بۆ ئەمساڵیش كرێی خوێندن بە شێوەی پارالێڵ و ئێواران لە زانكۆ و پەیمانگەكانی هەرێم كەمكرایەوە.
بەگوێرەی نووسراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم، بە رەچاوكردنی دۆخی دارایی خوێندكاران، بۆ ئەمساڵیش بڕیارداوە كرێی خوێندن بەشێوەی پارالێڵ و ئێواران كەمبكرێتەوە، لە زانكۆ و پەیمانگە حكومی و تایبەتەكان.
لە نووسراوەكەدا هاتووە، كرێی خوێندنی پارالێڵ و ئێواران لە زانكۆ و پەیمانگە حكومییەكان بە رێژەی %45 كەمدەكرێتەوە و لە زانكۆ و پەیمانگە تایبەتەكانیش بە رێژەی لە سەدا 10 بۆ 20 كەمدەكرێتەوە و سەرجەم بەش و قۆناغەكانیش دەگرێتەوە.
هاوشێوەی ناوچەكانی باشوور، شەپۆلی بارانبارین رۆژهەڵاتی كوردستانیش گرتووەتەوە، بەپێی پێشبینیەكانیش زۆرترین بڕی بارانبارین لە كامیاران تۆمار دەكرێت.
كەشناسی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی كوردستان رایگەیاند، ئەو شەپۆلە بارانبارینەی لە رۆژی پێنجشەممەوە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی گرتووەتەوە تا ئێوارەی سێشەممە بەردەوام دەبێت .
بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی سنە، بارانی بەخوڕ ناوچەكانی هەورامان، سنە و مەریوان، سەقز و بانە و بیجار دەگرێتەوە.
هاوكات هۆشداریی ئەوەشیداوە لە دروستبونی لافاو لە زۆربەی ناوچەكانی پارێزگای سنە و داواشدەكات خەڵك خۆیان لە نزیكبونەوەی پرد و كەنار روبارەكان دوور بگرن.
دادگای جێبەجێكردنی سزاكانی بوورسا، جارێكی تر سزای دیسپلینی نوێی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان دەركرد و دیداری لەگەڵ خانەوادەكەی لێ قەدەغەكرا.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی باكوری كوردستان، جارێكی تر سزای دیسپلینی نوێ بۆ عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری زیندانیكراوی پارتی كرێكارانی كوردستان دەركراوە، پارێزەرانی نووسینگەی یاسایی سەدە بە مەبەستی ئەنجامدانی دیداری خانەوادەكەی سەردانی دادگای جێبەجێكردنی سزاكانی بوورسایان كردووە.
دادوەری دادگای جێبەجێكردنی سزاكانی بوورسا لە 16ی تشرینی یەكەمی 2024، سزای دیسپلینی بۆ ماوەی سێ مانگ دەركردوە، پارێزەرانیی دۆسیەی ئۆجالان بڕیارە تانە لە دەركردنی سزاكە بدەن.
ئەوەش لە كاتیكدایە رۆژی 23ی تشرینی یەكەمی رابردوو، عومەر ئۆجالان پەرلەمانتاری دەم پارتی دوای 43 مانگ دیداری لەگەڵ ئۆجالان ئەنجامدا.
لە چەند ناوچەیەكی شاری وانی باكوری كوردستان قەدەغەی هاتوچۆ بۆ ماوەی ١٥ رۆژ راگەیەنرا
بەپێی هەواڵی میدیاكانی باكوری كوردستان، بۆ جاری دووەم لە چەند ناوچەیەكی ئەلباكی سەر بە شاری وانی باكوری كوردستان بۆ ماوەی ١٥ رۆژ تا ١٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، هاتوچۆ قەدەغەكراوە و ئەو ناوچانە وەك هەرێمی ئەمنیی تایبەت” راگەیەندران.
ئەوەش لە كاتێكدایە، ئەو ناوچانە پێشتریش لە نێوان ١٨ی تشرینی یەكەم تا ١ی تشرینی دووەم، قەدەغەی هاتوچۆیان تێدا راگەیەنرابوو.
