ترەمپ دەڵێت، لە چەند ویلایەتێك لەپێش هاریسەوەیەو رۆژی سێشەممە لە هەڵبژاردنی گشتیدا دەیوەستێنن، هاریسیش دەڵێت ترەمپ كەسێكی ناهاوسەنگە.
دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆماریەكان لە بانگەشەی هەڵبژاردندا داوای لە لایەنگرانی كرد لە ویلایەتی ویسكۆنسن دەنگی پێ بدەن و وتی لە چەند ویلایەتێك لە پێش كامالا هاریسی كاندیدی دیموكراتەكانەوەیە.
وتیشی، داهاتووی ئەمریكا لە دەستی ئەوانە و پێویستە دەنگی پێ بدەن و پێویستە كارێك بكەن كە رۆژی سێشەممە هاریس بوەستێنن.
هاوكات، كامالا هاریس رایگەیاند، ترەمپ بیر لە باشكردنی ژیانی هاووڵاتیانی ئەمریكا ناكاتەوە و كەسێكی ناهاوسەنگە و كار لەسەر كەمكردنەوەی باج دەكات و نرخەكان جێگیر دەكەن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، دەنگدانی پێشوەختە لە چەند ویلایەتێكی ئەمریكا دەستیپێكردووە و رۆژی سێشەممەش دەنگدانی گشتی دەستپێدەكات.
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دەستپێشخەری و پێشنیازێكی لوبنان بۆ كۆتایی هێنان بە هێرش و بۆردومانەكانی وڵاتەكەی رەتدەكاتەوە.
نەبیە بەڕی سەرۆكی پەرلەمانی لوبنان بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە، لەسەر پێشنیازی ئەمریكا و دوای گفتوگۆ و راوێژ لەگەڵ ئامۆس هۆكستین نوێنەری ئەو وڵاتە بۆ كاروباری لوبنان، نەخشەڕێگەی كۆتایی هێنان بە شەڕ و هێرش و بۆردومانەكان بۆسەر باشووری لوبنان، ئاراستەی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل كراوە و نوێنەرەكەی ئەمریكاش پێش ئەوەی بچێت بۆ ئیسرائیل وتویەتی لە داهاتوویەكی نزیكدا وەڵام بۆ لوبنان وەردەگرێتەوە و ئاگاداریشیان دەكاتەوە.
وتیشی، هەرچەندە نوێنەرەكەی ئەمریكا بۆ كاروباری لوبنان چەند رۆژێكە لە ئیسرائیلە و هیچ وەڵامێكی نەداوەتەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانیان ناتانیاهۆ پێشنیازەكەی رەتكردووەتەوە و گفتوگۆكردنیشی لەسەر هەر پرۆژە و پێشنیازێك بۆ ئاگربەست دواخستووە بۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە پێنجی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.
پەرلەمانتارێكی ئێران دەڵێت، هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی ئێران لە ئاسمانی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام نەدراوە و بەكارهێنانی ئاسمانی عیراقیش بەبێ مۆڵەتی ئەو وڵاتە بووە.
روحوڵا نەجابەت ئەندامی پەرلەمانی ئێران لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی ئێران رایگەیاندووە، حكومەتی عێراق بەڵێنی داوە، ئاسمانی خۆی لەدژی بەرژەوەندی ئێران بەكارنەهێنێت، بەڵام نەتوانراوە رێگری لێ بكرێت، ئەوەی كەكراوە بە ڕەزامەندی و مۆڵەتی حكومەتی عیراق نەبووە.
جەختی لەوەشكردوەتەوە، هێرشی چەكدارانی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی ئێران، لە ئاسمانی هەرێمی كوردستانەوە ئەنجام نەدراوە.
لەلایەكی ترەوە حەبیبوڵا سیاری، جێگری ڕێكخەری سوپای كۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، دوای ئۆپەراسیۆنی سادق دوو، تەواوی ئاسمانی ئێراق لە ژێر كۆنترۆڵی فڕۆكەكانی ئیسرائیل و ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسادایە و نزیكەی ٢٥ رۆژ بەدوای ئەوەدا دەگەڕان چالاكی لە دژی ئێران ئەنجام بدەن.
