فراكسیۆنە كوردستانییەكان و سەرۆكی دادگای فیدراڵی بۆ تاوتوێكردنی كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆبوونەوە و بریاردرا هەفتەی داهاتوو هەرێم و عێراق و دادگای فیدراڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەكە كۆبنەوە.
هەرێم كەمال ئاغا، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی بە كوردسات نیوزی راگەیاند، وەكو سەرۆكی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەگەڵ سەرۆكی دادگای فیدراڵی تایبەت بە كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم كۆبوونەوەتەوە.
ئەوەشی خستەڕو، لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژەیان بەوەكردووە، وەزیری دارایی فیدراڵ پابەندی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی نابێت تایبەت بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و ناردنی موچەی پەیوەستكردووە، بە رادەستكردنی داهاتی نەوت و نانەوتی هەرێم و ململانێ سیاسییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد، لە بەرامبەریشدا سەرۆكی دادگای فیدراڵی جەختیلەوەكردووەتەوە، كە پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تێكەڵی هیچ بابەتێكی دیكە نەكرێت و لەكاتی خۆیدا بنێردرێت.
هەرێم كەمال ئاغا وتیشی، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردراوە هەفتەی داهاتوو بە سەرپەرشتی سەرۆكی دادگای فیدراڵی لەسەر ئاستی باڵا كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ ئەنجامبدرێت و تێیدا كێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەكلایی بكرێتەوە.
هاوكات، شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران كە یەكێك لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكە وتی، سەرۆكی دادگای فیدراڵی جەختیلەوەكردووەتەوە، كە ناوەڕۆكی بڕیارەكانیان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەشێوەیەكە، نابێت لە ژێر هیچ پاساوێكدا دەست بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ببرێت.
بەلەمێكی كۆچبەران لە دەریای ئیجە ژێرئاوكەوت و بەهۆیەوە هەشت كۆچبەر خنكان، كە شەشیان منداڵ و دووانیان ژنن.
پاسەوانی كەناراوەكانی یۆنان رایگەیاند، لەئەنجامی نوقومبوونی بەلەمێك لە دەریای ئیجە لە باكوری دورگەی سامۆس، هەشت كۆچبەر خنكان، كە دووانیان ژن و شەشیشیان منداڵ بوون و نزیكەی ٤٠ كۆچبەریش رزگاركراون و گەڕان بەدوای چارەنووسی كۆچبەرانی تریش بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستەش ئۆپەراسیۆنێكیان دەستپێكردووە، چونكە بەلەمەكە ژمارەیەكی زۆری كۆچبەرانی هەڵگرتبوو، بەڵام تائێستا بە تەواوی نازانرێت چەند كەسی تێدا بووە.
پاسەوانی كەناراوەكانی یۆنان ئاماژەی بەوەشكرد، تا ئێستا ناسنامەی كۆچبەرەكان ئاشكرا نەكراوە و كۆچبەرە رزگاربووەكانیش گواستراونەتەوە بۆ دوورگەی سامۆس .
سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری رایدەگەیەنێت، هەموو هەوڵەکانیان لە چوارچێوەی یاسا بەرکارەکاندا دەبێت بۆ رێگریکردن لە هەر یاسا شکێنییەک کە زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی و هاووڵاتیان بگەیەنێت.
ئەمڕۆ جەلال شێخ ناجی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری لە بەغداد لەگەڵ قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق کۆبووەوە و لە دیدارێکدا جەخت لە پێویستی بەردەوامی هەماهەنگییە هەواڵگری و ئەمنییەکان لەنێوان هەرێم و عیراق کرایەوە لەپێناو پاراستنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری زیاتر لە وڵاتدا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا دواین پێشهاتە ئەمنییەکان، پرسی رووبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی تیرۆریستان و یاسا شکێنان و هەموو ئەوانەی دادگا داوایان دەکات تاوتوێکراو بڕیاری هاریکاری زیاتر لەنێوان هەردوولا درا بە ئاڕاستەی سەروەربوونی یاسا و پاراستنی ئارامی و ژیانی خەڵک.
هاواکات جەلال شێخ ناجی سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/زانیاری جەختی لە بەردەوامی هەوڵەکانیان کردەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و رایگەیاند، بوونی پەیوەندی و بەرزکردنەوەی ئاستی هاریکارییە ئەمنییەکان فاکتەرێکی باشتر دەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشلکارییەکان.
