ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ تاوتوێكردنی كێشەكانی موچە و ئەنجامی سەرژمێری لە كۆبونەوەدایە.
بەپێی راگەیەندراوێك ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم، لە كۆبونەوەدایەو تاوتوێی چەند پرسێك دەكەن.
ئەوەشهاتووە، لە بڕگەی یەكەمدا راپۆرتێك لەلایەن وەزیری پلاندانان سەبارەت بە بەڕێوەچوونی قۆناغی فۆرمی خێزانی لە پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان و سەركەوتوویی پرۆسەكە لە عیراق و هەرێم كە لە رۆژانی ٢٠-٢١ی ١١ی ٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، پێشكەش دەكرێت و قۆناغ و هەنگاوەكانی دیكەی پرۆسەكە تاووتوێ دەكرێن.
بڕگەی دووەمی كۆبونەوەكەش خستنەڕووی پرۆژە بڕیارێكی پێشنیازكراوە لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار.
هاوكات، پەیامنێری كوردسات نیوز لە زاری سەرچاوەیەك لە نێو كۆبوونەوەكەوە رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەدا وەزیری دارایی و ئابوری هەرێم ئامادەیەو باس لە كێشەكانی بەردەم دابەشكردنی موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١و ١٢ ی ئەمساڵ دەكرێت.
گروپی چەكداری مقاوەمەی ئیسلامی لە عیراق بەردەوامی هێرشەكانی بۆسەر ئیسرائیل راگەیاند.
گروپی چەكداری حزبوڵای عیراق رایگەیاندووە، لە هێرشەكانیان ناوەستن و بەردەوامدەبن لە بۆردوومانەكانیان بۆسەر سوپای ئیسرائیل لە هەر پێگەیەك بن.
دەشڵێت، وستانی جەنگ و راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنان پەیوەندی بە هێرشەكانی ئەوانەوە نییە.
حزبوڵای عیراق ئاماژەی بەوەشكردووە، هەڵویستی بزوتنەوەكەیان بەرانبەر كەیسی فەڵەستین نەگۆرەو هیچكات رێگە نادەن خوێنی ئەو هەموو فەڵەستینیە بە هەدەربچێت.
ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا كاردانەوەی نێودەوڵەتی لێكەوتەوە و زۆرینەی وڵاتان بە گەرمی پێشوازییان لێكرد.
بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دوای راگەیاندنی ئاگربەستەكە رایگەیاند، هەر پێشێلكارییەك لەلایەن حزبوڵاوە وەڵامی توندی دەبێت، وتیشی لەمەودوا سەرنجیان بە تەواوی لەسەر هەڕەشەكانی ئێران دەبێـت.
ئێرانیش بە گەرمی پێشوازی لە ئاگربەستەكە كرد و ئیسماعیل بەقائی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، وڵاتەكەی پێشوازی لە وەستاندنی دوژمنكارییەكانی ئیسرائیل دەكات و پشتگیری تەواویش بۆ حكومەت و گەل و بەرەی مقاوەمەی لوبنان دوپاتدەكاتەوە.
لای خۆشیەوە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا رایگەیاند، ئاگربەست دەرفەتێكە بۆ بەدیهێنانی سەقامگیری لە لوبنان و دەبێت رێگە خۆشكەر بێت بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززەش، لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكاش راگەیاندنی ئاگربەستەكەی بە رۆژێكی مێژوویی ناوبرد و هەریەك لە نەتەوەیەكگرتوەكان و بەریتانیا و یەكێتی ئەوروپا و كەنەدا و ئەڵمانیاش بە گەرمی پێشوازییان لە ئاگربەستەكە كرد.
سوپای ئەمریكا بۆردومانی كۆگایەكی هەڵگرتنی چەكی لە سوریا كرد.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریكا لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، هێرشیانكردووەتە سەر دامەزراوەیەكی هەڵگرتنی چەكی گروپە چەكدارەكانی نزیك لەئێران لە سوریا.
راشیگەیاند، ئەو بۆردوومانە وەك كاردانەوەیەكە بۆ هێرشەكەی رۆژی پێشتری گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران كە دژی هێزەكانی ئەمریكا لە سوریا ئەنجامدرا.
ئاماژەیبەوەشكرد، ئامانج لە بۆردوومانەكەیان بۆ سەر دامەزراوەیەكی هەڵگرتنی چەك بۆ كەمكردنەوەی توانای پلاندانان و دەستپێكردنی هێرشەكانی داهاتووی ئەو گروپانەیە بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە ناوچەكەدا، بۆ پشتیوانیكردن لەو ئۆپراسیۆنەی كە دژی تیرۆرستانی داعش لە ناوچەكە ئەنجامدەدرێت.
ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە لوبنان چووە بواری جێبەجێكردنەوە .
