محەممەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق چەند ڕێنمایەكی نوێی بۆ فراوانكردنی بازنەی خزمەتگوزارییە بانكییەكان لە پارێزگاكان دەركرد.
فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە چوارچێوەی هەوڵەكان بۆ چاكسازی لە سیستمی دارایی و بانكی، بڕیاردرا ژمارەی لقی بانكەكان لە پارێزگاكان زیادبكرێت.
دەشڵێت، پێویستە هەموو بانكەكان لە پارێزگاكان بە تەكنەلۆژیای سەردەمیانە كاربكەن وەك بانكی ئۆنلاین و ئەپڵیكەیشنی مۆبایل، تا هاووڵاتیان بە ئاسانی دەستیان بە خزمەتگوزارییە بانكییەكانیان بگات.
هەروەها جەختیكردووەتەوە لەسەر پەرەپێدانی خزمەتگوزاری پێدانی قەرزی بچوك بە هاوڵاتیان و كۆمپانیاكان.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق رایگەیاند، بەهاوكاری ئاسایشی سلێمانی تۆمەتباری سەرەكی تەقینەوەكەی كەركوكیان دەستگیركردووە كە بەهۆیەوە دوو كەس برینداربوون.
دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت، هێرشێك بۆ سەر ناوچەیەكی بازرگانی لە پارێزگای كەركوك بە ئامێرێكی تەقەمەنی ئەنجامدرا و لەئەنجامدا خاوەنی فرۆشگاكە و هاوسەرەكەی برینداربوون، دوای شەش رۆژ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایش لە سلێمانی، توانیان تۆمەتباری سەرەكی دەستگیر بكەن.
وتیشی، لەكاتی لێكۆڵینەوەكاندا دەركەوتووە، تۆمەتبار چەند جارێك چاودێری شوێنی ئامانجەكەی كردووە، تەقینەوەكەی لەناو جانتایەكدا لەبەردەم شوێنەكەدا داناووە و دواتر بەبەكارهێنانی مۆبایل لە دوورەوە تەقاندویەتییەوە.
راشیگەیاند، راستەوخۆ دوای ڕووداوەكە، مەفرەزەكانی ئاسایشی نیشتمانی تیمێكی كاری تایبەتمەندیان پێكهێنا و هەوڵی هەواڵگری و تەكنیكییان چالاك كرد بۆ بەدواداچوونی جموجۆڵی تۆمەتبارەكە كە دواتر لە سلێمانی دەستگیركرا و بەپێی ماددەی چواری تیرۆر ڕەوانەی لایەنی پەیوەندیدار كراوە بۆ ئەوەی ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بگرێتەبەر.
وەزارەتی دارایی عیراق داوای هەموو داهاتی نانەوتی ئەمساڵ و ئەو قەرزانە دەكات كە ساڵی رابردوو بە حكومەتی هەرێمی داوە بۆ مووچەی موچەخۆران.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لیستی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ مانگی دە لە قۆناغی وردبینیدایە، لەگەڵ ئەوەشدا نوسراوێكیان رەوانەی هەرێم كردووە، بەبێ ئەوەی ناوەڕۆكەكەی ئاشكرابكات. سەرچاوەكە وتیشی، چاوەڕێی هەرێم دەكەن وەڵامی نوسراوەكەیان بداتەوە.
هاوكات سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم بە كوردسات نیوزی وت، داواكارییەكەی عیراق بریتییە لە رەوانەكردنی داهاتی نانەوتی چوار مانگی رابردووی ئەمساڵ و هەروەها ئەو قەرز و پێشینانەی كە ساڵی رابردوو بە هەرێمی دراوە بۆ مووچە كە زیاتر لە چوار ترلیۆن دینارە.
سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی وتیشی، داوا لە سەرۆك وەزیرانی هەرێم كراوە راستەوخۆ پەیوەندی بە سودانییەوە بكات بۆ چارەسەر كردنی ئەو كێشەیە و لە زووترین كاتدا موچەی مانگی دە رەوانەی هەرێم بكرێت.
