هەواڵەکانهەواڵەکان

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی ناوخۆی عیراق و ناوچەكە كۆبووەوە و داواش لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكات، تەمەنی ئەم وەرزەی یاسادانان درێژبكاتەوە.


نوسینگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاویكردەوە، شەوی دووشەممە، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نوسینگەی د.حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كۆبوونەوەتەوە، بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی ناوخۆی وڵات و ناوچەكە.


لە كۆبوونەوەكەدا، چوارچێوە پاڵپشتی خۆی بۆ بەیاننامەكەی سیستانی لەبارەی دۆخی عیراق دووپاتكردەوە و بە نەخشەرێگایەك بۆ گەشەپێدان و ئاسایشی عیراقی ناویبردووە.


هەر لە كۆبوونەوەكەدا، چوارچێوە داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران كردووە ئەم وەرزەی یاسادانان درێژبكاتەوە، بەجۆرێك لەگەڵ پێشهاتەكانی ناوخۆی وڵات بگونجێت. جەختیشیكردەوە، لە پێویستی راگرتنی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و گەلی فەڵەستین لە غەززە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سوپای ئیسرائیل بارەگایەكی هەواڵگری حزبوڵای لوبنانی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بۆردومانكرد و میدیاكانی سوریاش دەڵێن، بۆردومانەكە زیانی ماددی لێكەوتووەتەوە.


سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ئۆپراسیۆنێكی ئاسمانیدا، بە فڕۆكەی جەنگی بارەگایەكی هەواڵگری حزبوڵایان لە دیمەشقی پایتەختی سوریا كردووەتە ئامانج.


هاوكات، میدیاكانی سوریا بڵاویانكردووەتەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل چەند شوێنێكیان لە باشووری دیمەشق كردووەتە ئامانج. ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بۆردومانەكە زیانی ماددی بە ناوچەكە گەیاندووە.


ئەوەش لەكاتێكدایە تائێستا حزبوڵای لوبنان بەرەسمی هیچ لێدوانێكی لەبارەی ئەو بۆردومانەی ئیسرائیل نەداوە.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكان لەدژی دوورخستنەوەی سێ سەرۆك شارەوانی كورد لە باكوری كوردستان و دانانی قەیوم لە شوێنیان بەردەوامە و تائێستا ٦٠ خۆپیشاندەر دەستگیركراون.


ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا بڵاویكردەوە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی فراوان لەبەردەم شارەوانی ئێلیهـ وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر دوورخستنەوەی سێ سەرۆك شارەوانی كورد بەڕێوەچوو، بەڵام هێزە ئەمنییەكانی توركیا هەوڵیاندا بە بەكارهێنانی توندوتیژی و گولـلـەی پلاستیكی بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن. 


ئاماژەی بەوەشكردووە، تائێستا  ٦٠ خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لیژنەی یاسایی رایگەیاند، لە ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵێك هەیە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم وەرزەی یاسادانان لە رۆژی ٩ـی ئەم مانگەوە بۆ رۆژی ٩ـی مانگی داهاتوو.


محەمەد خەفاجی ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، رۆژی ٩ـی ئەم مانگە، ئەم وەرزەی یاسادانان كۆتاییدێت، هەوڵێكیش هەیە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم وەرزەی یاسادانان بۆ ماوەی یەك مانگ.


ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی ماددەی ٥٨ـی دەستوور، درێژكردنەوەی تەمەنی وەرزی یاسادانان دەكرێت لەسەر داواكاری هەریەك لە  سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بێت، یاخود بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن بێت.


ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، درێژكردنەوەی ئەم وەرزەی یاسادانان، دەرفەتە بۆ پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی ناكۆكییان لەسەرە، هاوكات دەرفەتێكە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەر لە كۆتایی ئەمساڵ، خشتەی بودجەی ٢٠٢٥ رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ماوەی نزیكەی هەشت مانگی ئەمساڵدا ١٦٠ هەزار گەشتیار سەردانی ئەشكەوتی سەهۆڵانیان لە مەهاباد كردووە.


یوسف مەحمودزادە بەڕێوبەری كۆمەڵەی گەشتیاری ئەشكەوتی سەهۆڵان رایگەیاند: لە ماوەی نزیكەی هەشت مانگی ئەمساڵدا ١٦٠ هەزار گەشتیار سەردانی ئەو ئەشكەوتەی مەهابادیان كردووە كە ١٠٪ی گەشتیارەكان بیانی بوون.


