كارەبای سلێمانی رایگەیاند، قۆناغی دووەمی دابینكردنی كارەبای ٢٤ سەعاتی لە سلێمانی دەستیپێكردووە.
ئەندازیار ئەنوەر حەمەسەعید بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی سەبارەت بە دابینكردنی كارەبای ٢٤ سەعاتی رایگەیاند، دوای تەواوبوونی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی پێوەری زیرەك، ئێستا بۆ قۆناغی دووەمی پرۆژەكە لیژنەیەكی تایبەت دروستكراوە، بەشێوەیەك گەڕەك بەگەڕەك هەموو هاوبەشەكان پێوەری زیرەكی بۆ ببەسرێت و دواتر كارەباكەی بكرێت بە بەردەوام و نرخەكەشی رێكبخرێتەوە بەشێوەیەك بارگرانی دروستنەكات.
وتیشی، لەگەڵ لیژنەكەی ئەنجومەنی وەزیران چەند جارێك كۆبوونەتەوە، چەند پێشنیازێكیان پێشكەشكردووە بۆ ئەوەی پڕۆژەكە سەركەوتوو بێت و سەرەتا نرخ دیاریبكرێت، دواتر میكانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی كارەبای بەردەوام دابنرێت.
وتیشی، ئەوان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەن لە چۆنیەتی جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیە، كەی و لە كوێ دەستان پێكرد بڵاویدەكەنەوە.
بەمەبەستی بەشداربوون لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی وەك بژمێر، دەستەی ئاماری هەرێم ماڵپەڕی پێشكەشكردنی فۆڕمی ئەلیكترۆنی بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان راگەیاند و تا سێ رۆژ بەردەوامدەبێت،
شوان جەبار، یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپراسیۆنی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە هەرێم بە كوردسات نیوزی راگەیاند، ماڵپەڕەكە لە رۆژی سێشەممەوە كارا دەكرێت تا رۆژی پێنجشەممە، واتە بۆ ماوەی سێ رۆژ كراوە دەبێت بۆ پركردنەوەی فۆرمی ئەلكترۆنی بۆ هەموو دەرچوویەكی زانكۆ و پەیمانگا كە دانەمەزراون تا بە ویستی خۆیان فۆڕم پێشكەشبكەن بۆ كاری بژمێری لە پرۆسەی سەرژمێری.
وتیشی، پێشكەشكردنەكە بەپێی شوێنی نیشتەجێبونە و هەركەسێك لە شوێنی نیشتەجێبونی خۆی دەتوانێت بەپێی چەند مەرجێك كە بۆی دیاریكراوە فۆرمەكە پربكاتەوە.
هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، مەرج نییە هەموو پێشكەشكارێك ناوی بگەرێتەوە وەك بژمێر، چونكە بەپێی پێداویستی و ژمارەی دیاریكراو لەسەر ئاستی گەڕەك و گوند
دەستنیشانی پێشكەشكاران دەكرێت، ئەو كەسانەش كە وەردەگیرێن خول دەبینن و دواتر دەچنە كاری مەیدانی بۆ قۆناغی دووەمی پرۆسەی سەرژمێری.
کلیک بکە بۆ پڕکردنەوەی فۆرمەکە
گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەكانی باكوری كوردستان لەدژی دوورخستنەوەی سێ سەرۆك شارەوانی كورد و دانانی قەیوم لە شوێنیان بەردەوامە و تائێستا زیاتر لە 60 خۆپیشاندەر دەستگیركراون.
تونجەر باقرخان، هاوسەرۆكی گشتیی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان "دەم پارتی" لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەری لە بەردەم شارەوانی مێردین رایگەیاند، تاوەكو خاوەنداری لە ئیرادەی خۆتان بكەن، هەرگیز قەیوم لە باكوری كوردستان سەرناكەوێت.
