ماوەی دوو رۆژە لە چاكسازی گەورانی سلێمانی زیندانییەك برایەكی دەخاتە شوێنی خۆی هەڵدێت كە سزای لەسێدارەدانی هەیە، هێزە ئەمنییەكانیش لە هەوڵی دەستگیركردنەوەیدان.
سەرچاوەیەك لە چاكسازی گەورانی سلێمانی بە كوردسات نیوزی ڕایگەیاند، زیندانییەك دوو بڕیاری سزای لەسێدارەدانی هەیە، لەكاتی سەردانیكردنی براكەیدا جلوبەرگەكانیان گۆڕیووەتەوە و براكەی خستووەتە شوێنی خۆی و دواتر هەڵاتووە و لەئێستادا براكەی لە زینداندا ماوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ڕووداوەكە رۆژی چوارشەممە ڕوویداوە و لەئێستادا هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردووە بە ئامانجی دووبارەدەستگیركردنەوەی زیندانییەكە.
زنیدانییە هەڵاتووەكەی چاكسازی گەورانی سلێمانی، بە مادەی ٤٠٦ ی تایبەت بە كوشتن بەیاسای سزادانی عیراقی سزادراوە.
لە مانگی تەممووزی ئەمساڵیشدا، دوای ئەوەی ڕاگیراوێكی زیندانی چاكسازی ژنان و منداڵانی سلێمانی هەڵات، بەڵام توانرا لە ماوەی كەمتر لە 24 سەعاتدا لە سلێمانی دەستگیربكرێتەوە و شەش كەسی دیكەش دەستگیركران كە هاوكاربوون لە هەڵهاتن و حەشاردان و گواستنەوەی زیندانییەكە.
لە ئەمڕۆوە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكاتەوە و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
عومەر ئەحمەد، سەرۆكی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكرێتەوە و لایەنەكان لە سێ رۆژدا دەتوانن تانە پێشكەش بكەن، وتیشی رۆژی یەكشەممە لەگەڵ كۆتایی دەوامدا تۆماركردنی تانەكانیش كۆتایی دێت.
رۆژی چوارشەممە، كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عیراق لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی راگەیاند و دوپاتیكردەوە هەڵبژاردنەكە پاك و نمونەیی بووە، رەتیشیكردەوە هیچ ساختەكارییەك لە پڕۆسەكەدا ئەنجامدرابێت.
مەزڵوم كۆبانێ فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەسەدە رایگەیاند، داعش سودی لە جەنگ و رەوشی ئاڵۆزی ناوچەكە بینیوە و هێرشەكانی لە سوریا چركردووەتەوە.
مەزڵوك كۆبانێ لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا لەگەڵ كەناڵی "الحورە" رایگەیاند، مەترسییەكانی داعش تائێستا هەیە و بەردەوامیش دەبێت، چونكە داعش كێشەی دارایی نییە و دەتوانێت بە ئاسانی چەكداری نوێ كۆبكاتەوە، جگە لەوەش سەربازگەی مەشقپیكردنی هەیە و سودیشی لە جەنگ و رەوشی ئاڵۆزی ناوچەكە بینیوە و هێرشەكانی چركردووەتەوە.
وتیشی، هەسەدە لەگەڵ هاوپەیمانان بەردەوامن لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبەش و ئەو ئۆپراسیۆنانە هۆكارن بۆ دروستكردنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا .
سەبارەت بە بۆردومانەكانی توركیاش، مەزڵوم كۆبانێ رایگەیاند، هێرشەكانی توركیا سنوری وەڵامدانەوەی تێپەڕاندووە و ئەو دەزگایانە دەكاتە ئامانج كە خزمەت بە گەل دەكەن تا لەو رێیەوە ناچاریان بكەن كۆچبكەن ، هەروەها رەتیكرەوە هەسەدە باڵی سەربازیی پەكەكە بێت، وتیشی، ئەوە تەنها بیانویەكە كە توركیا ماوەی دە ساڵە بەكاریدەهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرشەكانی و دوپاتیشیكردۆتەوە هەسەدە بەشێك بێت لە ململانێكانی ناوخۆی توركیا.
