای ھەواڵگری نیشتیمانی تورکیا_ میت رایگەیاند، لە پاش ھێرشە چەکداریەکەی سەر ئەنکەرە، ١٢٠ پێگەی سەر بە پەکەکەیان کردووەتە ئامانج، بەبێ ئەوەی زانیاری لەبارەی شوێنەکانەوە ئاشکرا بکات.


ھاوکات وەزارەتی بەرگریی تورکیا بڵاویکردەوە، رۆژی پێنج شەممە ژمارەیەکی زۆر چەکداری پەکەکەیان لە چەند ھێرشێکی ئاسمانییدا لە ناوچەکانی خواکورک، گارا، قەندیل و شنگال لە ھەرێمی کوردستان لەچالاکی خستووە.


لە بەرانبەریشدا ھەپەگە رایگەیاند، لە چەند چالاکیەکدا پێنج سەربازی سوپای تورکیایان کوشتووە کە فەرماندەیەکی پلە بەرزیان تێدایە.


دەشڵێت، چالاکیەکان لە ناوچەی زاپ، مەتینا، قەندیل، خواکوڕک، سنین ئەنجامدراون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ھۆشداری دەداتە ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی سەبارەت بە گەشتکردنیان بۆ عیراق و دەڵێت، لەمکاتەدا مەترسیدارە.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا داوای لە ھاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردووە خۆیان لە گەشتە ناپێویستەکان بۆ عیراق بەدوور بگرن بەھۆی پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان دەڵێت، بە لەبەرچاوگرتنی پێشھاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، ئامۆژگاری ھاووڵاتیانی پاکستان دەکرێت خۆیان لە گەشتکردن بۆ عیراق بەدوور بگرن تا بارودۆخەکان ئاسایی دەبنەوە و کارەکانی ھێڵی ئاسمانی بە تەواوی دەستپێدەکاتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ھاوکاریکردنی ھاووڵاتیانی پاکستان، وەزارەتی دەرەوە باڵیۆزخانەی پاکستانی لە بەغداد راسپاردووە رێنمایی و پاڵپشتی بۆ ھاووڵاتییەکانیان دابینبکات.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی ھاوپەیمانی عەزم رایگەیاند، بەشداری لە ھیچ دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەران ناکەن تاوەکو ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنەکە نەکرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانەوە.

موسەنا سەمەڕائی بە میدیاکانی راگەیاندووە، ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان ئاستەنگ لە پرسە سەرەکییە نیشتمانییەکان دروستدەکەن، ئەمەش پێویستی بەوە ھەیە کە بە بڕیارێکی یەکگرتوانە چارەسەربکرێن کە خەڵک و گەلەکەشی پشتیوانی لێبکەن.

وتیشی، پێویستە سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران ھەڵبژێردرێت، چونکە ئێستا ئەنجومەنەکە پێویستی بە یاسای تۆکمە ھەیە بۆ چارەسەرکردنی ھەڵەکانی پێشوو و جێبەجێکردنی خواستەکانی خەڵک، بۆیە تا ئەو پرسە نەخرێتە بەرنامەی کارەوە بەشداری دانیشتنەکانی ئەنجومەنەکە ناکەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

داھاتی نانەوتی ئەم ھەفتەیەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە زیاتر لە نۆ ملیار دینار بووە و بەراورد بە ھەفتەی رابردوو زیاتر لە ٣٤٪ کەمیکردووە.

ماڵپەڕی شەفافیەت کە چاودێری داھاتی نانەوتی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەکانی راپەڕین و گەرمیان دەکات، بڵاویکردەوە، داھاتی نانەوتی ئەم سنوورە لە ١٢ی تشرینی یەکەم تا ئەمڕۆ ٩ ملیار و ٨٠ ملیۆن و ١٧٤ ھەزار و ٤٢٥ دینار بووە، لە کاتێکدا ھەفتەی رابردوو داھاتەکە زیاتر لە ١٣ ملیار دینار بووە، واتە بەبڕی زیاتر لە ٤ ملیار دینار کە دەکاتە ٣٤.٩١٪ کەمیکردووە.

دەشڵێت، داھاتی نانەوتی ئەم ھەفتەیەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و ھەڵەبجە، لە ٨٦٪ـی بەشێوەی نەختینە و ١٤٪ـی بەشێوەی چەک بووە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا سوپای تورکیا ٤٥ ھێرشی ئاسمانی لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداوەو بەھۆیەوە ٥٤ ھاوڵاتی مەدەنی گیانیانلەدەستداوە و برینداربوون.

لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە سوپای تورکیا ھێرشەکانی بۆسەر رۆژئاوای کوردستان چڕ کردووەتەوەو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان چەندین ناوچەی بۆردومان کردووە، لەوانەش: ٦٣ گوند و شار و ٤ پارێزگا کە بەھۆیەوە ١٤ ھاوڵاتی کوژراون، ٤٠ کەسی تریش برینداربوون.

