لە گەڕەكی بەكرەجۆی شاری سلێمانی، برایەك لە شیرینی خەودا دوو خوشكی خۆی دەكوژێت و بۆ شوێنێكی نادیار هەڵدێت.
پۆلیسی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، تائێستا هۆكاری رووداوەكە ئاشكرانەبووە، لە هەمانكاتیشدا بكوژەكە هەڵهاتووە و هێشتا دەستگیرنەكراوە.
هاوكات سامان نادر بەڕێوەبەری فریاكەوتنی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، یەكێك لە كچە كوژراوەكان تەمەنی ٢٢ ساڵە و ئەوی دیكەشیان ١٩ ساڵە.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا زیاتر لە ١٠ ژنی بۆ پۆستە هەستیارەكانی ئیدارەی نوێی كۆشكی سپی دیاریكردووە.
ترەمپ كە ئێستا زۆربەی پۆستەكانی كابینەكەی یەكلاكردووەتەوە، پشكی زۆریان بەر ژنان كەوتووە، لەنێویشیاندا سوزی وایڵز سەرۆكی دیوانی كۆشكی سپی، كریستی نیوم، وەزیری ئاسایشی ناوخۆ، توڵسی گابارد سەرۆكی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی، ئەلیس ستیڤانیك باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان.
جگە لەم پۆستە هەستیارانە، دۆناڵد ترەمپ هەریەك لە لیندا مەكماهون هاوسەرۆكی تیمی گواستنەوەی ترەمپ لە كۆشكی سپی، لارا ترەمپ، راوێژكاری ترەمپ، كای ترەمپ، بەڕێوەبەری میدیایی ترەمپ، ئەمە جگە لەچەند پۆستێكی دیكە كە هێشتا بەڕەسمی ئاشكرانەكراوە.
ترەمپ هەولێداوە ئەو كاندیدانە دەستنیشانبكات كە هاوكاری جدین لە جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی خۆی و دڵسۆزی بۆ دەردەبڕن، لەوانەش، كریستی نیوم وەزیری ئاسایشی ناوخۆ كە سیاسەتێكی توند بەرامبەر ئێران و كۆچبەران پەیڕەودەكات.
د.لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عیراق لە ساڵیادی بنیادنانی سلێمانیدا پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سلێمانی قوربانی زۆری لە پێناوی تێكۆشانی نیشتمانی و سەربەستیدا پێشكەش كردوە، دڵنیام وەکو شاری رۆشنبیری و نیشتمانپەروەری هەمیشە بە پێشەنگی دەمێنێتەوەو رۆژ بەڕۆژ بەرەو ئاوەدانی زیاتر و پێشکەوتن دەچێت.
پیرۆزبایی سەرۆك کۆماری عیراق
بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانی
بەبۆنەی یادکردنەوەی تێپەڕبوونی ٢٤٠ ساڵ بەسەر دروستکردنی شاری (سلێمانی)دا، پیرۆزبایی لە خەڵکی شاری هەڵمەت و قوربانی، پایتەختی رۆشنبیری کوردستان ئەکەم. لەم بۆنەیەدا دروود بۆ رووحی پاکی میری بابان ئیبراهیم پاشا دامەزرێنەری سلێمانی دەنێرم، ئەم شارە هەموو وەختێك شاری نوسەران و ئەدیبان و تێکۆشەران بوە، قوربانی زۆری لە پێناوی تێکۆشانی نیشتمانی و سەربەستیدا پێشکەش کردوە.
بەهەزاران لە رۆڵەکانی لە شێرە ژنان و کوڕانی گیانی خۆیان فیدای سەربەستی و ئازادی کردوە، سلێمانی شاری داهێنان و خۆشەویستی و هونەر و ئازایەتی بوە، بەهەق خەڵکەکەی رۆشنبیر و روخۆش و نیشتمانپەروەرن، لەم یادەدا ئەرکی هەموو لایەکمانە خزمەتی شارەکە بکەین، ، دووبارە پیرۆزە.
د.لەتیف رەشید
سەرۆك کۆماری عیراق
سەرۆك وەزیرانی عیراق دڵنیاییداوە بە لێپرسراوانی باڵای هەرێم كە سێ موچەی ئەمساڵی موچەخۆران نافەوتێت و هەفتەی داهاتووش موچەی مانگی دە رەوانەی هەرێم دەكرێت.
سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆك وەزیرانی عیراق بە میدیاكانی عیراقی راگەیاندوەو، كە سودانی لەمیانەی كۆبوونەوەكانی دوێنێی لەگەڵ لێپرسراوانی هەرێم دڵنیایداوە لەوەی كە موچەی مووچەخۆران بۆ سێ مانگی كۆتایی ئەمساڵ نافەوتێت و رەوانە دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، وەزارەتی دارایی عیراق داوای لە وەزارەتی درایی هەرێم كردووە بەزووترین كات داهاتی نانەوتی مانگەكانی ئەیلول و تشرینی یەكەم رەوانەی بەغداد بكات.
ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاندووە، چەندین كێشە لە لیستی موچە هەبووە، بەڵام لەئێستادا چارەسەركراوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بەغداد پارەی موچە بۆ مانگی دە رەوانەی هەرێم بكات.
سودانی رۆژی چوارشەممە سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و لێپرسراوانی دیكەی باڵای هەرێم كۆبووە و جەختیكردەوە لەسەر چارەسەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداد بە تایبەت پرسی موچە.
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان پێشوزای لە بڕیارەكەی حكومەتی عیراق دەكات و ئامادەیی نیشاندا بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم.
كۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی كوردستان كە بە ئەپیكۆر ناسراوە لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، پێشوازی لە پێشنیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق دەكات بۆ هەمواركردنەوەی مادەی ١٢ی یاسای بودجە كە تایبەتە بە دیاریكردنی نرخی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم.
پێشیوایە دەكرێت بوارێكی تەواو لەئێستادا هەبێت بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی پێشوویان كە پەیوەندییان بە مەرجە بازرگانییەكان و گەرەنتی پارەدان بۆ هەناردەكردنی ڕابردوو و داهاتووی نەوتی كوردستانەوە هەیە لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق _ توركیاوە. ئامادەیی خۆیشی نیشانداوە بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان پێش دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت.
هەروەها دەڵێت هاوڕایە لەگەڵ پێشنیازەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق و هەرێم بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت كە سودی بۆ هەموو خەڵكی عیراق هەیە.
هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق پێشنیارێكی بۆ هەمواركردنەوەی مادەی ١٢ لە یاسای بودجە پەسەند كرد كە تیایدا بڕی ١٦ دۆلار دیاریكراوە بۆ تێچوی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێك نەوتی هەرێم، لەكاتێكدا پێشتر بە ٢٠ دۆلار دیاریكرابوو.
باڵیۆز د. محەمەد سابیر سەرۆکی دامەزراوەی جەلال تاڵەبانی لە یادی بنتیاتنانی شاری سلێمانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سلێمانی شارێکی جیاواز لە هەموو شارەکانی دیکەی عیراق و داهێنانی لە هەموو شتێکدا کردووە بۆ خزمەتی خۆی و بووەتە پێشەنگ، شارێك كە هەرگیز سەپاندنی نادادی، جەور و ستەمی قبووڵ نەكردووە دژی وەستاوەتەوە.
دەقی پەیامەکەی...
پیرۆزبایی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی ۲٤۰هەمین ساڵڕۆژی یادی دامەزراندنی شاری سلێمانییەوە
لە ٢٤۰هەمین ساڵڕۆژی یادی بنیاتنانی شاری سلێمانیی خۆشەویستدا، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی لە خۆمان و تاک بە تاکی خەڵکی سەربەرزی شاری هەڵمەت و قوربانی، پایتەختی رۆشنبیریی کوردستان، شاری بابان و شاری شۆڕشی شێخی نەمر دەکەین.
سلێمانی؛ لانکەی شۆڕشگێڕان، مەڵبەندی زیندووی ئازادیخوازان، رووناکبیران و هونەرمەندان بووە و دەبێت، کەلتوورێکی تایبەت بە خۆی هەیە، مێژوویەكی پڕشانازی لە خزمەتكردن بە رۆشنبیران و ئەدەب و فەرهەنگ تۆماركردووە و داگیرسێنەری مەشخەڵی بزاوتی رۆشنبیری، مەعریفی و رەسەنایەتییە.
شاری شاران؛ شارێك كە هەرگیز سەپاندنی نادادی، جەور و ستەمی قبووڵ نەكردووە دژی وەستاوەتەوە و هەمیشە لە پێشەوەی خەبات بووە، نەوەکانی لە شۆڕش، راپەڕین، بزووتنەوەی كوردایەتیدا و وەستانەوە دژی هەموو بەرهەڵستکارییەک و دەنگ دلێر و بێدەنگ نەبوون.
