هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەكارهێنانی خاكی عیراق لەلایەن وڵاتانەوە بۆ هێرشكردنە سەر یەكتر رەتدەكاتەوە و داوای كاری هاوبەشدەكات بۆ دوورخستنەوەی عیراق لەو جەنگەی لە ناوچەكە دروستبووە.
بە ئامادەبوونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق و مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، كۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت بەڕێوەچوو، لە كۆبوونەوەكەدا پێشوازی لە یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كرا و وەك شایستەیەكی دەستوری ناوبرا كە كاری نیشتمانی هاوبەش پتەوتر دەكات.
هەروەها جەخت لەسەر گرنگی درێژكردنەوەی خولی دووەمی یاسادانانی ئەنجومەنی نوێنەران و پاڵپشتیكردنی هەنگاوی هەمواركردنەوەی یەكێك لە ماددەكانی بودجەی گشتی فیدراڵی تایبەت بە نەوت كرایەوە، هاوپەیمانیەكە پابەندبوونیشی بەو پرەنسیپانە دووپاتكردەوە كە مەرجەعی باڵای شیعەكان لە دوایین راگەیەندراودا جەختی لەسەر كردووەتەوە، چونكە ئەو پرەنسیپانە رۆڵی دەبێت لە بنیادنانی دەوڵەتێك كە دەوڵەتی دامەزراوەكان بێت و زەمینەش خۆشدەكات بۆ گەیشتن بە داهاتوویەكی باشتر بۆ عیراق.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا ئیدارەی دەوڵەت هەڵوێستی عیراقی لە پشتگیریكردنی گەلانی فەلەستین و لوبنان دووپاتكردەوە و بەكارهێنانی خاكی عیراقیشی بۆ ئەنجامدانی هێرشەكان بە هەموو شێوەیەك رەتكردەوە، جەختیشی كردەوە لەسەر كاری هاوبەش بۆ بەرژەوەندی باڵای وڵات و دوورخستنەوەی عیراق لەو جەنگەی ناوچەكەی گرتووەتەوە.
وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم بریاریدا بە هەڵگرتنی باج و رێگەدان بە هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوەی هەرێم.
بێگەر تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی هەرێم رایگەیاندوە، دوابەدوای بەدواداچوونیان بۆ بەرهەمی تەماتە، دەركەوت ئەو بەرهەمە لە بازاڕەكانی هەرێم كەمبوەتەوە و بەشی پێویستی هاوڵاتیان ناكات، لە هەمانكاتدا نرخیشی بەرزبوەتەوە.
راشیگەیاندوە، لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەرووبوومی كشتوكاڵی و پاڵپشت بە بڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، تایبەت بە پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی بڕیاریاندا بە هەڵگرتنی باج و قەدەغە لەسەر هاوردەكردنی بەرهەمی تەماتە لە دەرەوەی وڵات، بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم لایەنە رەسمیەكان ئاگاداركراونەتەوە بۆ گرتنەبەری رێككاری پێویستی كارگێری و یاسایی .
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق داوای خەرجكردنی ٢٨٤ ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستانی ئاڕاستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران دەكات.
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بە هەوڵی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان و بە تایبەتیش فراكسیۆنی یەكێتی و سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بە دوو نوسراوی جیا داوایان ئاڕاستەی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عیراق كردووە بۆ خەرجكردنی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم.
وتیشی، نوسینگەی سەرۆك وەزیران داوای لە وەزارەتی بازرگانی كردووە كە ئاگاداریان بكاتەوە لە بڕی ئەو پارەیەی كە تائێستا ماوە و خەرجنەكراوە، لە بەرامبەریشدا وەزارەتی بازرگانی رایگەیاندووە 248 ملیار دیناری پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم ماوە.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئاماژەی بەوەشكرد، نوسینگەی سەرۆك وەزیران داواكەی ئەوانی بە نوسراو ئاڕاستەی ئەمیندارێتی گشتی ئەنجومەنی وەزیران كردووە بۆ خەرجكردنی پارەكە.
ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی عیراق ئەو پێنج سكاڵایەی كە لەدژی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تۆماركرابوون رەتكردەوە.