پێشتر كۆماری ئیسلامی ئێران رایگەیاندبوو ئیسرائیل ئاسمانی عیراقی بەكارهێناوە لە هێرشەكەی مانگی رابردوودا بۆسەر ئێران، دواتر حكومەتی عیراق یاداشتێكی ناڕەزایی ئاڕاستەی نەتەوەیەكگرتووەكان كرد و دانینا بەوەی ئیسرائیل لە ئاسمانی عیراقەوە هێرشیكردووەتە سەر تاران.
حزبوڵای لوبنان هێرشی موشەكی كردە سەر شارۆچكەیەكی ناوەڕاستی ئیسرائیل و بەهۆیەوە ١٩ كەس برینداربوون.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل لە زاری پۆلیسی ئەو وڵاتەوە گواستییەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ حزبوڵا بە موشەك هێرشی كردوەتەسەر شارۆچكەی تیرە كە كەوتوەتە ناوەڕاستی ئیسرائیل.
دەشڵێت، زەنگی ئاگاداركردنەوە لێدراوە بەهۆی ئاڕاستەكردنی ژمارەیەك موشەك لە لوبنانەوە بۆ ئیسرائیل، بەڵام سێ لە موشەكەكان سیستمی بەرگری ئاسمانیان تێپەڕاندووە و چەند باڵەخانەیەكیان پێكاوە و بەهۆیەوە و ١٩ كەس برینداربوون.
ئەوەش لەكاتێكدایە، پێشتر یواڤ گالانت وەزیری بەرگری ئیسرائیل رایگەیاندبوو كۆگاكانی چەكی حزبوڵا تەنیا ٢٠٪ی ماوە و ئێران ئەوە دەزانێت كە حزبوڵا توانای ئەوەی نییە لە كاتی هێرشكردنەسەری بەرگری بكات.
نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەكێكە لە مەترسیدارترین ناوچەكانی جیهان بۆ رۆژنامەنووسان بە درێژایی مێژوو.
فۆڵكەر تورك سەرۆكی كۆمیسیۆنی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، بەردەوامی گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوخۆی وڵاتان و لە نێوان وڵاتانیش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وایكردووە ئەو ناوچەیە ببێتە یەكێك لە مەترسیدارترین ناوچەكانی جیهان بۆ رۆژنامەنووسان بە درێژایی مێژوو.
وتیشی، تەنها لە ماوەی ئەمساڵدا ٦١ رۆژنامەنووس لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كوژران، كە ئەوەش ژمارەیەك مەرسیدارە و لە ساڵی رابردووش هەر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ٧١ رۆژنامەنووس و كارمەندی دەزگاكانی راگەیاندن كوژران و زیاتر لە ٣٠٠ رۆژنامەنووسیش زیندانیكردان كە تائێستاش ژمارەیەك ئازادنەكراون و لە زینداندان.
لە ماوەی ئەمساڵدا توركیا ١٨٤ هێرشی كردوەتە سەر ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا و لە ئەنجامدا ٣٨ كەس كوژران و ١١٥ ی دیكەش برینداربوون.
روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند، توركیا بە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان بۆردومانەكانی بۆ ناوچەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا چڕتر كردوەتەوە، لە ماوەی ئەمساڵ ١٨٤ هێرشی ئەنجامداوە، بەوهۆیەشەوە ٣٨ كەس كوژراون و ٤٤ سەرباز و ٧١ هاووڵاتیش برینداربوون، لە نێو بریندارەكانیشدا شەش ژن و سێ منداڵیان تێدابووە.
راشیگەیاندوە، توركیا هێرشەكانی بۆسەر ژێرخانی ئابووری چڕكردووەتەوە و وێستگەكانی ئاو و گاز و كارەبا و نانەواخانە و سایلۆكانی دانەوێڵە و دەرمانخانەكانی كردەوەتە ئامانج، لە ٢٣ی تشرینی یەكەمیشەوە توركیا ٣٧ دامەزراوە و ناوەندی گرنگی كردۆتە ئامانج.
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، ئەگەرهەیە وەرزی یاسادانان مانگێك درێژ بكرێتەوە و لەمەودوا دەستەی سەرۆكایەتی بە رێككەوتن خشتەی دانیشتنەكان دادەنێت.
كاروان یاروەیس ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەنجومەن بە كوردسات نیوزی راگەیاند، هیچ رێككەوتنێك لەئارادا نەبووە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك، بەڵكو لێكتێگەیشتن هەبوە بۆ ئەوەی نەبوونی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كرتایی پێبهێنرێت، لەمەودوا دەستەی سەرۆكایەتی بە رێككەوتن خشتەی كاری دانیشتنەكان دادەنێت.
