سەرۆكی ئێران رایگەیاند، تاران هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نادات و هەنگاوەكانی بەو ئاراستەیە نییە.
مەسعود پزیشیكیان سەرۆك كۆماری ئێران لە میانی پێشوازیكردن لە رافایێل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، تاران هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نادات و چەند جارێكیش ئەو بابەتەیان بە ئاشكرا باسكردووە، لەسەر فەتوای عەلی خامنەیی رابەری شۆرشی ئێران بەهیچ شێوەیەك هەنگاو نانێن بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمی.
وتیشی، جیهان لەوە تێگەیشتووە ئێران ئاشتی و ئاسایشی دەوێت و بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەپێی یاسا و رێنماییەكانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی كاردەكات كە بۆ بەمەبەستی ئاشتییە و لە بنەڕەتەوە هەوڵی دروستكردنی چەكی ئەتۆمیان نەداوە.
رۆژنامەیەكی ئەمریكی ئاشكرایكرد دۆناڵد ترەمپ پلانێكی بۆ چارەسەركردنی ئاڵۆزییەكانی ئێستای لە لوبنان پەسەند كردووە و بەپێی پلانەكە رێگە نادرێت حزبوڵا بگەرێتەوە باشوری لوبنان.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئەوەشیخستوەتەڕوو، بەپێی پلانەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا، حزبوڵا هێز و چەكەكانی دەگوازێتەوە بۆ باكوری روباری لیتانی، هاوكات سوپای لوبنان و یونیفیل بەپێی پلانەكە كاردەكەن بۆ رێگریكردن لە گەرانەوەی حزبوڵا بۆ باشوری لوبنان.
بەپێی میدیا ئەمریكییەكە، ترەمپ هیوای خواستووە پێش دەستبەكاربوونی لە كۆشكی سپی لەمانگی یەكی ساڵی داهاتوو، رێككەوتنی نیشتەجێبوون لە لوبنان جێبەجێبكرێت.
وۆڵ ستریت جۆرناڵ دەشڵێت، گرنگترین خاڵی پلانەكەی ترەمپ ئەوەیە، ئیسرائیل بتوانێت رێككەوتنی ئاگربەست جێبەجێبكات ئەگەر نەتەوە یەكگرتووەكان و هێزە چەكدارەكانی لوبنان ئەو كارە نەكەن.
سەرۆكی گەورەترین پارتی مەسیحی لوبنان رایگەیاند، پێویستە حزبوڵای لوبنان كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێت، بە زوترینكات دەستبەرداری چەكەكانی بێت.
سەمیر جەعجەع سەرۆكی پارتی مەسیحی لوبنان ئەوەشیخستەڕوو، لەگەڵ وێرانبوونی هەموو ژێرخانی حزبوڵا و كۆگای چەكەكانی، بەشێكی گەورەی لوبنانیش لەناو دەچێت.
وتیشی، پێویستە حزبوڵا دەستبەرداری چەك بێت ئەمەش كورتترین رێگایە بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ و كەمترین تێچووی بۆ لوبنان و گەلەكەی هەیە.
داوای لە حزبوڵا و حكومەتی لوبنانیش كرد، بە خێرایی رێككەوتنە ناوخۆییەكان و بڕیارنامە نێودەوڵەتییەكان جێبەجێبكەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی كوتلە چەكدارەكان و گەڕاندنەوەی دۆخێكی ئاسایی.
بەهۆی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر باشور و رۆژهەڵاتی لوبنان ٤٠ كەس كوژراون.
وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، درەنگانی شەوی رابردو و بەرەبەیانی ئەمڕۆش ئیسرائیل بە چڕی بۆردومانی بەعلەبەگی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەكەیان كردووە و ٢٤ كەس كوژراون.
دەشڵێت، لە باشوری لوبنانیش ئیسرائیل بۆردومانی كردووە بەهۆیەوە ١٦ كەسی تر كوژران كە چوار كەسیان كارمەندی تەندروستی بوون.
هاوكات، بەرەبەیانی ئەمڕۆ حزبوڵای لوبنانی رایگەیاند، بە موشەك هێرشیان كردوەتەسەر پێگەیەك كە سەر بە ناوەندی هەواڵگری سەربازی ئیسرائیل بووە لە تەلئەبیب و بە موشەكیش هێرشی كردوەتەسەر پێگەیەكی سەربازی لە شاری تەیر حەرفای ئیسرائیل.
بەڕێوبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم رایگەیاند، بۆ رێگریكردن لە جەنگ پێویستە ئەنجامی دانوستانە ئەتۆمییەكان باش بن.
رافائیل گرۆسی، دوای كۆبونەوەی لەگەڵ عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تارانی پایتەختی ئەو وڵاتە رایگەیاند؛ بۆ رێگریی لە جەنگ پێویستە دانوستانە ئەتۆمییەكان لەگەڵ تاران ئەنجامی باشی هەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ئێران ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانە ئەتۆمییەكان و پابەندبون بە پێورەكانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ پیتداندنی یۆرانیۆم لە وێستگە ئەتۆمییەكانی خۆیدا.
بە وتەی گرۆسی ئێران ئامادە نییە لە ژێر هیچ فشارێكدا ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم كەمبكاتەوە، بەڵام ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دەستپێكردنەوە دانوستانە ئەتۆمییەكانی لەگەڵ وڵاتانی ٥ كۆ یەك تاوەكو ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ٦٠٪ بۆ رێژەی رێگەپێدراو كەمبكاتەوە.
دەم پارتی و پارتی ئایندە دژی دانانی قەیوم كۆبونەوە و داودئۆغڵوش دەڵێت، ئامادەن بۆ چارەسەری پرسی كورد لەگەڵ سەرجەم پارتەكان دانوستان بكەن.
هەر دوو هاوسەرۆكانی گشتی پارتی یەكسانی و دیموكراسی گەلان دەم پارتی لەگەڵ ئەحمەد داودئۆغلۆ سەرۆكی پارتی ئایندە لە توركیا كۆبونەوە و لە كۆنفرانسێكی هاوبەشدا جەختیان لە چارەسەری پرسی كورد و دانانی قەیوم لە توركیا كردەوە.
حاتەم ئۆغلاری دژایەتی دەمپارتی بۆ قەیوم دەربڕی و رایگەیاند؛ دەبێت سەرجەم لایەنەكانی توركیا تێبكۆشن بۆ ریشەكێشكردنی قەیوم لە توركیا، چونكە وڵاتەكە پێویستی بە ئاشتییە.
داود ئۆغڵوش لە كۆنفڕانسە هاوبەشەكەی لەگەڵ هاوسەرۆكانی دەمپارتی جەختی لە گرنگی پەیوەندی و گفتوگۆی لایەنە سیاسییەكانی توركیا كردەوە و وتی وەك پارتی ئایندە ئامادەن بۆ چارەسەری دیموكراسیانەی پرسی كورد كاری هاوبەش بكەن.
سودانی رایگەیاند، حكومەت گرنگی بە كاركردن لەگەڵ كۆمپانیای نەوتییە جیهانیە گەورەكان دەدات و وەبەرهێنانیش لە غاز و وزە خاوێنەكان لە پێشینەی كارەكانیەتی.
نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، سودانی پێشوازی لە پیتەر كۆستیلۆ جێگری سەرۆكی جێبەجێكار و بەڕێوەبەری كۆمپانیای شێڵ لە عیراق و ئیمارات كرد و تاوتوێی پەرەپێدانی كەرتی نەوت و غازیان كرد.
دەشڵێت، لە كۆبونەوەكەدا باس لە كارەكانی كۆمپانیای شێڵ كرا لە عیراق لە بواری دەرهێناندا لەگەڵ پەرەپێدانی كەرتی نەوت و غاز و وزەی خاوێن بە لەبەرچاوگرتنی ژینگەی وڵات و هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی دەردانی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن.
كۆمپانیای شێڵ كۆمپانیایەكی جیهانییە و كار لە وەبەرهێنانی نەوت و غاز و پرۆكیمیایی دەكات و ساڵی ٢٠١٥ یەكەم گرێبەستی كاركردنی لەگەڵ عیراق ئیمزاكردووە بۆ كاركردن لە پرۆژەی نبراس و ٤٠ هەزا رهەلی كاری رەخساندووە.