جەختیی لەوەشكردەوە، هەرگیز سیاسەتی قەیوم نەگەیشتووەتە ئەنجام و شكستیهێناوە، دەیانەوێت لەو شوێنانەی لە هەڵبژاردندا سەرنەكەوتوون، بە ساختەكاری و بڕیاری دادگا دەستیبەسەردا بگرن.
داواشی لە دەسەڵاتدارانی توركیا كرد، دەست لە سیستمی قەیوم هەڵبگرن، چونكە ئەو سیستمە مایەپووچبووە.
رۆژی دووشەممە هەریەك لە سەرۆك شارەوانییەكانی ئێلح و مێردین و خەلفەت دوورخرانەوە و قەیوم لە شوێنەكانیان دانرا، ئەوەش ناڕەزایەتی فراوانی بەدوای خۆیدا هێنا كە تائێستاش بەردەوامە و بەهۆیەوە زیاتر لە ٦٠ خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیركراون.
وەزارەتی بەرگری ئەمریكا "پنتاگۆن" رایگەیاند، هەموو رێكارێك بۆ بەرگریكردن لە هێزەكانیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگرنەبەر.
پنتاگۆن لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمریكا لەچەند مانگی داهاتووش بەردەوام دەبێت لە بڵاوكردنەوەی توانا سەربازییەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست و هەموو رێكارێكی پێویستیش بۆ بەرگریكردن لە هێزەكانیان دەگرنەبەر، ئەگەر ئێران و هاوبەشەكانی بیانەوێت هێزەكانیان بكەنە ئامانج.
لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەشكراوە، ئامانجیان لە بڵاوكردنەوەی توانا سەربازییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا پاراستنی هێزەكانیان و پشتگیركردنی ئیسرائیلە.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەكاتی هەرێمی كوردستان هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەستپێدەكات و كێبڕكێی توند لەنێوان دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان و كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتەكان هەیە.
ئەوە ٦٠ەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكایە و ٤٧ەمین سەرۆك هەڵدەبژێرێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو، نزیكەی ٢٤٤ ملیۆن ئەمریكیش مافی دەنگدانیان هەیە، كە تائێستا ٤٠٪ی دەنگدەرانیش پێشوەختە لەڕێی ئۆنلاین یان پۆستەوە دەنگیانداوە.
بەپێی راپرسییەكان، ئاستی جەماوەری ترەمپ و هاریس لەیەكەوە نزیكە و جیاوازییەكی كەم لەنێوانیاندا هەیە، پێشبینیشدەكرێت ویلایەتە خۆڵەمێشییەكان كە حەوت ویلایەتن ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە یەكلابكەنەوە، كە ویلایەتەكانی ئەریزۆنا و جۆرجیا و میشیگن و نیڤادا و نۆرس كارۆلینا و پەنسلڤانیا و ویسكونسنن.
رۆژی ٢٠ی كانونی دووەمی ساڵی داهاتووش، سەرۆكی نوێی ئەمریكا سوێندی یاسایی دەخوات و دەستبەكاردەبێت.
لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەشت جار كایەی ئاسمانی سوریایان بەزاندووە.
ناوەندی روسی بۆ بەرژەوەندی لە سوریا كە سەر بە سوپای روسیایە بڵاویكردەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ٢٤ سەعاتی رابردوودا هەشت جار كایەی ئاسمانی سوریایان پێشێلكردووە. فڕۆكەكانیش لە جۆری ئێف ١٥ و دوو فڕۆكەی جەنگی ئێف ئەی ١٨ و چەند جۆرێكی دیكە بوون.
بەپێی ئەو ناوەندە روسییە، یەكە سەربازییەكان و هێزەكانی پۆلیسی روسیا گەڕان لە هەردوو پارێزگای رەققە و حەسەكە ئەنجامدەدەن.
رەتیشیكردەوە هیچ بۆردومانێك بۆ سەر هێزەكانی سەر بە سوپای سوریا لەلایەن تیرۆریستانەوە لە پارێزگای ئیدلبی سوریا ئەنجامدرابێت.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆدەبێتەوە و داواكارییەكانی حكومەتی هەرێم لەبارەی پرسی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان تاوتوێدەكات.
بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆببێتەوە و یەكێك لە تەوەری كۆبوونەوەكەش تاوتوێكردنی داواكارییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە سەبارەت بە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتووان كە بڕیارە لە ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە لە عیراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، داواكارییەكانی كورد پێكهاتوون لەوەی كە لە سەرژمێری دانیشتواندا هاووڵاتیان لەسەر شارەكانی خۆیان تۆماربكرێن، لەبەر روونەدانی گۆڕانی دیموگرافی بەتایبەت لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەروەها نوێنەری حكومەتی هەرێم لە سەنتەری داغڵكردنی داتاكان لە بەغداد ئامادەیی هەبێت.
ئەو كۆبوونەوەیەش دوای ئەوەدێت كە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو وەفدی هەرێم لەگەڵ د. لەتیف رەشید سەرۆككۆمار و محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق كۆبوونەوە و ئەو دوو داواكارییەیان خستەڕوو، لەبەرانبەر سودانیش وەفدەكەی هەرێمی دڵنیاكردەوە كە لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران داواكارییەكان دەكەنە بڕیار.
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی ناوخۆی عیراق و ناوچەكە كۆبووەوە و داواش لە ئەنجومەنی نوێنەران دەكات، تەمەنی ئەم وەرزەی یاسادانان درێژبكاتەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هەماهەنگی بڵاویكردەوە، شەوی دووشەممە، سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە نوسینگەی د.حەیدەر عەبادی سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح كۆبوونەوەتەوە، بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتەكانی ناوخۆی وڵات و ناوچەكە.
لە كۆبوونەوەكەدا، چوارچێوە پاڵپشتی خۆی بۆ بەیاننامەكەی سیستانی لەبارەی دۆخی عیراق دووپاتكردەوە و بە نەخشەرێگایەك بۆ گەشەپێدان و ئاسایشی عیراقی ناویبردووە.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، چوارچێوە داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران كردووە ئەم وەرزەی یاسادانان درێژبكاتەوە، بەجۆرێك لەگەڵ پێشهاتەكانی ناوخۆی وڵات بگونجێت. جەختیشیكردەوە، لە پێویستی راگرتنی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان و گەلی فەڵەستین لە غەززە.
سوپای ئیسرائیل بارەگایەكی هەواڵگری حزبوڵای لوبنانی لە دیمەشقی پایتەختی سوریا بۆردومانكرد و میدیاكانی سوریاش دەڵێن، بۆردومانەكە زیانی ماددی لێكەوتووەتەوە.
سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ئۆپراسیۆنێكی ئاسمانیدا، بە فڕۆكەی جەنگی بارەگایەكی هەواڵگری حزبوڵایان لە دیمەشقی پایتەختی سوریا كردووەتە ئامانج.
هاوكات، میدیاكانی سوریا بڵاویانكردووەتەوە، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل چەند شوێنێكیان لە باشووری دیمەشق كردووەتە ئامانج. ئەوەشیان خستووەتەڕوو، بۆردومانەكە زیانی ماددی بە ناوچەكە گەیاندووە.
ئەوەش لەكاتێكدایە تائێستا حزبوڵای لوبنان بەرەسمی هیچ لێدوانێكی لەبارەی ئەو بۆردومانەی ئیسرائیل نەداوە.
ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەكان لەدژی دوورخستنەوەی سێ سەرۆك شارەوانی كورد لە باكوری كوردستان و دانانی قەیوم لە شوێنیان بەردەوامە و تائێستا ٦٠ خۆپیشاندەر دەستگیركراون.
ئاژانسی هەواڵی مێزۆپۆتامیا بڵاویكردەوە، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی فراوان لەبەردەم شارەوانی ئێلیهـ وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر دوورخستنەوەی سێ سەرۆك شارەوانی كورد بەڕێوەچوو، بەڵام هێزە ئەمنییەكانی توركیا هەوڵیاندا بە بەكارهێنانی توندوتیژی و گولـلـەی پلاستیكی بڵاوە بە خۆپیشاندەران بكەن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، تائێستا ٦٠ خۆپیشاندەر لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون.
