هەواڵەکانهەواڵەکان

سبەینێ‌ بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی كوردسات، چەند چالاكییەك بۆ یادی ٢٤٠ ساڵەی بنیاتنانی سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

سبەینێ‌ چوارشەممە بە سپۆنسەری دەزگای میدیایی كوردسات چەند چالاكییەك بۆ یادی بنیاتنانی ٢٤٠ ساڵەی شاری سلێمانی لە گراند ملینیۆم بەڕێوەدەچێت، بەپێی بەرنامەی چالاكییەكان وتەی بەخێرهاتن لەلایەن بێژەرێكی زیرەكی دەستكردەوە پێشكەش دەكرێت، هەروەها لە بڕگەیەكی تری چالاكیەكاندا فیلمێك بەناونیشانی "دەركەوتنی كوڕی ئیبراهیم" پێشكەش دەكرێت.

هاوكات خەڵات بەسەر پێنج كەسایەتی نێودەوڵەتی دابەش دەكرێت، كە خزمەتیان بە ناو و ناوبانگ و مێژووی كورد و كوردستان كردووە، هاوكات هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد وەكو دایكی رۆحی كورد، خەڵاتی پێشكەش دەكرێت.

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

د.لەتیف رەشید سەرۆك کۆماری عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە 12-11-2024 بەشداری لە کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا COP29 کرد، کە لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت.

بەیانی ئەمڕۆ سەرۆك کۆمار لەلایەن ئیلهام عەلیێڤ سەرۆك کۆماری ئازەربایجان و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پێشوازیی لێکرا و لەمیانەی دانیشتنی کۆنفرانسەکەدا، سەرۆك کۆمار وتەیەکی پێشکەشکرد و سەرەتا هەڵوێستی چەسپاوی عێراقی سەبارەت بە رەتکردنەوەی دەستدرێژییەکانی سەر غەززە و لوبنان دووپاتکردەوە و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی خۆی لە سەپاندنی ئاگربەست و داننان بە مافی چارەی خۆنوسین بۆ گەلی فەڵەستین، لەئەستۆ بگرێت.

سەرۆك کۆمار لەوتەکەیدا ئاماژەی بەو ئاڵنگاریانە کرد، کە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە و زیانەکانی بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا وەك وشکەساڵی و بەبیابانبوون و زیادبونی خۆڵبارین و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و کەمی باران و بەفر.

سەرۆك کۆمار جەختیکردەوە، عیراق کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لەچوارچێوەی رێککەوتننامەی کەشوهەوا و پەیماننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، داوای لە وڵاتانی ناوچەکەش کرد لەچوارچێوەی ئەم پرۆسەیەدا گروپێکی دانوستاندن پێکبهێنن بۆ هاوئاهەنگی و پێکەوە کارکردن لەپێناو خۆپاراستن لەمەترسییەکانی گۆرانی کەشوهەوا.

ئەمەش دەقی وتەکەی سەرۆك کۆمارە؛

خاوەنشکۆ و ئامادەبوانی بەڕێز...

سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت..

ئێمە لێرەین بۆ بەشداریکردن لە بیست و نۆیەمین کۆنفرانسی لایەنەکانی رێککەوتننامەی کەشوهەوا، کە بابەتێکی مەترسیدار و گرنگ لەخۆدەگرێت و کاریگەری لەسەر هەموومان هەیە، لێرەدا زۆر سوپاسی کۆماری ئازەربایجانیش دەکەین بۆ میوانداریکردنمان و پێشوازیی گەرم و میواندۆستییان.

پاش زیاتر لە ساڵێك لە بۆردومانی بەردەوام و زۆربونی ژمارەی قوربانیانی مەدەنی لە ژنان و منداڵان، وەك چەندین جاری دیکە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەم بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لەئەستۆبگرێت بۆ سەپاندنی ئاگربەست و پێشکەشکردنی یارمەتی مرۆیی بەپەلە بۆ قوربانیان و داننان بە مافی چارەی خۆنوسینی گەلی فەڵەستین و دامەزراندنی دەوڵەتی خۆیان.