ئاگربەستەكە لە سەعات چواری بەیانی ئەمرۆوە چووەتە بواری جێبەجێكردن و بەپێی بەندەكانی ئاگربەستەكەش، سوپای ئیسرائیل لە ماوەی ٦٠ رۆژدا بە چەند قۆناغێك لە لوبنان دەكشێتەوە و حزبوڵاش لە ناوچەكانی لوبنان دەكشێتەوە بۆ باكوری روباری لیتانی، هاوكات سوپای لوبنان و هێزە ئەمنییەكانی لوبنان دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا دەگرن كە ئێستا لە ژێر كۆنترۆڵی سوپای ئیسرائیل و حزبوڵادان.
هەر بەپێی ئاگربەستەكە هەریەك لە لوبنان و ئیسرائیل بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان مافی بەرگریكردن لە خۆیان هەیە .
بە بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا، سەرجەم دەرچوانی کەرکوک و شەنگال و خانەقین و ناوچە دابڕێندراوەکان لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان وەرگیران.
وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێم لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بە بڕیاری د. ئارام محمد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، سەرجەم دەرچووانی کەرکوک و شەنگال و خانەقین و ناوچە دابڕێندراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە زانکۆکانی هەرێم وەرگیران، کە ژمارەیان نزیکەی ١٠٠٠ خوێندکارە.
هاوکات وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایگەیاند، چەندین ساڵە کارئاسانی تەواویان کردوە بۆ وەرگرتنی خوێندکاران و قوتابیانی ناوچە دابڕێندراوەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بە تایبەت ئەو خوێندکارانەی لە خوێندنگە کوردییەکان دەخوێنن بۆ ئەوەی دەرفەتی خوێندنیان بۆ بڕەخسێنن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان.
لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی داوا لە سەرجەم وەرگیراوان دەکات دوای دۆزینەوەی شوێنی وەرگرتنیان لە وێبسایتی رێگەی زانکۆ (regayzanko.com) پەیوەندی بە بەش و کۆلێژەکانیان بکەن بەمەبەستی ئەنجامدانی مامەڵەی دەستبەکاربوون لە زانکۆ و پەیمانگەکان لە هەرێمی کوردستان.
موقتەدا سەدر رێبەری رەوتی سەدر داوا لە گروپە چەكدارەكان دەكات لە شارەكان دووربكەونەوە و وێنەی ئەو و بنەماڵەكەی لە بارەگا و شوێنە گشتیەكان دابگیرێت.
موقتەدا سەدر رێبەڕی رەوتی سەدر، چوار فەرمانی بۆ هێزەكانی سەرایا سەلامی باڵی سەربازی رەوتەكەی لەناو حەشدی شەعبی دەكرد و دەڵێت، بارەگا سەربازی و كارگێڕییەكانتان لە شارەكان دووربخەنەوە و هەر سەركردەیەك لە پێنج ئۆتۆمبێل زیاتر بەكارنەهێنێت بۆ هاتوچۆكردن.
دەشڵێت، دەستبەجێ وێنەی كەسایەتییەكانی بنەماڵەی سەدر لەسەر بارەگاكان دابگرن و تەنها لە ناو ژوور و راڕەوەكاندا هەڵبواسرێن و ئاڵای عیراق لە سەرووی ئاڵای سەرایا سەلامەوە هەڵبكەن.
ئەو هەڵوێستەی سەدر دوای نامەكەی هەفتەی رابردووی ئیسرائیل دێت، كە لە رێگەی ئەمریكاوە ئاڕاستەی عیراقی كردبوو وەكو دوایین هۆشداری بۆ ئەوەی گروپە چەكدارەكان هێرشەكانیان بۆ سەر تەلئەبیب رابگرن.
وەزارەتی دارایی عیراق رازیبووە بە ناردنی موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ و ١٢ ی موچەخۆرانی هەرێم بەو مەرجەی داهاتی ناوخۆی هەرێم رادەستبكرێت.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عیراق رازیبووە بە ناردنی موچەی مانگەكانی ١٠ و ١١ و ١٢ ی موچەخۆرانی هەرێم هەروەها رازیبوە بۆ هەر مانگێك بڕی ٧٦٠ ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت، بەو مەرجەی هەرێم داهاتی ناوخۆ رادەستی بەغداد بكات.
ئەوە لەكاتێكدایە، ئەمرۆ وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، كە لیستی مووچەی مانگی 11ی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ كردوە.
ئهفسهرێكی هاتوچۆی سلێمانی رایگەیاند، قۆناغی یهكهم و دووهمی دانانی كامێرای خاڵ بۆ خاڵ لهسنوری پارێزگای سلێمانی سهركهوتوانه جێبهجێكراو قۆناغی سێیهمیش لهڕێگهی (عهربهت ـ سلێمانی) دهبێت.