وادەی پڕكردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگان وەك بژمێر بۆ پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان كۆتاییهات و نزیكەی ٦١ هەزار كەس فۆڕمەكەیان پڕكردووەتەوە.
شوان جەبار، یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپراسیۆنی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە هەرێمی كوردستان بە كوردسات نیوزی رایگەیاند، پڕكردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن بۆ دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگاكان كە لە شەشی ئەم مانگەوە كاراكرابوو بەمەبەستی بەشداربوون لە پڕۆسەی سەرژمێری وەك بژمێر ئەمڕۆ لەسەعات ١٢ی نیوەڕۆ پڕكردنەوەی فۆڕمەكە كۆتاییهات.
راشیگەیاند، لە ماوەی ئەو سێ رۆژەدا ٦٠ هەزار ٧٥٨ كەس فۆڕمی دامەزراندنەكەیان پڕكردووەتەوە كە ٢٥ هەزار و ١٠٦ یان لە پارێزگای سلێمانی و ١٨ هەزار و ٨٦٥یان لە هەولێر و ١٦ هەزار و ٧٨٧ فۆڕمیان لە دهۆك بووە. وتیشی، لە دوو رۆژی داهاتوودا ناوی ئەو كەسانە رادەگەیەنرێت، لەكاتێكدا وەزارەتی پلاندانان تەنها ١٥ هەزار كەس دادەمەزرێنێت وەك كارمەند و مانگانە ٢٥٠ هەزار دیناریان پێدەدات بۆ ماوەی دوو مانگ.
بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسی، سەرەتای هەفتەی داهاتوو شەپۆلێكی بارانبارینی كورتخایەن ناوچە جیاجیاكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و ماوەی ٢٤ سەعات دەخایەنێت.
هەڤاڵ سدیق شارەزای بواری كەشناسی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، شەپۆلێكی كورتی بارانبارین پارێزگاكانی هەرێم دەگرێتەوە و كاریگەرییەكەی لە ئێوارەی رۆژی یەكشەممەوە دەستپێدەكات، تا ئێوارەی رۆژی دووشەممەی داهاتوو بەردەوامی دەبێت.
وتیشی، زۆرترین كاریگەری شەپۆلەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە و راپەرین و گەرمیان دەبێت، لە سنووری هەولێریش ناوچە شاخاوییەكان دەگرێتەوە، سەبارەت بە پارێزگای دهۆك و زاخۆش وتی، ئاستی بارانبارین مام ناوەند دەبێت.
هاوكات، دەستەی كەشناسی عیراق بڵاویكردەوە، كەشوهەوای ڕۆژی یەكشەممە هەوری تەواودەبێت لەگەڵ ئەگەری بارانبارین لە هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی باكوور و ناوەڕاست.
داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سنوری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە ١٠ ملیار دینارە و بەراورد بە هەفتەی رابردوو هەشت ملیار دینار كەمیكردووە.
ماڵپەری شەفافیەت كە چاودێری داهاتی نانەوتی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی ڕاپەڕین و گەرمیان دەكات، بڵاویكردەوە، داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیە واتە لە ٢ـی ١١ـەوە تا ئەمڕۆ، زیاتر لە ١٠ ملیار و ٥١٥ ملیۆن و ٧٨٥ هەزار دینار بووە كە ٨٤٪ـی نەختینە و ١٢٪ـی چەك بووە.
داهاتەكە بەراورد بە هەفتەی رابردوو، بەڕێژەی ٤٤٪ واتە بەبڕی هەشت ملیار دینار كەمیكردووە، كە لەو هەفتەیەدا داهاتەكە زیاتر لە ١٨ ملیار دینار بووە.
هاوكات بەپێی ماڵپەری شەفافیەت، داهاتی نانەوتی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، زیاتر لە ٧٩٢ ملیار و ٤٦٢ ملیۆن دینار بووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو زیاتر ٣٢٪ كەمیكردووە.
بەهۆی بۆردومانێكی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەززە ٢٧ هاووڵاتی مەدەنی كوژراون و دەیان كەسی دیكەش بریندار و بێسەروشوێن بوون.
ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین بڵاویكردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل ماڵێك و چەند ناوچەكی دیكەی لە جبالیا لە كەرتی غەززە كردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ٢٧ هاووڵاتی مەدەنی كوژراون و دەیان كەسی دیكەش بێسەروشوێن بوون.
تەندروستی غەززە رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری و پێداویستی پزیشكییەوە ناتوانن چارەسەری سەرجەم بریندارەكان بكەن و زۆربەی بریندارەكان بەهۆی چارەسەرنەكردنیانەوە گیانلەدەستدەدەن.
هاوکات داواش لە وڵاتانی جیهان دەكات یارمەتی پزیشكی بۆ كەرتی غەززە بنێرن بۆ ئەوەی بتوانن چارەسەری نەخۆش و برینداری بۆردومانەكان بكەن.
سەرۆكی روسیا پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ كرد و ئامادەیی نیشاندا بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵی.
لە وتەیەكدا ڤلادیمێر پوتن ئامادەیی روسیای بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ترەمپ نیشانداو دووپاتیكردەوە، پێشوازی لە هەوڵەكانی ترەمپ دەكەن بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
ئاماژەی بەوەشكرد، گەڕانەوەی متمانە لەنێوان روسیا و ئەوروپا گرنگە و هەوڵەكانی ترەمپیش بۆ كۆتاییهێنان بە قەیرانی جەنگی ئۆكراین جێی بایەخە.
سەرۆكی روسیا راشیگەیاند، ناتۆ بووەتە بەشێك لە رابردوو و فشارخستنەسەر روسیاش بێ سودە، چونكە جیهان پێویستی بە روسیا و ئەمریكایە، بۆیە ئەوروپاش ناتوانێت ئەو راستیە بگۆڕێت.
پارێزگاری کەرکوک رایدەگەیەنێت، کاری لە پێشینەیان بۆ بنیاتنانی پێکەوەژیان و خزمەتكردن بە هاووڵاتیانی کەرکوک دەبێت.
رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک پێشوازی لە وەفدێکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کرد کە پێکهاتوو لە رزگار حاجی حەمە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی و هەر یەک لە د. میران محەمەد، حاکم سابیر و لەتیف نیروەیی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی.
لە سەرەتای دیدارەکەدا وەفدی میوان پیرۆزباییان لە رێبوار تەها کرد، بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک پارێزگاری نوێی شاری کەرکوک و جەختیان لە پاڵپشتیکردنیان بۆ ئیدارەی کەرکوک و ئەنجومەنەکەی کردەوە.
هاوکات لە دیدارەکەدا کە هەر یەک لە نەشئەت شاهوێس سەرۆکی فراکسیۆنی "کەرکوک هێز و ئیرادەمانە" و د. ئەحمەد فاتیح و پەروین فاتیح ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئامادەیبوون، پارێزگاری کەرکوک جەختیکردەوە کاری لە پێشینەیان بۆ بنیاتنانی پێکەوەژیان و خزمەتكردن بە هاووڵاتیانی کەرکوک دەبێت، هەروەها جێبەجێکردنی سیاسەتی سەرۆک مام جەلال لە دانانی بناغەکانی ئاشتی و پێکەوەژیان و خزمەتکردنی سەرجەم پێکهاتەکان لە کەرکوک.
سەرۆكی ئەمریكا رایگەیاند، وەكو ئەو بەڵێنەی لە كاتی سوێندخواردندا داویەتی بۆ جێبەجێكردنی دەستور بەجێی دەگەیەنێت و تا كاتی تەواوبوونی وادەكەی لە كارەكانی بەردەوام دەبێت.
جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە وتارێكدا دوای سەركەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەو وڵاتە پیرۆزبای ئاڕاستەی ترەمپ كردو رایگەیاند، سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریكا بێ كێشەیە و باوەڕیان پێیەتی و دادپەروەرانەیە.
وتیشی، پێویستە رێز لەو كەسانە بگرن كە ماندووبوون بە پرۆسەی هەڵبژاردنەوە و بەشێك لەو كەسانەی لە پرۆسەكە بوون خۆبەخش بوون.
