بەهۆی بۆردومانێكی سوپای ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی باشوری شاری حەلەب لە سوریا ژمارەیەك سەرباز برینداربوون.
وەزارەتی بەرگری سوریا بڵاویكردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سوپای ئیسرائیل لە رێگەی مووشەك و فڕۆكەوە چەند ناوچەیەكی لە دەوروبەری ئیدلب و باشوری رۆژهەڵاتی حەلەب بۆردومانكردووە و بەهۆیەوە ژمارەیەك سەربازی حكومەتی سوریا برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بۆردوومانەكەی ئیسرائیل زیانی ماددی بە دانیشتووان و خەڵكی مەدەنی دەوروبەری ئیدلب و باشوری رۆژهەڵاتی حەلەب گەیاندووە.
تەقینەوەیەك لە وێستگەیەكی شەمەندەفەر لە پاكستان روویدا و بەهۆیەوە ٢٤ كەس كوژران و نزیكەی ١٥ كەسیش بریندار بوون.
محەمەد بەلوچ بەڕێوەبەری پۆلیسی خۆجێی بەلوچستان رایگەیاند، بەهۆی تەقینەوەیەك لە وێستگەیەكی شەمەندەفەر لە پارێزگای بەلوچستانی پاكستان، ٢٤ كەس كوژراون و لەوانەیە ئاماری كوژراوەكان بەرزتربێتەوە.
وتیشی، كاتێك شەمەندەنەفەرەكە هەوڵی داوە بە خێرایی بۆ شوێنی مەبەست بڕوات، تەقینەوە لە ناو وێستگەكەدا رووی داوە و تا ئێستا هیچ گروپێك لێپرسراوێتی هێرشەكەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
گروپی مقاوەمەی ئیسلامی عیراق دوو ئامانجی سەربازیی لە ناوچە داگیركراوەكانی باكووری ئیسرائیل بۆردومانكرد.
بەپێی راگەیەندراوێكی گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی عیراق، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ناوچە داگیركراوەكانی باكووری ئیسرائیل لە رێگەی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە دوو ئامانجی سەربازییان بۆردومانكردووە و توانیوانە زیانێكی زۆر بە هەردوو ئامانجە سەربازییەكەی ئیسرائیل بگەیەنن.
ئاماژەی بەوەشكردووە، بەردەوام دەبن لەهێرش و بۆردومانەكانیان بۆسەر هەموو بەرژەوەندییەكانی ئیسرائیل تائەو كاتەی هێرش و بۆردومانەكانی سەر كەرتی غەززە و لوبنان بەردەوان بن.
١٠ خۆپیشاندەر لە شاری خەلفەتی سەر بە پارێزگای رحا لە باكوری كوردستان بڕیاری زیندانیكردنیان بۆ دەركرا.
بەپێی هەواڵی میدیاكانی باكوری كوردستان، لە خۆپیشاندانەكانی ناوچەی خەلفەتی كە دژی دانانی قەیوم لەشوێنی سەرۆكی شارەوانییەكان بەڕێوەچوو، لە رۆژانی ٥ و ٦ی تشرینی دووەم ١٦ كەس دەستگیركرابوون، كە یەكێكیان مێردمنداڵێكی تەمەن ١٧ ساڵ بوو، داواكاری گشتی بە تۆمەتی وەستانەوە لە دژی پۆلیس و هاوكاریكردنی رێكخستن دۆسیەكانیانی رەوانەی دادگا كردووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، دادوەر فەرمان زیندانی كردنی بۆ ١٠ خۆپیشاندەر دەركردووە كە یەكێكیان مێرمنداڵێكی تەمەن ١٧ ساڵە، شەش كەسەكەی تریش بە مەرجی چاودێری دادوەری ئازادكراون.
سوپای توركیا و گروپەچەكدارەكانی سەر بەو وڵاتە گوندەكانی سەر بە كانتۆنی منبجی تۆپباران كرد و زیانی ماددی لێكەوتەوە.