كاروان عوسمان، سەرۆكی بەشی سكاڵاكان لە ئەنجومەنی پاریزگای كەركوك به كوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدراڵی لە دانیشتنەكەیدا ئەو پێنج سكاڵایەی كە دژ بە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك تۆماركرابوون رەتكردووەتەوە كە لەلایەن راكان جبوری پارێزگاری پێشووی كەركوك و حەسەن تۆران سەرۆكی بەرەی توركمانی و سەوسەن جەدوعی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لەسەر پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و سەرۆكایەتی كۆمار تۆماركرابوون.
وتیشی، پێش بڕیارەكەی دادگا ، بەرەی توركمانی سكاڵاكەی خۆی كشاندووەتەوە.
ئامانجی تۆماركردنی سكاڵاكانیش بۆ هەڵوەشاندنەوەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بوو كە لە رۆژی 10 ی ئابی ئەمساڵ لە بەغداد بەڕێوەچوو و تێیدا پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنەكە هەڵبژێردران، بەڵام رەتكرانەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ٧٠ زەمالەی خوێندنی لە وڵاتی رووسیا راگەیاند و مەرج و داواکارییەکانیشی بۆ پێشکەشکردن بڵاوکردەوە.
دەقی راگەیەندراوەکە :
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە، کە وڵاتی ڕوسیای فیدراڵ ٧٠ زەمالەی خوێندن بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٥_٢٠٢٦ڕادەگەیەنێت، بەمەبەستی خوێندنی (بەکالۆریۆس، ماستەر و دکتۆرا) بەم شێوەی خوارەوە:
هەرکەسێک ئەم مەرجانەی خوارەوەی تێدا بەرجەستە بێت و ئارەزوی خوێندن لە زانکۆکانی وڵاتی ڕوسیا دەکات بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێبینیانەی خوارەوە، تکایە داواکاری لە ڕێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پێشکەش بە سەرچاوەی زەمالەکە بکەن:
https://education-in-russia.com
- هەروەها بەهۆی ئەوەی پێشکەشکردن راستەوخۆ لەڕێگەی ماڵپەری زەمالەکە دەبێت، وەزارەتەکەمان هیچ فایلێکی لەبەردەست نابێت تا کاری لەسەر بکات، بۆیە تاکو دەرچونی ئەنجامەکان، بە هیچ شێوەیەک پێشکەشکار سەردانی وەزارەت نەکات. هاوکات کاندیدی سەرکەوتوو پێویستە دۆسیەی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە رێگەی ئەم لینکەی خوارەوە پر بکاتەوە:
Scholarship.digital.gov.krd
- ئەو پێشکەشکارانی فەرمانبەری حکومەتن ئەگەر زەمالەی ڕووسیا بەدەستبهێنن بەڵام مەرج و ڕێنماییەکانی ئاماژە پێکراوی خوێندنەکانی تێدا بەرجەستە نەبێت، دواجار مۆڵەتی خوێندنی پێنادرێت و بڕوانامەکەی بۆ یەکسان ناکرێت.
مەرجەکانی پێشکەشکردن:
١. بەکالۆریۆس:
- پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێویستە لە هیچ دامودەزگایەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانەمەزرابێت.
- بۆ ئەو پێشکەشکارانەی داواکاری بۆ پسپۆری پزیشکی پێشکەش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەی زانستیان لە (٨٥%) کەمتر نەبێت، بۆ ئەو بەڕێزانەشی کە داواکاری بۆ پسپۆری ددان و دەرمانسازی پێشکەش دەکەن، دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەی زانستیان لە (٨٠%) کەمتر نەبێت، هەروەها ئەو بەرێزانەی کە داواکاری بۆ پسپۆری ئەندازیاری پیشکەش دەکەن دەبێت کۆنمرەی پۆلی دوانزەی زانیستیان لە (٧٥%) کەمتر نەبێت.
- کاندیدی سەرکەوتوو لەلایەن وڵاتی ڕوسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ خوێندنەوەی وردەکاری زیاتر سەردانی مالپەری زەمالەکە بکەن.
٢. ماستەر:
- پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یان مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، ئەوا دەبێت بە لایەنی کەم دوو سال خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دواین بڕوانامە.
- پێویستە کۆنمرەی بەکالۆریۆسی لە (٦٥%) کەمتر نەبێت.
- پێشکەشکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی ماستەر پێشکەش بکات. (واتە بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لە هەمان بوار بێت).
- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێدەدرێت، واتا بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
- کاندیدی سەرکەوتو لەلایەن وڵاتی ڕوسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەری زەمالەکە بکەن.
٣. دکتۆرا:
- پێشکەشکار دەبێت هاوڵاتی هەرێمی کوردستان بێت.
- پێشکەشکار ئەگەر فەرمانبەر یا مامۆستا بێت لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان، پێویستە بەلایەنی کەم دوو ساڵ خزمەتی هەبێت لە پاش بەدەستهێنانی دواین بڕوانامە.
- دەبێت کۆنمرەی ماستەری لە ٧٠٪ کەمتر نەبێت.
- داواکار دەبێت لە هەمان بواری خۆی داواکاری بۆ بەرنامەی دکتۆرا پێشکەش بکات. (واتا ماستەر و دکتۆراکەی لە هەمان بوار بێت).
- کاندیدی سەرکەوتوو ئەگەر دامەزراو بێت، ئەوا لەلایەن وەزارەتی پەیوەندیدار تەنها مۆڵەتی خوێندنی پێ دەدرێت، واتە بە موچەی بنەڕەتی و دەرماڵە جێگیرەکان.
- کاندیدی سەرکەوتوو لە لایەن ولاتی ڕوسیا پشتگیری دارایی دەکرێت، بۆ وردەکاری زیاتر تکایە سەردانی ماڵپەڕی زەمالەکە بکەن.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم لە كۆبوونەوەدایە و پرسی موچە و ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و سەرژمێری گشتی تاوتوێدەكات.
بەپێی كارنامەكە، كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیران لە سێ بڕگە پێكهاتووە كە لە بڕگەی یەكەمدا، تاوتوێی خستنەڕووی دواپێشهاتەكانی سەرژمێری گشتی دانیشتووانی عیراق دەكرێت كە بڕیارە لە ٢٠ی ئەم مانگكەدا ئەنجامبدرێت.
بڕگەی دووەمیش، تایبەتە بە تاوتوێكردنی پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان و بڕیارەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەوبارەیەوە.
هەروەها لە تەوەری سێیەمدا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم تاوتوێی دۆخی دارایی و موچە و ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران و ئەو رێكارە نوێیانەی وەزارەتی دارایی عیراق لەبارەی موچەی مانگی ١٠ەوە دەكات.
وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، سبەینێ هاوكاری دارایی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ مانگی دە، بەسەر هێزەكانی پێشمەرگە دابەشدەكرێت كە بڕەكەی ٤٠٧ هەزار دینارە.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردووەتەوە، دوای ئەوەی هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بودجە و بەرنامەكان"ژمێریاری سەربازی"، ڕێكارە دارایی و ژمێریارییەكانی ئەنجامداوە و لە سبەینێوە هاوكارییەكە بۆ مانگی دە دابەشدەكرێت.
ئەو هاوكارییەی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان تەرخانیكردووە بڕەكەی زیاتر لە ١٣ ملیار دینارە و هەر پێشمەرگەیەك ٤٠٧ هەزار دینار وەردەگرێت.
بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست و ساغنەبوونەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان كرابوو، دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە ئەو سێ كەسەی ئازادكرد، كە بە تۆمەتی سووتاندنی بازاڕی قەیسەری كەركوك دەستگیركرابوون.
بەگوێرەی بڕیارێكی دادگای تێهەڵچوونەوەی رەسافە، بەهۆی نەبوونی بەڵگەی پێویست و ساغنەبوونەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان كراوە، دادگای ناوبراو بڕیارداوە بە ئازادكردنی ئەو سێ كەسەی بە تۆمەتی سوتاندنی بازاڕی قەیسەری كەركوك دەستگیركرابوون.
هەر بە گوێرەی بڕیارەكە، ئەو ئۆتۆمبێل و مۆبایلانەی لەكاتی دەستگیركردنی ئەو كەسانەی دەستیبەسەرداگیراوە، رۆژی 23ـی ئەم مانگە رادەستی ناوبراون دەكرێنەوە.