ئەشكەوتی سەهۆڵان دەكەوێتە ٤٢ كیلۆمەتر لە باشوری رۆژهەڵاتی مەهاباد و بەهۆی ئاو و ئەو دیمەنانەی لە ئەشكەوتەكەدا هەن بووەتە شوێنێكی گەشتیاریی سەرنجڕاكێش، ئەشكەوتەكە ، یەكێكە لە شوێنە سەرنجڕاكێش و گەشتییارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە ساڵانە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار كەس سەردانی دەكەن و گەشتیارانی هەرێمیش ساڵانە سەردانی ئەو ئەشكەوتە دەكەن.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا زۆرترین رێژەی بارانبارین لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە شاری مەریوان تۆماركراوە و بەهۆی بارینی تەرزەشەوە كرماشان زۆرترین زیانی بەركەوتووە.


بەڕێوەبەرایەتی كەشوهەوای پارێزگای سنە بڵاویكردەوە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا ١٩٣ ملیم باران لە شاری مەریوان باریوە. لەلایەكی دیكەوە، بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی خزمەتگوزارییەكانی شاری سنە رایگەیاند، بۆ ئەوەی زیانەكانی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە شارەكە كەمبكرێتەوە ٣٦ رێڕەوی سەرەكیی ئاو پاككراوەتەوە.


هاوكات قائیمقامی قەسری شیرینی سەربە پارێزگای كرماشان رایگەیاند، بەهۆی تەرزە و بارانبارینی بەخوڕەوە سەرجەم خانووە پلاستییەكانی تایبەت بە كشتوكاڵ لەو ناوچەیە بە تەواوەتی لەناوچوون و زیانی بە هێڵەكانی كارەباش گەیاندووە، وتیشی، زیانەكانیش بە نزیكەی 500 هەزار دۆلار خەمڵێندراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەزگای لوتكە رایگەیاند، لەمساڵدا زیاتر لە ٣٠ هەزار كۆچبەر بەرێگەی نایاسایی گەیشتوونەتە خاكی بەریتانیا و ئەو رێژەیەش بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیكردووە.


دەزگای لوتكە بۆ كاروباری كۆچبەران لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، تەنها لە سەرەتاكانی مانگی تشرینی یەكەم نزیكەی ٥٢٠٠ كۆچبەر بە سەركەوتووی كەناڵی ئینگلیزیان تێپەڕاندووە، ئەوەش ژمارەیەكی پێوانەیی گەیشتنی كۆچبەرانە لە مانگێكدا لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە تائێستا.


وتیشی، لەمساڵدا زیاتر لە ٣٠ هەزار كۆچبەر بە رێگەی نایاسایی و بە بەلەمی لاستیكی گەیشتوونەتە خاكی بەریتانیا، كە لە فەڕەنساوە بەڕێكەوتوون و كەناڵی ئینگلیزیان تێپەڕاندووە و گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، ژمارەی كۆچبەرانی گەیشتووش بەو وڵاتە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیكردووە، هەورەها لەمساڵدا ٦٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە كەناڵی ئینگلیز تۆماركراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەریان لە هەولێر دەستگیركرد و دەستیانگرت بەسەر پێنج كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر.


بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەكان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە بەردەوامی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش و زانیاری ورد، لە چالاكییەكدا تیمەكانیان رۆژی 3ـی ئەم  مانگە، سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەری بیانیان لەنێو شاری هەولێر دەستگیركردووە.


ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە چالاكییەكەدا دەستگیراوە بەسەر پێنج كیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری كریستاڵ، كە بازرگانە بیانییەكان هێناویانە و هەوڵیانداوە لە ناو هەولێر ساغیبكەنەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەمڕۆ ٢٠٢٤/١١/٤  مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە سێ سەردانی جیادا لە قەزای دوکان ، شارۆچکەی پیرەمەگرون هەریەک لە ( خاڵە بەکر تەلانی ، حەمە ئەمین کوێرەکانی ، هاوڕێ سۆران ) فەرماندە و تێکۆشەری دێرینیان بەسەرکردەوەو سڵاو رێزی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییان پێگەیاندن لەپای ماندوبوون و رۆڵیان لە خەبات و تێکۆشانی کوردایەتیدا.