فەرهاد گورون لێپرسراوی هۆبەی سەرپێچی کامێراکان لەبهڕێوهبهرایهتی هاتوچۆی سلێمانی ڕاشیگەیاند، کامێرایی چاودێری خاڵ بۆ خاڵ تائێستا دوو قۆناغی جێبەجێکراوە".
وتیشی، قۆناغی یهكهم ڕێگەی (تاسڵوجە ـ دوکان)و قۆناغی دوهمیش ڕێگهی تاسڵوجە ـ بانی مەقان) بوو كه لهیهكشهممهی ڕابردوهوه خراوهتهكار، بۆ قۆناغی سێیەمیش لەڕێگەی (سلێمانی ـ عەربەت) دەبێت.
لێپرسراوی هۆبەی سەرپێچی کامێراکان لەبهڕێوهبهرایهتی هاتوچۆی سلێمانی جهختیشیكردهوه، هەرکاتێک ئەو شەقامە چاککراو تەواو ئامادەکرا، ئەوکات کامێرای (خاڵ بۆ خاڵ)ی لێ دادەنرێت.
ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك كۆدەبێتەوە و ژمارەیەك لە بەرێوەبەرەكان بانگهێشتی كۆبونەوەكە كراون.
بە پێی كارنامەی كۆبونەوەكە، بەرێوەبەری هاتوچۆی كەركوك و بەڕێوەبەری بەشی كاروباری ماددە هۆشبەرەكان و ماددە دەرونییەكان و بەرێوەبەری تاوانی رێكخراو بانگهێشتی كۆبونەوەكە كراون.
تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە تایبەتە بە دەنگدان لەسەر لۆگۆی نوێی پارێزگای كەركوك.
بەریتانیا كاروانێكی تری مووشەكی دوورمەودای بۆ ئۆكراین دابین كرد، فەرماندەیەكی ڕوسیش دەڵێت، چەكە ئەتۆمییەكانیان خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
حكومەتی بەریتانیا دەیان مووشەكی دوور مەودای جۆری ستۆرم شادۆی بۆ كیێڤ ڕەوانە كرد كە یەكەمین مووشەكی دوورمەودابوو سوپای ئۆكراین لەم مانگەدا قوڵایی خاكی روسیای پێ بۆردومان كرد.
هاوكات ئەفسەرێكێ پێشوو لە هێزە ئەتۆمییەكانی ڕووسیا ڕایگەیاندووە: لە هەفتەكانی سەرەتای جەنگ لەگەڵ ئۆكراین، خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی ئەتۆمی.
ئەو ئەفسەرە بە "بی بی سی" وتووە، مۆسكۆ ئامادە بووە هێرشی ئەتۆمی ئەنجام بدات و لەوكاتەشەوە كە جەنگ دەستیپێكردووە، چەكە ئەتۆمییەكانی روسیا خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشی تەواوەوە.
لە چەند رۆژی رابردوو ڤلادمیر پۆتن سەرۆكی روسیا ئیمزای لەسەر یاسای مافی بەكارهێنانی چەكی ئەتۆم كرد دژی ئەو وڵاتانەی بە مووشەكی دوورمەودا هێرش دەكەنەسەر روسیا.
هاوسەرۆكی شارەوانی قەزایەكی سەر بە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان دەستگیركرا.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، چەنگیز دوندار هاوسەرۆكی شارەوانی قەیاپناری سەر بە پارێزگای ئامەد، بەتۆمەتی ئەندامێتی لە رێكخستن دەستگیركراوە.
وتیشی، چەنگیز دوندار كە ئەندامی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان(دەم پارتی)یە و لە ماوەی هەشت ساڵی رابردوودا هاوسەرۆكی شارەوانی قەیاپناری سەر بە ناوەندی ئامەد بووە، بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە پۆستەكەی دوورخراوەتەوە و دەستگیركراوەو قەیوم لە شوێنەكەی دانراوە.
.لە خۆپیشاندانەكانی ٢٥ی نۆڤەمبەر ١٥٠ ژن لە ئیستەنبوڵ دەستبەسەركران
بە پێی میدیاكانی توركیا، هەرچەندە پارێزگاری ئیستەنبوڵ هەموو جۆرە خۆپیشاندان و گردبونەوەیەكی قەدەغە كردبوو، بەڵام لە ٢٥ی نۆڤەمبەر ژنان گەمارۆكانی پۆلیسیان تێپەڕاندو خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.
ژنانی ئیستەنبوڵ سەرەڕای هەموو ئاستەنگەكان لە كاراكۆی چالاكیان ئەنجامدا و دووپاتیان كردەوە ڕێگە بە توندوتیژی نادەن، لە ئەنجامدا لەلایەن پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانەوە، بەیانوی بەرزكردنەوەی دروشمی رێگەپێنەدراو، ١٥٠ ژن دەستبەسەركران.
