ئەمریكا داوا لە چین دەكات هەژموونی خۆی بۆ فشارخستنەسەر كۆریای باكور و روسیا بەكاربهێنێت لە پێناو رێگرتن لە زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەكان و تائێستاش چین وەڵامی نەداوەتەوە.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردووەتەوە، لە چەند رۆژی رابردوودا سێ گەورە دیبلۆماتكاری ئەمریكا لەگەڵ باڵیۆزی چین لە واشنتۆن كۆبوونەتەوە و مەترسییەكانی ئەمریكایان پێڕاگەیاندووە كە ئاگادارن كۆریای باكوور هەزاران سەربازی رەوانەی روسیا كردووە بۆئەوەی بەشداری لە شەڕی دژ بە ئۆكراین بكەن بۆئەوەش داوایانكردووە چین هەژموون و پەیوەندییەكانی بەكاربهێنێت بۆ فشارخستنەسەر كۆریای باكوور و روسیا لە پێناو رێگرتن لە زیادبوونی گرژی و ئاڵۆزییەكان.
لیۆ بینجیۆ وتەبێژی باڵیۆزخانی چین لە واشنتۆن رایگەیاندووە، هەڵوێستی وڵاتەكەی لە بەرامبەر شەڕی ئۆكراین روون و ئاشكرایە و لەسەرەتاشەوە تائێستا هەوڵی چارەسەركردنی داوە بە گفتوگۆ، وتیشی، داواكارییەكەی ئەمریكا ئاراستەی سەركردایەتی وڵاتەكەی كراوە، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێك نەدراوەتەوە.
ترەمپ داوای ١٠ ملیار دۆلار قەرەبوو لە كەناڵێكی تەلەفزیۆنی دەكات و دەڵێت دەستكاری دیبەیتەكەی كردووە كە لەگەڵ كامالا هاریس ئەنجامیداوە.
تیمی پارێزەرانی دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بەناوی ترەمپەوە سكاڵایەكی یاساییان لەسەر كەناڵی سی بی ئێس تۆماركردووە، ترەمپیش رایگەیاندووە، بەپێی سكاڵاكە دوای ١٠ ملیار دۆلاری لەو كەناڵە كردووە وەك قەرەبوو لە بەرامبەر دەستكاركردنی دیبەیتەكەی لەگەڵ كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا لە بەرژوەندی هاریس.
لەلایەكی تریشەوە ترەمپ لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا سەردانی ناوچەی دیترۆیت و شاری دیربۆرن بكات سەر بە ویلایەتی مێشیگان بكات كە زۆرینەی دانیشتووانەكانیان عەرەبن و لە هەڵبژاردنی رابردووشدا دەنگیان بە جۆ بایدن دا، بەڵام لەئێستادا بەهۆی شەڕی ئیسرائیل لە دژی لوبنان و بزوتنەوەی حەماس لە بایدن نیگەرانن و چەند جارێكیش خۆپیشاندانی ناڕەزاییان ئەنجامداوە.
لە بەرانبەر هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان و غەززە، گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی ئەنجامدانی شەش هێرشی بۆسەر باكوری ئیسرائیل راگەیاند.
مقاوەمەی ئیسلامی عیراق لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە شەش هێرشیان بۆسەر شەش ئامانجی جیاجیای ئیسرائیل لە ناوچە داگیركراوەكان ئەنجامداوە كە دەكەونە باكووری ئەو وڵاتە وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ بەردەوامی هێرشەكانی ئەو وڵاتە بۆسەر خەڵكی بێتاوان لە لوبنان و كەرتی غەززە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، تا ئەو كاتەی ئیسرائیل بەردەوام بێت لەسەر دوژمنكارییەكان و كوشتنی خەڵكی بێتاوان لە لوبنان و فەلەستین، مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراقیش بەردەوام دەبێت لە هێرشكردنە سەر هەموو جۆرە بەرژوەندییەكی ئیسرائیل.
پێگەیەكی ئەمریكی بڵاویكردەوە، ئێران ئامادەكاری دەكات لە خاكی عیراقەوە و بە ژمارەیەكی زۆر موشەكی بالیستی و درۆن هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل.