لە بەیاننامەیەکدا ھێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاندووە، سوپای تورکیا ژێرخانی رۆژئاوا دەکاتە ئامانج لەنێویشیاندا نانەواخانە، وێستگەی کارەبا و نەوت، ھەروەھا بازگەکانی ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ.

ھاوکات ئاسایشی رۆژئاوا رایگەیاندووە، سوپای تورکیا شاری کۆبانێی بەچڕی بۆردومانکردووە ھەروەھا ھۆڵی زەماوەندی فورات و بازگەی جەرابلوس، ئاشی کۆبانی، یاریگای کۆبانی، نەخۆشخانەی ئەلئەمەلی بۆردومان کردووە و لەماوەی ھەفتەیەکدا ٢٧ ھاووڵاتی گیانیانلەدەستداوە.

دەشڵێت، سوپای تورکیا بەوەشەوە نەوەستاوەو بۆردومانی سایلۆکانی کۆبانی کردووە کە بەھۆیەوە کرێکارێک گیانیانلەدەستداوە و ھەشتی تریش بە سەختی برینداربوون، ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە کە ئەم ھێرشە بەردەوامانە ھەڕەشە لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەکەن.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق رایگەیاند، نزیکەی ٢٠٠ ئاوارەی ئێزدی لە کەمپێکی پارێزگای دھۆکەوە گەڕانەوە قەزای شەنگال.


وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، ١٨١ ئاوارە لە کەمپی شێخانی سەربە پارێزگای دھۆک گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لەقەزای شەنگال.


دەشڵێت، گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە بە ھاوکاری لێپرسراوانی ھەرێمی کوردستان و رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە نەینەوا بووە.


وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە شەنگال مینحەیەکیان بۆ تەرخانکراوە و یارمەتی مرۆیش دەدرێن.


ئەوەش لەکاتێکدایە، کە لە مانگی تەمموزی ئەمساڵ سەرجەم ئاوارەکان لە سلێمانییەوە گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان و کەمپی ئاشتی کە تایبەت بوو بەو ئاوارانە داخرا.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی عیراق، لەسەرەتای مانگی داھاتووەوە شەپۆلێکی بارانبارین عیراق و ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ماوەی چەند رۆژێک بەردەوامدەبێت.


بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی عیراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێشبینیدەکرا لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا باران چەند ناوچەیەک بگرێتەوە، بەڵام بەھۆی ھەڵکردنی رەشەباوە ئەگەری بارانبارینی کەمکردەوە.


دەشڵێت، بەپێی پێشبینییەکان لەسەرەتای مانگی داھاتووەوە شەپۆلی بارانبارین سەرجەم شارەکانی عیراق و ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و چەند رۆژێک بەردەوامدەبێت.


پێشتریش ھەژار سدیق شارەزایی کەشناسی لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوزی رایگەیاندبوو، پێشبینیدەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگە و سەرەتای مانگی مانگی داھاتوو، شەپۆلێکی بارانبارین سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەدوای کوژرانی یەحیا سینوار، بۆ یەکەمجار وەفدێکی بزووتنەوەی حەماس سەردانی قاھیرە دەکات بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی راگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە.


سەرچاوەیەک لە حکومەتی میسر بە کەناڵی قاھیرەی ھەواڵی راگەیاندووە، وەفدێکی ئەمنی میسری لەگەڵ وەفدێکی بزووتنەوەی حەماس لە قاھیرە کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی غەززە و خستنەگەڕی ھەوڵەکان بۆ گەیشتن بە راگەیاندنی ئاگربەست.


دەشڵێت، ئەو کۆبوونەوەیە لەچوارچێوە ھەوڵەکانی میسر دێت بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان و راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە.


ھاوکات، بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێشوازی لەو ھەنگاوەی میسر کرد بۆ دەستپێکردنەوە دانوستانی ئازادکردنی بارمتەکان.


دەشڵێت، ئیسرائیل داوای لە سەرۆکی مۆساد کردووە سەردانی دەوحە بکات بۆ ئەوەی دەستپێشخەرییەکان وەربگرێت و دواتر تاوتوێیان بکات.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمریکا رەتیدەکاتەوە ئامانجی وڵاتەکەی گۆڕینی دەسەڵات بێت لە ئێران و ھاوکات ھۆشداریی دەداتە تاران بۆ ئەوەی وەڵامی تۆڵەی ئیسرائیل نەداتەوە.


ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتۆن بە پەیامی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ تارانی  ئاگادارکردووەتەوە لە ئەگەری ھێرشکردنە سەر ئیسرائیل، زیانی گەورە و قوڵ لە بەرژەوەندییەکانی ئێران دەدرێت.


بلینکن وتیشی، ئیسرائیل و ئەمریکا لە ھاوکاریی بەردەوامدان بۆ رێگریی لە دەستوەردانەکانی ئێران لە ناوچەکە و پەرەسەندنی گرژییەکانیش لە بەرژەوەندیی ھیچ لایەکدا نییە.