سلێمانی شارێکی جیاواز لە هەموو شارەکانی دیکەی عیراق و داهێنانی لە هەموو شتێکدا کردووە بۆ خزمەتی خۆی و بووەتە پێشەنگ، لەم بۆنە پیرۆزەدا هیوای گەشەكردنی بەردەوام، پێشڕەوی و ئاوەدانی و خزمەتکردنی زیاتر بۆ ئەم شارە پڕ لە جوانییە دەخوازین.
سلێمانی یادت پیرۆز، هەمیشە پڕ یاد و یاوەری جوان بیت.
باڵیۆز د. محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی
۱٤ی ۱۱ی ٢٠٢٤
دەستەی ئاماری هەرێم ناوی كارمەندانی گرێبەستی وەك بژمێر بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان راگەیاند كە نزیكەی ١٩ هەزار كەس ناویان گەڕاوەتەوە.
بەپێی راگەیەندراوێكی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ٦١ هەزار دەرچووی زانكۆ و پەیمانگە بەشێوەی ئۆنلاین لە هەرێمی كوردستان فۆڕمی بوون بە بژمێریان پڕكردووەتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، زیاتر لە ١٩ هەزار دەرچوو ناوەكانیان گەڕاوەتەوە و بژمێرەكانیش لەسەر بنەمای پێداویستی و شوێنی جوگرافی و قەرەباڵغی دانیشتووان و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان لەسەر ئاستی گەڕەك یان گوند دەستنیشانكراون.
ئاماری هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، ئەو كارمەندانەی ناوەكانیان دەرچووە پێویستە پەیوەندی بە شوێنەكانیان بكەن بۆئەوەی لەكاتی دیاریكراودا لە هۆڵەكانی راهێنان ئامادەبن، لەئەگەری ئامادەنەبوونیش ئەوا شوێنەكانیان بەدەرچوویەكی دیكە پڕ دەكرێتەوە.
د.لەتیف رەشید سەرۆك کۆماری عیراق لە باکۆی پایتەختی ئازەربایجان چاوی بە ئۆدیل رینو باسۆ سەرۆکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان کەوت.
لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP29)، رۆژی چوارشەممە 13-11-2024 لە شوێنی مانەوەی لە باکۆ، سەرۆك کۆمار چاوی بە سەرۆكی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان کەوت و لە دیدارەکەدا میکانیزمەکانی پتەوکردنی هاوئاهەنگی و هاریکاری نێوان عێراق و بانکەکە تاووتوێ کران، لەم رووەوە سەرۆك کۆمار دوپاتیکردەوە، ئەمڕۆ عێراق لە ئاسایش و سەقامگیریدایە و دەخوازێت بانکی ئەوروپی رۆڵی گەورە ببینێت لە بواری ئاوەدانکردنەوە و پارەدارکردنی پرۆژەکانی ژێرخان و تەندروستی و وزە و کشتوکاڵ و کارەبا و پەروەردە.
هەروەها سەرۆك کۆمار داوای کاری هاوبەشی نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەگەڵ بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدان و پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەتی کرد لەپێناو پێشخستنی گەشەپێدان و زیادکردنی گەشەی ئابوری و رەخساندنی هەلی نوێی کار بۆ گەنجانی عێراق.
لەلایەن خۆیەوە، ئۆدیل باسۆ ستایشی دیدگای سەرۆك کۆماری کرد بۆ پتەوکردنی هاوبەشی و هاریکاری نێوان عێراق و بانکی ئەوروپی.
دووپاتیشیکردەوە، کە بانکی ئەوروپی پابەندە بە پاڵپشتیکردنی پرۆژەکانی پەرەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و پێشکەشکردنی ئەزمون و شارەزایی لەپێناو گەشەپێدانی ئابووریی عێراق.
دەستەی دادوەرانی فیدراڵی ئەمریكا، بڕیاری قەرەبووكردنەوەی سێ عیراقیدا بە بڕی ٤٢ ملیۆن دۆلار كە ٢٠ ساڵ بەر لەئێستا لە گرتوخانەی ئەبوغرێب ئەشكەنجەدراون.
دەستەی دادوەرانی فیدراڵی ئەمریكا، سزای دارایی بەبری ٤٢ ملیۆن دۆلار بەسەر كۆمپانیای "سی ئەی سی ئای تەكنەلۆژی"سەپاندووە كە لە ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٤ گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریكا هەبووە و رۆڵی هەبووە لە ئەشكەنجەدانی سێ زیندانیكراوی عیراقی لە گرتوخانەی ئەبوغرێب، ئەو سێ هاووڵاتیە عیراقیە لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە سكاڵایان لەسەر ئەو كۆمپانیایە تۆماركردووە.
