هەواڵەکانهەواڵەکان

ئیدارەی سلێمانی لە دادگای فیدراڵی عیراق سكاڵا لەدژی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماردەكات كە رێگری دەكات لە بەبانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی سلێمانی و هەڵەبجە.

سەرچاوەیەك لە ئیدارەی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئیدارەی سلێمانی بەنیازە دوو سكاڵا لە دادگای فیدراڵی لە دژی حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماربكات كە دەیەوێت رێگری لە بەبانكیكردنی موچەی فەرمانبەران بكات.

دەشڵێت، سكاڵاكان دژی حكومەتی هەرێم و ئەو وەزیرانەیە كە دەیانەوێت رێكار دژی ئەو بەڕێوەبەرایەتیانە بگرنەبەر كە بەبانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی سلێمانی و هەڵەبجە بكەن.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆك وەزیرانی عیراق داوای لە دەستەی دەستپاكی كرد لێكۆڵینەوە لە تۆمارێكی دەنگی بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گشتی باج بكەن.

نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، سودانی داوای لە دەستەی دەستپاكی كردووە كە بەشێوەیەكی خێرا لێكۆڵینەوە لە تۆمارێكی دەنگی بەڕێوەبەری گشتی دەستەی گشتی باج بكەن و ئەنجامەكەی ئاشكرا بكەن.

سودانی جەختی لە روبەڕوبوونەوەی گەندەڵی كردووەتەوە و ئاماژەی بەوەكردووە، لە پێشینەی كارەكانی حكومەتی داناوە.
دەستەی دەسنپاكی عیراقیش رایگەیاند، لێكۆڵینەوەی پێویست بە شێوەیەكی خێرا لەو بابەتە دەكەن و هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن.

لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان تۆمارێكی دەنگی بڵاوبووەتەوە و بانگەشەی ئەوەدەكرێت كە دەنگی عەلی وەعد عەلاوی بەڕێوەبەری دەستەی گشتی باج بێت كە باس لە دەستكاریكردنی پارەی باج بكرێت لە بەرژەوەندی چەند كۆمپانیایەك بەرامبەر بە بڕێك پارە.



 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی عیراق، لەسەرەتای مانگی داهاتوو، شەپۆلێكی بارانبارینی بەخور عیراق و هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و پلەكانی گەرما زیاتر نزمدەبنەوە.

كەشناسی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێشبینیدەكرێت سبەینێ باران لە ناوچەكانی رۆژئاوای عیراق ببارێت، رۆژی پێنجشەممەش بارستە هەوایەكی سارد لە روسیا و ئەوروپاوە روو لە ناوچەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان دەكات و وشكە سەرما دەستپێدەكات و پلەكانی گەرما بەشێوەیەكی بەرچاو نزمدەبنەوە.

دەشڵێت، بەپێی پێشنییەكان رۆژی هەینی بارانی بەخوڕ لە ناوەڕاستی وڵات دەبارێت و رۆژی شەممە و یەكشەممە بارانی بەخوڕ لە سەرجەم ناوچەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان دەبارێت و پلەكانی گەرما زیاتر نزمدەبنەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ئەمڕۆوە دابەشكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی سنوری پارێزگای سلێمانی دەستیپێكرد و تا سەرەتایی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت كە بڕەكەی ٢٠ ملیار دینارە.

نەسرین ئەحمەد بەڕێوەبەری سایلۆكانی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەو جوتیارانەی گەنمیان ڕادەستی سایلۆی سلێمانی كردووە، ئەمڕۆ پارەی گەنمیان بەسەردا دابەشدەكرێت.

وتیشی، بڕی ٢٠ ملیار دینار پارەی گەنمی جوتیاران گەیشتووە و لە شەش سایلۆی سنوری سلێمانی دەست بە دابەشكردنی دەكرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەمەبەستی ئەوەی قەرەباڵغی لەسەر بانكەكان دروستنەبێت و جوتیاران بەشێوەیەكی ئاسان پارەكانیان وەربگرن، دابەشكردنی ئەو پارەیە تا 1ی تشرینی دووەم بەردەوامدەبێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چەند ناوچەیەكی پارێزگای شرناخی باكوری كوردستان، بە ناوچە سەربازی و قەدەغەكراو راگەیەندرا.