ھاوکات، جەیک سۆلیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمریکا  ئامانجی گۆڕینی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نییە لە ئێران، چونکە وڵاتەکەی پێشینەیەکی باشی نییە لە ھەوڵەکانی بۆ گۆڕینی دەسەڵات یان رژێمەکانی ناوچەکە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

رۆژی یەکشەممەی داھاتوو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای ھەڵوەشاندنەوەی بڕیاری رژێمی بەعس بۆ گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی و موڵک بۆ خاوەنەکانیان لەسنوری کەرکوک دەدات.


ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خشتەی دانیشتنی رۆژی یەکشەممەی بڵاوکردەوە، بەگوێرەی خشتەکە لە دانیشتنەکەدا چەند پڕۆژەیاسایەک دەخرێنە دەنگدانەوە.


لە بڕگەی یەکەمی دانیشتنەکەدا، ئەنجومەنی نوێنەران دەنگدەدات لەسەر پڕۆژەیاسای گەڕانەوەی خاوەندارێتی زەوی و موڵک بۆ خاوەنەکانیان و ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی رژێمی بەعس کە لەنێوان ساڵانی ١٩٧٥ بۆ ١٩٧٩ دەری کردبوون و بەھۆیەوە بەشێکی زۆر لە زەوییەکانی جوتیارانی کورد و تورکمان لەسنووری کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم لەلایەن عەرەبە ھاوردەکانەوە دەستیبەسەردا گیراوە.


لە بڕگەی دووەمی دانیشتنەکەدا، ئەنجومەنی نوێنەران ھەمواری یاسای باری کەسێتی ساڵی ١٩٥٩ دەخاتە دەنگدانەوە کە لە ماوەی رابردوودا لەنێوان لایەنە سیاسییەکان مشتومڕێکی زۆری لەسەر بوو، ھەروەھا دەنگدەدات لەسەر پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی بۆ بەندکراوانی سونە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی راپۆرتێکی پەرلەمانی ئێران، زیاتر لە ٢٨ ملیۆن کەس لە دانیشتوانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان توانای دابینکردنی خۆراک و بژێویی رۆژانەی وەک پێویست نییە.


ناوەندنی توێژینەوەی پەرلەمانی ئێران، راپۆرتی ساڵانەی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵکی بڵاوکردەوە و لەراپۆرتەکەدا دەرکەوتووە، یەک لەسەر سێی کۆی ٨٥ ملیۆن دانیشتوانی ئەو وڵاتە توانای دابینکردنی پێدوایستییە سەرەکییەکانی ژیانی رۆژانەیان نەبووە.


ئاماژەی بەوەشکردووە، رێژەی ھەژاریی لە ساڵی رابردوودا ٤٪ زیادیکردووە و گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٠٪، ئەوەش بەرزترین رێژەی ھەژارییە کە لە ١٠ ساڵی رابردوودی ئێراندا تۆمارکرابێت.


ھاوکات رۆژنامەی ئیقتیسادی ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، لە پێنج ساڵی رابردوودا ھەژاریی لە ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان بەھیچ شێوەیەک کەمینەکردووە و زیاتر لە ٢٨ ملیۆن دانیشتوی ئەو وڵاتە لەژێر ھێلی ھەژارییەوەن.


سزا ئابورییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوا دژی ئێران، وڵاتەکەی روبەڕوی قەیرانی قوڵی داریی کردووەتەوە و ئەوەش کاریگەریی لەسەر بژێوی ژیانی ھاووڵاتیان دروستکردووە، بە جۆرێک لە ١٠ ساڵی رابردوودا بە بەردەوامی رێژەی ھەژاریی لە ئێران بەرزدەبێتەوە.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باكور و رۆژهەڵاتی سوریا بڵاویكردەوە، دەوڵەتی توركیا ژمارەیەك رۆژنامەنووسی كردووەتە ئامانج، كە ئاسەواری بۆردوومانەكانیان بۆ سەر ناوچەكانی رۆژئاوای كوردستان روماڵ دەكرد. 

نوسینگەی راگەیاندنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بڵاویكردەوە، ژمارەیەك رۆژنامەنووس لەكاتی بەجێگەیاندنی ئەركەكانیاندا بۆ روماڵكردنی كاریگەری و ئاسەواری بۆردوومانەكانی توركیا لە عامودا كراونەتە ئامانج، كە ئەوە یەكەمجار نییە و توركیا بەردەوام بە مەبەستی بێدەنگكردنی دەنگی راستی و شاردنەوەی رووداوەكان لە كۆمەڵی نێودەوڵەتی، رۆژنامەنووسان دەكاتە ئامانج.

راشیگەیاند، بەئامانجكردنی رۆژنامەنوسان پێشێلكارییەكی زەقی پەیماننامە و یاسا نێودەوڵەتییەكانە بۆ پاراستنی رۆژنامەنوسان لەو ناوچانەی ئاڵۆزی تێدایە.

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری هێرشكردنە سەر رۆژنامەنووسانی ئیدانە كرد و داواشی لە رۆژنامەنوسان و میدیاكاران كرد بە ئاگاییەوە روماڵ بكەن و رێكارەكانی خۆپارێزی بگرنەبەر.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...413414415416417...993