دوو سەرچاوەی ئیسرائیلی بە پێگەی ئەكسیۆسی ئەمریكی راگەیاندووە، بەپێی زانیارییە هەواڵگیرییەكانی ئیسرائیل، ئێران ئامادەكاری دەكات لە چەند رۆژی داهاتوودا و لەرێگەی خاكی عیراقەوە هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل، سەرچاوەكە پێشبینی ئەوەشی كردووە ئەو هێرشە بەر لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا ئەنجامبدات كە لە ٥ی ئەم مانگە دەكرێت.
بەپێی ئەو دوو سەرچاوە ئیسرائیلییە، پێشبینی دەكرێت ژمارەیەكی زۆر لە مووشەكی بالیستی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەو هێرشەدا بەكاربهێنرێت و هێرشەكەش لە خاكی عیراقەوە ئەنجام بدرێت.
تا ئێستا عیراق هیچ لێدوانێكی رەسمی لەوبارەیەوە نەداوە، پێتر سەرچاوەیەكی باڵاش كە ئاگاداری دانوستانەكانی ئێرانە بە تۆڕی سی ئێن ئێنی راگەیاندبوو، ئێران هێرشێكی توند و بە ئازار دەكاتە سەر ئیسرائیل، لە وەڵامی ئەو هێرشەی لەم كۆتاییەدا كرایە سەر وڵاتەكەی.
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا دەڵێت هەوڵەكان بە ئاراستەی كۆتایی هێنان بەشەڕ و ئاڵۆزییەكان لە لوبنان دڵخۆشكەرن و بەرەوپێشچوونی باش بەدیهاتووە.
ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەسەر بنەمای دوو سەردانەكەی لە ماوەی رابردوودا بۆ ناوچەكە لە چوارچێوەی هەوڵەكان بە ئاراستەی كۆتایی هێنان بەشەڕ و گەیشتن بە رێككەوتنی هێوركردنەوەی رەوشی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، گەیشتووەتە ئەو دەرەنجامەی كە هەنگاوەكان بەو ئاراستەیە و بەتایبەتیش هەوڵەكان بە ئاراستەی كۆتایی هێنان بەشەڕ لە لوبنان، دڵخۆشكەرن و بەرەوپێشچوونی باش بەدیهاتووە.
وتیشی، باوەڕیان بەوەیە پێویستە كێشە و ئاڵۆزییەكان لە چوارچێوەی گفتوگۆ و هەوڵە دیبلۆماسییەكان چارەسەر بكەن و بۆئەو مەبەستەش لە هەوڵدان بۆ ئەوەی هیچ بنكە و بارەگایەكی چەكدارانی حزبوڵا لە ناوچەكانی باشووری لوبنان نەمێنن و بكشێنەوە بەتایبەتی لەو ناوچانەی نزیكن یان دەكەونە سەر سنورەكانی ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوەی تایلەند كوژرانی چوار هاووڵاتی وڵاتەكەی لە سنوری نێوان لوبنان و ئیسرائیل راگەیاند.
ماریس سانگیامبونگسا وەزیری دەرەوەی تایلەند لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانێكی مووشەكی لە نزیك سنوری لوبنان و ئیسرائیل، چوار هاووڵاتی تایلەندی كوژراون و یەكێكی دیكەش بریندار بووە.
نزیكەی ٣٠ هەزار هاووڵاتی تایلەندی لە ئیسرائیل دەژین و لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە رەوەندی تایلەندی روبەڕووی چەندین هێرش بوونەتەوە و، ٣٩ تایلەندی لە باشوری ئیسرائیل كوژراون و باس لەوەشدەكرێت زیاتر لە ٢٠ تایلەندی لەلایەن بزووتنەوەی حەماسەوە بە بارمتە گیراون و بەشێكیشیان لەكاتی ئاگربەستەكەی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو ئازادكراون.
شەوی رابردوو لە لوبنان بەهۆی هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل ٤٥ كەس كوژران و زیاتر لە ١٠٠ كەسی تریش برینداربوون.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان بڵاویكردووەتەوە، شەوی رابردوو سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەك هێرشی هێرش و بۆردومانی چڕی بۆسەر ناوچەكانی باشووری لوبنان ئەنجامداوە و بەهۆیانەوە 45 كەس كوژران و ١١٠ كەسی تریش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لەسەرەتای دەستپێكردنی گرژی و ئاڵۆزییەكانەوە تائێستا بەهۆی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیلەوە بۆسەر لوبنان، دوو هەزار و ٨٦٧ كەس كوژراون و ١٣ هەزار و ٤٧ كەسی تریش برینداربوون.