ناوەندی راگەیاندنی ئەنجوومەنی سەربازیی منبج بڵاویكردەوە، شەوی رابردوو سوپای توركیا و گروپەچەكدارەكانی سەر بە توركیا، گوندی ئەل سافیەی لە باكوری رۆژهەڵاتی سەر بە كانتۆنی منبجیان تۆپباران كردوە، هەروەها خاڵێكی سەربازیی سەر بە سوریایان لە هەمان گوند تۆپباران كردووە.
راشیگەیاندووە، لە هەمانكاتدا سوپای توركیا گوندەكانی باكوری كانتۆنی مەنبەجیان تۆپباران كردووە، لە ئەنجامدا 45 تۆپ كەوتوەتە دەروازەی گوندی ئێون دادات و 5 گوللە تۆپیش كەوتوەتە گوندی دێرچ، بێجگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتوەتەوە.
دانیشتنی دادگایی تۆمەتبارانی دۆسیەی كوشتنی نارین لە ئامەد بەردەوام دەبێت و تۆمەتبارانی دۆسیەكە دانپێدانانی خۆیان دەخەنە روو.
رۆژی هەینی دووەم دانیشتنی دۆسیەی كوژرانی نارین گورانی تەمەن ٨ ساڵ، لە هەشتەمین دادگای سزای قورسی ئامەد بەرێوەچوو، كە سەرۆكی سەندیكا یاساییەكان و رێكخراوەكانی ژنان و منداڵان و نوێنەری رێكخراوی مەدەنی بەشداری دانیشتنەكە بوون، لەو دانیشتنەدا وتەی شایەتحاڵەكان وەرگیرا، بڕیارە ئەمرۆش دانیشتنەكە بەردەوام بێت و تۆمەتبارەكان دانپێدانانی خۆیان بخەنە روو.
ئەوەش لە كاتێكدایە نارین گوران ٢١ی ئابی ٢٠٢٤، لە گوندی چولی سەر بە شارۆچكەی رەزانی ئامەدی باكوری كوردستان بێسەروشوێن بوو، دوای ١٩ رۆژ لە ٨ی ئەیلول تەرمەكەی دۆزرایەوە، لە ئێستاشدا ١٢ كەس بەتۆمەتی كوژرانی نارین دەستگیركراون، كە دایك و براكەی و مامی و دراوسێیەكیان لەنێو دەستگیركراوەكاندان، چاوەڕوان دەكرێت لە دانیشتنی ئەمڕۆدا سزایان بەسەردا بسەپێنرێت.
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوا لە پەرلەمانتاران دەكەن واز لە ناكۆكییە سیاسیەكان بهێنن.
مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق پەیامێكی ئاڕاستەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران كرد و رایگەیاند، هەمواری یاسای لێبوردنی گشتی تائێستاش گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و پێویستی بە لێكتێگەیشتن هەیە.
وتیشی، نەبوونی رەوتی سەدر لە ئەنجومەنی نوێنەران پرسەكانی گۆڕانكاریی وەزاری و گۆڕانكاریی لە یاسای كۆمیسیۆنی قورس كردووە.
مەشهەدانی دەشڵێت، پێویستە پەرلەمانتاران گرنگی بەو پرسانە بدەن كە حكومەت پێویستیەتی و واز لە ناكۆكی سیاسی بهێنن و كاری پێكەوەیی بكەن.
پێشتر مەشهەدانی رایگەیاندبوو، رێگە بەوە نادات چەند پرۆژەیاسایەك بەیەكەوە تێبپەڕێنرێت و پێش ئەوەی پرۆژە یاسا بخرێتە دەنگدانەوە پێویستە گفتوگۆی لەسەر بكرێت.
ئێران تۆمەتباركردنی بە هەوڵی كوشتنی ترەمپ رەتدەكاتەوە و دەڵێت ئیسرائیل هەواڵی ئاڵۆزتركردنی پەیوەندییەكانی تاران و واشنتن دەدات.
ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: هەوڵی كوشتنی سەركردەكانی ئەمریكا لە لایەن ئێرانەوە تۆمەتێكە كە لە ساڵانی رابردوشدا دراوەتە پاڵ تاران بەڵام بە بەردەوامی رەت كراوەتەوە و پێچەوانەكەشی سەلمێنراوە.
وتیشی تۆمەتباركردنی ئێران بۆ هەوڵی كوشتنی سەركردەكانی ئەمریكا پیلانی ئیسرائیلە بە ئامانجی ئاڵۆزتركردنی پەیوەندییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، لە بەرامبەردا ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی سود لە رێوشوێنە یاساییەكان لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیی وەردەگرێت.
لێدوانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەی ئێران دوای ئەوە دێت كە رۆژی هەینی وەزارەتی دادی ئەمریكا بڵاوی كردەوە سوپای پاسدارانی ئێران لە مانگی نۆی ئەمساڵدا هەوڵی كوشتنی دۆناڵد ترەمپی داوە بەڵام هەوڵەكە پوچەڵكراوەتەوە و سێ تۆمەتباریش سزا دراون.
نانسی پیلۆسی هۆكاری شكستی دیموكراتەكان لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا دەخاتە ئەستۆی بایدن و دەڵێت، پێویست بوو بۆ سەركەوتنی دیموكراتەكان، بایدن زوتر دەست لەكار بكێشێتەوە.
نانسی پیلۆسی، سەرۆكی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا بە رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی راگەیاندووە، دواكەوتنی كشانەوەی جۆ بایدن وەك كاندیدی دیموكراتەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی وڵاتەكە، دیموكراتەكانی روبەڕوی شكست كردەوە.
بە بڕوای پیلۆسی، ئەگەر بایدن پێشوەختە هەوڵی دوبارە كاندیدكردنەوەی و هەڵبژاردنەوەی بۆ پۆستی سەرۆكایەتیی ئەمریكای نەدایە، دیموكراتەكان كاندیدێكی بەهێزترین لە كامالا هاریس دەستنیشان دەكرد.
بەپێی نیویۆرك تایمز، گومان دەكرێت یەكێك لەو كەسانەی كە هەوڵی كشانەوەی بایدنی لە كاندیدبوون دابێت، نانسی پیلۆسی بوبێت و هەر فشارە نهێنییەكانی ئەوەیش بایدنی ناچار بە كشانەوە لە هەڵبژاردنەكان كردوە.
لێپرسراوێكی ئەمریكا دەڵێت بەپێی ئەنجامی هەوڵەكان لە ماوەی هەفتەیەك تا ١٠ رۆژی داهاتوو شەڕ لە لوبنان كۆتایی دێت.
ئیلیاس بوسەعب جێگری سەرۆكی پەرلەمانی لوبنان رایگەیاند، لەكاتێكدا هەمووان باسی بەردەوامە هەوڵە دیبلۆماسییەكان دەكەن لە پێناو راگرتنی هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر وڵاتەكەی، بەڵام هێرش و بۆردومانەكان هەر بەردەوامن و رۆژانە خەڵكی بێتاوان دەكوژرێن و ژمارەیەكی زۆریش بەهۆی لە ناوچوونی ماڵ و خانووەكانیانەوە ئاوارە دەبن، سوپای ئیسرائیل ئەوەندەی ماڵ و خانووی خەڵكی بێتاوانی وێران كردووە، هیچ زیانێكی ئەوتۆی بە بنكە و بارەگا سەربازییەكانی حزبوڵا نەگەیاندووە.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی لوبنان راشیگەیاند، ئاموس هۆكستین نێردەی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی وتوون، بەپێی ئەنجامی هەوڵەكانیان لە ماوەی هەفتەیەك تا ١٠ رۆژی داهاتوو شەڕ لە لوبنان كۆتایی دێت.
وەزارەتی بەرگری روسیا دوا لە ئیسرائیل دەكات بە زوترین كات لە خاكی لوبنان بكشێتەوە وەك سەرەتایەك بۆ گەیشتن بە رێككەوتن و راگەیاندنی ئاگربەست.