ئەمڕۆ لە سەرۆكایەتی كۆماری عیراق، كۆبوونەوەیەكی گرنگ بە ئامادەبوونی وەفدی هەرێم لەبارەی یەكلاییكردنەوەی پرسی سەرژمێری گشتی دانیشتووان لە هەرێمی كوردستان و عیراق بەڕێوەدەچێت.
پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران بەرێوەدەچێت و تێیدا هەردوو وەزیری پلاندانانی عیراق و هەرێم و فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و سەرۆكی دیوان و سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لەگەڵ چەند وەزیرێكی پەیوەندیداری عیراق بەشدار دەبن.
وتیشی، بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا پرسی ئەنجامدانی یان دواخستنی سەرژمێری گشتی دانیشتووان یەكلابكرێتەوە.
رۆژی دووشەممە وەفدەكەی هەرێم گەیشتە بەغداد و لەگەڵ د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆمار و نوێنەرانی كورد لە بەغداد كۆبوونەوە، وەزیری پلاندانانی هەرێمیش رایگەیاند، داوادەكەن بەشە بودجەی هەرێم لە سەرژمێری گستی زیادبكرێت و هاوكات داتا سەنتەر لە هەرێمیش بكرێتەوە.
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ کۆچیدوایی تێکۆشەر"حەمە بۆر قوتانی" پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەکەی دەکات و دەڵێت، هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوەی سەربەرز و شۆڕشگێڕ دەكەین؛ كە نموونەی باڵای خەبات و قوربانیدانن لەپێناو كوردستان.
دەقی پرسەنامەیەکەی سەرۆک بافڵ...
بەڕێزان خانەوادە و بنەماڵەی تێکۆشەری دێرین هەڤاڵ حەمەبۆر
كۆچیدوایی هەڤاڵ(حەمە بۆر قوتانی) تێكۆشەر و پێشمەرگەی دێرین لەدڵەوە نیگەرانیكردین.
بۆ ئەم خەمە گەورەیە پرسە و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاڕاستەی ئێوەی سەربەرز و شۆڕشگێڕ دەكەین كە نموونەی باڵای خەبات و قوربانیدانن لەپێناو كوردستان.
لە خوای گەورە داواكارین هەڤاڵی ئازیزمان بە بەهەشتی بەرین شادبكات و سەبووری بەهەموولایەك ببەخشێت.
دڵسۆزتان
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەهۆی لافاوی "گۆتا فریا"وە لە ئیسپانیا نزیكەی ١٠٠ كەس گیانیانلەدەستدا.
حكومەتی ئیسپانیا رایگەیاند، بەهۆی ئەو لافاوە بەهێزەی لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە رووی لە باشوری رۆژهەڵاتی ئیسپانیا كردووە، تائێستا زیاتر لە 95 كەس گیانیان لەدەستداوە كە زۆرینەیان لە ناوچەی ڤالێنسیا بوون.
بەهۆی زۆریی ژمارەی بێسەروشوێنانیشەوە پێدەچێت ئامارەكە بەرزترببێتەوە، هەر بەو بۆنەیەشەوە حكومەتی ئیسپانیا لەئەمڕۆوە ماتەمینی بۆ ماوەی 3 رۆژ راگەیاندووە.
جگە لە زیانە گیانییەكان، لافاوی "گۆتا فریا" زیانێكی ماددی زۆریشی لێكەوتووەتەوە و هەڵمەتەكانی بەهاناوەچوون و رزگاركردنیش بەردەوامن.
مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پرسەنامەیەک بۆ کۆچیدوایی پێشمەرگەی دێرین حەمەبۆر قوتانی بڵاودەکاتەوە و دەڵێت، "لە یەزدانی مەزن داواكارین كۆچكردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبوری و ئارامی هەموو لایەک بدات".
دەقی پرسەنامەکە...
كەسوكارو خانەوادەی تێكۆشەری دێرین هەڤاڵ حەمەبۆر
بۆ كۆچی دوایی تێكۆشەر و پێشمەرگەی دێرین هەڤاڵ حەمەبۆر قوتانی، پرسەو ماتەمی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە تێكۆشەرەكەتان دەكەین.