دەم پارتی رایگەیاند، كێشەی كورد بە چەك و شەڕ چارەسەر نابێت، پێویستە شەڕوپێكدادان كۆتایی پێبهێنرێت و پرۆسەیەكی ئاشتی و دیموكراسییانە دەستپێبكات.
تولای هاتیمئۆغولاری هاوسەرۆكی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، ئەگەر لە توركیا كێشەی كورد نەبێت و هاوڵاتییان هەست بە یەكسانی بكەن و بە زمانی دایك بخوێنن، وڵات دابەشنابێت، بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست توركیا لاواز بێت و دووچاری قەیرانی ئابووری ببێت، هۆكارەكەی ئەوەیە لەو وڵاتە پرسی كورد چارەسەرنەكراوە.
وتیشی، ئەگەر ئومێدێكی بچووك هەبێت، دەیانەوێت ئەو ئومێدە گەورە بكەن، چونكە كێشەی كورد بە چەك و شەڕ چارەسەر نابێت، پێویستە شەڕوپێكدادان كۆتایی بێت و پرۆسەیەكی ئاشتی و دیموكراسییانە دەستپێبكات.
ژمارەی ئاوارەكانی لوبنان بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە تادێت زیاتر دەبێت و بەكارهێنانی هەر رێگایەكی وشكانیش بۆ دەرچوون لەو وڵاتە ٤٠٠ دۆلاری پێویستە.
میدیا عەرەبییەكان بڵاویانكردووەتەوە، بەهۆی زیادبوون و فراوانتربوونی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر ناوچە و شارۆچكەكانی باشووری لوبنان، رۆژ لە دوای رۆژی ژمارەی ئاوارەكان زیاتر دەبێت و بەشێكی زۆری ئاوارەكانی سوریاش كە چەندین ساڵە لە لوبنان دەژین، بە ناچاری بەرەو وڵاتەكەیان دەگەڕێنەوە سەرەڕای ئەوەی ترسی دەستگیركردنیشیان هەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی سوریاوە بەهۆی ئەوەی لە رابردوودا دژی حكومەتی وڵاتەكەیان بوون و بەشدارییان لە خۆپیشدان و ناڕەزاییەكان كردووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، بەهۆی زۆربوونی ژمارەی ئاوارەكانی لوبنان و زۆری ژمارەی گەڕانەوەی ئاوارەكانی سوریا بۆ وڵاتەكەیان، بەكارهێنانی هەر رێگایەكی وشكانی بۆ دەرچوون لە لوبنان ٤٠٠ دۆلاری پێویستە.
ئێران هەڕەشەی دەستپێكردنەوەی بەرنامەی ئەتۆمی دەكات، ئەمریكاش جەختدەكاتەوە هەموو رێگەیەك دەگرێتەبەر بۆ رێگریكردن لە تاران تا نەبێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی.
كەمال خەرازی سەرۆكی ئەنجومەنی ستراتیجیی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، كاتێك رۆژئاوا گرنگی بە هەستیارییەكانی ئێران نادات، ئەوا هیچ هۆكارێك نییە بۆ ئەوەی لەمەودوا ئێران گرنگی بە هەستیارییەكانی ئەوان بدات و بۆیە ئەگەری زیادكردنی مەودای موشەكەكانی ئێران لە ئارادایە.
دەشڵێت، ئەگەر ئێران بكەوێتە مەترسییەوە، ناچار دەبن سیاسەتی ئەتۆمی بگۆڕن و ئێران ئێستا توانای بەرهەمهێنانی چەكی ئەتۆمی هەیە، بەڵام تاكە بەربەست فەتوای خامنەییە كە چەكی ئەتۆمی قەدەغە كردووە.
لەبەرانبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، پابەندن بەوەی رێگە بە ئێران نەدەن ببێتە خاوەنی چەكی ئەتۆمی و ئامادەن هەموو رێكارێك بگرنەبەر بۆ ئەوەی ئەو ئامانجە بەدیبهێنن.