پارێزگاری شرناخ رایگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی ماڵی هاوڵاتییان و رەخساندنی كەشێكی ئارام هەموو ڕێوشوێنێكی پێویست دەگرنەبەر، لەو چوارچێوەیەشدا بەپێی ماددەی تایبەت بە یاسای ناوچە ئارام و ناوچە سەربازییە قەدەغەكراوەكان، بڕیاردرا لە ئەمڕۆوە تا ١٢ی تشرینی دووەمی داهاتووە، ناوچەكانی چیای گابار، چیای جودی، دۆڵی بەستلەر، چیای كورت، تەختەڕەش، خوسرەوە پاشا، چیای ئینجەبەل، فەراشین، ئاڵتون داغ، لە پارێزگای شرناخ بە ناوچەی ئەمنی تایبەت رابگەیەندرێت.

پارێزگاری شرناخ داواشی لە هاووڵاتیان كردووە، بە ڕۆژ و بەشەو بۆ پاراستنی گیان و ماڵیان، بەبێ مۆڵەت خۆیان لە چوون بۆ ئەو شوێنانە بە دووربگرن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی بەندكراوێكی سیاسی ئەڵمانی بە رەچەڵەك ئێرانی جێبەجێكرد، راوێژكاری ئەڵمانیاش بە توندی ئیدانەی دەكات و دەڵێت، كارێكی ئابڕوبەرانەیە.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە، دەزگای دادوەریی ئێران سزای لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد هاووڵاتی ئەڵمانی و بەرەچەڵەك ئێرانی تەمەن ٦٩ساڵ كە مافی نیشتەجێی هەمیشەیی لە ئەمریكا هەبووە، دوای چوار ساڵ بەندكردنی، سزاكەی بە نهێنی جێبەجێكردووە.

هاوكات پێگەی میزانی سەر بە دەزگای دادوەری ئێران رایگەیاند، شارمەهد لەژێر پشتیوانی و پاراستنی دەزگای هەواڵگری ئەوروپا و ئەمریكادا بووە، بە تۆمەتی پلاندانان و ئاڕاستەكردنی كردەوەی تیرۆریستی و بۆردومان، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.

لەلایەكی تریشەوە، ئۆلاڤ شۆڵز راوێژكاری ئەڵمانیا لەسەر لەسێدارەدانی جەمشید شارمەهد هات دەنگ و بە توندی ئیدانە دەكات و دەڵێت، كارێكی ئابڕوبەرانەیە، دەشڵێت، شارمەهد لەكاتی دادگاییكردنیدا رێگەی پێنەدراوە لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی كرابوون بەرگری لە خۆی بكات.

جەمشید شارمەهد لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٠ لەكاتی گەشتكردن بۆ ئیمارات لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە ڕفێندرا و بۆ ئێران گواسترایەوە.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوێنەری عیراق لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، ئیسرائیل پێشێلی ئاسمانی عیراقی كردووە و نابێت ئاسمان و خاكی عیراق بۆ هێرشكردنە سەر وڵاتانی دیكە بەكاربێت.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تاوتوێی هێرشەكەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران كرد، عەباس كازم عوبێد نوێنەری عیراق لە كۆبوونەوەكەدا رایگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایش هەنگاوی یەكلاكەرەوەی نەناوە بۆ وەستاندنی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل و پێشتر عیراق هۆشداری لەبارەی هەڵسوكەوتەكانی ئیسرائیلەوە داوە.

دەشڵێت، ئیسرائیل پێشێلی ئاسمان و سەروەری عیراقی كردووە بۆ هێرشكردنە سەر ئێران و رێگەنادەن ئاسمان و خاكی وڵاتەكەی بۆ سەر هێرشكردنە سەر وڵاتانی دیكە بەكاربێت.