هیوادارین گفتوگۆکانی کۆنفرانسەکە ببنەمایەی دەرچونی راسپاردەی گونجاو لەگەڵ زیادبوونی ئاڵنگارییە جیهانییەکان، کە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە هاتونەتەئاراوە و لێکەوتەکانی دەبینین لەو لافاوانەی ناوچەیەکی چڕی دانیشتوانی ئیسپانیا و ناوچەکانی دیکەی جیهانیان گرتەوە و بەداخەوە قوربانی لێکەوتەوە، سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان بۆ کەسوکارەکانیان دەردەبڕین.

ئەم ئاڵنگاریانە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر وڵاتانی جیهان بەتایبەتی وڵاتانی تازەگەشەسەندوو هەیە و هەڕەشە لە ئاسایشی ئاو و خۆراك و تەندروستی و کۆمەڵگەکانیان دەکات.

ئێستا کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە عێراقدا دەبینرێن، کە بە دەست شەپۆلی گەرمای بەتین و زیادبونی خۆڵبارین و کەمبونەوەی رێژەی باران بارینەوە دەناڵێنین، کە بونەتەهۆی کەمبونەوەی روبەری ئاوی و سەوزایی و زیادبونی وشکەساڵی و بەبیابانبوون و خراپبونی زەوییە سروشتییەکان و هەمەچەشنەیی بایۆلۆجی، تەنانەت ئەم گۆڕانی کەشوهەوایە بوەتەهۆی ئاوارەبونی دانیشتوانی کۆمەڵگە کەلەپوری و نەریتییە مێژووییەکانی وەک دانیشتوانی زۆنگاوەکانی باشوری عێراق، کە لە لیستی کەلەپوری جیهانیدایە و دابونەریتەکانیان مەترسی لەناوچونیان لەسەرە. هەموو ئەمانە لەکاتێکدایە بەشداریی مێژوویی عێراق لە دەردانی گازی گەرمکەری جیهاندا وەك هەموو وڵاتانی دیکەی تازەگەشەسەندوو، زۆر کەمە.

بۆیە پێویستە دادپەروەریی کەشوهەوا لە سەنتەری گفتوگۆکانماندا بێت، کە مافێکی رەوای  مرۆڤە و ئێمە نەك تەنها بۆ ئێستای گەلەکانمان داوای دەکەین، بەڵکو بۆ نەوەکانی داهاتوشی داوا دەکەین، کە هێشتا لە دایك نەبون و ئایندەیان بەندە بەو بڕیارانەی ئەمڕۆ دەیدەین. ئێمە دەخوازین دانوستانەکان ببنەمایەی هەنگاوی پراکتیکی و میکانیزمی ڕوون و کاریگەر، بۆ نمونە چالاککردنی سندوقی زەرەرو زیانەکان، کە ساڵی رابردو لە بیست و هەشتەمین کۆنفرانسی لایەنەکاندا بڕیاری دامەزراندنی درا.

لەنێو ئەو پرەنسیپانەی جەختی لەسەر دەکەینەوە، بنەمای  دادپەروەری و بەرپرسیارێتی هاوبەشە بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا. عێراق وەك وڵاتێك کە ئابوریەکەی بەشێوەیەکی گەورە پشت بە سوتەمەنی بەردین دەبەستێت، لەلایەك کەوتۆتە ژێر کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا و لەلایەکی دیکەشەوە کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئەو رێوشوێنانەی بۆ روبەڕوبونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا گیراونەتەبەر. بۆیە داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەین، کە وەك ئێمە کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوا و هەوڵەکانی روبەڕوبونەوەیان لەسەرە، لەم پرۆسەیەدا گروپێکی دانوستاندن پێکبهێنن بۆ هاوئاهەنگی و پێکەوە کارکردن بۆئەوەی کاریگەری بەشدارییە بەکۆمەڵەکانمان لە کۆی بەشدارییە تاکەکەسیەکانمان زیاتربێت.

لەسەر هەمان بنەما، داوا لە خاوەن ئابوورییە گەورەکانی جیهان دەکەین پابەندبوونیان بە کاری کەشوهەوا بەهێز بکەن. ئەگەر هەر یەکێك لەم ئابووریانە بڕیاری کشانەوە لەم پرۆسەیە بدات، داوا لە لایەنە کاراکانی ناو ئەو وڵاتانە دەکەین، هەم قەوارە سیاسییە ناوخۆییەکان و هەم کەرتی تایبەت، بەردەوامبن لە پابەندبونەکانیان، چونکە جیهان ناتوانێت بەبێ هەوڵی هەمووان بەرەوپێشەوە بڕوات بۆ بەدەستهێنانی ئایندە.