بەپێی بریارەكە، ئەو بڕە پارەیە وەك قەرەبوو دەدرێتە ئەو سێ هاوڵاتییە عیراقییە كە یەكێكیان بەڕێوەبەری خوێندنگەیە و یەكێكیان جوتیار و ئەوی دیكەش رۆژنامەنووسە، كە هەریەك لەو سی هاووڵاتییە بڕی ١٤ ملیۆن دۆلار وەك قەرەبوو وەردەگرن.
لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم كۆبووەوە و جەختیانكردووە لەسەر دوورخستنەوەی وڵات لە لێكەوتەكانی ململانێی هەرێمی.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبونەوەكەدا ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم و پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغداد، هەروەها دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە، تاوتوێكراون.
سودانی ستایشی بەشداریی بەرفراوانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی لە پرۆسەی هەڵبژاردندا كردووە و هەردوولاش جەختیانكردووەتەوە لەسەر گرنگیی بەهێزكردنی میكانیزمەكانی هەماهەنگی هاوبەش و پێویستی چارەسەركردنی دۆسیە هاوبەشەكانی هەولێر و بەغداد لەڕێی دیالۆگی بیناتنەر و پابەندبوون بە دەستوری عێراقەوە. هەروەها هاوڕابوون لەسەر گرنگیی بەردەوامبوونی گفتوگۆ بۆ بەهێزكردنی هاوكاری و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوانیان.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، پێشهاتەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كاریگەرییەكانی لەسەر عێراق تاوتوێكراون و هەردوولا جەختیانكردووەتەوە لەسەر پێویستیی دوورخستنەوەی وڵات لە لێكەوتەكانی ململانێی هەرێمی و كاری هاوبەش بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری.
لە دوایی هەولێر، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سودانی سەردانی سلێمانی دەكات و قوباد تاڵەبانی لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پێشوازی لێدەكات و دواتر لەگەڵ سەرۆكی یەكێتی لە دەباشان كۆدەبێتەوە.
دادگای فیدراڵی عیراق بۆ بڕیاردان لەبارەی سكاڵایەكی تایبەت بە زەوی جوتیارانی كورد لە سنوری داقوق و سەرگەڕان لە كۆبوونەوەدایە.
ئەمڕۆ ١٣یەمین و كۆتا دانیشتنی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشانەوەی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی شۆڕش كە بە قیادە سەورە ناسراوە، بۆ یەكلاییكردنەوەی زەوی جوتیارانی كورد لە داقوق و سەرگەڕان بەڕێوەدەچێت.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، كۆبوونەوەی دادگا بەردەوامی هەیە بۆ بڕیاردان لەسەر نادەستووریبوونی بڕیاری ئەنجومەنی سەورە لە ساڵی ١٩٧٧كە تایبەتە بە زەوتكردنی زەوی جوتیاران لەچەند پارێزگایەك لەنێویشاندا كەركوك.
وتیشی، نوێنەری جوتیارانی هەردوو سنوری سەرگەڕان و داقوقی سەر بە پارێزگای كەركوك لە دانیشتنەكە ئامادەن.
پێشتر جوتیارانی سەرگەڕان و داقوق دوو سكاڵایان لە دادگای فیدڕاڵی تۆماركردبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەردوو بڕیاری پێشووی بەعس كە بەهۆیەوە ٨٤ هەزار دۆنم زەوی لە جوتیارانی كورد وەرگیراوەتەوە و عەرەبی هاوردە جێیان گرتوونەتەوە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق گەیشتە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ لێپرسراوانی باڵای هەرێم تاوتوێی پرسەكانی موچە و بودجە و پێكهێنانی حكومەت دەكات.
بەیانی ئەمڕۆ سودانی لەڕێی فرۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەیشتە هەرێمی كوردستان و لەلایەن سەرۆكی حكومەت و بەشێك لە وەزیرەكانەوە پێشوازی لێكرا.
دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكان، سودانی سەردانی سلێمانی دەكات و لە دەباشان لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆدەبێتەوە.
ئامانجی سەردانەكەی سودانی بۆ هەرێمی كوردستان، تاوتوێی دەرئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانە لەگەڵ لایەنەكان.
تەوەرێكی تری كۆبوونەوەكانی سودانی و لایەنەكان، پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداد و پرسەكانی موچە و بودجە و دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتە، هاوكات تاوتوێی پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و پارتییش دەكرێت.
سودانی لە هەولێر لەگەڵ عەلی باپیر و سەرۆكی پارتی كۆدەبێتەوە و لە سەعات چوار دەگاتە سلێمانی و لەلایەن قوباد تاڵەبانییەوە لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی پێشوازی لێدەكرێت و بەرەو دەباشان بەڕێدەكەوێت.