مەکتەبی سکرتارییەت لەو سەردانانەدا بە رێزەوە ئاماژەیان بە خەبات و قوربانیدانی تێکۆشەرانی یەکێتی و شۆڕشی نوێکرد کە لە قۆناغەکانی سەختی خەباتدا قارەمانانە لەگەڵ گەلەکەیان مانەوە و بە ورە بەرزیان گیانی شۆڕشیان جۆشدایەوە کە یەکێتی شانازی بەهەموو ئەو هەڤاڵانەیەوە دەکات کە بەشێک بوون لەم شۆڕشەو نەیان هێشت خەباتی گەلەکەمان بەهەدەر بڕوات کە خاڵە بەکر تەلانی ، حەمە ئەمین کوێرەکانی ، هاوڕێ سۆران لە نموونەی ئەو سەدان قارەمانانەن کە لەگەڵ یەکێتی و گەلەکەیان مانەوەو ژیانی خۆیان خستەخزمەتی بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانییەکانی گەلەکەمان .

لەبەرامبەردا دووپاتیانکردەوە کە لەسەر هەمان رێبازی سەرۆک مام جەلال بەردەوامن و لە هەرشوێن و جێگایەی پێویست بکات هەر پێشمەرگەی کوردو یەکێتی دەبن .
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سودانی رێنمایی دەركرد بۆ بە بانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت و سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە حكومییەكانیشی راسپارد، دەستبەرداری مامەڵەكردن بە پارەی نەختینە بن و رووبكەنە بەكارهێنانی سیستمی پارەدانی ئەلیكترۆنی.


نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە، لەچوارچێوەی چاكسازییە دارایی و ئابورییەكانی كارنامەی حكومەت، محەمەد شیاع سودانی، رێنمایی دەركردووە بۆ بەبانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت و بۆ ئەو مەبەستەش، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی و بانكی ناوەندی و چەند دامەزراوەیەكی كەرتی تایبەتی راسپاردووە، میكانیزمێك بۆ بەبانكیكردنی موچەی فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت ئامادەبكەن.


ئەوەشی خستووەتەڕوو، سودانی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە حكومییەكانی راسپاردووە، لەڕێی پلانێكی تۆكمەوە دەستبەرداری مامەڵەكردن بە پارەی نەختینە بن و رووبكەنە بەكارهێنانی سیستمی پارەدانی ئەلیكترۆنی، دوایین وادەش بۆ جێبەجێكردنی ئەو راسپاردەیە، رۆژی ١ـی تەمموزی ٢٠٢٥ـە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەمەبەستی بەشداربوون لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی وەك بژمێر، دەستەی ئاماری هەرێم ماڵپەڕی پێشكەشكردنی فۆڕمی ئەلیكترۆنی رادەگەیەنێت.


وەزارەتی پلاندانانی هەرێم رایگەیاند، ماڵپەڕەكە لە ڕۆژانی 6،7،8ی ئەم مانگە كارا دەكرێت و تیایدا ڕێنمایی و مەرجی پێشكەشكردن خراوەتەڕوو بۆ هەموو دەرچوویەكی زانكۆ و پەیمانگا كە بە ویستی خۆیان فۆڕم پێشكەش بكەن.


وتیشی ئەو هەنگاوە ئەوەش لە چوارچێوەی ئامادەكارییەكانە بۆ ئەنجامدانی كاری مەیدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان كە لە ڕۆژانی 16-17-18-19 ئەم مانگە دەسپێدەكات.


بەپێی رێنماییەكان، پێشكەشكار دەبێت لە سنوری نیشتەجێبوونی خۆی و تەنها یەك جار فۆڕم پێشكەش بكات لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نییە هەموو پێشكەشكارێك ناوی بگەرێتەوە وەك بژمێر،  چونكە بەپێی پێداویستی و ژمارەی دیاریكراو لەسەر ئاستی گەڕەك و گوند دەستنیشانی پێشكەشكاران دەكرێت.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

کارەبای سلێمانی رایدەگەیەنێت، نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی گه‌ڕه‌كه‌كان بۆ مانگی ١٠ له‌ناو سەنتەری شارەکە له‌نێوان حەوت هەزار بۆ هەشت هەزار دیناره‌.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی كاره‌بای سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، به‌پێی نرخی سووته‌مه‌نی له‌ بازاڕه‌كاندا نرخی هه‌ر سەعاتێک کارەبای موەلیدە بۆ یه‌ك ئه‌مپێر ٤٣ دینارە،‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ك ئه‌مپێر كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی گه‌ڕه‌كه‌كان له‌ناو شاری سلێمانی له‌نێوان ٧ هەزار بۆ ٨ هەزارە دیناره‌.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بەو پێیەی موەلیدەکان لەنێوان ١٦٥ بۆ ١٨٥ سەعات کاریانکردووە، به‌هۆی جیاوازی كارکردنیان نرخی ئه‌مپێرێك له‌ گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت.