ئەلیكساندەر فۆمین جێگری وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، بەردەوامی شەڕ و هێرش و بۆردومانەكانی سوپای ئیسرائیل بۆسەر لوبنان جگە لە ئاڵۆزتركردنی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قوڵبوونەوەی كێشەكان، هیچ ئەنجامێكی نابێت و هیچ لایەنێكی شەڕكەریش تیایدا براوە و سەركەوتوو نابێت، بۆیە پێویستە تەنها پەنا بۆ گفتوگۆ و دانووستان ببرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەو ناكۆكییەكان.
وتیشی، لە پێناو گەڕانەوەی ئاشتی و ئارامی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گەشتی و كۆتایی هێنان شەڕو ئاڵۆزییەكان لە لوبنان بەتایبەتی و گەیشتن بە رێككەوتن و ئاگربەست، پێویستە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە زوترین كات سوپاكەیان لە خاكی لوبنان بكشێننەوە.
سودانی و ترەمپ پەیوەندییەكی تەلەفۆنیان ئەنجامدا و رێككەوتن لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و هەماهەنگی بۆ كۆتایی هێنان بەشەڕ و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سودانی پەیوەندیەكی تەلەفۆنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا ئەنجامداوە و پیرۆزبای لێكردووە بەبۆنەی هەڵبژاردنەوەی بەسەرۆكی ئەمریكا.
لە پەیوەندیە تەلەفۆنیەكەدا سودانی جەختی لەوەكردەوە، كە هەردوو وڵات ئارەزوومەندی پەرەپێدانی هاوبەشی ستراتیجی و پەیوەندی دوو قۆڵی نێوانیانیان لە رووی ئەمنی و ئابوری و دارایی و وزە و تەكنەلۆجیا.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا سودانی باسی لە بەڵێنەكانی ترەمپ كردووە لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكاندا بۆ كۆتایی هێنان بەشەڕەكانی ناوچەكە و هەردوولا رێككەوتن هەماهەنگی بكەن لەو بارەیەوە.
لەلای خۆیەوە ترەمپ خواستی خۆی بۆ كاركردن لەگەڵ سودانی نیشانداوە و هیوای خواستووە لە ماوەیەكی نزیكدا بیبینێت بۆ ئەوەی تاوتوێی پەیوەندیەكانی نێوان هەردوو وڵات و دۆسیە هاوبەشەكان بكەن.
كۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی رایگەیاند، لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ئاستی بەرهەمێنانی لە هەرێمی كوردستان بەڕێژەی ٣٪ زیادیكردووە.
كۆمپانیای دانە غاز كە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، توانیویەتی گۆڕانكاری لە سیستمی بەرهەمهێناندا بكات لە هەرێمی كوردستان و ئاستی بەرهەمهێنان بەرەوپێش ببات بە جۆرێك كە بەڕێژەی ٣٪ زیادیكردووە و گەیشتووەتە ٣٨ هەزار و ٢٠٠ بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا.
راشیگەیاند، لە نۆ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا بڕی ١١٢ ملیۆن دۆلار لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قازانجی كردووە كە بەراورد بە نۆ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ كە ١٢٦ملیۆن دۆلار قازانی كردووە بەڕێژەی ١١.٣% كەمبووەتەوە.
هەروەها كۆمپانیای دانە غاز ئاماژەی بەوەشكردووە، كۆمپانیای بریتش پتڕۆڵیۆم پابەندە بەوەی كە دەست بە كاركردن بكاتەوە لە كێڵگەی غازی كۆرمۆر و پێشبینیدەكرێت لە چوار مانگی یەكەمی ٢٠٢٦دا دەست بكات بە بەرهەمهێنانی غازی بازرگانی.
تۆمارێكی دەنگی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا كە دوای وەرگرتنی بەرتیل لە سەرمایەدارێك دەكات.