ئەمڕۆ ناوی زیاتر لە ١٥ هەزار كەس وەك بژمێر بۆ پڕۆسەی سەرژمێری گشتی رادەگەیەنرێت كە پێشتر فۆڕمی دامەزراندنیان پڕكردبووەوە.
شوان جەبار یاریدەدەری سەرۆكی ژووری ئۆپراسیۆنی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە هەرێمی كوردستان بە كوردسات نیوزی راگەیاند، بە ئەگەرێكی زۆرەوە ئەمڕۆ ناوی بژمێرەكان رادەگەیەنرێن و زۆربەی كێشە تەكنیكییەكانیش لەوبارەیەوە چارەسەركراون.
پێشتر نزیكەی ٦١ هەزار دەرچووی زانكۆ و پەیمانگەكان فۆڕمیان بۆ كارمەندی بژمێر لە پڕۆسەی سەرژمێری دانیشتوان پڕكردبووەوە كە تەنها زیاتر لە ١٥ هەزار كەس ناویان رادەگەیەنرێت.
بڕیارە لە رۆژانی ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگەدا سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عیراق و هەرێمی كوردستان ئەنجامبدرێت و دوای شەش هەفتە ئەنجامەكەی رابگەیەنرێت جگە لە ناوچە جێناكۆكەكان.
ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڵێنی بە فراكسیۆنی یەكێتی داوە قسەی جدی لەگەڵ حكومەتی هەرێم بكات بۆ بە بانكیكردنی موچەی فەرمانبەران.
كاروان یاروەیس ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند، هەفتەی رابردوو وەفدی یەكێتی لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەتەوە، سەبارەت بەجێبەجێكردنی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بۆ تەوتینی موچە گفتوگۆیان كرد، یاداشتی فراكسیۆنی یەكێتی و ئیمزای سەرۆكی چوار فراكسیۆنی كوردستانی و ١٣٨ پەرلەمانتاری عیراقیان پێشكەشكردوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، سەرۆك وەزیرانی عیراق بەڵێنیدا لەژێر رۆشنایی ئەو یاداشتە و ئیمزای پەرلەمانتاران و پێداگری یەكێتی، لەگەڵ حكومەتی هەرێم قسەی جدی بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكە و لەبارەی تەوتینەوە بگەن بە چارەسەرێك، كە هەموولایەك رازی ببن و پێچەوانەی بڕیاری دادگاش نەبێت.
لەدوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆسەر ئێران، بۆ یەكەمجار دەسەڵاتدارانی ئێران لە تارانی پایتەخت تونێلی بەرگری لە سەنتەری شارەكە دروست دەكەن.
ئاژانسی "تەسنیم"ـی نزیك سوپای پاسدارانی ئێران بڵاویكردەوە، تونێلەكە دەكەوێتە سەنتەری شاری تاران و وێستگەیەك میترۆی تاران بە نەخۆشخانەی خومەینییەوە دەبەستێتەوە، بەوەش لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراودا دەتوانرێت راستەوخۆ بریندار لە تونێلەكەوە بگەیەندرێتە نەخۆشخانە.
مانگی رابردوو ئیسرائیل هێرشیكردە سەر ئێران و چەند پێگەیەكی لە نزیك تاران كردە ئامانج، لە وەڵامی هێرشەكەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە تشرینی یەكەمی رابردوودا.
پیاوێک لە چین، دوای جیابوونەوە لە هاوسەرەكەی، رقی خۆی بەخەڵكی سەرشەقام دەڕژێت و بە ئۆتۆمبێل ٣٥ کەس دەکوژێت.
پۆلیسی چین لە رایگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، پیاوێک كە بەهۆی جیابوونەوە لە هاوسەرەكەی تووشی شڵەژانی دەروونی بووە، لە ناوەندێكی وەرزشی لە باشووری چین بە ئۆتۆمبێلەكەی خۆی كردووە بەناو ئاپۆرای خەڵکدا و بەهۆیەوە ٣٥ كەس گیانیانلەدەستداوە و ٤٣ـی دیکەش بە سەختی بریندارن.
ئاماژە بەوەش کراوە؛ دوای ماوەیەكی كەم، پیاوەكە دەستگیركراوە كە تەمەنی ٦٢ ساڵە، رووداوەكەش لەكاتێكدا بووە كە شاری ژوهای میوانداریی یەكەمین پێشانگای فڕۆكەوانی دەكات كە ساڵانە لەلایەن سوپای رزگاریخوازیی وڵاتەکەوە بەڕێوەدەچێت.