هەڤاڵ حەمەبۆر لەبنەماڵەیەکی کوردپەروەر و تێکۆشەر بووە، لە ساڵانی خەباتی پێشمەرگایەتیدا لە ناوچە ئازادكراوەكانی دەشتی كۆیە ماڵەكەیان شوێنی خزمەت و حەوانەوەی هێزی پێشمەرگە بووە، لە پاش راپەرینیش وەك كادرێكی دلسۆز لە نێو ریزەكانی رێكخستندا لە رانیە درێژەی بە كاروانی خەباتداوە .
لە یەزدانی مەزن داواكارین كۆچكردوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبوری و ئارامی هەموو لایەک بدات.
انا لله و انا الیە راجعون
مەكتەبی سیاسی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
راوێژكاری خامنەیی رایدەگەیەنێت، سیاسەتی وڵاتەكەی لە پەیوەندییەكانیدا گۆڕانكاریی بەسەردا دێت و كار دەكەن بۆ ئەوەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ رۆژئاوا و وڵاتانی ئەوروپا باش بكەن.
عەلی ئەكبەر ویلایەتی، راوێژكاری سەرەكی عەلی خامنەیی رێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران بە میدیای وڵاتەكەی رایگەیاندوە، تاران پێداچونەوە بە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا دەكات بۆ ئەوەی ئاستی هاوكاریی و پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت ئەوروپا بەرەو باشیی هەنگاو بنێت.
وتەكانی ئەو لێپرسراوەی ئێران لە كاتێكدا، ئەمریكا و ئەوروپا سزاكانیان دژی تاران توندتر كردوەتەوە و لە نوێترین هەنگاویشدا یەكێتی ئەوروپا سەرجەم گەشتی فڕۆكەكانی ئێرانی بۆ ئەوروپا راگرت، ئەوەش بەهۆی هاوكارییە سەربازییەكانی ئێران بۆ روسیا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، كۆماری توركیا بە تەنها موڵكی هیچ كەس و نەتەوەیەك نییە و چەند موڵكی توركە، ئەوەندەش موڵكی كوردەكانە.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە میانی بەشداریكردنی لە كۆبونەوەی پەرلەمانی توركیا وتارێكی پێشەكەشكرد و رایگەیاند، لەكاتی هەوڵدان بۆ دووبارە كێشانەوەی سنوورەكانی ناوچەكەیان، پێویستە برایەتی هەمیشەیی خۆیان لەگەڵ برا كوردەكانیان بپارێزن.
جەختییشكردەوە لەسەر گرنگی و پێویستی بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆ و بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی ئێستای برایەتی نێوان تورك و كورد كردەوە.
سەرۆك كۆماری توركیا وتیشی، لەكاتێكدا كە هەوڵی دووبارە كێشانەوەی سنوورەكانی ناوچەكەیان دەدرێت، پێویستە برایەتی هەمیشەیی خۆیان لەگەڵ برا كوردەكانیان بپارێزن.
روونیشیكردەوە، حكومەتەكەی بڕیاریداوە پرسی تیرۆر بە تەواوەتی لە كارنامەی توركیا لاببات.

سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوە و دەنگ لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنەكە دەدات كە ماوەی نزیكەی ساڵێكە بێ سەرۆكە.
بەپێی ئەو خشتەیەی كە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردووەتەوە، سبەینێ ئەنجومەنی نوێنەران سەعات یەكی دوانیوەڕۆ كۆدەبێتەوە بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی ئەنجومەنەكە.
بەپێی زانیارییەكان، هەریەك لە مەحمود مەشهەدانی و سالم عیساوی كێبڕكێ دەكەن بۆ شوێنگرەوەی محەمەد حەلبوسی كە ماوەی نزیكەی ساڵێكە دەستیلەكاركێشاوەتەوە و تائێستا بەهۆی ناكۆكی نێوان سوننەكانەوە نەتوانراوە ئەو پۆستە پڕبكرێتەوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عیراق لەگەڵ ئیلبروس کۆتراشێڤ باڵیۆزی روسیای فیدراڵی لە عێراق کۆبووەوە و پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستیی بەرەوپێشبردنیان لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییه هاوبەشەکان تاوتوێکرد.