وتیشی، لە نۆی ئەم مانگە وەرزی یاسادانان كۆتایی دێت پشوی ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێدەكات تا نۆی كانوونی دووەمی ٢٠٢٥، بەڵام ئەگەر هەیە مانگێك وەرزی یاسادانان درێژبكرێتەوە، لەبەرئەوەی لەم وەرزەدا كەمترین دانیشتن ئەنجامدراوە، هەروەها بۆ ئەوەی پرۆژەیاسا گرنگەكان دەنگی لەسەر بدرێت و تێپەرێنرێن.
سودانی و ئەردۆغان لە ئیستەنبوڵ كۆبوونەوە و جەختیان لە كاراكردنی رێككەوتن و لێكتێگەیشتنەكانی هەردوو وڵات كردەوە، ئەردۆغان سوپاسی هەنگاوەكانی بەغدادی كرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەكەكە.
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، سودانی بەسەردانێكی رەسمی گەیشتووەتە توركیا لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ ئەردۆغان كۆبووەتەوە و باسیان لە پێشهاتەكانی ناوچەكە و یەكخستنی هەڵوێستەكان لەبارەی پێشهاتە مەترسیدارەكانەوە كردووە، داواشیان لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان كردووە پشتیوانی ئاگربەست بكەن و پڕۆسەی گەیاندنی هاوكاری بۆ زیانلێكەوتووان ئاسان بكەن.
هەر لەكۆبوونەوەكەدا باس لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەكانی هەردوولا و كارا كردنی یاداشتەكانی لێكتێگەیشتن و رێككەوتنە هاوبەشەكان لە بواری ئابوری و گەشەپێدان كرا.
هاوكات فەرماندەی پەیوەندییەكانی سەرۆكایەتی توركیا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، لەكۆبوونەوەكەدا ئەردۆغان سوپاسی هەنگاوە ئەرێنییەكانی بەغداد كردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەكەكە و جەختیكردووەتەوە، توركیا و عێراق دوو وڵاتی دراوسێن كە پەیوەندی مێژوویی و فەرهەنگیی قووڵیان هەیە و، پەرەسەندنی پەیوەندییەكانیان و هەلسەنگاندنی دەرفەتەكانی هاریكاریی بەتایبەتی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان بۆ هەردوو وڵات سوودی ئێجگار زۆری هەیە، لەبەرئەوە بەردەوامدەبن لە گرتنەبەری هەنگاوی پێویست لەو بارەیەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەران بە رێژەی لە ٢٢٪ زیادیكردووە و ١٤ هەزار و ٧٠٦ كۆچبەر دیپۆرتكراونەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا، ١٤ هەزار و ٧٠٦ كۆچبەر لە ئەڵمانیا دیپۆرتكراونەوتەوە و بەراورد بە ساڵی رابردوو بە رێژەی ٢٢٪ زیادیكردووە، لەكاتێكدا لە نۆ مانگی سەرەتای ساڵی رابردوودا، ١٢ هەزار و ٤٢ كۆچبەر دیپۆرتكرابوونەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سەرەكیترین ئەو وڵاتانەی كۆچبەرەكانیان بۆ دیپۆرتكراونەتەوە، جۆرجیا و باكوری مەكەدۆنیا و نەمسا و ئەلبانیا و سڕبیان.
پێشتر، نانسی وایزەر وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاندبوو، كار لەسەر دیپۆرتكردنەوەی كۆچبەران بۆ ئەفغانستان و سوریا دەكەن، بە تایبەتی ئەو كۆچبەرانەی لە وڵاتانی خۆیان تاوانیان ئەنجامداوە و داواكراون.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایگەیاند، رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان لە خوار ستانداردی جیهانییەوەیە و لەژێر كۆنترۆڵدایە.
وەزارەتی تەندروستی هەرێم لە روونكردنەوەیەكدا بڵاویكردەوە، بەپێی ستانداردی جیهانی بۆ توشبوون بە شێرپەنجە بۆ هەر ١٠٠ هەزار كەسێك ١٩١ توشبوو دیاریكراوە، بەڵام لە هەرێم كوردستان بۆ هەر ١٠٠ هەزار كەسێك ١٥١ كەس توشی ئەو نەخۆشییە بووە.