میدیا عیراقیەكان تۆمارێكی دەنگی كەریم فەیسەڵ راوێژكاری وەبەرهێنانی محەمەد شیاع سودانیان بڵاوكردووەتەوە كە قسە لەگەڵ سەرمایەدارێكدا دەكات و داوای یەك ملیۆن دۆلاری لێدەكات وەك بەرتیل لەبەرامبەر پێدانی پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان.
هەروەها لە تۆمارە دەنگیەكەدا راوێژكارەكە بە سەرمایەدارەكە دەڵێت، كە پڕۆژەیەكی وەبەرهێنان بهێنێت و ئەویش پێشكەشی سودانی دەكات و رازیدەكات كە بدرێت بە ئەو كەسە.
هاوكات میدیا عیراقیەكان دەڵێن، سودانی ئەو كەسەی لەسەر پۆستەكەی دوورخستووەتەوە و داواكاری گشتیش داوای لێكۆڵینەوەی لە تۆمارە دەنگییەكە كردووە.
لە مانگی رابردووشدا تۆمارێكی دەنگی بەڕێوەبەری گشتی دەستەی باج بڵاوبووەوە، سودانیش داوای لێكۆڵینەوەی كرد و دواتر وەزارەتی دارایی ئەو كەسەی بۆ ماوەی دوو مانگ لە پۆستەكەی دوورخستەوە تا یەكلابوونەوەی دۆسیەكەی.
وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند، ئێران بەڕەسمی بەڵێنی پێداون كە بۆ وەڵامی هێرشەكەی ئیسرائیل، ئاسمانی عێراق بەكارناهێنێت.
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند، ئیسرائیل ئاسمانی وڵاتەكەی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران بەكارهێنا، بەڵام ئێران بەڕەسمی پێی راگەیاندون بۆ وەڵامی هێرشی ئیسرائیل ئاسمانی عێراق بەكارناهێنن.
دەشڵێت، ئەگەری سەرهەڵدانی جەنگێكی فراوان لە ناوچەكە لە ئارادایە و دەبێت عێراق سیاسەتی دەرەوەی ئاشكرا و دیاریكراو بێت.
وتیشی، ئەمریكا رۆڵێكی كاریگەری بینیوە لە رێگریكردن لە ئیسرائیل تا هێرشنەكاتە سەر بارەگا و پێگەی گروپە چەكدارەكان لە عێراق.
دادگای بەریتانیا قاچاخچییەكی كوردی بە ١٧ ساڵ زیندانیكردن سزادا بە تۆمەتی گواستنەوەی سەدان كۆچبەری نایاسایی لەڕێی بەلەمی بچوكەوە بۆ بەریتانیا.
ماڵپەڕی سكای نیوزی بەریتانی بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لە دادگای شاری پریستن لە بەریتانیا ئامانج حەسەن زادە كە تەمەنی ٣٤ ساڵە و لە مانگی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن پۆلیسی بەریتانیاوە بەتۆمەتی گواستنەوەی ژمارەیەك كۆچبەری كورد بە بەلەمی بچوك لەڕێی كەناڵی ئینگلیزەوە بۆ ئەو وڵاتە دەستگیركراوە، بە ١٧ ساڵ زیندانیكردن سزادراوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو قاچاخچییە كوردە لەگەڵ چەند گروپێك كاریكردووە كە كۆچبەری نایاساییان لە ئەوروپاوە كۆكردووەتەوە و رەوانەی بەریتانیایان كردوون بە تایبەت لە ساڵی ٢٠٢٣دا كە دوای دەستگیركردنی و دادگاییكردنی، ناوبراو دانی بە تاوانەكەیدا ناوە.
ئامانج حەسەن زادە كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كەسایەتییەكی ناسراوە و چەندین كۆچبەری كورد لەكاتی كۆچكردنیان لەڕێی ئامانجەوە لەسەر بەلەمەكان ستایشی دەكەن، بە جۆرێك لە یەكێك لەو ڤیدیۆیانەی كە بڵاوبووەتەوە گەعدەیەكە كە ئامانجی تێدایە و هونەرمەندێك بە “باشترین قاچاخچی” وەسفی دەكات.