دەشڵێت، ئەو بەڵێنەی لە كاتی سوێندخواردندا داویەتی بۆ جێبەجێكردنی دەستور بەجێی دەگەیەنێت و تا رۆژی 20ی مانگی یەكی ساڵی داهاتوو لە كارەكانی وەكو سەرۆكی ئەمریكا بەردەوام دەبێت و دواتر بەشێوەیەكی ئاشتیانە دەسەڵات رادەست دەكات.
محەمەد شیاع سودانی رایدەگەیەنێت، عیراق كۆڵەكەیەكی سەرەكی ئابووری جیهانە و بەشێكی مێژوویی و رێڕەوێكی گرنگە بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەرپەرشتی رێوڕەسمی كردنەوەی پرۆژەی بەندەری فاوی لە پارێزگای بەسرە كرد كە یەكەمین كەشتی جیهانی لەو بەندەرە لەنگەری گرت.
سودانی رایگەیاند، ئەو پڕۆژەیە چووەتە ناو رێڕەوەكانی بازرگانی جیهانی و رێگاكانی گواستنەوەوە كە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تێدەپەڕێت و گرنگییەكی ستراتیژی گەورەی هەیە بۆ بازرگانی جیهانی و نێودەوڵەتی.
وتیشی، پڕۆژەكە چالاكییەكانی وزە و بازرگانی و پەیوەندییەكان و ئاڵوگۆڕی تێدا چڕبووەتەوە، هەروەها بەشدار دەبێت بۆ گۆڕینی عیراق و دەیكاتە وڵاتێكی كراوە بە رووی وڵاتانی جیهان و كەنداودا.
دەشڵێت، عیراق كۆڵەكەیەكی سەرەكی ئابووری جیهانە و رێگای گەشەپێدان كە لە بەندەری گەورەی فاوەوە دەستپێدەكات، ئابووری زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە بەیەكەوە دەبەستێتەوە.
326 ئاوارەی ئێزدی لە كەمپی مام رەشان لە سنووری پارێزگای دهۆك گەڕانەوە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان لە شەنگال.
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، 326 ئاوارە لە كەمپی مام رەشان لە پارێزگای دهۆك بەشێوەیەكی خۆبەخشانە گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە شەنگال.
دەشڵێت، گەڕانەوەی ئاوارەكان بە هەماهەنگی هەرێمی كوردستان، حكومەتی خۆجێی و رێكخراوی كۆچی نێودەوڵەتی بووە و ئەو كەسانەشی دەگەڕێنەوە مینحەیەكیان پێشكەشدەكرێت، هاوكاری مرۆییش دەكرێن.
ئەوەش لەكاتێكدایە، دوای بڕیارێكی حكومەتی عیراق بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان لە مانگی تەممووزدا دواین كەمی ئاوارەكان لە سلێمانی بە تەواوەتی داخرا و سەرجەم ئاوارەكان گەڕانەوەی زێدی خۆیان.
سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، چاوەڕواندەكرێت هەفتەی داهاتوو وەزارەتی دارایی عیراق موچەی مانگی دەی موچەخۆران رەوانەی هەرێم بكات.
ئەو سەرچاوەیەی وەزارەتی دارایی بە كوردسات نیوزی رایگەیاند، وردبنیكردن لە لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێم بۆ مانگی دە لە یەكەی ژمێریاری وەزارەتی دارایی عیراق بەردەوامی هەیە، وتیشی ئەگەر هیچ كێشەیەك بۆ لیستەكە دروستنەبێت هەفتەی داهاتوو پارەی موچە رەوانەی هەرێم دەكرێت و دەست بە دابەشكردنی موچەی مانگی دە دەكرێت.
رۆژی سێی ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی موچەی مانگی ١٠ی پاش چارەسەكردنی سەرجەم تێبینیەكانی وەزارەتی عیراق ڕەوانەی بەغداد كردەوە، رۆژی چواری مانگیش تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق ئیمزای لەسەر لیستە كرد و رەوانەی یەكەی ژمێریاری وەزارەتەكەی كرد بۆ دەستپێكردنی وردبینی.