ئەوەشی خستووەتەڕو، پێویستە هاوڵاتییان خۆیان بەدوور بگرن لەو هەواڵە نادروستانەی لەبارەی ئامارەكانی توشبوون بەشێرپەنجە لە هەرێم بڵاودەكرێنەوە و ئامانج لێیان بڵاوكردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێیە لەنێو هاوڵاتییاندا.
بەرگری شارستانی هەرێم سەرجەم تیمەكانی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان خستە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ روبەڕوونەوەی لافاو و هەر پێشهاتێكی نەخوازراو.
بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەو، لە سەنتەری شارەكان ئامادەباشی تەواوكراوە لە پاككردنەوەی مەنهۆلەكان و كردنەوەی رێڕەوەكانی ئاوی قورس و باران، هەروەها داوای لە هاوڵاتییانی ناوشار كردووە، دووربكەونەوە لە شوێنانەی ساڵانی رابردوو لافاویان تێدا دروستبووە.
بەرگری شارستانی هەرێم داواشی لە هاوڵاتییانی دەرەوەی شار كردووە، دووربكەونەوە لە ناوچە نزمەكان و چەم و رێڕەوی ئاو و ئەو شوێنانەی مەترسی هەورە بروسكەیان لەسەرە، هەروەها خۆیان لە گەشتكردن بە دووربگرن.
١٠ ساڵ بەسەر بەرخۆدانی کۆبانێ دژی هێرشی رێكخراوی تیرۆریستی داعش تێدەپەڕێت، ساڵح موسلیم دەڵێت لە داستانی بەرگریكردن لە كۆبانێ جارێكی تر مێژوو نووسرایەوە.
ساڵح موسلیم ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری پەیەدە لە وۆركشۆپێكدا لە كۆبانێ رایگەیاند، لە ئەنجامی بەرخۆدانێكی داستانیدا لە كۆبانێ مێژوو جارێكی تر نووسرایەوە، لە ١ی تشرینی دووەم هەموو گەلانی جیهان خاوەنداریان لە كۆبانی كرد.
وتیشی بەهەزاران گەنج ڕوویان لە كۆبانێ كرد و بەرخۆدانی مێژووییان تۆمار كرد.
هاوكات ئەنوەر موسلیم هاوسەرۆكی كانتۆنی فورات رایگەیاند، هاوڵاتییان لە باكوری كوردستان شەو و ڕۆژ لەسەر سنووری كۆبانێ لەسەر پێ بوون، هاوكات گەلانی جیهانیش لەپێناو كۆبانێدا تێكۆشان و كۆبانێیان بە تەنیا بەجێنەهێشت.
ئەندامێكی هاوپەیمانی نەسر ناوی ئەو وەزارەتانەی عیراق ئاشكرا دەكات كە گۆڕانكاری دەیانگرێتەوە و دەڵێت، وەزارەتەكان سیادی نین.
سەلام زبێدی ئەندامی هاوپەیمانی نەسر لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان رایگەیاند، دیارترین ئەو وەزارەتانەی گۆڕانكاری دەیانگرێتەوە ئەوانەن كە سیادی نین و وەزارەتەكانی گواستنەوە و پەیوەندی و كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو و پەروەردە باسكراون.
بەدووریشی زانی وەزیرە نوێیەكانی ئەو وەزارەتانە ئەو كارانە تەواو بكەن كە وەزیرەكانی پێشوو ئەنجامیان نەداوە، چونكە ئەو ماوەیەی لەبەردەم حكومەتی عیراقدا ماوە كەمە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بۆ چوارەمین جار لەو كاتەوەی ئەو پۆستەی وەرگرتووە، بەڵێنیدا بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری وزاری لە كابینەكەیدا، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كرداری لەوبارەیەوە نەنراوە، لە نێو ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا مشتومڕ و پرسیار لەوبارەیەوە دروست بووە، بە تایبەت كە تەنها ساڵێك لەبەردەم كابینەكەیدا ماوە.
كەشناسی پێشبینی بارانی بەخوڕ و هەورە بروسكە دەكات و هۆشداریش لە روودانی لافاو دەدات، داواش لە هاووڵاتیان دەكات، رێگەكانی دەرەوە تەنها لە كاتی پێویستدا بەكاربهێنن.