ئەوەشی خستەڕوو، هەموو هەوڵەکانیان لە چوارچێوەی یاسابەرکارەکاندا دەبێت بۆ رێگریکردن لە هەر یاسا شکێنییەک کە زیان بە ئاسایشی نەتەوەیی و هاووڵاتیان بگەیەنێت، بە توندترین شێوەش رووبەڕووی ئەو کەسانە دەبنەوە کە سنوورەکانی یاسا دەبەزێنن.
سەرۆك وەزیرانی عیراق رایدەگەیەنێت، "ئیسرائیل بە بیانووی بێ بنەما هەڕەشە لە عیراق دەكات و تەنها دەیەوێت شەڕەنگێزی بڵاوبكاتەوە".
محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە رێوڕەسمی یادی ١٠٠ ساڵەی وەزارەتی عیراق رایگەیاند، "عیراق یەكێكە لە دیارترین ئەندامانی دامەزرێنەری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە ئامادەییەكی نێودەوڵەتی و جێگەی لە زۆرێك لە روداوە گرنگەكانی مێژووی ناوچەكەدا هەبووە".
وتیشی، "ئیسرائیل بە بیانووی ناڕاست و بێ بنەما كە مەبەستیەتی شەڕەنگێزی بڵاوبكاتەوە، هەڕەشەی لە عیراق كردووە و بە دانپێدانانی نەتەوە یەكگرتووەكانیش، عیراق هەموو مەرجەكانی گۆڕانكاری لە دیموكراسی و سیاسی و گەشەپێدان بەدیهێناوە".
سودانی ئاماژەی بەوەشكرد، عیراق بەهۆی سیاسەتەكانی رژێمی دیكتاتۆری پێشوو تووشی گۆشەگیری بوو، بەڵام لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ـی وە بە خێرایی پێگەی خۆی بەهێزكردەوە و گەڕایەوە ناو گۆڕەپانە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان.
لە ساڵی داهاتوودا سێ فڕۆكەخانەی نوێ لە عیراق دەكرێنەوە، وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت كردنەوەی فڕۆكەخانەكان كاریگەری گەورەیان لەسەر گەشەسەندنی ئابووری دەبێت.
مەیسەم سافی وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عیراق رایگەیاند، حكومەتی ئێستا پلان و بەرنامەی ستراتیژی هەیە تایبەت بە بواری گواستنەوە بەتایبەتیش رێگەی گەشەپێدان كە لەناو ١١ پارێزگای عیراقدا تێدەپەڕێت و سێ فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ رێگەی گەشەپێداندا دەبێت كە بریتین لە فڕۆكەخانەكانی بەغداد و بەسرە و نەجەف.
وتیشی، لە ئێستادا كاركردن لە فڕۆكەخانەی ناسریە گەیشتووەتە ٧١% و فڕۆكەخانەی نەینەوا گەیشتووەتە ٨٦% و كارەكانی فڕۆكەخانەی كەربەلاش بەرەو كۆتایی دەچێت و بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا هەرسێ فڕۆكەخانەكە بكرێنەوە كە كاریگەری گەورەیان دەبێت لەسەر زیاتر گەشەپێدان و بەهێزبوونی كەرتی ئابووری عیراق.
داواكاری گشتی توركیا فەرمانی دەستبەسەركردنی سەرۆكی شارەوانی لەسەركارلادراوی دێرسیم دەركرد، خۆپیشاندان و ناڕەزایش دژی دانانی قەیوم بەردەوامن.
دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی توركیا، بیرسەن ئۆرهان سەرۆكی شارەوانی دێرسمی دورخستەوە و قەیومی لە شوێنەكەی دانا، بڕیاری دەستبەسەركردنی بۆ دەركرد، رۆژی یەكشەممەش بۆ وتەلێوەرگرتن چووە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس، دواتر رەوانەی دادگا كرا، دادگاش فەرمانی دەستبەسەركردنی لە ماڵی خۆی بۆدەركرد، گەشتی دەرەوەی وڵاتیشی لێ قەدەغەكرد.
لە چوارچێوەیەی ناڕەزایەكانیش دژی دانانی قەیوم، رۆژی یەكشەممە لە گۆڕەپانی سەید رەزا لە دێرسیم و قەرس و ئاگری خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژ بە دورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكان و دانانی قەیوم لە شوێنەكانیان بەردەوام بوو.