ئەوەش لەدوای ئەوەدێت، رۆژی 19ـی مانگی ئادار ئاگرێكی گەورە لە بازاڕی قەیسەری كەركوك كەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 دوكان سووتان، دواتریش هێزە ئەمنییەكانی كەركوك لێكۆڵینەوەیان لە روداوەكە دەستپێكرد و ژمارەیەك كەسیان دەستگیركرد.
ئەمڕۆ ٢٠٢٤/١١/٥ مەکتەبی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال لە شاری سلێمانی سەردانی کەسایەتی وفەرماندە و تێکۆشەری دێرینی گەلی کورد ( جەمیل هەورامی ) یانکرد .
لەو سەردانەدا مەکتەبی سکرتارییەت وێڕای ئەوەی چەپکە گوڵی رێز و وەفای سەرۆک بافڵ جەلال و قوباد تاڵەبانیان پێگەیاند ، لە نزیکەوە لە بارودۆخی تەندروستیان پرسی و هیوای سەلامەتی هەمیشەییان بۆ خواست .
مەکتەبی سکرتارییەت لەو سەردانەدا بەرێزەوە باسیان لە خەباتی پڕشکۆ و دانەبڕاوی جەمیل هەورامی کرد کە وەک یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی شۆڕشی نوێ و یەکێتی رۆڵی دیاروبەرچاوبووەو لە دوای راپەڕینیش بەهەمان رۆحیەتی شاخ بەردەوام بوو لە خزمەتەکانی و لەگەڵ هێزی پێشمەرگە مایەوەو بەردەوام پارێزەرێکی راستەقینەی پاراستنی مافەکانی تێکۆشەرانی کوردایەتی بوو ئەمە جگەلەوەی لەبواری پاراستنی ژینگەو زیاتر سەوزکردنی کوردستان خزمەتی بەرچاوی کرد کە جێگای ستایشی هەموومانە .
لەبەرامبەردا سەرکردە و تێکۆشەر جەمیل هەورامی دووپاتیکردەوە هەتا تەمەن و تەندروستی رێگای بدات بەردەوام دەبێت لە خزمەتکردنی تێکۆشەران و پێشمەرگەو کوردستانەکەی و لەسەر هەمان رێبازی سەرۆک مام جەلال کار دەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکان .
بە تۆمەتی تیرۆركردنی زانایەكی ئەتۆمی، ئێران سزای لەسێدارەدانی بەسەر سێ كەسدا سەپاند.
ئەسغەر جیهانگیر وتەبێژی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا لە تاران رایگەیاند، لە دادگای ورمێ لە كۆی هەشت كەس رێكاری پێویست دژی سێ كەس گیراوەتەبەر و سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندراوە بە تۆمەتی تیرۆركردنی زانایەكی ئەتۆمی، دۆسیەكەش لە قۆناغی تێهەڵچوونەوەدایە.
وتیشی، ئەو سێ كەسە لە ئازەربایجان دەستگیركران و تۆمەتی سیخوڕییان لە بەرژەوەندی ئیسرائیل خراوەتەپاڵ.
موحسن فەخری زادە ئەو زانا ئەتۆمییە بوو كە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٠ لە نزیك تاران لە هێرشێكدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلەكەی كوژرا، ئێران ئیسرائیلی تۆمەتباركرد بە هێرشەكە و تائێستا ئیسرائیل وەڵامی ئەو تۆمەتانەی نەداوەتەوە. هاوكات موحسن فەخری زادە لەژێر سزاكانی ئەمریكادا بوو، بەهۆی ئەو رۆڵەی لە پڕۆگرامی ئەتۆمی ئێراندا هەیبوو.
بەكاتی هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەستیپێكردووە و تا بەرەبەیانی سبەینێ بەردەوامدەبێت، نزیكەی ٢٤٤ ملیۆن ئەمریكیش مافی دەنگدانیان هەیە.
ئەوە ٦٠یەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكایە و ٤٧یەمین سەرۆك هەڵدەبژێرێت بۆ چوار ساڵی داهاتوو، تائێستاش زیاتر لە ٨٠ ملیۆن ئەمریكی پێشوەختە لەڕێی ئۆنلاین یاخود پۆستەوە دەنگیانداوە.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە، كێبڕكێی توند لەنێوان دۆناڵد ترەمپ كاندیدی كۆمارییەكان و كامالا هاریس كاندیدی دیموكراتەكاندا هەیە و بەپێی راپرسییەكان، ئاستی جەماوەری ترەمپ و هاریس لەیەكەوە نزیكە و جیاوازییەكی كەم لەنێوانیاندا هەیە.