كەشناسی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ ئەگەری بارینی كەمێك نمە باران هەیە لە ناوچە شاخاوییەكان و ناوچەكانی سنووری پارێزگای سێمانی، سبەینێش ئاسمان هەوری تەواو دەبێت نمە باران و بارانی مامناوەند لە كات و ناوچەی جیاجیا دەبارێت , لە كاتەكانی ئیوارەدا ڕێژەی دابارین كەمێك زیاتر دەبێت بە تایبەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی پاشان لە شەودا كاریگەری ئەو شەپۆلە زیاد دەكات و باران بارین تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە .
هاوكات كەشناسی عیراق لە راپۆرتێكدا بڵاویكردەوە، رۆژانی شەمە و یەكشەممە باران بارین لە لوتكەدا دەبێت لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و بەشێكی باشور و ناوەڕاست كە هەورەبروسكەی لەگەڵدا دەبێت، هۆشداریشیدا لە روودانی لافاو لە چەند ناوچەیەك بە تایبەت ناوچەكانی رۆژهەڵاتی عیراق، بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەكات لەو ناوچانەی مەترسییان لەسەرە دوور بكەونەوە.
كەشناسی عیراق داواشی لە هاووڵاتیان كردووە، رێگەكانی دەرەوە تەنها لە كاتی پێویستدا بەكاربهێنرێن، چونكە بارانەكە بەهێز دەبێت و ئاستی بینین كەمدەبێتەوە.
میسر هەر جۆرە هەماهەنگییەكی سەربازی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل لە شەڕ و ناكۆكییەكانی لەگەڵ حزبوڵا و بزوتنەوەی حەماس رەتدەكاتەوە.
وتەبێژی سەربازی سوپای میسر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، جارێكی تر هەندێك میدیای عەرەبی و بیانی بەبێ پشتبەستن بە هیچ زانیاری و سەرچاوەیەكی رەسمی، هەوڵێكیان بڵاوكردووەتەوە كە سوپای میسر لە هێرش و بۆردومانەكاندا بۆسەر بنكە و بارەگاكانی بزوتنەوەی حەماس لە كەرتی غەززە و حزبوڵا لە ناوچەكانی باشووری لوبنان، بەشداری و هەماهەنگی لەگەڵ سوپای ئیسرائیل كردووە.
راشیگەیاندووە، سەرجەم ئەو هەواڵ و زانیارییانە دورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەكیان نییە، چونكە میسر لە رووی سیاسی و سەربازیشەوە بەردەوام لە هەوڵدابووە بۆ چارەسەركردنی كێشە و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە بە رێگەی دانوستان و دیبلۆماسی و ئەركی سوپای میسریش تەنها پاراستن و بەرگریكردنە لە وڵاتەكەی نەك دەستوەردان لە كاروباری وڵاتانی تر و بەشداربوون لە گرژی و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە.
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی روسیا رایگەیاند، توركیا و سوریا دەیانەوێت بە جدی دانوستانەكان دەستپێبكەنەوە.
لاڤرۆڤ لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی حورییەتی توركیا رایگەیاند، حكومەتی سوریا سورە لەسەر گرنگی دەركردنی بڕیارێك بۆ كشانەوەی یەكە سەربازییەكانی توركیا لە خاكی وڵاتەكەی، توركیاش پابەندی خۆی بە سەروەری و یەكڕیزی خاكی سوریا دووپاتدەكاتەوە، بەڵام كشانەوەی هێزەكانیان لەكاتێكی تردا تاوتوێ دەكەن.
وتیشی، توركیا و سوریا جدین لەسەر دەستپێكردنەوەی دانوستانەكانی نێوانیان و مۆسكۆش كار دەكات بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان، جەختیشی كردەوە لەوەی، ئاساییكردنەوەی پەیوەندی توركیا و سوریا گرنگی زۆری هەیە بۆ سەقامگیری سوریا و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
لە مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا ویستی خۆی بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ سوریا دەربڕی و داوای لە سەرۆكی روسیا كرد رۆڵی هەبێت لە رازیكردنی بەشار ئەسەد سەرۆكی سوریا بۆ ئەو هەنگاوە.
جەنگی ناوخۆیی سوریا لە ساڵی ٢٠١١ەوە بەردەوامە و دانوستانەكانی ئەستانە بە دەستپێشخەری روسیا و توركیا و ئێران لە ساڵی ٢٠١٧ دەستیپێكرد و تا ئێستا ٢١ كۆبوونەوە كراوە.