ئامادەبوانی بەڕێز..

عێراق کاردەکات بۆ جێبەجێکردنی پابەندییەکانی بەپێی رێککەوتننامەی کەشوهەوا و ئەو بەڵگەنامە نێودەوڵەتیانەی دواتر هاتونەتەئاراوە، هەروەها کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی بەشداری لە دەردانی گازە گەرمکەرەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و وردە وردە هەنگاونان بەرەو وزەی نوێبووەوە.

حکومەتی عێراق کاری لەسەر ئامادەکردنی کۆمەڵێك بەڵگەنامە و ستراتیژی نیشتمانی کردوە بۆ بەشداریکردن لە جێبەجێکردنی پابەندبونە خۆبەخشەکانی عێراق بە رێککەوتننامەی پاریسەوە، هەروەها ئامادەکردنی بەڵگەنامەی هەڵسەنگاندنی پێداویستییەکانی تەکنەلۆژیا و بەڵگەنامەی کەمکردنەوەی گونجاوی نیشتمانیمان تەواوکردوە، کە ئامانج لێی دیاریکردنی پێداویستییەکانی عێراقە بۆ تەکنەلۆژیای کەشوهەوا لە کەرتە پێشەنگەکاندا. هەروەها نزیکین لە تەواوکردنی پلانی وەبەرهێنانی کەشوهەوا، کە ئامانج لێی رێگەخۆشکردنی ئاراستە پراکتیکییەکانە بۆ هەردوو کەرتی گشتی و تایبەت لەپێناو جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی عێراق بۆ کەشوهەوا لەڕێگەی راکێشانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی و کۆکردنەوەی سەرچاوە داراییەکان بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و هەنگاونان بەرەو ئایندەیەکی گونجاوتر.

عێراق هەنگاوی جددی ناوە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی میتان، هەروەها یەکەم ئەندامی ئۆپیك بووە، کە چۆتە پاڵ پەیمانی جیهانی لەبارەی گازی میتان.

عێراق بەشداری لە کارەکانی هاوپەیمانێتیی کەشوهەوا و هەوای پاك و روانگەی نێودەوڵەتی بۆ بڵاوبونەوەی گازی میتان دەکات، هەروەها کاردەکەین بۆ بەدیهێنانی ئامانجی سفر سوتانی غازی هاوەڵ تا ساڵی 2028.

لەکۆتاییدا دەمەوێت بە بیری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێنمەوە گرنگی رۆڵی لە بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ئیقلیمی لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و کارکردن بۆ دورخستنەوەی ناوچەکە لەو گرژی و ململانێ نێودەوڵەتیانەی ساڵانێکی زۆرە بەدەست لێکەوتە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانییەوە دەناڵێنین.

سوپاستان دەکەم و سڵاوی خودای گەورەتان لێبێت".

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

نوسینگەكانی كارتی زانیاری سلێمانی رایگەیاند، لەسەرەتای مانگی داهاتوو بە كاش پارە لە هاووڵاتیان وەرناگیرێت و پارەدان بەشێوەی ئەلیكترۆنی لەڕێی ماستەر یان ڤیزا كارتەوە دەبێت.

بەڕێوەبەرایەتی نوسینگەكانی كارتی زانیاری سلێمانی لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بەهیچ جۆرێك لە بەڕێوەبەرایەتیەكەیان و پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین كار بەپێدانی پارە بە كاش ناكرێت، بەڵكو تەنها بە پارەدانی ئەلیكترۆنی لەڕێگەی ئامێری پی ئۆ ئێس دەبێت. دەشڵێت، پێویستە هاووڵاتیان بۆ راییكردنی مامەڵەكانیان ماستەر كارت یان ڤیزا كارتیان هەبێت.

لە سەرەتای ساڵی رابردووەوە دەرهێنانی پاسپۆرت كرا بە ئەلیكترۆنی و تەنها لەڕێی كارتی بانكییەوە مامەڵەی هاووڵاتیان رایی دەكرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

وەزارەتی پلاندانانی عیراق رایگەیاند، رۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگە لە هەرێمی كوردستان و عیراق بەهۆی ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێرییەوە قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت.