وەزیری وزەی لوبنان رایگەیاند، حكومەتی عیراق بۆ ساڵی چوارەم لەسەر یەك، رەزامەندی نیشاندا لەسەر نوێكردنەوەی رێككەوتنی سوتەمەنی لەگەڵ لوبنان.
وەلید فەیاز وەزیری وزە و ئاوی لوبنان رایگەیاند، ئاگاداركرانەوە لەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر داواكارییەكەیان بۆ درێژكردنەوەی گرێبەستی ناردنی سوتەمەنی لە عیراقەوە بۆ وڵاتەكەیان تا كۆتایی ساڵی ٢٠٢٥.
دەشڵێت، حكومەتی عیراق رەزامەندی نیشانداوە لەسەر درێژكردنەوەی كاركردن بە رێككەوتنی ئێستا تاكۆتایی ٢٠٢٤ ، ئەمەش بەمەبەستی تەواوكردنی ئەوەی لە دەقی گرێبەستەكەیاندا هاتووە.
گرێبەستەكەی نێوان عیراق و لوبنان لە كۆتایی مانگی رابردوو كۆتایی هات، بەڵام بۆ ساڵی داهاتووش درێژكراوەتەوە، بەگوێرەی گرێبەستەكە عیراق ساڵانە یەك ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن سوتەمەنی بۆ لوبنان دەنێرێت لە بەرامبەر كڕینی خزمەتگوزاری لەناوخۆی لوبنان بە لیرەی لوبنانی.
تا ئێستا ژماردنی دەنگەكان بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كۆتایی نەهاتووە، بەڵام كۆمارییەكان توانیویانە بە بردنەوەی ٢١٨ كورسی، ڕێژەی یاسایی بۆ بەدەستهێنانی ئەنجومەنەكە بەدەستبهێنن.
میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، ئەو سەركەوتنەی كۆمارییەكان رێگەیەكی ئاسانتر بۆ دۆناڵد ترامپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمریكا و پارتەكەی دەڕەخسێنێت تاكو پلانەكانیان بۆ كابینەی داهاتوو بچەسپێنن.
بەپێی دوایین ئاماری بڵاوكراوە، دیموكراتەكان توانیویانە ٢٠٨ كورسی لە ئەنجومەنی نوێنەران مسۆگەر بكەن و ٨ كورسیش لەكۆی ٥٣٤ كورسی دامەزراوەكە تا ئێستا یەكلا نەبووەتەوە.
ئەمەش لەكاتێكدایە بێ گوێدانە ئەو كورسیانەی كە ماونەتەوە، بە بردنەوەی ٢١٨ كورسی لەلایەن كۆمارییەكانەوە، سەركردایەتی ئەنجومەنەكە هاوشێوەی ئەنجومەنی سینات، دەكەوێتە دەستی كۆمارییەكان و بەمشێوەیەش سەرۆكایەتی هەردوو ئەنجومەنی كۆنگرێس دەكەن.
وەزارەتی ناوخۆی هەرێم رایگەیاند، بۆ پرۆسەی سەرژمێری سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لە شەوی 19 لەسەر ٢٠ی ئەم مانگە لە سەعات ١٢ دەست پێدەكات و تاوەكو سەعات ١٢ی شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەنراوێكدا دەڵێت، بۆ جێبەجێكردنی پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان جوڵەی هاووڵاتیان و ئۆتۆمبێل لە كاتی جێبەجێكردنی قەدەغەی هاتووچۆ سنوردار دەكرێت لە نێوان پارێزگاكان و قەزاكان و ناحیەكان و لە نێوان شارنشین و گوندنشیندا، یاخود لە نێوان ناحیە و قەزا و بە پێچەوانەوە، جگە لە حاڵەتە مرۆیی و زۆر پێویستەكان و بارودۆخی سروشتی و ئەمنی.
ئەوەشهاتووە، لایەنە ئەمنییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئامار لە پارێزگاكان و ئیدارەكان، بژمێرەكان و بەڕێوەبەری گەڕەك و گوند و یاریدەدەرەكانیان لەگەڵ سەرپەرشتیاران و چاودێران بە فەرمی ڕێگەیان پێدەدەرێت هاتوچۆ بكەن، ڕێگە بە ڕۆژنامەنوسان و ڕاگەیاندكاران دەدرێت هاتوچۆ بكەن.