لەلایەكی ترەوە سەرەڕایی قەدەغەی گردبوونەوە و رێپێوان، ژنانی ئامەد لە چوارچێوەی چالاكییەكانی ٢٥ی نۆڤەمبەر، لە گۆڕەپانی شێخ شەعید خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، كە هەریەك لە هاوسەرۆكی دەبەپە و پەرلەمانتاران و هاوسەرۆكانی شارەوانی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەكان كرد.
بۆ یەكەمجار كۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سەرۆكایەتی مەحمود مەشهەدانی بەرێوەدەچێت و یەكێك لە بڕگەكانیش تاوتوێكردنی هەمواری یەكەمی یاسای بودجەیە.
فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند، ئەنجومەنەكە ئەمرۆِ سێشەممە كۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لە بارەی پێنج تەوەر دەكات كە تەوەری یەكەمیان دەنگدانە لەسەر رێككەوتنی نێوان عیراق و روسیا لە بواری ئاسمانیدا.
ئاماژە بەوەشكراوە، تەوەرێكی تری كۆبونەوەكە خوێندنەوەی یەكەمە بۆ هەمواری ماددەی ژمارە 13ی یاسای بودجەی فیدرالی 2023 و 2024 و 2025. كە تایبەتە بە تێچووی دەرهێنانی نەوت لە كێڵگە نەوتیەكانی هەرێمی كوردستان.
ئەوەشهاتووە، لە بەشێكی تری كۆبونەوەكە خوێندنەوەی یەكەم بۆ یاسای فرۆكەوانی مەدەنی و پرۆژەیاسای بەرگری شارستانی و قوربانیانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب و قوربانیانی حەمدانیە.
باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق دەڵێت، گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغداد و گەیشتن بە بڕیاری یەكلاكەرەوە لەبارەی دارایی و وزە پێویستی بە پێكهێنانی حكومەتێكی بەهێزە و هانی لایەنەكانی هەرێم دەدات، بەزووترین كات حكومەت پێكبهێنن.
ئەلینا رۆمانۆسكی، باڵیۆزی ئەمریكا لە عیراق ئاماژەی بەوەدا، بەرپرسیارێتی پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم لە ئەستۆی لایەنە سیاسییەكانە، بەڵام بەهۆی بێ متمانەیی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە لەنێویاندا یەكێتی و پارتی ئەم قۆناغە سەخت دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو، گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغداد بەتایبەتی لە رووی دارایی و وزەوە و گەیشتن بە بڕیاری یەكلاكەرەوە و راستكردنەوەی رێڕەوی پەیوەندییەكانیان، پێویستی بە حكومەتێكی بەهێزە، بۆ ئەمەش داوا لە لایەنە سیاسییەكانی هەرێم كوردستان دەكەن، بەزووترین كات حكومەتی نوێی هەرێم پێكبهێنن بۆ خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و گەلی كورد بە تایبەتی.
رۆمانۆسكی دەشڵێت، پێكهێنانی حكومەتی نوێی هەرێم بە زووترین كات و بەبێ دواكەوتن گرنگە و بەهێزی هەرێمی كوردستان یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزكردنی پێگەی حكومەتی فیدراڵ كە لەبەردەم هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەراندایە لەساڵی داهاتوودا.
گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران ژمارەیەك بارەگای نوێیان لە سنوری دێرەزوور لە رۆژهەڵاتی سوریا دروستكردووە.
ئاژانسی نۆرس پرێس بڵاویكردەوە، گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران چوار بارەگای نوێیان لە دەوروبەری پارێزگای دێرەزوور دروستكردووە، كە سەرجەمیان دەكەونە سەر رووباری فورات و لە گوندی دوێڕە و مەیادیین و سەبیخان و قوریە.
هاوكات، سەرچاوەیەك لە سوپای پاسداران دەڵێت، گروپی چەكداری لیوای باقڕ، دوو بارەگای نوێیان لە شارۆچكەی عەشاڕەی رۆژهەڵاتی دێرەزوور دامەزراندووە، هەروەها گروپی چەكداری "لیوای فاتمیون"ـی بارەگایان لە بیابانی مەیادین دامەزراندووە.
دەشڵێت، لەئێستادا سەرقاڵی یەكخستنەوەی هێزەكانیانن لە دێرەزوور، دوای ئەوەی بەهۆی بۆردومانەكانی ئەم دواییانەی ئیسرائیلەوە بۆ سەر دێرەزوور لە ناوچەكە لاوازبوون.
لە چەند مانگی رابردوودا، بەهۆی چڕبوونەوەی شەڕی نێوان حزبوڵا و ئیسرائیل، گروپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران بەشێكی زۆری بارەگانیان چۆڵكرد و بەشێكیشیان كشانەوە سەر سنووری نێوان سوریا و لوبنان بۆ پشتیوانیكردنی حزبوڵا دژی ئیسرائیل.