راوێژكاری سودانی رایگەیاند، سودانی لە مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق كردووە كە هێرشەكانیان بۆ سەر ئیسرائیل رایگرن و عیراق تووشی جەنگ نەكەن.
عەبدولئەمیر تەعێبان، راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق رایگەیاند، سەرۆكوەزیران داوای لەو گروپە چەكدارانە كردووە، كە هێرشی درۆنی و موشەكی بۆ سەر ئیسرائیل رابگرن و نەچنە بەرەكانی جەنگ بۆ ئەوەی عێراق تووشی كێشەنەبێت.
لەبەرانبەردا، سەرچاوەیەك لە گروپەكانی مقاوەمە راگەیاندووە، گرووپە چەكدارەكان بڕیاری یەكلاكەرەوەی خۆیان داوە و حزبوڵای عێراقی و بزوتنەوەی نوجەبا پشتیوانی لە گەلی فەلەستین و لوبنان بەئەركی خۆیان دەزانن و هێرشەكانیان راناگرن.
هێرشەكانی حوسییەكان بۆسەر كەشتییە بازرگانییەكان لە دەریای سور و گەرووی بابولمەندەب نزیكەی شەش ملیار دۆلار زیانی بە میسر گەیاندووە.
بەدر عەبد عاتی وەزیری دەرەوە و كۆچبەرانی میسر رایگەیاند، بە رەسمی رێكخراوی دەریایی نێودەوڵەتییان لە هەموو كاریگەرییە خراپەكانی هێرش بۆردومانەكانی حوسییەكان لە كەشتییە بازرگانییەكان بەتایبەتیش لە باشووری دەریای سور ئاگاداركردووەتەوە و داواشیانكردووە بە هەر رێگەیەك بێت پێویستە كۆتایی بەو نائارامییە لە ناوچە دەریاییە نێودەوڵەتییەكانی بهێنرێت و هەوڵ بدرێت كێشەكانی بە گفتوگۆ چارەسەر بكرێن.
وتیشی، بەهۆی هێرشی بەردەوامی حوسییەكانی یەمەن بۆسەر كەشتییە بازرگانییەكان لە باشووری دەریای سور و گەرووی بابولمەندەب، میسر لە رووی ئابووریەوە زیانی زۆری بەركەوتووە و كۆی زیانەكەش بە نزیكەی شەش ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
لە واشنتۆن بەهۆی مەترسی درووستبوونی توندوتیژی و ئاڵۆزی لە رۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا، ژمارەیەكی زۆری ئەندامانی هێزێكی تایبەت لەو شارە جێگیركراون.
جای ئینسڵی حاكمی ویلایەتی واشنتۆن بە ئاژانسی رۆیتەرزی رایگەیاندووە، لەسەر بنەمای زانیارییە هەواڵگرییەكان و بەپێی چەند بەڵگە و زانیارییەك، هەندێك گرووپی جیاجیا بە نیازن لە رۆژی دەنگداندا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا كە پێنجی ئەم مانگەیە، لە ژێر ناوی چالاكی و ئازادی رادەربڕین كردەوەی توندوتیژی ئەنجام بدەن و ئاڵۆزی دروست بكەن بە مەبەستی تێكدانی كەشی دەنگدان و رێگرتن لە دەنگدەران.
وتیشی، بۆ رێگرتن لەو گرووپە تێكدەرانە ژمارەیەكی زۆری هێزەكانی پاسەوانی نەتەوەیی كە هێزێكی تایبەتی ئەمریكان، لە سەرجەم ناوچەكانی واشنتۆن جێگیركراون و فەرمانی دەستگیركردنی هەموو ئەو كەسانەیان وەرگرتووە كە بیانەوێت كاری تێكدەری و توندوتیژی ئەنجام بدەن لە رۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی ئەمریكا.