هاوكات، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەدا داوای لە وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كرد بە زووترین كات موچەی مانگی دە خەرجبكات و ڕێكاریی جیاكاریی بەرامبەر هەرێمی كوردستان نەگرێتە بەر لە جێبەجێكردنی یاسای بودجە و ڕێكارە داراییەكان.
بەرێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی هیوا رەتیدەكاتەوە سلێمانی بوبێتە چەقی توشبون بە نەخۆشی شێرپەنجە .
د. یاد نەقشبەندی، بەرێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ، ساڵی رابردوو شەش هەزار و ٤٤٢ كۆدی گشتی لە نەخۆشخانەی هیوا كراوەتەوە كە لەو ژمارەیە سێ هەزار و ٣٥٦ حاڵەتی شێرپەنجەیی بووە.
راشیگەیاند، لە دە مانگی ئەمساڵیشدا، پێنج هەزار و ٨٦٦ كۆدی گشتی كراوەتەوە كە لەو ژمارەیە سێ هەزار و ١٥١ ی حاڵەتی توشبون بە شێرپەنجە بووە، بۆیە بەشێوەیەكی گشتی ئەمساڵ و ساڵی رابردوو ئامارەكان نزیكن لە یەكەوە و رەتیشیكردەوە سلێمانی بوبێتە چەقی توشبون بە شێرپەنجە و ووتی، ئامارەكە هەمووی هی سلێمانی نییە بەڵكو هی هەموو ناوچەكانی تر و عیراقیشی تێدایە چونكە ژمارەیەكی زۆر لە توشبوانی شێرپەنجە لە هەموو ناوچەكانی ترەوە دێنە نەخۆشخانەی هیوا .
هەروەها ئاماژەیبەوەشکرد، ماوەیەكی زۆرە زەوییەكی ١٢ دۆنمی لە هەواری شار بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەی هیوای گەورە تەرخان كراوە ، بەڵام تا ئێستا بریاری دروستكردنی نەدراوە، بۆیە بە پێویستی زانی بە زوترین كات لیژنەی تایبەتی ئەنجومەنی وەزیران بێنە سلێمانی و هەنگاوەكان بۆ ئەو مەبەستە دەستپێبكەن.
لە قەزای شارەزوور نزیكەی هەزار كەس بە هۆكارێكی نادیار تووشی سكچون و رشانەوە بوون و گوماندەكرێت هۆكارەكەی پیسبوونی ئاوی خواردنەوە بێت، لیژنەیەكی تەندروستی سلێمانیش لێكۆڵینەوەی لەو بارەیەوە دەستپێكردووە.
بەڕێوەبەری ئاوی شارەزوور لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەئێستادا سامپڵی ئاویان وەرگرتووە و پشكنین دەكەن و تا ئەنجامی پشكنینەكان دەرنەچێت ناتوانن هۆكاری تووشبوون بە سكچوون و رشانەوەكە بە روونی ئاشكرا بكەن.
هاوكات لیژنەیەك لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی راسپێردراوە بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە ئەنجامبدات و هۆكارەكان دەستنیشانبكات. هەروەها لەلایەن تەندروستی سلێمانی پزیشكی پسپۆڕ و پێداویستی پزیشكی رەوانەی قەزای شارەزوور كراون بۆ ئەوەی رەوشەكە كۆنتڕۆڵبكەن.
لە ناحیەی فەیدی لەسنوری پارێزگای دهۆك ژن و مێردێك كە تەمەنیان لە نێوان ٣٥ بۆ ٤٠ ساڵیدایە بە كوژراوی لە ماڵەكەی خۆیاندا دۆزرانەوە.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بە پێی زانیارییە سەرەتاییەكان، ئەو ژن و مێردە خەڵكی روژئاوای كوردستانن و بكوژەكەشیان ئاشكرانەبووە.
وتیشی، تائێستا پۆلیس و ئاسایشی دهۆك هیچ زانیارییەكیان لەبارەی رووداوەكە بڵاونەكردووەتەوە و هۆكاری كوژرانیان دیار نییە.