هەروەها د.لەتیف رەشید گرنگی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاریی دووقۆڵی و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی دۆستایەتی و چالاککردنی میکانیزمەکانی هاریکاری کولتوری لەڕێگەی ئاڵوگۆڕی سکۆلەرشیپی خوێندن لەنێوان بەغداد و مۆسکۆ لە پسپۆڕییە جۆراوجۆرەکاندا دوپاتکردەوە.
هەر لە دیدارەکەدا، بارودۆخی هەرێمی و نێودەوڵەتی تاووتوێکرا، لە پێشەوەدا دەستدرێژیەکانی دژبە لوبنان و فەڵەستین، لەم چوارچێوەیەدا سەرۆك کۆمار ئاماژەی به گرنگی راگرتنی پەلامارەکانی سەر هەردوو گەلی لوبنان و فەڵەستین کرد و جەختیکردەوە لەسەر کارکردن بۆ پاراستنی خەڵکی سڤیل و بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا. هاوکات هەڵوێستی عێراقی لەبارەی جەنگی روسیا و ئۆکرانیا رونکردەوه، که داوای کۆتاییهێنانی و گرتنەبەری رێگای دیالۆگ و لێکتێگەیشتن دەکات بۆ گەیشتن بە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەردوو وڵات لەپێناو خزمەتکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
لای خۆیەوە باڵیۆز کۆتراشێڤ پشتیوانی تەواوی روسیای فیدراڵی بۆ سەقامگیریی عێراق و پەرۆشی بۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە ئاستە جیاجیاکانی سیاسی و ئەمنی و ئابوری لەپێناو بەرژەوەندی هەردوو گەلی دۆست، دوپاتکردەوە.
سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل هۆشداری دەداتە ئێران و دەڵێت، ئەگەر ئەمجارە ئێران وەڵامی دوایین هێرشەكەی بداتەوە، ئەوا ئیسرائیل ئەو توانایانە لە دژی بەكاردەهێنێت كە تائێستا بەكارینەهێناوە.
هرتسی هالیفی سەرۆك ئەركانی سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، ئەگەر ئێران ئەو هەڵەیە بكات و جارێكی دیكە مووشەك ئاراستەی ئیسرائیل بكات، ئەوا لە وەڵامدا ئیسرائیل ئەو توانایانە دژی ئێران بەكاردەهێنێت كە تائێستا بەكارینەهێناوە و بە توندی هەموو ئەو پێگە و توانایانەی ئێران دەكاتە ئامانج كە پێشتر نەیكردوونەتە ئامانج.
پێشتریش ئەمریكا هۆشداری داوەتە ئێران لە وەڵامدانەوەی دوایین هێرشی ئیسرائیل و رایگەیاندووە، بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەكان زیاتر نەبن، پێویستە چیتر ئێران وەڵامی هێرشەكانی ئیسرائیل نەداوەتەوە.
مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق بە ئامانجگرتنی پێگەیەكی گرنگی سوپای ئیسرائیلی لە باكوری ئەو وڵاتە راگەیاند و دەڵێت، لە هێرشەكانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە بەردەوام دەبن.
گروپی چەكداری مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، بەربەیانی ئەمڕۆ پێگەیەكی سەربازی گرنگی ئیسرائیلیان لە باكوری ئەو وڵاتە بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كردووەتە ئامانج، كە تائێستا زیانەكانی نەزانراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەردەوام دەبن لە بە ئامانجگرتنی پێگەكانی ئیسرائیل وەك تۆڵەیەك بۆ بەردەوامی لەشكركێشیەكانی ئەو وڵاتە بۆ سەر لوبنان و كەرتی غەززە.
لەدوای جەنگی غەززە و لوبنانەوە، مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق ناو بەناو بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەك چەندین پێگەی ئیسرائیلی كردووەتە ئامانج.
لیژنەی یاسایی دیارترین خاڵە ناکۆکەکان لەبارەی پرۆژەیاساکانی باری کەسێتی و لێبوردنی گشتی و گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەوی ئاشکرادەکات و دەڵێت، بەھۆی گرژییەکانی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ژمارەیەک پاسەوانی پەرلەمانتاران رەوانەی زیندان کراون.