هاوکات کارەبای سلێمانی سەبارەت بە خشته‌ی كارپێكردنی موه‌لیده‌ ئەهلییەکانی رایگەیاند، بۆ مانگی تشرینی دووەم رۆژانە لە سەعات ١٢ـی نیوەڕۆ تا ١ـی شەو کاردەکەن، لە سەعات ١ـی شەو دەکوژێتەوە تا ٦:٣٠ ی بەیانی، سەعات ٣ـی بەیانی تا ٨ـی بەیانی کاردەکەن، سەعات ٨ـی بەیانی تا ١٢ـی نیوەڕۆ کارناکەن.

وتیشی، رۆژانی هەینی و شەممە موەلیدە ئەهلییەکان بەیانیان کارناکەن، لەبری بەیانیان سەعات ١١ـی پێشنیوەڕۆ کاردەکەن.

هاوکات لیژنه‌ی دیاریكردنی نرخی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان جه‌ختیان له‌وه‌كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌كاتی كوژاندنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتیمانی نابێت كارپێكردنی موه‌لیده‌ و پێدانی كاره‌با به‌هاووڵاتیان له‌ پێنج خوله‌ك زیاتر بخایه‌نێت، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ خاوه‌ن موه‌لیده‌كه‌ سزاده‌درێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزیری دارایی عیراق ئیمزای لەسەر لیستی موچەی مانگی 10 ی فەر مانبەرانی هەرێم كرد، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، كۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتایی هەفتەی داهاتوو پارەی موچە رەوانەی هەرێم دەكرێت.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق ئیمزای لەسەر لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی بۆ مانگی 10 كردوە، رەوانەی یەكەی ژمێریای كردوە بۆ دەستپێكردنی وردبینی لە لیستی موچەی هەرێم.

وتیشی، ئەگەر هیچ كێشەیەك بۆ لیستی موچە نەیەتە پێشەوە، كۆتایی ئەم هەفتەیە یاخود سەرەتایی هەفتەی داهاتوو پارەی موچەی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە دەكرێت.

ئەو سەرچاوەیی وەزارەتی دارایی عیراق ئاماژەی بەوەشكرد، هۆكاری دواكوتنی ناردنی موچەی موچۆرانی هەرێم بەهۆی ئەوەیە، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێم درەنگ لیستی موچەی مووچەخۆرانی رەوانەی بەغداد كردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم دوێنێ دوای چارەسەركردنی تێبینییەكانی بەغداد لەسەر لیستی موچە، جارێكی تر لیستی موچەی مانگی 10ـی رەوانەی وەزارەتی دارایی عیراق كرد.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی، لە زاری بەرپرسانی ئێرانی و چەند وڵاتێکی عەرەبییەوە ئاشکرای کردووە، تاران هۆشداریداوە لەوەی هێرشێکی چڕ و ئاڵۆز بکاتە سەر تەلئەبیب و بۆ ئەو مەبەستەش بەنیازە خاکی عیراق بەکاربهێنێت.

بەپێی راپۆرتی رۆژنامە ئەمریکییەکە، وەڵامی ئەمجارەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل بە چەکی بەهێزتر دەبێت و رەنگە دامەزراوە سەربازییەکان توندتر لە جاری پێشوو بکاتە ئامانج، هەروەها لەبارەی وادەی هێرشەکەوە، وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە بڵاوی کردووەتەوە، هێرشەکە دوای تەواوبوونی رۆژی دەنگدانی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا دەبێت، بەڵام پێش دەستبەکاربوونی سەرۆکە نوێیەکە.