ئیسرائیل هۆشداری دەداتە عیراق و دەڵێت هەر هێرشێكی ئێران لەناو خاكی عیراقەوە باجەكەی قورس دەبێت، خامنەییش بڕیاریدا وەڵامی ئیسرائیل بدرێتەوە.
ماڵپەری ئەكسیۆس لە سەرچاوەیەكی باڵای هەواڵگری ئیسرائیلەوە بڵاویكردووەتەوە، هەموو بەڵگە و زانیارییەكیان پێگەیشتووە كە ئەمجارە ئەگەر ئێران هێرش بكاتەسەر ئیسرائیل، لەناو خاكی خۆیەوە هێرشەكە ئەنجام نادات، بەڵكو لە ناو خاكی عیراق و لە رێگەی گرووپە چەكدارەكانی هاوپەیمانییەوە هێرش دەكاتەسەر ئیسرائیل، بەڵام پەیامێكیان ئاراستەی عیراق كردووە و هۆشدارییان پێداوە ئەگەر كارێكی لەو جۆرە بكرێت باجەكەی عیراق زۆر قورس دەبێت.
رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمریكیش لە زاری سێ لێپرسراوی باڵای ئێرانەوە رایگەیاندووە، رۆژی دوو شەممەی رابردوو عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران كۆبووەتەوە و فەرمانی كردووە وەڵامی هێرشەكەی ئیسرائیل بدرێتەوە و داواشیكردووە بۆئەو مەبەستە هەموو ئامادەكارییەك بكرێت.
پاسپۆرتی سلێمانی كوردانی دەرەوەی وڵات ئاگاداردەكاتەوە كە بۆ دەركردن و نوێكردنەوەی پاسپۆرت كار بە سورەت قەیدی ئەلیكترۆنی ناكرێت و تەنها كار بە كارتی نیشتمانی دەكرێت.
بەرێوەبەرایەتی پاسپۆرتی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا، ئاگاداری هاوڵاتییانی دەرەوەی وڵات دەكاتەوە، كە بۆ دەركردن و نوێكردنەوەی پاسپۆرت بەهیچ جۆرێك كار بە سورەت قەیدی ئەلیكترۆنی ناكرێت، چونكە بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی فیدڕاڵی كاركردن بەو بەڵگەنامەیە راگیراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆ دەركردن و نوێكردنەوەی پاسپۆرت تەنیا كار بە كارتی نیشتمانی دەكرێت، پێویستە هاوڵاتیانی دەرەوەی وڵات لە كاتی گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان مۆڵەتی ٣٠ رۆژ وەربگرن لەبەرئەوەی تەواو بوونی كارتی نیشتیمانی ماوەكەی ٢٠ بۆ ٣٠ رۆژی پێ دەچێت .
١١ سزادراوی لەسێدارەدان لە عیراق كە دواتر سزاكەیان بۆ زیندانی هەتا هەتایی گۆڕدراوە و خەڵكی فەڕەنسان داوا دەكەن بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەكەیان.
لێپرسراوێكی عیراقی لە وەزارەتی دادی عیراق بە ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس رایگەیاند، یاسای عیراق رێگە بە بەندكراوە بیانییەكان دەدات بۆ تەواوكردنی سزاكانیان بگوازرێنەوە بۆ وڵاتەكانی خۆیان، ئەو 11 سزادراوەی فەڕەنساش داواكاری گواستنەوەیان پێشكەش كردووە و چاوەڕێی وڵامن.
لێپرسراوێكی تر لە وەزارەتی دادی عیراق دەڵێت، فەڕەنسا داوای گەڕانەوەی ئەو كەسانەی نەكردووە و دەسەڵاتدارانی عیراقی رێگە بە گەڕانەوەی سزاداوان دەدات جگە لەو كەسانەی كە سزای لەسێدارەدانیان هەیە.
ئەو ١١ سزادراوەی فەرەنسا پێشتر ئەندامی رێكخراوی تیرۆرستی داعش بوون و لەساڵی 2019 سزای لەسێدارەدانیان لە عیراق بۆ دەركراوە و دواتر لە ساڵی ٢٠٢٣ سزاكەیان بۆ زیندانی هەتاهەتایی كەمكراوەتەوە.