وەزارەتی پلاندانانی عیراق نوسراوێكی ئاڕاستەی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كردووە و ئاماژەی بەچەند رێنماییەك كردووە بۆ رۆژانی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمیری گشتیی دانیشتووان و تیایدا هاتووە، قەدەغەی هاتوچۆ لە سەعات ١٢ی شەوی ١٩ی مانگ ١٢ دەستپێدەكات و لە سەعات ١٢ی شەوی ٢١ی مانگ كۆتایی دێت.

دەشڵێت، جوڵەی هاووڵاتیان و ئۆتۆمبێل لەنێوان شار و شارۆچكە و قەزا و ناحیەكان و گوندەكان رێگەپێدراو نییە و دەوەستێت، جگە لە حاڵەتی مرۆیی زۆر پێویست.

وەزارەتی پلاندانانی عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، تەنها فەرمانبەرانی سەرژمێری و هێزە ئەمنییەكان و رۆژنامەنوسان لە رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆدا دەتوانن هاتوچۆ بكەن و ئەو كەسانەشی دەوامی ئێشكگرییان هەیە بەنوسراوی رەسمی لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداربكرێنەوە بۆ هاتوچۆیان، هەروەها كارمەندانی باڵیۆزخانە و نوێنەرایەتییەكان و ئاژانسەكان و رێكخراوانی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان رێگەپێدراون.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی رەتیدەكاتەوە فەرمانبەرێك دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری دزی بێت و دەڵێت، ئەو بابەتە بۆ لێدان لە سلێمانی بڵاودەكرێتەوە و سكاڵای یاسایی تۆماردەكەن.

راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی كارەبای سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كەناڵێكی ئاسمانی بەشێوەیەكی چەواشەكارانە و بەرنامە بۆداڕێژرا و لەپێناو لێدان لە سلێمانی و دوور لە هەموو ئیتیكێكی رۆژنامەوانی، باس لە دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناردەكات لە بەڕێوەبەرایەتیەكەیان.

دەشڵێت، زانیارییەكانی ئەو كەناڵە پڕە لە هەڵە و ناوزڕاندن و تەشهیر بە فەرمانبەرانی كارەبای سلێمانی و راستەوخۆ ناوی فەرمانبەرەكان دەهێنرێت و بابەتەكە هیچ پەیوەندی بە داهاتی كارەباوە نییە و هیچ بڕە پارەیەك لە داهاتی كارەبا نەدزراوە.

وتیشی، تەنها كەیسێك لە ژمێریاریی فەرمانگەكە هەیە و  بە بڕیاری دادوەر چەند فەرمانبەرێك بانگكراون بۆ لێكۆڵینەوە و تەنها یەك فەرمانبەر راگیراوە و لیژنەیەكی لیكۆڵینەوەش پێكهێنراوە و وردبینی لە دۆسیەكاندا دەكەن و لێكۆڵینەوە بەردەوامە.

روونیشكراوەتەوە، دادگا ئەو بابەتە یەكلادەكاتەوە، بۆیە هیچ كەس و لایەنێكی راگەیاندن بۆی نییە لەبری دادگا بڕیاربدات و بە مافی خۆیان دەزانن سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو كەناڵە تۆماربكەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، حكومەت دەستیكردووە بە ئامادەكردنی خشتەكانی بودجەی (2025)و ئامانجی ئەوەیە داهاتی نانەوتی زیاد بكات.

عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند، حكومەت دەستیكردووە بە ئامادەكارییەكانی ژێرخانی بودجەی  (2025).

دەشڵێت، بودجەی بەكاربردن خەریكە درێژدەبێتەوە بۆ بودجەی وەبەرهێنان و ئەوەش بارگرانی بودجە زیاددەكات و وادەكات ئامانجەكانی سنورداربن، بۆیە لەئێستاوە پێویستە بەدوای داهاتی زیاتردا بگەڕێن و داهاتی نانەوتی زیاتر بەدەستبهێنن بۆ سەقامگیری ئابوری وڵات.

دەشڵێت، بڕی كورتهێنانی بودجەی ساڵی داهاتوو رەنگە هەمان كورهێنانی ئەمساڵی هەبێت و حكومەت بەردەوامە لە گەڕاندنەوەی قەرزە دەرەكییەكان لەبەرامبەر ئەوەدا پڕۆژەی وەبەرهێنانی جێبەجێكردنەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دەمپارتی رایگەیاند، دەركردنی ئەندامانی هەدەپە لە هەولێر مەترسییە بۆ سەر پەیوەندییەكان و هەوڵێكیشە بۆ تێكدانی یەكێتیی نەتەوەیی كورد، داواش لە پارتی و حكومەتی هەرێم دەكات لەوبارەیەوە روونكردنەوە بدەن.

دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان دەمپارتی لە راگەیەنراوێكد ئاماژەی بەوەكردووە، سەرەڕای هەڕەشەكان، هەدەپە بە بەردەومی پشتیوانیی لە دۆزی رەوای كورد لە هەرێمی كوردستان كردووە و لەبەرامبەردا دەركردنی ئەندامانی ئەو پارتە لە هەولێر دەبێتە هۆی قوڵبونەوەی سنوری نێوان گەلی كورد.

دەمپارتی جەختی لەوەشكردووەتەوە ئەو هەنگاوە یاسایی و ئەخلاقی نییە و لێكۆڵینەوە لە بابەتەكە دەكەن، هاوكات داوای لە پارتی و حكومەتی هەرێم دەكات روونكردنەوە بدەن لەسەر دەركردنی ئەندامانی هەدەپە لە هەولێر و دەرگای گفتوگۆ دانەخەن.

رۆژی هەینی رابردوو نوێنەری هەدەپە لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، پارتی لە هەولێر رێگریی لە كاركردنیان دەكات و چوار ئەندامیشیانی لەژێر فشاردا لە هەولێر دەركردووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چینراو بە ئۆتۆمبێلێكی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە حەسەكە سێ شەڕڤانی هەسەدە گیانیانلەدەستدا.

ئاسایشی رۆژئاوای كوردستان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، درەنگانی ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە نزیكە شاری حەسەكە ئۆتۆمبێلێكیان بەهۆی بۆمبێكی چێنراوەوە تەقیوەتەوە.

دەشڵێت، لەو كاتەدا دەستبەجێ دوو ئەندامی هەسەدە گیانیانلەدەستدا و دواتر شۆفێرەكە بەهۆی سەختی برینەكەوە كە ئەندامی هێزەكەیان بوو گیانی لەدەستداوە.

وتیشی، هێزەكانیان بەردەوام دەبن لە شەڕی دژی داعش و بەشێوەیەكی چالاك لەسەر بنەمای هەواڵگری و زانیاری دروست كارەكانیان ئەنجام دەدەن.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، چارەسەرنەكردنی گرفتەكانی لیستی موچە و نەگەڕاندنەوەی داهاتی نانەوتی و تەواوبوونی بەشە بودجەی هەرێم، هۆكاری دواكەوتنی ناردنی موچەی مانگی دەی موچەخۆرانە لەلایەن بەغدادەوە.

سۆران عومەر رایگەیاند، عیراق بۆ موچەی مانگی دەی موچەخۆران ٢٥٠ ملیار دەبڕێت بەهۆی چارەسەرنەكردنی كێشەكانی لیستی موچە و هاوتاكردنی خانەنشینان و بەشەبودجەی هەرێم كە هیچ پارەیەكی بۆ موچە نەماوە و بەپێی بڕیاری دادگای فیدرالیش بەبانكیكردنی موچە لە بەشە بودجەی هەرێم دەكرێت.

دەشڵێت، بۆ مانگی ١٠ و ١١ و ١٢ هەرێم داوادەكات لە بودجەی وەبەرهێنانی هەرێم موچە دابینبكرێت و داهاتی نانەوتیشی رادەستنەكردووە.

وتیشی، تائێستا گرفتی دوو موچەیی و نەبوونی ژمارەی وەزیفی فەرمانبەران و بایۆمەتری و دامەزراندنی نوێ و مامۆستایان و فەرمانبەرانی كەركوك چارەسەرنەكراون، بۆیە بۆیە پیویستە هەرێم لەوە زیاتر یاری بە قوتی خەڵك نەكات و مەترسی بۆ موچەی ئەم سێ مانگەی كۆتایی ساڵ دروستنەكات و لە داهاتی نەوت و ناوخۆ ئەو موچانە دابین بكات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بڕیارە سبەینێ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هەرێم تاوتوێی پرسەكانی موچە و بودجە و پێكهێنانی حكومەت دەكات.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە كوردسات نیوزی رایگەیاند، سبەینێ محەمەد شیاع سودانی سەردانی هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان دەكات و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای حكومەتی هەرێم تاوتوێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و پرسەكانی موچە و بودجە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت دەكات.