رۆژی ٢٢ی ئەم مانگە وەزارەتی ناوخۆی توركیا بڕیاریدا بە دورخستنەوەی دوو سەرۆك شارەوانیی دێرسیم و پولور لە باكوری كوردستان، تا ئێستا چوار سەرۆك شارەوانیی سەر بە دەم پارتی و دوو سەرۆك شارەوانیی سەر بە جەهەپە دورخراونەتەوە و قەیوم لە شوێنیان دانراوە.
ئەمڕۆ خولی راهێنان بۆ بژمێرەكان دەكرێتەوە و پێنج رۆژ دەخایەنێت، كۆتایی ئەم مانگەش قۆناغی سێیەمی سەرژمێری لە هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات.
وەزارەتی پلاندانانی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، رۆژی دووشەممە خولی راهێنان بۆ سەرجەم بژمێرەكان دەكرێتەوە، لە پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان و پێنج رۆژ دەخایەنێت، لەو ماوەیەدا بژمێرەكان راهێنانیان پێدەكرێت لەبارەی چۆنییەتی پڕكردنەوەی فۆرمی سەرژمێری و پێدانی زانیاری بە هاووڵاتییان.
لە بەشێكی تری راگەیەنراوەدا هاتووە، ٣٠ی ئەم مانگە، قۆناغی كۆتایی پڕۆسەی سەرژمێری دەستپێدەكات، ئەو هاووڵاتییانەشی تاوەكو ئێستا بە هەر هۆكارێك بێت نەیانتوانیوە لە ڕۆژانی ١٧ تا ٢٢ی مانگ، ناوی خۆیان تۆمار بكەن، لە قۆناغی كۆتاییدا دەتوانن خۆیان تۆمار بكەن.
حكومەتی عیراق دوو كۆمپانیای نێودەوڵەتی بۆ پێداچوونەوە و رێكخستنەوەی سیستمی بانكیی رادەسپێرێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عیراق بۆ كاروباری دارایی رایگەیاند، چاكسازیی و رێكخستنەوەی سیستمی بانكیی یەكێكە لەو بابەتانەی كە حكومەتی عیراق زۆر بە جددی هەوڵی بۆ دەدات و هەنگاوی گەورەشی ناوە.
وتیشی پڕۆسەكە سەرەتا بە چاودێری و سەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە بانكە حكومییەكانەوە دەستیپێكردووە و دواتر بانكە ئەهلییەكانیش دەگرێتەوە و كار بۆ ئەوە دەكرێت سیستمی بانكیی لە عیراق هاوشێوەی سیستم و ستانداردە نێودەوڵەتییەكان بێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح باسی لەوەشكرد، لە چوارچێوەی چاكسازییەكاندا محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق دوو كۆمپانیای نێودەوڵەتی كە پسپۆڕی بواری سیستمە بانكییەكانن راسپاردووە، پێداچوونەوە بۆ رێكخستنەوەی سیستمی بانكی لە عیراق بكەن.
یەكێتی ئەوروپا دەڵێت لوبنان لە كەناری داڕوخان و هەرەسهێنانی یەكجاریدایە و پێویستە بە زووترین كات هێرشەكانی ئێسرائیل بۆسەر ئەو وڵاتە رابگیرێت.
جۆزێپ بۆرێل لێپرسراوی سیاسەتی دەرەوەی یەكێتی ئەوروپا لە سەردانێكدا بۆ بەیروت لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، شەڕ و ئاڵۆزییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رەهەندێكی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و نابێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەستوەستان بێت و بە بێدەنگی بمێنێتەوە، چونكە تێكچوون و ناسەقامگیری ئاسایش و ئارامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باجەكەی بۆ هەموو جیهان زۆر قورس دەبێت.
وتیشی، هێرش و بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان تیمە تەندروستییەكان و نەخۆشخانە و خوێندنگەكانی كردووەتەوە ئامانج و لە ئێستاشدا لوبنان لە كەناری داڕوخان و هەرەسهێنانی یەكجاریدایە و پێویستە بە زووترین كات هێرشەكانی ئێسرائیل بۆسەر ئەو وڵاتە رابگیرێت و بۆئەو مەبەستەش یەكێتی ئەوروپا پشتیوانی ئەمریكا و فەڕەنسا دەكات.
هەینی داهاتوو ئێران و ژمارەیەك لە وڵاتانی ئەوروپا بۆ تاوتوێكردنی دۆسێی ئەتۆمی و پرسە هەرێمییەكان كۆدەبنەوە.