لیژنەی یاسایی رایگەیاند، لە ئەنجومەنی نوێنەران هەوڵێك هەیە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم وەرزەی یاسادانان لە رۆژی ٩ـی ئەم مانگەوە بۆ رۆژی ٩ـی مانگی داهاتوو.
محەمەد خەفاجی ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، رۆژی ٩ـی ئەم مانگە، ئەم وەرزەی یاسادانان كۆتاییدێت، هەوڵێكیش هەیە بۆ درێژكردنەوەی تەمەنی ئەم وەرزەی یاسادانان بۆ ماوەی یەك مانگ.
ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی ماددەی ٥٨ـی دەستوور، درێژكردنەوەی تەمەنی وەرزی یاسادانان دەكرێت لەسەر داواكاری هەریەك لە سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بێت، یاخود بەكۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن بێت.
ئەو پەرلەمانتارە وتیشی، درێژكردنەوەی ئەم وەرزەی یاسادانان، دەرفەتە بۆ پەسەندكردنی ئەو پڕۆژەیاسایانەی ناكۆكییان لەسەرە، هاوكات دەرفەتێكە بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەر لە كۆتایی ئەمساڵ، خشتەی بودجەی ٢٠٢٥ رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بكات.
لە ماوەی نزیكەی هەشت مانگی ئەمساڵدا ١٦٠ هەزار گەشتیار سەردانی ئەشكەوتی سەهۆڵانیان لە مەهاباد كردووە.
یوسف مەحمودزادە بەڕێوبەری كۆمەڵەی گەشتیاری ئەشكەوتی سەهۆڵان رایگەیاند: لە ماوەی نزیكەی هەشت مانگی ئەمساڵدا ١٦٠ هەزار گەشتیار سەردانی ئەو ئەشكەوتەی مەهابادیان كردووە كە ١٠٪ی گەشتیارەكان بیانی بوون.
ئەشكەوتی سەهۆڵان دەكەوێتە ٤٢ كیلۆمەتر لە باشوری رۆژهەڵاتی مەهاباد و بەهۆی ئاو و ئەو دیمەنانەی لە ئەشكەوتەكەدا هەن بووەتە شوێنێكی گەشتیاریی سەرنجڕاكێش، ئەشكەوتەكە ، یەكێكە لە شوێنە سەرنجڕاكێش و گەشتییارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە ساڵانە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار كەس سەردانی دەكەن و گەشتیارانی هەرێمیش ساڵانە سەردانی ئەو ئەشكەوتە دەكەن.
لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا زۆرترین رێژەی بارانبارین لە رۆژهەڵاتی كوردستان لە شاری مەریوان تۆماركراوە و بەهۆی بارینی تەرزەشەوە كرماشان زۆرترین زیانی بەركەوتووە.
بەڕێوەبەرایەتی كەشوهەوای پارێزگای سنە بڵاویكردەوە، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی رابردوودا ١٩٣ ملیم باران لە شاری مەریوان باریوە. لەلایەكی دیكەوە، بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی خزمەتگوزارییەكانی شاری سنە رایگەیاند، بۆ ئەوەی زیانەكانی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە شارەكە كەمبكرێتەوە ٣٦ رێڕەوی سەرەكیی ئاو پاككراوەتەوە.
هاوكات قائیمقامی قەسری شیرینی سەربە پارێزگای كرماشان رایگەیاند، بەهۆی تەرزە و بارانبارینی بەخوڕەوە سەرجەم خانووە پلاستییەكانی تایبەت بە كشتوكاڵ لەو ناوچەیە بە تەواوەتی لەناوچوون و زیانی بە هێڵەكانی كارەباش گەیاندووە، وتیشی، زیانەكانیش بە نزیكەی 500 هەزار دۆلار خەمڵێندراوە.
