هەواڵەکانهەواڵەکان

هاوسەرۆكی شارەوانی قەزایەكی سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان دەستگیركرا.

پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، چەنگیز دوندار هاوسەرۆكی شارەوانی قەیاپناری سەر بە پارێزگای ئامەد، بەتۆمەتی ئەندامێتی لە رێكخستن دەستگیركراوە.

وتیشی، چەنگیز دوندار كە ئەندامی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان(دەم پارتی)یە و لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا هاوسەرۆكی شارەوانی قەیاپناری سەر بە ناوەندی ئامەد بووە، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە پۆستەكەی دوورخراوەتەوە و دەستگیركراوەو  قەیوم لە شوێنەكەی دانراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

.لە خۆپیشاندانەكانی ٢٥ی نۆڤەمبەر ١٥٠ ژن لە ئیستەنبوڵ دەستبەسەركران

بە پێی میدیاكانی توركیا، هەرچەندە پارێزگاری ئیستەنبوڵ هەموو جۆرە خۆپیشاندان و گردبونەوەیەكی قەدەغە كردبوو، بەڵام لە ٢٥ی نۆڤەمبەر ژنان گەمارۆكانی پۆلیسیان تێپەڕاندو خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

ژنانی ئیستەنبوڵ سەرەڕای هەموو ئاستەنگەكان لە كاراكۆی چالاكیان ئەنجامدا و دووپاتیان كردەوە ڕێگە بە توندوتیژی نادەن، لە ئەنجامدا لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانەوە، بەیانوی بەرزكردنەوەی دروشمی رێگەپێنەدراو، ١٥٠ ژن دەستبەسەركران.

لەلایەكی ترەوە سەرەڕایی قەدەغەی گردبوونەوە و رێپێوان، ژنانی ئامەد لە چوارچێوەی چالاكییەكانی ٢٥ی نۆڤەمبەر، لە گۆڕەپانی شێخ شەعید خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، كە هەریەك لە هاوسەرۆكی دەبەپە و پەرلەمانتاران و هاوسەرۆكانی شارەوانی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكان كرد.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بۆ یەكەمجار كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سەرۆكایەتی مەحمود مەشهەدانی بەرێوەدەچێت و یەكێك لە بڕگەكانیش تاوتوێكردنی هەمواری یەكەمی یاسای بودجەیە. 

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەنجومەنەكە ئەمرۆِ سێشەممە كۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لە بارەی پێنج تەوەر دەكات كە تەوەری یەكەمیان دەنگدانە لەسەر رێككەوتنی نێوان عیراق و روسیا لە بواری ئاسمانیدا.

ئاماژە بەوەشكراوە، تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە خوێندنەوەی یەكەمە بۆ هەمواری ماددەی ژمارە 13ی یاسای بودجەی فیدرالی 2023 و 2024 و 2025. كە تایبەتە بە تێچووی دەرهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەوەشهاتووە، لە بەشێكی تری كۆبونەوەكە خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاسای فرۆكەوانی مەدەنی و پرۆژەیاسای بەرگری شارستانی و قوربانیانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب و قوربانیانی حەمدانیە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق دەڵێت، گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغداد و گەیشتن بە بڕیاری یەكلاكەرەوە لەبارەی دارایی و وزە پێویستی بە پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزە  و هانی لایەنەكانی هەرێم دەدات، بەزووترین كات حكومەت پێكبهێنن.


ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق ئاماژەی بەوەدا، بەرپرسیارێتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم لە ئەستۆی لایەنە سیاسییەكانە، بەڵام بەهۆی بێ متمانەیی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە لەنێویاندا یەكێتی و پارتی ئەم قۆناغە سەخت دەبێت.


ئەوەشی خستەڕوو، گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغداد بەتایبەتی لە رووی دارایی و وزەوە و گەیشتن بە بڕیاری یەكلاكەرەوە و راستكردنەوەی رێڕەوی پەیوەندییەكانیان، پێویستی بە حكومەتێكی بەهێزە، بۆ ئەمەش داوا لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كوردستان دەكەن، بەزووترین كات حكومەتی نوێی هەرێم پێكبهێنن بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و گەلی كورد بە تایبەتی.


رۆمانۆسكی دەشڵێت، پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم بە زووترین كات و بەبێ دواكەوتن گرنگە و بەهێزی هەرێمی كوردستان یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزكردنی پێگەی حكومەتی فیدراڵ كە لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندایە لەساڵی داهاتوودا.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران ژمارەیەك بارەگای نوێیان لە سنوری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا دروستكردووە.