ئیسماعیل بەقایی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، بڕیارە رۆژی هەینی داهاتوو كە دەكاتە ٢٩ی تشرینی دووەم، لەگەڵ بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا بۆ تاوتوێكردنی دۆسێی ئەتۆمی و بابەتە هەرێمییەكان كۆببنەوە و هەوڵ دەدەن هەڵوێستی كۆتایی ئەوروپا لە بارەی دۆسێی ئەتۆمی ئێران بزانن كە دەیانەوێت رێككەوتنی ئەتۆمی بە كوێ بگات.
لەگەڵ ئەوەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران شوێنی كۆبوونەوەكەی ئاشكرا نەكرد، بەڵام میدیاكانی ئەوروپا بڵاویانكردووەتەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستیانكەوتووە، كۆبوونەوەكەی نێوان ئێران و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە شاری ژنێف لە سویسرا بەڕێوەدەچێت.
لە سنووری نەوسودی رۆژهەڵاتی كوردستان ژنە كۆڵبەرێك كوژرا و لە سنەش ماوەی پێنج رۆژە ژنە چالاكوانێكی مەدەنی دەستگیراوە و چارەنووسی نادیارە.
رێكخراوی هەنگاو بۆ مافی مرۆڤ بڵاویكردەوە، رۆژی 19ـی ئەم مانگە، لە سنووری نەوسود ژنە كۆڵبەرێكی تەمەن ٢٦ ساڵ كە دایكی منداڵێكە، بە دەسترێژی هێزە چەكدارەكانی ئێران برینداركراوە و دواتریش بە هۆی سەختی برینەكەیەوە رۆژی هەینی رابردوو لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری كرماشان گیانی لەدەستداوە.
ئەوەشی خستووەتەڕو، باوك و برای ئەو ژنە كۆڵبەرە كوژراوە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون.
هاوكات، رێكخراوی هەنگاو ئاماژەی بەوەداوە، سەیران خەسرەوی كە ژنە چالاكوانێكی خەڵكی سنەیە ماوەی پێنج رۆژە لەلایەن هێزەكانی ئیتڵاعاتی ئێرانەوە دەستگیركراوە و چارەنووسی نادیارە، دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەكانیش ئامادەنین روونكردنەوە لەسەر چارەنووسی بدەن.
كۆمكاری عەرەبی دەڵێت ئەو ئامارانەی ئیسرائیل بڵاویان دەكاتەوە لە بارەی ژمارەی ئەو هێرشانەی لە عیراقەوە دەكرێنە سەر وڵاتەكەی دوورن لە راستییەوە.
ئەنجومەنی كۆمكاری عەرەبی لەسەر داوای عیراق كۆبووەوە و و تەوەری سەرەكی گفتوگۆكانیش باسی پەیام و هەڕەشەكانی ئیسرائیل بووە بۆ هێرشكردنەسەر عیراق لە بەرامبەر ئەو هێرشە درۆنی و مووشەكییانەی لەو وڵاتەوە لەلایەن گرووپە چەكدارەكانەوە دەكرێنە سەر ئیسرائیل وەك پشتیوانیكردن لە كەرتی غەززە و لوبنان.
لە كۆبوونەوەكەدا جەختكرایەوە، ئەو ژمارە و ئامارانەی ئیسرائیل بڵاویان دەكاتەوە لە بارەی هێرشی گرووپە چەكدارەكانی عیراق بۆسەر وڵاتەكەی دروون لە راستییەوە و بەو شێوەیە نییە كە باسی دەكات، بەڵكو تەنها ئامانجی ئەوەیە زۆربەی وڵاتانی ناوچەكە لە شەڕ و ئاڵۆزییەكان تێوەبگلێنێت.
ژمارەی ئاوارەكانی لوبنان لە عیراق لە ٤٠ هەزار كەس نزیك دەبێتەوە و زیاتر لە ٥٠٠ خێزانی سوریش لە لوبنانەوە هاتوونەتە عیراق.
كۆمیسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوە كردووە، لە ماوەی نێوان ٢٧ی ئەیلول تا ١٩ی ئەم مانگە، ٣٩ هەزار و ٧١ ئاوارەی لوبنان كە لە نزیكەی شەش و هەزار ٦٠٠ خێزان پێكهاتوون، گەیشتوونەتە عیراق و لە پارێزگاكانی نەجەف و كەربەلا و بابل و بەغداد و دیالە و سەڵاحەدین و موسەنا و نەینەوا شوێنی نیشتەجێبوون و هەموو پێداویستییەكانیان بۆ دابینكراوە.