هاوكات پێشبینیدەكرێت ویلایەتە خۆڵەمێشییەكان كە حەوت ویلایەتن ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە یەكلابكەنەوە، كە ویلایەتەكانی ئەریزۆنا و جۆرجیا و میشیگن و نیڤادا و نۆرس كارۆلینا و پەنسلڤانیا و ویسكونسنن. لە دەوروبەری باڵەخانەكانی واشنتۆنی پایتەختیش رێوشوێنی ئەمنی توند گیراوەتەبەر.
رۆژی ٢٠ی كانونی دووەمی ساڵی داهاتووش، سەرۆكی نوێی ئەمریكا سوێندی یاسایی دەخوات و دەستبەكاردەبێت.
لەپێناو پەلكێشنەكردنی عیراق لە جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ غەززە و لوبنان، وەفدێكی ئەمنی عیراق سەردانی ئێرانی كرد.
وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، بە سەرۆكایەتی عەبدولئەمیر شمەری وەزیری ناوخۆ وەفدێكی ئەمنی سەردانی ئێرانیان كردووە و پاراستنی سنورە هاوبەشەكان و كاراكردنی یاداشتەكان و مەشق و راهێنان و ئاڵوگۆڕی زانیاری و بواری ئەمنی و خوێندن و زیارەتكارانی چلە و چەندین بابەتی دیكە تاوتوێ كراون.
بەڵام سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو سەردانە بە میدیا عیراقییەكانی راگەیاندووە، وەزیری ناوخۆ لەو سەردانەدا لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عیراقەوە راسپێردرابوو كە هانی ئێران بدات عیراق لە تێوەگلان لە جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ غەززە و لوبنان دوور بخاتەوە، بە تایبەت كە باس لەوە دەكرێت ئێران بە نیازە خاكی عیراق بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل بەكاربهێنێت.
سەرچاوەیەكیش لە رۆژنامەی "شەرقلئەوسەت"ەوە رایگەیاندووە، كەسایەتییە دیارەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی رۆژانە كۆبوونەوە دەكەن بۆ دوورخستنەوەی مەترسی لە عیراق، هەروەها هەوڵەكانی محەمەد شیاع سودانیش لەوبارەیەوە بەردەوامە.
حكومەتی بەریتانیا بەمنزیكانە ئەفسەر رەوانەی عیراق و هەرێمی كوردستان دەكات، بۆ رێگریكردن لە كۆچی نایاسایی و روبەڕوبوونەوەی قاچاخچییەكان.
رۆژنامەی زە ناشناڵ بڵاویكردووەتەوە لە هەوڵێكدا بۆ چارەسەركردنی تۆڕەكانی قاچاخچی كە لە كەناڵی ئینگلیز كاردەكەن، بەمنزیكانە بەریتانیا ئەفسەر رەوانەی عیراق و هەرێمی كوردستان دەكات، چونكە عیراقییەكان ژمارەیەكی زۆری ئەو كۆچبەرانە پێكدەهێنن كە پارە دەدەن بۆ تێپەڕاندنی كەناڵی ئینگلیز بە بەلەمی بچوك بۆ گەیشتن بە بەریتانیا، ئەوەش لەچوارچێوەی رێكارەكانی كەیر ستارمەر سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ رێگریكردن لە كۆچی نایاسایی.
بەپێی رۆژنامەكە، ئەو ئەفسەرانە بە سیفەتی نێودەوڵەتی كاردەكەن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە لە بنەڕەتەوە.
رۆژنامەكە راشیگەیاندووە، قاچاخچییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق لەم چەند ساڵەی كۆتاییدا زۆرترین كۆچبەریان گواستووەتەوە، یەكێك لە كەسە سەرەكییەكانیش لەمساڵدا دەستگیركرا كە ناوی بەرزان مەجید بووە و بە دووپشك ناسرابوو، لەلایەن دادگای بەلژیكاوە سزای زیندانی ١٠ ساڵی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، ئەمساڵ ٣١ هەزار و ٩٤ كۆچبەری نایاسایی بە بەلەمی بچووك كەناڵی ئینگلیزیان تێپەڕاندووە، كە ئەو ژمارەیە ١٦% زیاترە لە ساڵی رابردوو، كە لەو ساڵەدا ٢٦ هەزار و ٦٩٩ كۆچبەر ئەو رێگەیەیان تێپەڕاندبوو.
قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، تەنها لە مانگی رابردوودا لە سلێمانی نزیكەی ١٢ تۆن خواردن و شمەكی ماوەبەسەرچوو دەستیبەسەرداگیراوە و لەناوبراوە.
قائیمقامیەتی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، لیژنە هاوبەشەكان لە مانگی رابردوودا حەوت هەزار و ٢٣٠ سەردانیان ئەنجامداوە، ٣٩٢ سەرپێچییان تۆماركردووە و ١٣ شوێنیشیان داخستووە.
راشیگیەاند، بەپێی ئامارەكانی لیژنەكان لە مانگی رابردوودا، ١١ تۆن و ٧٥٥ كیلۆ كیلۆگرام خواردن و شمەكی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەناوبراون، پسوڵەی ئاگاداركردنەوەش دراوە بە ١٩١ شوێنكار، زیاتر لە ٤٨ ملیۆن دیناریش سزای دارایی سەرپێچیكاران دراوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان وادەی وەرگرتنی پارەی حاجیان تا ١٢ی ئەم مانگە درێژكردەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە ئاگاداری ئەو هاووڵاتیانەی كردەوە كە ناویان بۆ پرۆسەی حەجی ساڵی ٢٠٢٥ هاتووەتەوە، گوژمەی یەكەمی پارەكەیان تا رۆژی سێشەممە واتە ١٢ی ئەم مانگە درێژكرایەوە، ئەگەریش لەو ماوەیەدا پارەكە نەدەن مافی حەجكردنیان دەفەوتێت و ناوێكی یەدەگ دادەنێن.
داواشی لەو كەسانە كرد كە ناویان هاتووەتەوە، بە زووترین كات سەردانی نوسینگەكانی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان بكەن لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆك و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی زاخۆ و سۆران و راپەڕین و گەرمیان بۆ تەواوكردنی مامەڵەكانیان.
داواشیكردووە بڕی چوار ملیۆن دیناری عیراقی وەك گوژمەی یەكەم بهێنن تاوەكو گوژمەی دووەمی پارەكە دیاریدەكرێت، لەگەڵ پاسپۆرتدا.
كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان رایگەیاند، لە شەش مانگی ئەمساڵدا لە بەرهەمەمهێنانی مریشك زیانی گەورەیان بەركەوتووە و داوا لە حكومەت دەكات هاوكارییان بكات.
نازم عەبدوڵا سەرۆكی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانی سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەسەرەتای مانگی ئایار تا سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، واتە لە شەش مانگدا لە بەرهەمەمهێنانی مریشكدا زیاینان كردووە و بەرهەمەكەیان بە زەرەر فرۆشتووەتەوە، بۆ هەر هۆڵێك نزیكەی ٢٠ ملیۆن دینار زیانیانی كردووە، بە گشتی زیانی هۆڵەكان دەگاتە ٨٠ ملیار دینار.
راشیگەیاند، كێشەی بەبازاڕكردن و بەردەوامی نەخۆشی ڤایرۆسی و گرانبوونی سوتەمەنی و بەرزبوونەوەی نرخی عەلەف و گرانبوونی جوچكیان هەیە، هەروەها رێگەگرتن لە رۆیشتنی مریشك بۆ خوارووی عیراق كێشەی گەورەی بۆ خاوەن كێڵگەكان دروستكردووە، هیچ لایەنێكیش هاوكاری كەرتی پەلەوەر ناكات بۆ پڕكردنەوەی زیانەكان.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە، حكومەتی هەرێم پێیخۆشە ئەو كەرتە بەتەواوەتی نەمێنێت تا مریشكی بەستوو زیاتر هاوردەبكات و پارەی هەرێم بڕواتە دەرەوە، لەكاتێكدا كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان زیاتر لە ٤٥ ملیار دۆلاری خستووەتەگەڕ، زیاتر لە ٤٠٠ هەزار هەلی كاری رەخساندووە، كە پوێستە حكومەت هاوكارییان بكات نەك دژایەتی.