وتیشی، سودانی لەدوای هەولێر سەردانی سلێمانی دەكات و لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆدەبێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتی و دەرئەنجامی هەڵبژاردن و پێكهێنانی حكومەت و موچە و بودجە دەكات.

ئەو سەردانە چاوەڕوانكراوەی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەكاتێكدایە كە پێشتر و لە نۆی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لە شاری هەولێر ١٧ كامێرای نوێی تۆماركردنی سەرپێچی تیژڕەوی بەشێوەی ئەزموونی كەوتنەكار، هاتوچۆی هەولێریش دەڵێت، ئەو كامێرایانە لە ٢١ـی ئەم مانگەوە سەرپێچی شۆفێران تۆماردەكەن.


بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە ١٧ كامێرای تۆماركردنی سەرپێچی تیژڕەویی بەشێوەی ئەزموونی لەسەر چەند شەقامێكی ٦٠ مەتری و ٨٠ مەتری و ١٠٠ـی هەولێر كەوتوونەتەكار.


ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئەو كامێرایانە تاكو سەعات ١٢ـی شەوی ٢٠ـی ئەم مانگە بە ئەزموونی كاردەكەن و لەدوای ئەو بەروارەوە، سەرپێچی شۆفێران تۆماردەكەن.


هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشداوە، لە زۆرینەی ئەو شەقامانەی كامێراكان تێدا كەوتوونەتەكار، پێشتر كامێرای گەڕۆكی تۆماركردنی سەرپێچی تێدابووە، داواش لە شۆفێران دەكات پابەندبن بە خێرایی رێگەپێدراوی شەقامەكان و خۆیان بپارێزن لە تیژڕەویی.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

ژن و مێردێكی پەنابەری سیاسی كورد كە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستانن نزیكەی هەشت مانگە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستبەسەركراون و لە دۆخێكی خراپدان و مەترسی دیپۆرتكردنەوەیان بۆ ئێران لەسەرە.


ڕێكخراوی هەنگاو بۆ مافەكانی مرۆڤ بڵاویكردەوە، رەشاد محەمەدیی چالاكوانی سیاسی خەڵكی كامیاران كە تەمەنی ٣٤ ساڵە لەگەڵ ئەژین حوسێنیی هاوسەری خەڵكی سەوڵاوا كە تەمەنی ٣٠ ساڵە لە كەمپێكی شاری ئەدرێنای توركیا لە دۆخێكی سەختدا راگیراون.


ئاماژەی بەوەشكردووە، پۆلیسی توركیا لە سەرەتای ئەمساڵدا و تەنیا چەند ڕۆژێك دوای گواستنەوەی ئەو دوو پەنابەرە كوردە بۆ كەمپی دیپۆرتكردنەوە، ناچاریانكردوون پەنجەمۆر و ئیمزاكانیان تۆماربكەن و ئەگەری دیپۆرتكردنەوەیان بۆ ئێران هەیە.


بە وتەی ئەژین حوسێنی، ناوبراو لە مانگی رابردوودا تەنها جارێك هاوسەرەكەی كە بە تەنها لە ژوورێكدا ڕاگیراوە، چاوپێكەوتنی لەگەڵی بووە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق كۆبووەوە و جەختیكردەوە، لە گرنگی یەكلاییكردنەوەی دۆسییەی رێككەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات بەر لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥.


نوسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویكردەوە، مەحمود مەشهەدانی لە بەغداد پێشوازیكردووە لە ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق و تێیدا رۆمانۆسكی پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ عیراق و حكومەتی فیدراڵ لە بوارە جیاوازەكاندا دووپاتكردووەتەوە.


ئەوەشی خستەڕوو، لە دیدارەكەدا ئەو پرسانەی جێی بایەخی هەردوولا بوون گفتوگۆیان لەبارەوەكراوە، بەهێزكردنی هەماهەنگییەكانی نێوان عیراق و ئەمریكا و دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش تاوتوێكراوە.


بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، هەر لە دیدارەكەدا، مەشهەدانی جەختیكردووەتەوە لە گرنگی یەكلاییكردنەوەی دۆسییەی رێككەوتنە ئەمنییەكانی نێوان عیراق و ئێران بەر لە كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لوتكەی هاوبەشی عەرەبی و ئیسلامی لە ریازی پایتەختی سعودییە بەڕێوەچوو بۆ تاوتوێكردنی دەستدرێژییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر خاكی فەڵەستین و لوبنان و داواكرا جەنگی غەززە رابگیرێت و چاوپۆشی لە تاوانەكانی ئیسرائیل نەكرێت.


لوتكەكە بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە سەرۆكانی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بەڕێوەچوو و تێیدا، فەیسەڵ بن فەرحان وەزیری دەرەوەی سعودییە لە بەیاننامەی هاوبەشی لوتكەكەدا رایگەیاند، یەكەم ئەركی ئەوان راگرتنی جەنگە لە غەززە و نابێت چاوپۆشی لە تاوانەكانی ئیسرائیل بكرێت.


ئەوەشی خستەڕوو، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێهەڵوێستە بەرامبەر ئیسرائیل و پێویستە بۆ وەستاندنی جەنگی غەززە هەنگاوی جددی بگرێتەبەر، هاوكات، هەڵوێستی یەكگرتووی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی بۆ پشتیوانی فەڵەستین هاوكارە بۆ گەیشتنە چارەسەری قەیرانەكانی ناوچەكە.


وەزیری دەرەوەی سعودییە جەختی لەوەشكردەوە، تاكە رێگە بۆ ئاشتی بەردەوام لە ناوچەكە چارەسەری دوو دەوڵەتییە، ئاماژەی بەوەشدا، فەڵەستینییەكانی غەززە و كەناری رۆژئاوا پێویستیان بە پاراستن هەیە و لیژنەی وەزاری، بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی پاڵپشتیكردنی لوبنان دەكات.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

هێرشە ئاسمانی و زەمینییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر باشوری لوبنان بەردەوامە، حزبوڵاش دەڵێت، تائێستا ئیسرائیل نەیتوانیوە یەك گوندی باشوری لوبنانیش داگیربكات .


محەمەد عەفیف لێپرسراوی راگەیاندنی حزبوڵا لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ماوەی زیاتر لە 45 رۆژە ئیسرائیل هێرشەكانی بۆ سەر باشوری لوبنان چڕكردووەتەوە، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە یەك گوندی باشوری لوبنان داگیربكات.


ئەوەشی خستەڕوو، چەك و كەرستەی سەربازی پێویستیان لەبەردەستە و ئامادەی جەنگی درێژخایەنن دژی ئیسرائیل لەسەرجەم ئاستەكاندا، بەتایبەتی لە ناوخۆ و دەرەوەی لوبنان.


ئەو لێپرسراوەی حزبوڵا ئاماژەی بەوەشدا، تائێستا بەرەسمی هیچ دەستپێشەخەرییەكیان بۆ راگرتنی جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل پێنەگەیشتووە، جەختی لەوەشكردەوە، پەیوەندییەكانیان لەگەڵ بەرەی مقاومە پتەوە و هیچ لایەنێك ناتوانێت ئەو پەیوەندییە لاوازبكات.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی خانەوادەی کۆچکردوو مونیرە شێخ جەلال سەعید کرد 


دەقی پەیامەکە


كەسوكارو خانەوادەی  كۆچكردوو خاتوو مونیرە شێخ جەلال سەعید  
بۆ كۆچی دوایی  خاتوو  مونیرە   خوشكی شەهیدی سەرکردە كاك ئارام( شاسوار جەلال)
و کاک شێخ سالار و مامۆستا نەزیرە و خاتوو وەزیرە ، بۆ ئەم خەمە لەناخی دڵمانەوە  پرسەو ماتەمی خۆمان بە بەرێزتان و گشت  خانەوادە  رادەگەیەنێنن .


بنەماڵە نیشتمانپەروەر و تێكۆشەرەكەتان لەخەباتی کوردایەتی و ئازادیخوازیدا لە كوردستان و لە شاری سلێمانی رۆڵی بەرچاو و دیارتان هەبووە، کە لەدیرۆکی نەتەوەیمان ناوی شەهید ئارام و خانەاودەکەتان بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە


لە یەزدانی مەزن داواكارین  سەبوری بەهەموو  لایەكتان ببەخشێت ورۆحی كۆچكردوو بەهەشتی بەرین جێگەی بێت .
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...394395396397398...992