بەپێی ئامارێكیش كە رۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە پشتبەستن بە زانیارییەكانی مانگە دەستكردەكان بڵاویكردووەتەوە، بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە لە ٢٥ شارۆچكەی لوبنان لە هەر یەكێكیان سێیەكی باڵەخانە و خانووەكان رووخاون.
وەزارەتی نەوتی عیراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی خولی شەشەمی مۆڵەتی كاركردن لە كێڵگە غازی و نەوتیەكاندا گرێبەستێكیان لەگەڵ دوو كۆمپانیا ئیمزاكردووە بۆ بەرهەمهێنانی ٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا غاز لە رۆژێكدا.
وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت گرێبەستێكی لەگەڵ دوو كۆمپانیا ئیمزاكردووە بۆ بەرهەمهێنانی ٣٠٠ ملیۆن پێ سێجا غاز لەرۆژێكدا لە كێڵگەی غازی مەنسوریە لە پارێزگای دیالە.
دەشڵێت، كێڵگەی مەنسوریە یەكێكە لە كێڵگە گونجاوەكان كە وزەی پێویست بۆ بەرهەمهێنانی غاز لە وڵاتدا دابیندەكات و كاریگەری دەبێت لەسەر ئابوری وڵات و هەلی كاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان دەڕەخسێنێت.
لە مانگی نیسانی ئەمساڵ، عیراق خولی پێنجەم و شەشەمی مۆڵەتی كارپێكردنی بۆ ٢٩ كێلگەی غازی و نەوتی راگەیاند بۆ ئەوەی كۆمپانیا جیهانیەكان بتوانن ركابەری بكەن بۆ بەدەستهێنانی كاركردن.
میدیایەكی ئەمریكی ئاشكرایدەكات، ئێران پێش هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی هێرش دەكاتە سەر ئیسرائیل.
دوای ئەوەی تەلەفزیۆنی سی ئێن ئێنی ئەمریكی لە زاری سەرچاوەیەكەوە كە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە، بڵاویكردەوە ئێران ئامادەكاریی دەكات رۆژێك پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل، واشنتۆن لە رێگەی كۆشكی سپی و وەزارەتی دەرەوەوە هۆشداریی دەداتە ئێران.
كارین ژین پیەر، وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاندووە، نابێت ئێران هێرش بكاتە سەر ئیسرائیل و ئەمریكا بەهەموو شێوەیەك پشتیوانی لە تەلئەبیب دەكات.
هاوكات ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە جەختكردنەوە لەوەی كە نابێت ئێران هێرش بكاتەوە سەر ئیسرائیل، رایگەیاند، تاران دەبێت بە باشی لە پەیامە رونەكەی واشنتۆن تێ بگات و هەوڵنەدات ببێتە هۆی دروستبونی گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر لە ناوچەكە.
روسیا بە بڕی ٢٠ دیشلیۆن دۆلار، سزای بەسەر كۆمپانیای تەكنەلۆژی گۆگڵدا سەپاند.
بەهۆی بلۆككردنی كەناڵەكانی روسیا لەسەر پلاتفۆرمی یوتیوب، روسیا سزایەكی قورسی دارایی بەسەر گۆگڵدا سەپاند كە دەوترێت یەك لەسەر سێی پارەی هەموو جیهانە.
دیمیتری پێسكۆڤ، وتەبێژی كرێملین سەبارەت بەو داوایەی روسیا لەسەر گۆگڵ وتی، نابێت چیتر گۆگڵ سانسۆر بخاتەسەر پلاتفۆرمەكانیان و سنورداریان بكات.
بەپێی ئامارەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی، سەرمایەی كۆمپانیای گۆگڵ، نزیكەی دوو تریلیۆن دۆلارە، لەكاتێكدا سزاكەی روسیا كە بەسەریدا سەپاندویەتی 20 ملیار ترلیۆن ترلیۆن دۆلارە.