ئاژانسی نۆرس پرێس بڵاویكردەوە، گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران چوار بارەگای نوێیان لە دەوروبەری پارێزگای دێرەزوور دروستكردووە، كە سەرجەمیان دەكەونە سەر رووباری فورات و لە گوندی دوێڕە و مەیادیین و سەبیخان و قوریە.


هاوكات، سەرچاوەیەك لە سوپای پاسداران دەڵێت، گروپی چەكداری لیوای باقڕ، دوو بارەگای نوێیان لە شارۆچكەی عەشاڕەی رۆژهەڵاتی دێرەزوور دامەزراندووە، هەروەها گروپی چەكداری "لیوای فاتمیون"ـی بارەگایان لە بیابانی مەیادین دامەزراندووە.


دەشڵێت، لەئێستادا سەرقاڵی یەكخستنەوەی هێزەكانیانن لە دێرەزوور، دوای ئەوەی بەهۆی بۆردومانەكانی ئەم دواییانەی ئیسرائیلەوە بۆ سەر دێرەزوور لە ناوچەكە لاوازبوون.


لە چەند مانگی رابردوودا، بەهۆی چڕبوونەوەی شەڕی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل، گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران بەشێكی زۆری بارەگانیان چۆڵكرد و بەشێكیشیان كشانەوە سەر سنووری نێوان سوریا و لوبنان بۆ پشتیوانیكردنی حزبوڵا دژی ئیسرائیل.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی بارینی بەفرەوە ئاستەنگی هاتوچۆ لە باكوری كوردستان دروستبووە و و رێگای زیاتر لە ١٥٠ ناوچەش داخرا.


بارینی بەفر لە زۆربەی ناوچەكانی باكوری كوردستان بەردەوامە و رێگاكانی ١٥٤ گوند و ناوچەی پارێزگاكانی موش و بەدلیس داخران.


لە شارەكانی باكوری كوردستان زیاتر لە ١٠ سانتیمەتر بەفر باریوە و لە گوندەكانیش دو بۆ سێ هێندە بەفر باریوە، ئەوەش وایكردووە هاتوچۆی نێوان شار و گوندەكان روبەڕووی ئاستەنگی  ببێتەوە.


بەفر پارێزگای جۆلەمێرگ-یشی سپی پۆش كردوە و لەو پارێزگایە هاتوچۆی ئۆتۆمبێل روبەڕوی كێشە بوەتەوە، هەروەها بەفرێكی زۆر سێواش و ئەرزڕۆمی گرتوەتەوە.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی هێرشەكانی روسیاوە ئۆكراین نزیكەی نیوەی خاكی ناوچەیەك لەدەست دەدات و مۆسكۆش دەستگیركردنی سەربازێكی بەریتانی ئۆكراین رادەگەیەنێت.


ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس بڵاوی كردوەتەوە ئۆكرای ٤٠٪ی ناوچەكانی كورسك-ی روسیای لەدەستداوە و لە سەرەتای دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچەیەوە تا ئێستا ١٠٠ هەزار كەس لە دانیشتوانەكەی ئاوارە بوون.


ئوكراین نزیكەی دوو ساڵ و نیو  بەتەواویئەو ناوچەیەی روسیای كۆنتڕۆڵ كردبوو، لەئێستاشدا لانیكەم ٨٠٠ كیلۆمەتر د جا لە خاكی كورسك لە لایەن سوپای روسیاوە كۆنتڕۆڵ كراوەتەوە.


هوكات كەناڵی بی بی سی بڵاوی كردوەتەوە سەربازێكی پێشوی سوپای بەریتانیا بە ناوی سكۆت ئەندرسۆن لە لایەن سوپای روسیاوە لە ناوچەی كورسك بە تۆمەتی ئەندام بوون لە سوپای ئۆكراین دەستگیر كراوە.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

سبەینێ حكومەتی ئیسرائیل ڕێككەوتنی ئاگربەست لە لوبنان دەخاتە دەنگدانەوە، ئۆپۆزسیۆنیش داوا لە ناتانیاهۆ دەكات وردەكاری ڕێككەوتنی ئاگربەست بڵاوبكاتەوە.