مورتەزا ساعدی، جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، پرۆژەیاساکانی باری کەسێتی، لێبوردنی گشتی، گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی ناوچە جێناکۆکەکان بۆ خاوەنەکانیان زۆرترین مشتومڕیان لە ئەنجومەنی نوێنەران لەسەرە و فراکسیۆنەکان نەگەیشتوونەتە لێکتێگەیشتن لەسەر ئەو پرۆژەیاسایانە، ئەوەش وایکردووە لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ پەسەندکردنی ئەو سێ پرۆژەیاسایە گرژی دروستبێت و دانیشتنەکە ھەڵپەسێردرێت.
ئەوەشی خستەڕوو، پرۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتی زەویی بۆ خاوەنەکانیان، لە ئەنجومەنی نوێنەران جارێکی تر گۆڕانکاری تێدا کراوە، بە جۆرێک پرۆژەیاساکە لە سەرەتاوە نزیکەی ھەشت بۆ نۆ بڕیاری گرتووەتەوە و دوای گۆڕانکارییەکە بووە بە ١٧ بڕیار، ئەوەش زۆرترین ناڕەزایەتی پەرلەمانتارە سوننەکانی سنووری کەرکوک و چەند فراکسیۆنێکی شیعەی لێکەوتووەتەوە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی یاسایی وتیشی، لە دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران، گرژی لە نێوان ژمارەیەک پاسەوانی پەرلەمانتاران دروستبووە و دواتر لەسەر راسپاردەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەران پاسەوانەکان رەوانەی زیندان کراون، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، لە کەمپی جدعەی باشووری شاری موسڵ، ئاوارەکان لەلایەن ئیدارەی کەمپەکەوە تووشی مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجە و رفاندن دەبنەوە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئاوارەکانی کەمپی جدعەی باشووری موسڵ، لەلایەن ئیدارەی کەمپەکەوە تووشی مامەڵەی خراپ و ئەشکەنجە و رفاندن دەبنەوە، بەجۆرێک بەشێک لە پەبانەرانی ئەو کەمپە بە تەزووی کارەبا و لێدان ئەشکەنجە دراون.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بارودۆخەی لە کەمپی جدعە دەگوزەرێت ترسناکە و جێگەی قبوڵ نییە، ھاوکات دەبێت دەستبەجێ بوەستێندرێت و لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی جەختیلەوەشکردەوە، دەبێت دەسەڵاتدارانی عیراق دەستبەجێ رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر لەبارەی کەمپی جدعە، بۆ وەستاندنی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ بەرامبەر ئاوارەکان.
وەزارەتی کارەبا دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی پرۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبای بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتی کارەبای پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان شۆڕکردەوە و بڕیاریشیدا، پرۆسەی چاکسازی وەرزی زستانە بۆ تۆڕەکانی کارەبا دەستپێبکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، بە سەرپەرشتی کەمال محەمەد وەزیری کارەبا، ئەنجومەنی وەزارەتی کارەبا کۆبوەتەوە و تێیدا، بڕیاریداوە دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی پرۆژەی پێوەری زیرەکی کارەبا بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی گشتی کارەبای پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان شۆڕبکرێتەوە.
ھەر لە کۆبوونەوەکەشدا، وەزارەتی کارەبا بڕیاریداوە، پرۆسەی چاکسازی وەرزی زستانە بۆ تۆڕەکانی کارەبا دەستپێبکات.
لە بەشێکیتری کۆبونەوەکەدا، پرۆژەی رووناکی کارەبای ٢٤ سەعاتی خراوەتەبەرباس و ئاماژەبەوەکراوە، کە پرۆژەکە یەکێکە لە پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەکان بۆ چارەسەی بنەڕەتی کێشەی کارەبا و پرۆژەکە فراوانتر دەکرێت، ھاوکات رێنماییەکانی پێدانی کارەباش لەژێر رۆشنایی پرۆژەکە ھەمواردەکرێتەوە.