دوای لەشكركێشییە بەرفراوانەكەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆكراین، گۆگڵ كارەكانی لەو وڵاتەدا كەمكردەوە، دوای چەند مانگێك لە لەشكركێشییەكەش، گۆگڵ ئیفلاسبوونی خۆی لە روسیا راگەیاندو بەشێوەیەكی كاتی زۆربەی كارە بازرگانییەكانی ڕاگرت.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە بەرانبەر لەسێدارەدانی هاوڵاتیەكی ئەڵمانی لە ئێران سەرجەم كونسوڵخانەكانی ئەو وڵاتەیان داخستووە.
ئەنالینا بایربۆك وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەڵمانیا سەرجەم كونسوڵخانەكانی ئێرانی لە وڵاتەكەی داخست و لەگەڵ یەكێتی ئەوروپاش تاوتوێی سەپاندنی سزا بەسەر ئێراندا دەكەن.
دەشڵێت، پێشتر و چەند جارێك هۆشداریان بە تاران داوە كە لە سێدارەدانی هاوڵاتییە ئەڵمانیەكە دەرەنجامی ترسناكی دەبێت و ئیدانەی هەڵسوكەوتی ئێرانیش دەكات كە بە سیاسیانە مامەڵە لەگەڵ بارمتەكان دەكات و لەسێدارەدانی هاوڵاتیە ئەڵمانیەكەی وەكو چەكێك دژی پاڵپشتی ئەڵمانیا بۆ ئیسرائیل و فرۆشتنی چەك بەكارهێناوە.
رۆژی ٢٩ی ئەم مانگە بە تۆمەتی سیخوڕیكردن، ئێران لە سێدارەدانی جەمشید شەرمەهدی زیندانیی سیاسی راگەیاند كە هەڵگری هەردو رەگەزنامەی ئێرانی و ئەڵمانی بوو.
هەوڵێكی بەقاچاغبردنی ١٠٠ كیلۆگرام لە مادەی هۆشبەری جۆری كەپتاگۆن لە عیراق پوچەڵكرایەوە.
بەڕێوبەرایەتی گشتی كاروباری ماددە هۆشبەرەكانی عیراق پووچەڵكردنەوەی هەوڵێكی قاچاخی مادەی هۆشبەری بە بڕی ١٠٠ كیلۆگرام لەجۆری كەپتاگۆن لە عیراق راگەیاند.
حسێن یوسف تەمیمی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی ماددە هۆشبەرەكان ئاماژەی بەوەكردووە، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی ماددە هۆشبەرەكانی هەولێر، توانراوە هەوڵەكە پوچەڵ بكرێتەوەو تۆمەتبارێكیش دەستگیر بكرێت.
باسی لەوەشكردووە، لەكاتی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكاندا، تۆمەتبار دانی بە تاوانەكەیدا ناوە، هاوكات پەڕاوی یاسایی بۆ دۆسیەكە كراوەتەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەی تێوەگلاون لە تاوانەكە.
وەزارەتی ناوخۆی توركیا، سەرۆك شارەوانییەكی كوردی سەر بە جەهەپەی لە ئیستەنبوڵ دوورخستەوە و قەیومی لە شوێنەكەی دانا جەهەپەش دەڵێت، كودەتا لە دەنگی خەڵك كراوە.
لەسەر داوای پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان –دەم پارتی و پارتی گەلی كۆماری-جەهەپە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لە دژی دورخستنەوە كاندیدێكی هاوبەشی ئەو دووپارتە بۆ سەرۆكایەتی شارەوانیی ئەسەنیورت لە ئیستەنبوڵ بەرێوەچوو.
ئوزگور ئوزەل سەرۆكی جەهەپە لە كاتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەكان لە ئیستەنبوڵ رایگەیاند، ئاكەپە بە دانانی قەیوم لە جێگای سەرۆكی شارەوانیی یاسای و هەڵبژێردراو ، كودەتای لە دەنگی خەڵك كردوە.
پێشتر وەزارەتی ناوخۆی توركیا رایگەیاندبوو، لە دوای لێكۆڵینەوەەكانی سەرۆكایەتی داواكاری گشتی كۆماری ئیستەنبوڵەوە، ئەحمەد ئۆزەر سەرۆكی شارەوانی ئەسەنیورت بە تاوانی ئەندامبوون لە پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە دەستبەسەركراوە و بەپێی ماددەكانی 45 و 46ی یاسای شارەوانی لە كارەكەی دورخراوەرتەوە جێگری پارێزگاری ئیستەنبوڵ لە شوێنەكەی دانراوە.