ئاماژە بەوەش کراوە؛ ئێران بە دیپلۆماتکاری چەند وڵاتێکی عەرەبی راگەیاندووە، کە سوپای ئێران بەشداری لە هێرشەکەدا دەکات، چونکە چوار سەرباز و کەسێکی مەدەنی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلدا گیانیان لەدەستداوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، تێوەگلانی سوپای ئاسایی ئێران مانای بڵاوەپێکردنی هێزەکانی نییە لە ناو خاکی ئیسرائیلدا، بەڵام سوپای پاسداران کە هەمیشە چاودێریی کاروباری ئاسایشی ئیسرائیلدا دەکات، لە ئەگەری هێرشەکەدا بە تەنیا مامەڵە ناکات، کاربەدەستێکی میسری لەوبارەیەوە رایگەیاند، ئێران بە تایبەتی هۆشداریداوە لە وەڵامدانەوەیەکی "بەهێز و ئاڵۆزی ئیسرائیل".

کاربەدەستێکی ئێرانی بە وۆڵ ستریت جۆرناڵی راگەیاند،"سوپاکەمان ئەندامی لەدەستداوە، بۆیە پێویستە وەڵام بدەینەوە"، وتیشی، ئێران دەتوانێت خاکی عیراق بۆ بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکە بەکار بهێنێت و ئەگەری هەیە دامەزراوە سەربازییەکانی ئیسرائیل بکاتە ئامانج، بەڵام توندتر لە جاری پێشوو.

رۆژی هەینی یەکێک لە جەنەڕاڵە باڵاکانی ئێران هەڕەشەی "وەڵامێکی بەهێز و تووند"ی کرد، لە کاتێکدا عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕۆژی شەممە هۆشداریدا لە وەڵامێکی"ددان شکێن"، هاوکات "مەسعود پزیشکیان" سەرۆکی ئێران وتی، وڵاتەکەی بۆ هێرشی ئیسرائیل بێ وەڵام نابێت.

پزیشکیان، وتیشی ئێران هێشتا گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی وەڵامدانەوە دەکات، بەجۆرێک ئەگەر هێرشی سەرغەززە و لوبنان رابگیرێت لەوانەیە جۆر و چڕی هێرشەکەمان بگۆڕێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

كەشناسیی عیراق پێشبینی دەكات بارانبارینی بەخۆڕ لە هەرێمی كوردستان و ناوەڕاستی عیراق تا كۆتایی ئەم هەفتەیە بەردەوام بێت.

كەشناسیی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لە پارێزگاكانی باكوور و ناوەڕاست و هەرێمی كوردستان، بارانی مامناوەند و بەخوڕ دەبارێت لەگەڵ دروستبوونی هەورەبروسكە، هەروەها خێرایی با زیاد دەكات و دەگاتە ٥٠ كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا، تا كۆتایی هەفتەیەش بارانبارینی بەخوڕ بەردەوام دەبێت و رەوشی كەشوهەوا بە ناجێگیریی دەمێنێتەوە.

سەبارەت بە پارێزگاكانی رۆژئاوا و باشووری عیراق، كەشناسی دەڵێت، تاڕادەیەک كەشوهەوا بەرەو سەقامگیری دەگەڕێتەوە، بەڵام ناوبەناو بارانبارین بەردەوام دەبێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی ناوخۆی توركیا سێ سەرۆك شارەوانی كوردی لە باكووری كوردستان لە پۆستەكانیان دورخستەوە و سێ كەسی وەكو قەیوم خستە شوێنەكانیان.

وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، بە تۆمەتی ئەندامبوون لە پەكەكە هەریەك لە ئەحمەد تورك سەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین و گولستان سۆنۆك سەرۆك شارەوانی ئێلیهـ و هاوكات سەرۆكی شارەوانیی خەلەفەتی لە روهای باكووری كوردستان دورخراونەتەوە و قەیوم لە شوێنیان دانراوە.

دوای دورخستنەوەیان، پۆلیس گەمارۆی بینای ئەو شارەوانیانەی داوە و رێوشوێنی ئەمنی توند گیراوەتەبەر.

ئەحمەد تورك سەرۆكی گەورە شارەوانی مێردین سەبارەت بە بریارەكە لە تۆری كۆمەڵایەتی ئێكس نوسیوویەتی، هیچ كات دەستبەرداری مافی ئازادی و دیموكراسی نابن و بەردەوامیی بە بەرخۆدان دەدەن و كەس ناتوانێت دەستبەسەر ئیرادەی گەلدا بگرێت.

ئەو سێ سەرۆك شارەوانییەی دورخراونەتەوە و قەیومیان بۆ دانراوە لەلایەن دەم پارتیەوە بەڕێوەدەبرێن و لە دوایین هەڵبژاردنی شارەوانییەكان سەركەوتنیان بەدەستهێنا.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...403404405406407...994