پنتاگۆن بڕیاریدا بەرگری سەربازی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتربكات و موشەكی بالیستی و تانك و فرۆكە و تۆپهاوێژی زیاتر ئاڕاستەی ناوچەكە بكات.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا ناسراو بە (پنتاگۆن) راگەیاند، لە پێناو پاراستنی هاووڵاتیان و هێزەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرگریكردن لە ئیسرائیل لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا فەرمانی كردووە بە زیادكردنی بەرگری هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە.
دەشڵێت، موشەكی بالیستی و تانك و فرۆكەی گوێزەرەوە و توپهاوێژی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێردرێت و لە سەرەتای مانگی داهاتووە دەست بە رەوانەكردنی ئەو چەكانە دەكرێت لە رێگەی كەشتی هەڵگری یو ئێس ئێس ئەبراهام لینكن.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا جەختدەكاتەوە، ئێران و هاوبەشەكانی دۆخی ئێستایان قۆستوەتەوە بۆ هێرشكردنەسەر هاووڵاتیان و بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا و ئەمریكا رێكاری پێویست دەگرێتەبەر.
لێپرسراوانی ئەمریكا دەڵێن، هێرشی بەردەوامی گروپە چەكدارەكان لە عیراقەوە بۆ سەر ئیسرائیل ئەگەری وەڵامی راستەوخۆی تەلئەبیب زیاتر دەكات.
ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس لە زاری چەند لێپرسراوێكی ئەمریكاوە گواستییەوە، ئەمریكا و هاوبەشەكانی ناچاربوون دەستوەردان بكەن بۆ خستنەخوارەوەی ئەو درۆنانەی لەلایەن گروپە چەكدارەكانی نزیك ئێرانەوە لە عیراق ئاڕاستە دەكرێن و بەردەوامی هێرشەكان ئەگەری وەڵامی راستەوخۆی تەلئەبیب زیاتر دەكات.
هاوكات بەرپرسێكی ئەمنی هەرێمی ئاماژەی بەوەكردووە، بەشێوەیەكی گشتی رۆژانە پێنج هێرش لە عیراقەوە دەكرێنەسەر ئیسرائیل و هەفتەی رابردوو لەماوەی ٢٤ سەعاتدا نزیكەی هەشت درۆن ئاڕاستەی تەلئەبیب كراون.
لەدوای هێرشەكەی مانگی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە رێگەی ئاسمانی عیراقەوە، گروپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق هێرشەكانی بۆ سەر ئیسرائیل زیاتر كردووە و رۆژی هەینی لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە شەش هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا و جەخت لەبەردەوامی هێرشەكانی دەكاتەوە.
ئەمریكا بە بەهای زیاتر لە ٤٠٠ ملیۆن دۆلار هاوكاری سەربازیی و زیاتر لە ٦٠٠ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراویش دەداتە ئۆكراین.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) رایگەیاند، لە چوارچێوەی بەردەوامی هاوكارییە سەربازییەكانیان بۆ ئۆكراین، بە بەهای ٤٢٥ ملیۆن دۆلار كاروانێكی تری هاوكاری سەربازیی رەوانەی ئەو وڵاتە دەكەن كە چەند جۆرێكی چەك و پێداویستییەكانی سیستمەكانی مووشەكیی هیمارس و ناسامس و تۆپهاوێژ لە خۆدەگرێت.
میدیاكانی روسیاش بڵاویانكردووەتەوە، بە فەرمانی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا، سوپای ئەو وڵاتە زیاتر لە ٦٠٠ فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو دەداتە ئۆكراین كە توانای بڕینی ٤٠ كیلۆمەتریان هەیە و سوپای ئۆكراینیش لەو ناوچانە بەكاری دەهێنێت كە نزیكە لە هێزەكانی روسیا.