بەهۆی زیانی گۆتا فریا لە ئیسپانیا ١٤٠ كەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان كەسیش بێسەروشوێنن.
میدیای رەسمی ئیسپانیا رایگەیاند، زریانی گۆتا فریا بووەتەهۆی گیان لەدەستدانی ١٤٠ كەس و دەیان كەسیش بێسەروشوێنن و گەڕان بە دوای بێسەروشوێنانیش بەردەوامە.
وتیشی، شاری ڤالێنسا زۆرترین زیانی بەركەوتووە و ئەو بارانەی لەو شارە باریوە زۆرترین بڕی باران بارین بووە لە ماوەی ٢٨ ساڵی رابردوودا.
بەهۆی زۆریی ژمارەی بێسەروشوێنانیشەوە چاوەرشوان دەكرێت ئامارەكە بەرزترببێتەوە، هەر بەو بۆنەیەشەوە حكومەتی ئیسپانیا لەئەمڕۆوە ماتەمینی بۆ ماوەی سێ رۆژ راگەیاندووە.
ئیسرائیل نوسنگەیەكی خزمەتگوزاری نەتەوە یەكگرتووەكانی لە شاری تولكەرمی فەلەستین رووخاند.
بەیانی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەكانی ئیسرائیل نوسینگەی دەزگای فریاگوزاری نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەنابەرانی فەلەستین كە بە ئۆنروا ناسراوە، لە كەمپی نور شەمس لە ڕۆژهەڵاتی تولكەرم لە كەناری رۆژئاوا رووخاند.
نیهاد شاویش سەرۆكی لیژنەی خزمەتگوزاری كەمپەكە رایگەیاند، بلدۆزەرەكانی ئیسرائیل نوسینگەی ئاژانسە خێرخوازییەكەیان لە ناوەڕاستی كەمپەكە رووخاندووە.
ئۆنراو لە كەمپی نور شەمس بنكەیەكی تەندروستی و دوو خوێندنگەی بۆ كچان و كوڕان كردووەتەوە كە هەزار و 536 خوێندكاریان هەیە و خزمەتگوزاری بێبەرامبەریان پێشكەشدەكەن، بەڵام لەدوای بڕیارەكەی ئیسرائیل، تەواوی خزمەتگوزارییەكان رادەگیرێن.
دووشەممەی ڕابردوو، كنێستی ئیسرائیل بڕیاریدا چالاكییەكانی ئۆنروا قەدەغە بكات، سەرەڕای هۆشدارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە مەترسییەكانی ئەم بڕیارە.
كۆمپانیای ئای كیو ئاگاداری بەشداربووانی دەكاتەوە و دەڵێت، بۆ ئەوەی هێڵی ئینتەرنێتەكەیان بەردەوام بێت پێویستە ناسنامەكانیان پشتڕاستبكەنەوە.
كۆمپانیای ئای كیو لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆمپانیاكانی پەیوەندی و گەیاندن لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە ئاگاداركراونەتەوە كە هەر كەسێك بەشداری هێڵی ئینتەرنێتی كردووە و بەڵگەنامە فەرمییەكانی وەك (ناسنامە یان كارتی نیشتمانی و كارتی زانیاری یان كۆدی ئاسایش)ی پێشكەشی كۆمپانیای دابینكەری هێڵی ئینتەرنێتی نەكردبێت لەكاتی بەشداریكردندا، ئەوا لەماوەیەكی نزیكدا هێڵەكەی دەبڕدرێت.
دەشڵێت، پێویستە بە زووترین كات ئەو بەڵگەنامانە پێشكەش بە كۆمپانیای هێڵی ئینتەرنێت بكرێت، ئەگەر كەسەكەش بیانی بوو، ئەوا پێویستە پاسپۆرت و نشینگە پێشكەش بكات وەك بەڵگەنامەی فەرمی.
وتیشی، لەئێستادا كۆمپانیای ئای كیو دەستیكردووە بە پەیوەندیكردن بە بەشداربووانیەوە و وەرگرتنی بەڵگەنامەكان لەڕێی ئەپڵیكەیشنەكەیانەوە.