هاوكات، ئەمیر سەعید ئیروانی نوێنەری ئێران لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پێشێلكاری روونی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكانە و ئەمریكا هانی ئیسرائیل دەدات بەردەوامبێت لە پێشێلی یاسا نێودەوڵەتیەكان.

لەلای خۆیەوە، دانی دانۆن باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، هێرشەكەیان بۆ سەر ئێران بۆ بەرگریكردن بووە لە خۆیان و داوای لە ئەنجومەنی ئاسایش كرد سزا بەسەر ژێرخانی سەربازی و ئابوری ئێراندا بسەپێنێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

چوارچێوەی ھەماھەنگی رۆژی پێنجشەممەی داھاتووی دیاریکرد بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کە ماوەی نزیکەی ساڵێکە بێ سەرۆکە.

چوارچێوەی ھەماھەنگی بڵاویکردەوە، بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق، سەرکردەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە بۆ یەکلاییکردنەوە پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.

ئەوەشی خستەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا بە رێککەوتنی سیاسی بڕیاردراوە، رۆژی پێنجشەممەی داھاتوو بۆ دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران دیاریبکرێت و تێیدا پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران یەکلاییبکرێتەوە.

ھاوکات، مەھدی تەقی سەرۆکی فراکسیۆنی بەدر رایگەیاند، دانیشتنی رۆژی پێنجشەممەی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەران بەبێ ھەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنەکە بەڕێوەدەچێت و رێککەوتنە سیاسییەکەی چوارچێوە بە جۆرێکە، لەم ھەفتەیەدا پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران یەکلاییبکرێتەوە.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

خەمیس خەنجەر سیاسەتمەداری سوننە، دەستی لە پۆستی سەرۆکی حزبی سیادە کێشایەوە، دوای ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەریی بانگھێشتکرا بۆ لێپرسینەوە.

ھاوپەیمانی سیادە لە راگەیەندراوێکدا دەستلەکارکێشانەوەی خەمس خەنجەری لە سەرۆکایەتیی حزبەکەی راگەیاند، ئەوەش راستەوخۆ دوای بانگھێشتەکەی دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەرییەوە ھات.

عەلی سەیفەدین سەعدون ئەمینداری گشتی حزبەکە لە راگەندراوێکدا ئاماژەی بە پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی خەمیس خەنجەر کردووە کە ئێستا گەورەترین پارتی سوننەکانی عیراقە.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، سەرۆکی ھاوپەیمانی سیادە لە نامەیەکی فەرمیدا کە ئاراستەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی کردبوو، دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە سەرۆکایەتیی ئەو حزبە پێشکەشکرد.

دەسەڵاتی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادپەروەریی یەکێکە لەو دامەزراوانەی کە دوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق دروستبووە و کار بۆ دوورخستنەوەی ئەندامانی پێشووی بەعس دەکات لە دامودەزگاکان.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لیستی موچەی مانگی تشرینی یەکەمی موچەخۆرانی بە ئەلیکترۆنی و کاغەز رادەستی بەغداد کرد.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دوای چارەسەرکردنی کێشە ھونەرییەکانی لیستی موچەی موچەخۆران، رۆژی یەکشەممەی رابردوو وەزارەتی دارایی ھەرێم، لیستی موچەی مانگی تشرینی یەکەمی بە ئەلیکترۆنی رادەستی بەغداد کردووە، ئەمڕۆش نوێنەری وەزارەتی دارایی ھەرێم لیستی موچەکەی بە کاغەز رادەستی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کردووە.

ماوەی چەند مانگێکە بەھۆی چارەسەرکردنی کێشە ھونەری و تەکنیکییەکانی ناوی لیستی مووچەی مووچەخۆرانەوە، وەزارەتی دارایی ھەرێم دوادەکەوێت لە ناردنی لیستی موچە بۆ بەغداد و بەوھۆیەوە، دابەشکردنی موچەی موچەخۆرانی ھەرێم دوادەکەوێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژمارەی کوژراوانی ھاووڵاتیانی مەدەنی بەھۆی ھێرشەکانی ئیسرائیلەوە لە کەرتی غەززە بەرزبووەوە و گەیشتە زیاتر لە ٤٣ ھەزار کەس.

وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە بەھۆی بەردەوامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ کەرتەکە بەرزبووتەوە و گەیشتوەتە ٤٣ ھەزار و ٢٠ کەس.

راشیگەیاند، ژمارەی بریندارن لە ماوەی ساڵێکی بەردەوامی جەنگ گەیشتووەتە زیاتر لە ١٠١ ھەزار و ١١٠ کەس.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

باشوری ئەفریقا بەڵگەی نوێی تایبەت بە کۆمەڵکوژییەکانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەداتە دادگای دادی نێودەوڵەتی و زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەسیش لە باکووری غەززە ھیچ ھاوکارییەکیان پێناگات.


سەرچاوە دیبلۆماسییەکان رایانگەیاندووە، ئەمڕۆ وەفدی باشووری ئەفریقا چەندین بەڵگە و زانیاری نوێی تایبەت بە کۆمەڵکوژییەکان لەکەرتی غەززە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراون پێشکەشی دادگای دادی نێودەوڵەتی دەکات و ئامانجیشی ئەوەیە سزایەکی قورس بەسەر حکومەت و دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلدا بسەپێنرێت لەسەرووی ھەمووشیانەوە بنیامین ناتانیاھۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە.


مەحمود بەسەڵ وتەبێژی بەرگری شارستانی کەرتی غەززەش رایگەیاندووە، زیاتر لە ١٠٠ ھەزار کەس لە باکووری کەرتی غەززە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە گەمارۆیەکی قورسیان خراوەتەسەر و رێگەنادەن ھیچ جۆرە ھاوکارییەکی مرۆییان بەدەست بگات.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بزوتنەوەی حەماس بۆ ئاگربەست و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان چەند پێشنیازێکی نوێ ئاراستەی وڵاتانی نێوەندگیر دەکات.


سەرچاوەیەکی باڵای بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، کۆبوونەوەی وڵاتانی نێوەندگیر کە لە دوێنێوە دەستیپێکردووە و لە میسر و قەتەر و ئەمریکا و ژمارەیەک دانوستانکاری ئیسرائیلی پێکھاتوون و لە دەوحە بەڕێوەدەچێت، چاوەڕوانی ئەنجامەکەی دەکەن بۆئەوەی بگەنە رێککەوتنی کۆتایی لەسەر کۆتایی ھێنانی یەکجاری بە شەڕ و ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان.


وتیشی، بزوتنەوەی حەماس پێشنیازی نوێی ئاراستەی وڵاتانی نێوەندگیرکردووە بۆئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا بیخەنە بەردەستی وەفدی دانووستانکاری ئیسرائیل کە بریتییە کۆتایی ھێنان بەشەڕ بە شێوەیەکی یەکجاری لە بەرامبەر ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان بە یەکجار لەگەڵ ئازادکردنی ژمارەیەک دەستگیرکراوی فەلەستینی لەلایەن ئیسرائیلەوە کە رێککەوتنی لەسەرکراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پۆلیسی ئێران دەڵێت دوو ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لە وڵاتەکەی دەردەکات و تەنھا لەمساڵدا زیاتر لە ٨٠٠ ھەزار پەنابەر دەکراون. 


ئەحمەدڕەزا رادان، بەڕێوبەری گشتی پۆلیسی ئێران رایگەیاند: لە ماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا ٨٥٠ ھەزار پەنابەری ئەفغانی لە خاکی ئێران دەرکراون.


بە وتەی رادان تا کۆتایی زستانی ئەمساڵ لانیکەم دوو ملیۆن پەنابەری نایاسایی لە ئێران دەردەکرێن کە زۆربەیان ھاوڵاتییانی ئەفغانستانن.