دەیڤید مینسەر وتەبێژی حكومەتی ئیسرائیل ئاشكرایكرد، حكومەت بەرەو ڕێككەوتن هەنگاو دەنێت و سبەینێش بۆ دەنگدان لەسەر ئەو پرسە كۆدەبێتەوە، بەڵام هەندێك پرس هەن كە هێشتا هەڵپەسێردراون و پێویستە چارەسەر بكرێن،  بەبێ ئەوەی وردەكاری زیاتر بخاتەڕوو.


لای خۆیەوە ئیتامار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی ئیسرائیل دژایەتی خۆی بۆ ڕێككەوتنەكە دەربڕی و بە هەڵەیەكی مێژوویی دانا، لە بەرانبەردا بێنی گانتز سەرۆكی ئۆپۆزسیۆنی ئیسرائیل داوای لە ناتانیاهۆ كرد وردەكاری ڕێككەوتنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵا بۆ ڕای گشتی بڵاوبكاتەوە.


سەرچاوەیەكی ئاگادار لە دانوستانەكان ڕایگەیاندووە، ناتانیاهۆ لە میانی ڕاوێژكارییە ئەمنییەكان لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیل، بەو ڕێككەوتنە ڕازی بووە، ئاماژەی بەوەش كردووە، پێدەچێت دانوستانەكان بە شێوەیەكی ئەرێنی بەرەو ڕێككەوتن هەنگاو بنێن، هاوكات ئیدارەی جۆ بایدن، بەرپرسانی لوبنانی ئاگاداركردووەتەوە كە لەماوەی چەند سەعاتی داهاتوودا ئاگربەست ڕادەگەیەنرێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان داوا لە وڵاتانی ئەندامی لەدادگاكە  دەكات، هاوكاریان بن لە دەستگیركردنی ناتانیاهۆ و گالانت و دەشڵێت، هەر كام لەو وڵاتانە هاوكاریان نەبێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەكەن.

 
فادی عەبدوڵا، وتەبێژی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەدا، داوایان لە وڵاتانی ئەندامی پەیڕەوی ناوخۆی رۆما كردووە، پابەندی بڕیارەكانی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان بن لەبارەی دەستگیركردنی بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و یواف غالانت وەزیری بەرگری پێشووی ئەو وڵاتە.


ئەوەشی خستەڕوو، هەر وڵاتێكی ئەندام پابەندی بڕیارەكانی دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان نەبێت، پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی كردووە و بە كۆی دەنگی وڵاتانی ئەندام رێوشوێنی پێویستی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.


دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان دەشڵێت، دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن بۆ ناتانیاهۆ و گالانت تەنها سەرەتایە لە دۆسییەی ئیسرائیل و غەززەدا.


رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، دادگای نێودەوڵەتی تاوانەكان بە تۆمەتی "تاوانی جەنگ و تاوانی دژی مرۆڤایەتی لە غەززە" فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ناتانیاهۆ و گالانت دەركرد.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

بەهۆی دابەزینی بەهای تمەن، بەهای شتومەك لە ئێران زیاتر بەرزبووەتەوە و حكومەتیش دەڵێت  موچە بەرز دەكاتەوە.


ئاژانسی هەواڵی كاری ئێران (ئیلنا) بڵاوی كردوەتەوە نرخی كارەبا و گۆشت و هێلكە و كرێی خانو لە چوار مانگی رابردودا بە رێژەی زیاتر لە ٤٠٪ بەرز بوەتەوە و ئەوەش ژیانی خەڵكی وڵاتەكەی قورستر كردوە.


ئاژانسەكە رونی كردوەتەوە لەمساڵدا كرێی خانو لە ئێران ٤٢٪ و زۆربەی پێدواویستییە خۆراكییەكانیش ٤٠٪ بەرز بونەتەوە و هەڵاوسان گەیشتوەتە زیاتر لە ٤٠٪ ، ئەوەش بەرزترین رێژەی هەڵاوسانە لە مێژوی ئێراندا.


موحسین زەنگەنە، ئەندامی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند؛ بڕیارە ساڵی داهاتوو موچە لە وڵاتەكەدا بەڕێژەی لەسەدا ٢٠٪ بەرز بكرێتەوە و ئەوانەشی كەمترین ئاستی موچەیان هەیە بە رێژەی ٣٠٪ موچەكەیان بەرز دەكرێتەوە.


دابەزینی بەهای تمەن بەرامبەر دۆلار كاریگەریی زۆری لەسەر ئابوریی ئێران داناوە و ناكۆكییەكانی ئەو وڵاتەش لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت ئەمریكا وای كردوە بەهای یەك دۆلار بۆ زیاتر لە ٧٠ هەزار تمەن بەرز ببێتەوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

دادگای تاوانەكانی كەرخ  فەرمانی ١٠ ساڵ زیندانیكردنی بۆ نور زوهێر تۆمەتباری سەرەكی دۆسیەی دزی سەدە دەركرد.