وەزارەتی ناوخۆ دەشڵێت، هەموو ئەو كەسانەی كە ئەركیان پێ سپێردراوە و لە ئێشگگریدان لە قەدەغەی هاتوچۆ بەدەرن.
ئێران مانۆڕی سەربازیی دەست پێدەكات و فەرماندەكانی سوپای پاسدارانیش دەڵێن، وەڵامێكی توندی ئیسرائیل دەدەنەوە.
میدیاكانی ئێران بڵاویانكردەوە، رۆژی پێنجشەممە مانۆڕی سەربازیی تایبەت بە ناوی نەسروڵا لە تاران دەستیپێكردوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئامانج لە مانۆڕەكە ئامادەكارییە بۆ روبەڕوبونەوەی قەیرانە نەخوازراوەكان كە بە سەرپەرشتیی سوپای پاسداران بەڕێودەچێت.
لە دەستپێكی مانۆڕەكەدا حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران رایگەیاند: تۆڵە لە ئیسرائیل دەكەنەوە و ئەمریكا و ئەروپاش وەك هاوپەیمانی ئەو وڵاتە ناتوانن رزگاری كەن.
سبەینێ یەكەم قۆناغی پرۆسەی سەرژمێری لە هەرێم و عیراق دەست پێدەكات و تیمەكان سەردانی ماڵی هاووڵاتیان دەكەن بۆ زانینی ژمارەی تەواوی ئەندامانی خێزانەكان.
بەپێی ئەو پلانەی بۆ سەرژمێری گشتی داڕێژراوە، بڕیارە سبەینێ هەینی تیمەكانی سەرژمێری گشتی سەردانی ماڵان بكەن و تا ١٩ـی مانگ وەك قۆناغی یەكەمی پرۆسەی سەرژمێری گشتی لە عیراق و هەرێم بەردەوام بێت.
لەم قۆناغەدا تیمەكانی سەرژمێری سەردانی ماڵەكان دەكەن و ژمارەی ئەندامانی خێزانەكان تۆمار دەكەن.
لە ٢٠ و ٢١ی ئەم مانگه سەرژمێری گشتی لە عیراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت و ئەوە قۆناغی دووەمی پرۆسەكەیە و كۆتایی سەرژمێری دێت.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لێبوردنی تایبەتی بۆ ٢٥ سزادراوی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان دەركرد و ئازداكران.
ئیحسان عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی چاكسازییەكانی هەرێمی كوردستان بە كوردسات نیوزی ڕایگەیاند، بە لێبوردنی تایبەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ٢٥ سزادراو لە چاكسازییەكانی هەرێم ئازادكراون كە دانیشتووی هەرێمی كوردستانن.
بەڕێوەبەری گشتی چاكسازییەكان ئەوەشی خستەڕوو، ئەوانەی بەر لێبوردنەكە كەوتوون سەرجەمیان نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، لەو ژمارەیەش ١٧ كەسیان تووشبووی شێرپەنجە و جەڵتەی مێشكن.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی شاری سلێمانیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، سلێمانی پایتەختی دێرینی بابان، پایتەختی یەکەمین حکومەتی میللی و پایتەختی شۆڕشگێڕی و رۆشنبیری و فەرهەنگی وڵاتەکەمانە، هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتكردنی سلێمانی پێشكەشی دەكەین.
دەقی پەیامەکەی مەکتەبی ساسیی یەکێتی...
بە شانازیەوە ئیمڕۆ یادی ۲٤۰ ساڵەی بونیادنانی شاری سلێمانی دەكەینەوە كەلەمێژووی کورد وکوردستان و لە هەناوی کۆمەڵی کوردەواریدا، شوێنێکی گەورەو پێشەنگ وجاویدانی هەیە،شاری سلێمانی پایتەختی دێرینی بابان، پایتەختی یەکەمین حکومەتی میللی و پایتەختی شۆڕشگێڕی و رۆشنبیری و فەرهەنگی وڵاتەکەمانە
وێرای پیرۆزباییمان لەگشت خەڵكی شار ،بە ئەركی لێنەبڕاوی خۆمانی دەزانین لەبەرامبەر ئەو متمانە بەردەوامەی كە سلێمانی بە حزبەكەی خۆیان ، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیانە و بە تایبەتی لەخولی ئەمجارەی هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دووپاتیان کردەوە، هەرچی لە تواناماندا بێت بۆ خزمەتكردنی زیاتر و زیاتری جوانتركردنی سلێمانی پێشكەشی دەكەین
هەمیشە سەوز و ئاوەدان بێت سلێمانی ، هەمیشە گەشاوە بێت سلێمانی شارە حەیاتەکە
مەكتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە یادی بنیاتنانی سلێمانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، سازش ناکەین و رێگە بە هیچ سیاسەتێکی چەوت و نادروست نادەین بەرامبەر ئەم شارە جێبەجێبکرێت، سلێمانی لە رۆحماندایە و وەک چاومان دەیپارێزین.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بافڵ...