دەزگای لوتكە رایگەیاند، لەمساڵدا زیاتر لە ٣٠ هەزار كۆچبەر بەرێگەی نایاسایی گەیشتوونەتە خاكی بەریتانیا و ئەو رێژەیەش بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیكردووە.
دەزگای لوتكە بۆ كاروباری كۆچبەران لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، تەنها لە سەرەتاكانی مانگی تشرینی یەكەم نزیكەی ٥٢٠٠ كۆچبەر بە سەركەوتووی كەناڵی ئینگلیزیان تێپەڕاندووە، ئەوەش ژمارەیەكی پێوانەیی گەیشتنی كۆچبەرانە لە مانگێكدا لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە تائێستا.
وتیشی، لەمساڵدا زیاتر لە ٣٠ هەزار كۆچبەر بە رێگەی نایاسایی و بە بەلەمی لاستیكی گەیشتوونەتە خاكی بەریتانیا، كە لە فەڕەنساوە بەڕێكەوتوون و كەناڵی ئینگلیزیان تێپەڕاندووە و گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە، ژمارەی كۆچبەرانی گەیشتووش بەو وڵاتە بەراورد بە ساڵی رابردوو زیادیكردووە، هەورەها لەمساڵدا ٦٠ حاڵەتی گیانلەدەستدان لە كەناڵی ئینگلیز تۆماركراوە.
تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەریان لە هەولێر دەستگیركرد و دەستیانگرت بەسەر پێنج كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر.
بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددەی هۆشبەرەكان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە بەردەوامی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكانیان بۆ بەرەنگاربوونەوە و نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش و زانیاری ورد، لە چالاكییەكدا تیمەكانیان رۆژی 3ـی ئەم مانگە، سێ بازرگانی ماددەی هۆشبەری بیانیان لەنێو شاری هەولێر دەستگیركردووە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە چالاكییەكەدا دەستگیراوە بەسەر پێنج كیلۆگرام ماددەی هۆشبەری جۆری كریستاڵ، كە بازرگانە بیانییەكان هێناویانە و هەوڵیانداوە لە ناو هەولێر ساغیبكەنەوە.
ئەمڕۆ ٢٠٢٤/١١/٤ مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە سێ سەردانی جیادا لە قەزای دوکان ، شارۆچکەی پیرەمەگرون هەریەک لە ( خاڵە بەکر تەلانی ، حەمە ئەمین کوێرەکانی ، هاوڕێ سۆران ) فەرماندە و تێکۆشەری دێرینیان بەسەرکردەوەو سڵاو رێزی سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییان پێگەیاندن لەپای ماندوبوون و رۆڵیان لە خەبات و تێکۆشانی کوردایەتیدا.
مەکتەبی سکرتارییەت لەو سەردانانەدا بە رێزەوە ئاماژەیان بە خەبات و قوربانیدانی تێکۆشەرانی یەکێتی و شۆڕشی نوێکرد کە لە قۆناغەکانی سەختی خەباتدا قارەمانانە لەگەڵ گەلەکەیان مانەوە و بە ورە بەرزیان گیانی شۆڕشیان جۆشدایەوە کە یەکێتی شانازی بەهەموو ئەو هەڤاڵانەیەوە دەکات کە بەشێک بوون لەم شۆڕشەو نەیان هێشت خەباتی گەلەکەمان بەهەدەر بڕوات کە خاڵە بەکر تەلانی ، حەمە ئەمین کوێرەکانی ، هاوڕێ سۆران لە نموونەی ئەو سەدان قارەمانانەن کە لەگەڵ یەکێتی و گەلەکەیان مانەوەو ژیانی خۆیان خستەخزمەتی بەدیهێنانی ئامانجە نیشتمانییەکانی گەلەکەمان .
لەبەرامبەردا دووپاتیانکردەوە کە لەسەر هەمان رێبازی سەرۆک مام جەلال بەردەوامن و لە هەرشوێن و جێگایەی پێویست بکات هەر پێشمەرگەی کوردو یەکێتی دەبن .