راشیگەیاندووە، جگە لەو ژمارە ئاوارەیەی لوبنان، زیاتر لە ٥٠٠ خێزانی سوریش كە لوبنان ئاوارەبوون، لەو وڵاتەوە هاتوونەتە عیراق و لەگەڵ ئاوارەكانی لوبنان شوێنی نیشتەجێبوون و هەموو پێداویستییەكانیان بۆ دابینكراوە و لە ئێستاشدا ٤٩٣ خێزانی تری ئاوارەی لوبنان لە نەتەوە یەكگرتووەكان ناویان تۆماركردووە بۆئەوەی بگەنە عیراق.
دوو جوتیارە كوردەكەی ناوچەی سەرگەڕان دوای ٦ سەعات لە دەستیگركردنیان، بە فەرمانی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك ئازادكران.
رۆژی شەممە لەلایەن فرقەی ٨ی سوپای عیراقەوە، بەبیانوی نەبونی مۆڵەت بۆ كێڵانی زەوییەكەی كارتی نیشتمانی لە فەرمان خورشیدئاغا جوتیاری گوندی شەناغە وەرگیرابوو، ئەمڕۆش لەلایەن هێزێكی سوپای عیراقەوە دەستگیركران، هەروەها دەشتی خدر جوتیاری گوندی پەڵكانە، لەلایەن ئەو هێزەوە بەبیانوی نەوبوونی مۆڵەتی كێڵانی زەزییەكەی دەستگیركرا، دواتر بە فەرمانی رێبوار تەها پارێزگاری كەركوك ئازاد كران.
بە وتەی جوتیارانی كوردی سنورەكە، سەرەرای ئەوەی بەپێی ماددەی ١٤٠ی دەستور جوتیارانی كورد دەتوانن ئەو زەویانەی لە ناوچەی سەرگەران و دەوروبەری سكاڵایان لەسەر نییە بكێڵن، بەڵام سوپای عیراق ئەو ماددە دەستوریە پێشێلدەكات و بەردەوامە لە دەستگیركردنی جوتیارانی كورد.
رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەران هەمواركردنەوەی یاسای بودجە تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم تاوتوێدەكات، ئامانج رەحیم دەڵێت، لەدوای پەسەندكردنی هەموارەكە، نەوتی هەرێم رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ دەكرێت.
بە گوێرەی كارنامەی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران، رۆژی سێشەممە ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی یەكەم بۆ هەمواری یاسای بودجەی سێ ساڵە دەكات كە ماددەیەكی تایبەتە بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
ئامانج رەحیم سكرتێری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەڵێت، بەگوێرەی هەموارەكە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە خەرجییە سەروەرییەكانی ناو بودجە، قەرەبووی حكومەتی هەرێم دەكاتەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم لەلایەن كۆمپانیای سۆمۆوە بۆ بازاڕەكانی جیهان.
دەشڵێت، لەدوای پەسەندكردنی هەموارەكە و كەوتنە بواری جێبەجێكردنەوە، پێویستە نەوتی هەرێم رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكرێت بۆ بە بازاڕكردنی لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیاوە.
هاوكات، هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، پێشبینیدەكەن لە ئایندەیەكی نزیكدا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستپێبكاتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر هاتوچۆی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و ماتۆڕسكیلی قەدەغەكرد بۆ رێكخستنەوەی شەقامەكانی شار.
بەپێی راگەیەنراوێكی هاتوچۆی هەولێر، بەكارهێنانی ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا لەسەرجەم شەقامەكانی شاری هەولێر قەدەغەیە، هەروەها هاتووچۆی پایسكیل و مۆتۆرسیكل بەهەردووجۆری دووتایە و سێ تایە لەسەر شەقامی خێرایی 120 مەتری و 150 مەتری قەدەغەیە، هەروەها هاتووچۆكردنی ئۆتۆمبێلی قورس كەلەبواری بیناسازی و كشتوكاڵی بەكاردەهێنرێن كەخێرایەكانیان لە 80كیلۆمەتر لە سەعاتێكدا كەمترە لە هەردوو شەقامی 120 و 150 مەتری قەدەغەیە، بەڵكو دەبێت لەسەر فلات بگوازرێنەوە.
دەشڵێت هەرشوفێرێك سەرپێچی ئەو بڕیارە بكات ڕێكاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر و ئۆتۆمبێل یاخود ماتۆڕسكیلەكەی دەستی بەسەر دادەگیرێت.