دادگای تاوانەكانی كەرخ بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، لە دانیشتنێكیدا تایبەت بە دۆسییەی دزی سەدە، فەرمانی ١٠ ساڵ زیندانیكردنی بۆ نور زوهێر تۆمەتباری سەرەكی دۆسییەكە دەركرد، هەروەها سزای شەش ساڵ زینداینكردنی بەسەر رائید جوحی بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی پێشوودا سەپاندوو.


دادگای تاوانەكانی كەرخ هەروەها لەسەر هەمان دۆسیە سزای سێ ساڵ زیندانیكردنی بەسەر هەیسەم جبوری پەرلەمانتاری پێشووی عیراقدا سەپاند.


ساڵی ٢٠٢٢دۆسییەی دزینی دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە فەرمانگەی باجی عیراق ئاشكرابوو، كە لە رێگەی پێنج كۆمپانیاوە ئەو بڕە بە پارەیە بە چەند قۆناغێك لە بانكی رافیدەین هێنرابووە دەرەوە و برابووە دەرەوەی وڵات، نور زوهێریش كە سەرۆكایەتی دەستەی بەڕێوەبەری ئەو پێنج كۆمپانیایەی دەكرد لەسەر دۆسییەكە دەستگیركرا، بەڵام دواتر بە كەفالەت ئازادكرا.

 

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

مەشهەدانی لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبووەوە و داواشی لەلیژنەكان كرد سەرجەم پرۆژە یاسا پەكخراوەكان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن.


نوسینگەی ڕاگەیاندنی مەحمود مەشهەدانی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بڵاویكردەوە، لە كۆبوونەوەكەدا كۆمەڵێك دۆسیەی گرنگ تاوتوێ كراوە، لەوانەش یەكڕیزی و یەك هەڵوێستی فراكسیۆنەكان لەسەر دۆسیە نیشتیمانییەكان.


دەشڵێت، مەشهەدانی جەختیكردۆتەوە لەسەر پاڵپشتیكردنی كارەكانی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عیراق لەو ئاڵنگارییانەی ئەمڕۆ روبەڕووی بوونەتەو، لەوانەش هەڕەشەی دەرەكی بەتایبەت هەڕەشەی ئیسرائیل.


مەحمود مەشهەدانی سەبارەت بە پەسەندكردنی پرۆژە یاساكانی پەرلەمان وتی، باشترە سەرەتا دەنگ  لەسەر یاسای لێبوردنی گشتی بدرێت، چونكە پەیوەندی بە مافی مرۆڤەوە هەیە.


سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران هەروەها داوای لەسەرجەم لیژنەكان كرد سەرجەم پرۆژە یاسا پەكخراوەكان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران بكەن بەمەبەستی تاوتوێكردنیان.
 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

شەپۆلێكی سەرما و سۆڵە و بەفر و باران عیراق و هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، كەشناسیش هۆشداری دەداتە شۆفێران.


دەستەی كەشناسی عیراق پێشبینی دەكات، لەمشەوەوە شەپۆلێكی سەرما و باران و رەشەبا سەرتاسەری وڵات بگرێتەوە لەنێویشیاندا میسان، واست، دیالە، سلێمانی و سەلاحەدین و بەسرە.


ئاماژەی بەوەشكردووە، كاریگەری شەپۆلەكە بەتایبەت لە كاتەكانی بەرەبەیاندا چڕدەبێتەوەو ئەگەری بەستنی رێگا و بانەكان هەیە لە ناوچەكانی باكووری ڕۆژئاوای وڵات و باشووری ڕۆژئاوا.


هاوكات كەشناسی هەرێم دەڵێت، باران لە زۆربەی ناوچەكان دەبارێت و لە ناوچە شاخاوییەكان رێژەكەی زیاتر دەبێت، لەناوچە سنوورییەكانیش بەفر دەبارێت بەتایبەت ناوچە سنورییەكان پارێزگای هەڵەبجە.


هەروەها دەڵێت لە ناوچە شاخاوییەكانی پارێزگای دهۆك لەكاتەكانی دوانیوەڕۆدا نزیكەی 10سم بەفر دەبارێت.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

پارێزگاری بانكی ناوەندی دەڵێت، ساڵی داهاتوو میكانیزمێكی نوێی تایبەت بە حەواڵكردنی پارە بۆ چارەسەری پزیشكی و گەشتكردن رادەگەیەنن.


عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی عیراق لە پێنجەمین كۆڕبەندی هەفتەی عەرەبی بۆ بەگەشەپێدانی بەردەوام لە قاهیرەی پایتەختی میسر رایگەیاند، پێگەی دراوی عیراق لە ئێستادا زۆر نایاب و بەهێزە و كاردەكەن، بۆ دابینكردنی خواست و پێداویستییەكانی وڵات لە دراوی بیانی، بە پشتبەستن بەوەی عیراق قەبارەی یەدەگی دەرەكی زۆرە و دەتوانێت سەقامگیری دراو بەدەستبهێنێت.


ئاماژەی بەوەشدا، ساڵی داهاتوو میكانیزمێكی نوێی تایبەت بە حەواڵەكردن بۆ گەشت و چارەسەری پزیشكی رادەگەیەنن و لە رێگەیەوە كاروبارەكانی حەواڵەی هاوڵاتییان بۆ ئەو مەبەستانە فراوانتر دەكرێن.


پارێزگاری بانكی ناوەندی دەشڵێت، سەركەوتووبوون لە دابینكردنی دراوی بیانی بۆ خواست و پێداویستییەكانی ناوخۆی وڵات، لەنێویاندا خواستی حكومی و كەرتی تایبەت.


 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

لەمساڵدا زیاتر لە ١١٠ ژن لە باكوری كوردستان كوژراون، لە رۆژهەڵاتی كوردستانیش لانیكەم ١٨ ژن كوژراون.


كۆمەڵەی مافی مرۆڤ لقی ئامەد لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تەنها لەمساڵدا لانیكەم ١١٤ ژن لە باكوری كوردستان كوژراون، كە ٥٧ كەسیان  قوربانیی توندوتیژی بون لە لایەن كەسوكاری خۆیان یان بە دەستی ئەندامێكی خێزانەكانیان كوژاون.


هەر ئەمڕۆ تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان بڵاویكردەوە، لەمساڵدا لانیكەم ١٨ ژن لە رۆژهەڵاتی كوردستان كوژراون كە حەوت كەسیان پێشتر داوای جیابونەوەیان رادەستی دادگا كردووە، كە ١١ ژنیان لە لایەن هاوسەرەكانیانەوە كوژراوان و تەمەنی زۆربەی قوربانیانیش لە نێوان ١٨ بۆ ٥٠ ساڵدا بوە.


ئەو رێكخراوەیە رونی كردوەتەوە جگە لە توندوتیژیی خێزانی بەرامبەر ژنان لانیكەم ١٤ ژنی كورد لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەستگیر كراون و سزای زیندانییش بەسەر ١٦ ژندا سەپێنراوە دوو چالاكوانی ژنیش مەترسیی لەسێدارەدانیان هەیە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە

تەنها لە یەك مانگدا نزیكەی ٥٠ ژن لە توركیا كوژراون، لە ئێرانیش لەماوەی ٦ مانگدا نزیكەی ٨٠ ژن كوژراون.


"پلاتفۆرمی كوشتنی ژنان رادەگرین" لە نوێترین ئاماریدا ئاشكرای دەكات كە تەنها لە مانگی رابردودا ٤٨ ژن لە توركیا كوژراون و لە ماوەی ١٦ ساڵیشدا لانیكەم پێنج هەزار و ٥١ ژن كوژراون.


ئەو دامەزراوەیە ئاماژەی بەوە كردوە لە ئەمساڵدا ٤٠٦ حاڵەتی ژن كوشتن لە توركیا تۆمار كراوە و بەهۆی ئەوەی سزاكان دژی كوشتنی ژنان جێبەجێ ناكرێن یان كاریگەرییان نییە، كوژرانی ژنان لە وڵاتەكەدا زیادی كردوە.


لە لایەكی دیكەوە رۆژنامەی ئیعتیمادی ئێرانی بڵاوی كردوەتەوە كە لە شەش مانگی ئەمساڵدا ٧٨ ژن لە وڵاتەكەدا كوژران كە زۆربەیان لە لایەن كەسوكاری خۆیانەوە بوە.


رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردوە لە ماوەی سێ مانگدا ١٥ هەزار و ٧٦٤ حاڵەتی ئازاردانی جەستەیی ژنان لە ئێران تۆمار كراوە.

 

بەردەوامبە لە خوێندنەوە
1...381382383384385...992