بەپێی ئامارەکان، پێنج بۆ ٦ ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لە ئێران دەژین کە زۆربەیان کارت و مۆڵەتی یاسایی مانەوەیان لە خاکی ئەو وڵاتەدا نییە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆکی فراکسیۆنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ تاوتوێکردنی ئەو ٣ پڕۆژە یاسایە کۆبوونەوە کە دەنگدان لەسەریان دواخرا و پەرلەمانتارانی سوننە رەزامەندیان دەربری بە مەرج دەنگ  لەسەر پرۆژە یاسای گەڕانەوەی خاوەندارێتی زەوی لە ناوچەی جێناکۆکەکان بدەن .


پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، شەوی رابردوو سەرۆکی فراکسیۆنەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە ئامادەبوونی خالید شوانی وەزیری داد و محەمەد تەمیمی وەزیری پلاندان لە ماڵی موحسن مەندەلاوی سەرۆکی کاتی ئەنجومەنەکە، بۆ تاوتوێکردنی پرۆژەی یاسای گەڕانەوەی خاوەندارێتی زەوی لە ناوچەی جێناکۆکەکان کۆبوونەتەوە.


وتیشی لەکۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی پێکھاتەی سوونە رازی بوون بە دەنگدان لەسەر پرۆژە یاسای گەڕانەوەی خاوەندارێتی زەوی لە ناوچەی جێناکۆکەکان و تێپەڕاندنی ،  بەو مەرجەی پرۆژە یاساکە بەو شێوەیە تێپەڕێندرێت کە لە حکومەتەوە رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران کراوە و ھیچ ماددە و بڕگەیەکی بۆ زیاد نەکرێت.


پەیامنێری کوردسات نیوز باسی لەوەشکرد، ھەر لەکۆبوونەوەکەدا بەشێوەیەکی سەرەتایی لایەنە کوردییەکان رازیبوون بەوەی لە  دانیشتنی داھاتووی ئەنجومەنی نوێنەراندا،  ھەرسێ پرۆژە یاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی لە ناچە جێناکۆکەکان و یاسای باری کەسێتی و یاسای لێبوردنی گشتی، بخرێتە یەک پاکێج و دەنگی لەسەر بدرێت و تێبپەڕێندرێت.


رۆژی یەکشەممە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کۆبووەوە و دەنگدانی لەسەر پرۆژە یاساکانی گەڕانەوەی خاوەندارێتی زەوی لە ناوچەی جێناکۆکەکان بۆ جوتیارانی کورد و باری کەسێتی و یاسای لێبوردنی گشتی دواخست.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرکردەیەکی سوننەکان دەڵێت دەبێت یاسای لێبوردنی گشتی بەشێوەیەک بێت مافی بێتاوانەکان پێشێل نەکات و بۆ ئەو کەسانە بێت کە چەندین ساڵە بەبێ تاوان لە زینداندان.


موسەنا سامەڕایی سەرۆکی ھاوپەیمانی عەزمی سوننەکان بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی کرد تایبەت بە یاسای لێبوردنی گشتی و رایگەیاند، متمانەی تەواویان بە سیستمی دادوەیی عیراق ھەیە بۆ بە دیھێنانی دادپەروەری و ھیچ کاتێکیش ھاوپەیمانی عەزم لە دژی ھیچ یاسا و پرۆژەیاسایەک ناوەستێتەوە کە سود و بەرژوەندی گشتی بۆ ھەموو عیراقییەکان ھەبێت.


وتیشی، پێویستە ھەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی بەشێوەیەک بێت دادپەروەری بەدیبھێنێت و مافی بێتاوانەکان دەستەبەر بکات نەک پێشێلیان بکات و دەبێت بۆ ئەو کەسانەش بێت کە چەندین ساڵە ستەمیان بەرامبەر کراوە و بەبێ تاوان لە گرتووخانەکان بەندکراون و نابێت ھیچ سوودێکیشی بۆ ئەو بەندکراوانە ھەبێت کە دەستیان بە خوێنی عیراقییەکان سوور بووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...408409410411412...992