ئەمڕۆ بە خۆشەویستییەکی زۆر و دڵێکی پڕ لە هیواوە یادی 240 ساڵەی بونیادنانی شاری سلێمانی دەکەینەوە، یادی شارێك دەکەینەوە کە هەموو رۆژێک شانازییەک بۆ مێژووە زێڕین و درەوشاوەکەی تۆماردەکات و دەگەشێتەوە.
ئەمڕۆ لە قووڵایی دڵمانەوە دروود و سڵاو بۆ هەموو ئەو کەسایەتییە سیاسی، رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییانە دەنێرین کە بەشێکی گرنگ و کاریگەری مێژووی شارە حەیاتەکە بوون و سلێمانییان کردە سیمبوولی کوردایەتی و دادپەروەری. بە پێزانینەوە یادی ئەو نووسەر و هونەرمەندانەمان دەکەینەوە کە مۆرکی رۆشنبیرییان بە شاری شاران بەخشی و سەری رێز بۆ مێژووی هەوڵدان و پڕ لە بەرهەمیان دادەنەوێنین. بێگومان دڵسۆزی و خۆڕاگریی سلێمانییە سەربەرزەکانیش لەیادناکەین کە سەرباری هەموو دۆخە سەخت و دژوارەکان، کە سەرەڕای هەموو سزا سیاسی و جیاکارییەکان، وەک گۆیژە بەپێوە مانەوە.
ئەوانەی لە رابردوودا و بە هەر مەبەستێک دژایەتیی سلێمانییان کردووە و بە هەر هۆکارێک ئەم شارەیان فەرامۆشکردووە، بەداخەوە نە ئاشنای مێژووی شارەکەن و نە دەتوانن لەو رۆحە زیندووە ئازادیخوازەی خەڵکەکەی تێبگەن. راستییەکە و حاشای لێناکرێت سلێمانی تاکڕەوی و نادادی رەتدەکاتەوە، بیرە ئازاد و رۆشنگەرەکەی نایەوێت تەسلیمی ئیرادەیەکی فەرزکراوبێت و دژی خواستەکانی بوەستێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ سلێمانی و خەڵکەکەی پێویستییانە، ئاوەدانی و خزمەتگوزارییە. ئەوەی دەبێت پێشکەشی سلێمانی بکرێت پێویستە زۆر لەوە زیاتر بێت کە بە کوردستانی بەخشیووە و دەیبەخشێت. بۆ ئێمەش کە بەرپرسیارێتیی ژیانی خەڵک و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانمان لەسەر شانە، سازش ناکەین و رێگە بە هیچ سیاسەتێکی چەوت و نادروست نادەین بەرامبەر ئەم شارە جێبەجێبکرێت، سلێمانی لە رۆحماندایە و وەک چاومان دەیپارێزین.
بافڵ جەلال تاڵەبانی
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
لە گەڕەكی بەكرەجۆی شاری سلێمانی، برایەك لە شیرینی خەودا دوو خوشكی خۆی دەكوژێت و بۆ شوێنێكی نادیار هەڵدێت.
پۆلیسی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، تائێستا هۆكاری رووداوەكە ئاشكرانەبووە، لە هەمانكاتیشدا بكوژەكە هەڵهاتووە و هێشتا دەستگیرنەكراوە.
هاوكات سامان نادر بەڕێوەبەری فریاكەوتنی سلێمانی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، یەكێك لە كچە كوژراوەكان تەمەنی ٢٢ ساڵە و ئەوی دیكەشیان ١٩ ساڵە.